Draw Media

عێراق ئیدانەی دەكا‌ت و هەرێم نیگەرانە

عێراق ئیدانەی دەكا‌ت و هەرێم نیگەرانە

2019-06-30 15:56:12


درەو میدیا:
حكومەتی عێراق ئیدانەی بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا دەكات لە كورتەك،  بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها نیگەرانی دەردەبڕێت.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان  بەیاننامەیان لەسەر بۆردومانی كورتەك لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە دەركردووە، هەڵوێستی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان جیاوازە لەسەر ئەو بۆردومانەی كە بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی شەهیدبوون و پێنجی دیكەش برینداربوون.
• حكومەتی عێراق ئیدانەی بۆردومانەكە دەكات لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت  بە بۆردومانەكە دەردەبڕێت.
• حكومەتی عێراق داوا دەكات  رێ لە هەر كردەیەك بگیرێت دژ بە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام حكومەتی هەرێم  قبووڵی ناكات و ڕێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنرێت
• حكومەتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە بیانوەكان هەرچیەك بن دەبێت توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق بگرێت و بۆردومانەكان رابگرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێت هۆكاری ئەو بۆردومانانە بونی چەكدارانی پەكەكەیە لە ناوچەكەدا.
• حكومەتی عێراق ئۆباڵی روداوو بۆردومانەكان راستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی توركیا، بەڵام حكومەتی هەرێم راستەوخۆ ئۆباڵی روداوەكە دەخاتە ئەستۆی چەكدارانی پەكەكە. 

دەقی بەیاننامەیەك لە وەرزارەتی دەرەوەی 
عێراق  بۆردومانكردنی چڕی ناوچەی كورتەك – پارێزگای سلێمانی لەلایەن دوو فڕۆكەی جەنگی هێزی ئاسامانی توركیاوە، ئیدانە دەكات، كە بوە هۆی گیان لەدەستدانی چوار هاوڵاتی و برینداربوونی چوار هاولاتی دیكەو ترسان و تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
لە كاتێكدا  زۆر بە پەرۆشی بۆ بونیادنانی پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن، رێگە گرتن لە هەركردەوەیەك دژی ئاسایشی توركیای دراوسێ لە خاكی عێراقەوە بەكار بهێنرێت لە هەمانكاتدا هەر كردەوەیەكی سەربازی تاكلایەنە پێشێلكردنی سەروەری عێراقەو دژی بنەماكانی دراوسێیەتیە كە پەیوەندیەكانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ و دو لەگەل رێكدەخات. پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە.
بارودۆخ و پاساوەكان هەرچیەك بن جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی توركیا بۆردومانكردنی ناوچەكانی عێراق رابگرێت رێز لەسەروەری خاكی عێراق بگرێت و هاوكاری دولایەنە گرنتی ئاساییشی سنوری هەردووڵات دەكات .
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
30/6/2019

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵگرانی و نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ كەوتنەوەی قوربانیانی سڤیل لە ئەنجامی بۆمبارانی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ توركیا دەردەبڕێت و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاریان دەكات. 
 هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لەو ناوچانە و نزیكبوونەوە و هاتنی بەئەنقەستیان بۆ ناو گوند و ئاواییەكان، بێباكانە ژیانی گوندنشینانی ئەو ناوچانەی خستووەتە مەترسییەوە،  هەروەها بووەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی ژیان و ئاوەدانكردنەوەیان.
 حكوومەتی هەرێمی كوردستان قبوڵ ناكات و ڕێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنرێت و بەو هۆیەوە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەوێتە مەترسییەوه. ‌
 ناوچە گوندنشینەكانی سنور دەبێ نەكرێنە مەیدانی پێكدادانی سەربازی و بۆمباران، چەكدارانی پەكەكەش دەبێ لە گوندنشینان دووركەونەوە و نەیانخەنە مەترسییەوە.
 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی ڕووداو و بۆمبارانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچە سنوورییەكان، نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە توركیا و  داواكارین دووبارە نەبنەوە.
 
٢٩/٦/٢٠١٩
 حكومەتی هەرێمی كوردستان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand