"شۆرت لیست" ناڕەزایەتی دەخاتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە
2019-06-26 20:34:27
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
"شۆرت لیست".. ئەمە دیارترین دەستەواژەی سیاسی ئەم رۆژانەیە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانە. لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دواین ئەركی خۆی جێبەجێكرد، بۆ هەر پۆستێك لە نێوان (3 بۆ 5) كاندیدی دیاریكرد، بڕیاربوو سبەینێ جڤات نیشتمانی دەنگ لەسەر كاندیدەكان بدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە پێناچێت كۆبونەوەكە بكرێت.
لیژنەكەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە یەكەمین لایەن بوو رێككەوتنی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، ئیمزاكرد.
گۆڕان كە پۆستو پێگەی خۆی لە حكومەت چەسپاندووە، ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان.
مانگی نیسانی رابردوو بەفەرمانی خانەی راپەڕاندن، كە ئەم خانەیە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو حزبەكەدا، لیژنەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی كاندیدەكان دروستكرا.
لیژنەكە پێكهاتووە لە (13) كەس، ئەركی ئەم لیژنەیە بریتییە لە پۆلێنكردنو جیاكردنەوەی ناوی ئەوانەی سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان پڕكردوەتەوە، ئەم لیژنەیە پێوەرێكی داناوەو بەپێی ئەو پێوەرە هەر كاندیدێك لەسەر (10 نمرە) خەمڵاندنی بۆ دەكرێتو بەپێی ئەو ئەنجامەی لە كۆی ئەو (10) نمرەیە بەدەستی دەهێنێت، بڕیار لەسەر دانان یان دورخستنەوەی لە لیستی كاندیدەكان دەدرێت.
شۆرت لیستی كاندیدەكان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە چەند كاتژمێرێك بەر لە نوسینی ئەم راپۆرتە دواین كاری خۆی تەواوكردووە كە "شۆرت لیست"كردنی ناوی كاندیدەكانە، واتە كورتكردنەوەی لیستی كاندیدەكان، چونكە بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت ئەم لیژنەیە بۆ هەر پۆستێك لەو پۆستانەی كە لە حكومەت بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، لەنێوان (3 بۆ 5) كاندید بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكە، بتوانێت بەئاسانیو بەدەنگدان لەنێوان ئەو ناوانەدا بۆ هەر پۆستێك یەكێكیان هەڵبژێرێتو دواجار ناوی ئەو كاندیدە بدرێت بە مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە ؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لیستی ئەو كاندیدانەی "شۆرت لیست" كردووە كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان پڕكردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردویەتی، لەم كابینەیەدا (4) وەزارەتی بەدەستەوە دەبێت.
سەرباری وەزارەت، بزوتنەوەی گۆڕان دوو پۆستی گرنگیشی بەدەستەوە دەبێت كە بریتین لە پۆستەكانی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان)و (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی).
بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، سێ كەسایەتی دیار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندید كردووە، كاندیدەكان بریتین لە (جەمال محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشووی پێشمەرگە، محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە).
بۆ پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی) تائێستا بەهێزترین كاندید (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنە.
لیژنەی تایبەت بە كاندیدەكان تائێستا هیچ بڕیارێكی لەبارەی كاندیدەكانی ئەو دوو پۆستە باڵایە نەداوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كاندیدەكانی (4) وەزارەتەكەی بەمشێوەیە "شۆرت لیست" كردووەو تەنیا ئەم ناوانەی هێشتوەتەوەو دواجار ئەم ناوانە دەخرێنە بەردەم جڤاتی نیشتمانیو بەدەنگدان بۆ هەر پۆستێك یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت:
• وەزارەتی داراییو ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب- هاوار شێخ رەئوف- شۆڕش حەمید
• وەزارەتی بازرگانی/ داهێن هاشم- كاروان هاشم- چالاكی موهەندیس- بەشدار حسێن
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم- هیوا قلیاسانی- بەختیاری رانیە
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ ئاراس وەلی- چیمەن حەمەڕەشید- هەژار مەعروف
كاندیدی بێ سیڤی !
بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بەپێی قسەی ئەوان هەندێك بەرپرسی باڵای بزوتنەوەكە خۆیان بۆ پۆستەكان كاندید كردووە، بەڵام هیچ سیڤییەكیان پێشكەش نەكردووە.
نازانرێت لیژنەكە بە چ شێوەیەك خەمڵاندن بۆ ئەو كەسانە دەكات كە كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، بەڵام سیڤییان پێشكەش نەكردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، چەند كەسێك لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن خۆیان بۆ پۆستە باڵاكان كاندید كردووە، بەڵام سیڤییان پێشكەش نەكردووە.
ئەوانەی سیڤییان پێشكەش نەكردووە چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان.
ناڕەزایەتییەكان
لەگەڵ بڵاوبونەوەی دەنگۆی "شۆرت لیست"كردنی لیستی كاندیدەكان، شەپۆلێك ناڕەزایەتی لەنێوان ئەو كەسانەدا دەستیپێكردووە كە سیڤییان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان پێشكەشكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەندێك نیگەرانن لەكاری لیژنەكەو پێیانوایە ستەمیان لێكراوە، بەتایبەتی لە دانانی نمرەی تایبەت بە كاندیدبوونیان كارو ماندوبونیان لەناو بزوتنەوەكە لەماوەی رابردوودا لەبەرچاونەگیراوە.
ژمارەیەك كاندید هەن كە پشتیوانی بەهێزیان لەناو جەمسەرەكانی بڕیاردا لە گردی زەرگەتە هەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە "شۆرت لیست"ی كردون، واتە دوریخستونەتەوە، سەرباری ئەوە، هەندێك كاندیدیش هەن كە سیڤییەكەیان لەڕووی پیشەییەوە بەهێز بووە، بەڵام دورخراونەتەوە، دیارترین كاندیدە دورخراوەكان ئەمانەن:
• كوێستان محەمەد، كاندید بۆ پۆستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەوە پشتیوانی لێدەكرێت
• عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان، كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، وەكو باسدەكرێت سڤییەكەی لە زۆربەی كاندیدەكانی تر بۆ ئەو پۆستە دەوڵەمەندتر بووە، بەوپێیەی خۆی ئەندازیارەو ئەزمونێكی زۆری كاركردنی لە بواری ئاوەدانكردنەوەدا هەیە
• برزۆ مەجید، كاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی دەكرێت
جڤات كەی بڕیار دەدات ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەمشەو لیژنەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوە، بڕیاربووە سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكان، بەڵام كۆبونەوەكەی جڤات بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.
هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، هۆكاری دواخستنی كۆبونەوەی جڤاتو یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بۆ دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بە پێدانی متمانە بە حكومەت دەگێڕنەوە، هەندێكی تر باسلەوەدەكەن ناكۆكی قوڵ هەیە لەسەر لیستی كاندیدەكانو بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخراوە.
بەپێی زانیارییەكان، لیژنەی تایبەت بە كاندیدەكان بەو "شۆرت لیست"ەی كە ئامادەی كردووە، ریسی رێككەوتنی ژێربەژێری نێوان جەمسەرەكانی گۆڕانی لەسەر كاندیدەكان كردووەتەوە بەخوری، ئەمەش كێشەی دروستكردووە.
ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟
ئەم لیژنەیە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا هەندێك ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرد، هەندێك رەخنەیان لەوە هەبوو لیژنەكە لەسەر فەرمانی خانەی راپەڕاندن دروستكراوە، لەكاتێكدا بەپێی قسەی ئەم كەسانە دەبوو لەسەر فەرمانی جڤاتی نیشتمانی ئەم لیژنەیە دروستبكرێتو ئەندامەكانی دیاری بكرێت، بەوپێیەی جڤاتی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حیزبەكە.
ئەندامانی لیژنەكە بریتین لە:
• سەفین مەلاقەرە
• مستەفا سەلیم
• د. محەمەد شوانی
• چۆمان عەلی
• د. دەرباز محەمەد
• شێخ كامیل پێنجوێنی
• ئاكۆ وەهبی
• د. سنور قادر كۆكۆیی
• لیوا جەلال
• بایەزید حەسەن
• هێمن شێخانی
• ئاسۆ رەحیم
• فوئاد جەمال