Draw Media

هواوی كۆمپانیا سەر بەكێشەكە

هواوی كۆمپانیا سەر بەكێشەكە

2019-06-21 20:15:12


ئامادەكردنی: سەردەشت عەزیز
بەشی یەكەم

ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ حكومەتی چینی وەك دیارییەك بەبڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بارەگای یەكێتی ئەفەریقای لە”ئەدیس ئەبابا” ی پایتەختی ئەپیوبیا دروست كرد، هەموو پێداویستیەكانی بارەگاكە، بەسیستەمی كۆمپیوتەری و بنكەی زانیاریشەوه چین دابینی كرد‌، بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئەم بارەگایە بو بە رەمزێك بۆ نزیكبونەوەی نێوان وڵاتانی ئەفەریقاو چین و جوڵەی بازرگانی زۆر بەخێرایی گەشەی كرد، لە لەماوەی ئەو ساڵەدا پەیوەندی بازرگانیان بەڕێژەی %٢٠ی زیادیكردو بەمەش چین بوە بەگەورەترین هاوبەشی بازرگانی لەئەفەریقا.
لەمانگی یەكی ساڵی ٢٠١٨ دا رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی هەواڵێكی بۆمب ئاسای بڵاوكردەوەو كە سیستەمی كۆمپیوتەری یەكێتی ئەفەریقا كەوتوەتە مەترسییەوە، رۆژنامەكە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە بڵاوی كردەوە كە ماوەی پێنج ساڵە لەنیوەشەواندا، بەبێ ئاگاداری خۆیان سەرجەم زانیاریەكانی یەكێتی ئەفەریقا لەسێرڤەرەكانی بارەگاكەوە لەئەپیوبیاوە دەگوازرێتەوە بۆ شەنگەهای چینی، كەدوری نێوانیان ٨ هەزار كیلۆمەترە، ئەم گواستنەوەی داتایە بۆ ماوەی ١٨٢٥ رۆژ بەردەوام بوە.
ئاشكرابونی دزینی ئەم زانیاریانەش كاتێك بوە كە بارەگاكە داخراوەو دەوامی تێدانەبوە بەڵام توێژەرێك لەناو بارەگای یەكێتی ئەفەریقا ماوەتەوە، وەك شەوەكانی دیكە كەدەستكراوە بەگواستنەوەی زانیاریەكان بۆ شەنگەهای ئەم توێژەرە هەستی بە زەختێكی زۆر لەسەر سێرڤەرەكانی ناو بارەگاكە كردوە، دوای لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت كەئەمە پرۆسەی گواستنەوەی زانیاریەكانە بۆ شەنگەهای، دواتریش ئاشكرا بوو كە مایكرۆفۆن و ئامێری گوێگرتن خراوەتە ناو دیوارەكانی بارەگاكەو تەنانەت مێزەكانیشیانەوە.

كاردانەوەكانی دوای ئەم ڕاپۆرتە
دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، یەكێتی ئەفەریقا و چینیش ئەم زانیاریانەیان رەتكردەوەو وتیان دەستی رۆژئاوایە بۆ تێكدانی نێوانمان، بەڵام بەرپرسانی ئەكێتی ئەفەریقا بەنهێنی بەرۆژنامەی لۆمۆندیان راگەیاندبوو كە دڵگرانن لەحكومەتی چین و دەترسن لەپشت پێبەستنیان پێی.
ئەم هەموو كێشەیە كەدروست دەبێت نهێنیەكەی كۆمپانیایەكە كەئەویش(هواوی)ە چونكە دابینكەری سەرجەم ئامێرەكانی پەیوەندی و سیستەمی كۆمپیوتەری ناو بارەگاكە بوو، هەرچەند بەڵگەی یەكلاكەرەوە نەبوو كەگوایا هواوی بەئەنقەست ئەم كارەی كردوە یان نا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوە چۆن دابینكردنی ئەم هەموو ئامێرە بەهواوی درا؟ یان چۆن لەكاتێكدا كە هواوی دابینكەری سەرجەم ئامێرو دامەزرێنەری بنكەی زانیاریی ئەو بارەگایە‌، بێ ئاگا بوە لەوەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ زانیاری ئەم بارەگایە گوازراوەتەوە بۆ حكومەتی چین؟. 
وتەبێژی هواوی بە بی بی سی راگەیاندبوو كە ئەوان لەمەسەلەی بردنی زانیاریەكانی بارەگای یەكێتی ئەفەریقا بێ تاوانن و گرفتەكە ئەوان نین.
هواوی لەم كێشەیەدا بەبەڵگەی راستەوخۆ تاوانبارنەكرا، لەیارمەتیدانی چیندا بۆ بردنی زانیاریەكان، بەڵام ئەم روداوە ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لەوەی هواوی بخاتە ناو بازنەی گومانەكان و زنجیرەیەك سزادان و بلۆككردنی لەسەر ئاستی جیهان.

دامەزراندن و گەشەكردنی هواوی

رێن زێنگفەی دامەزرێنەری هواوی لەساڵی ١٩٤٤ لەناوچەیەكی زۆر هەژار، لەباشوری چین لەدایك دەبێت كه ‌لەخێزانێكی ٩ كەسی هەژارەوە هاتوە، هەر ئەم هەژارییەش وایلێكردوە وەك گەنجەكانی ئەو ناوچەیە لەساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بەسوپاوە بكات. لەساڵی ١٩٨٣ بەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی سوپاوە رین سوپا جێدەهێڵێت. پاش ٥ ساڵ لەساڵی ١٩٨٧ ڕێن زێنگفەی هواوی دروست دەكات، سەرەتای هاتنی هواوی و رینی دامەزرێنەری بۆ ناو دنیای بازرگانی نەیان توانی گەشە بكەن و رێنیش هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەهەموو ژیانی لەناو سەربازیدا بوەو هیچی لەبارگانی نەزانیوەو دواتر خۆی شارەزاكردوە لەبازرگانی و مێژوی ئەوروپادا.
دواتر ساڵ بەساڵ هواوی گەشەدەكات و خۆی ئامێرەكانی پەیوەندی دروست دەكات، لەسەرەتای ساڵەكانی ١٩٩٠ەوە هواوی تەندەرەكانی حكومەتی چینی بۆ دابینكردنی ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ سوپا پێدەدرا.
لەساڵی ١٩٩٥ فرۆشتنی هواوی گەیشتە ٢٢٠ ملیۆن دۆلار بەڵام ئەم پارە بەزۆری لەبازاڕە شەعبیەكانەوە بۆی هات.
ساڵی دواتر هواوی نازناوی ‘پاڵەوانی چین‌ ی پێدرا، ئەم نازناوە لەواقیعدا بۆ ئەوەبوو حكومەتی چینی بازاڕی بەڕوی كۆمپانیا بیانیەكانی ركابەری

هواوی داخست لەبەرژوەندی هواوی.
هواوی یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كه ‌كاریگەری گەورەی لەسەر پێشخستنی ئابوری چین هەیە و ساڵ بەساڵ رێژەی فرۆشتنی لەجیهاندا بەرزدەبوەوەو لەساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەكەمجار چەند رێكەوتنێكی گرنگی لەسەر ئاستی بازاڕی جیهانی كرد. 
بەڵام سەرباری سەركەوتنەكان، گومانەكان لەسەر هواوی وەك سێبەر لەگەڵیدایە بەتایبەت دوای ئەوەی زانرا كە رێنی دامەزرێنەرو كۆمپانیای هواویش پەیوەندییان لەگەڵ پارتی كۆمەنیستی دەسەڵاتدار لەچیندا هەیەو ئەمەریكا بەئامرازی دەستی حكومەتی چین تۆمەتباری كرد.
رێن زێنگفەی دەڵێت وا بیرمەكەنەوە سەركەوتنەكانی هواوی بەهۆی ئەوەوەیە كە ئێمە پەیوەندیەكی تایبەتمان لەگەڵ حكومەتدا هەیە. چونكە ئەگەر كۆمانیاكەش %١٠٠ هی حكومەت بێت هەر دەكرێت شكستخواردو بێت، سەركەوتنی ئێمە بەهۆی كارەكانمانەوەیە نەك حكومەت.

تێبینی: بەشی دووەم لەسەر كەیسەكانی دژی هواوی دەنوسم.

سەرچاوە: BBC, TECHWORM, Business INSIDER, TechDator, Cnet

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand