Draw Media

ئەو فڕۆكە ئەمریكییەی ئێران لە گەروی هورمز خستیەخوارەوە

ئەو فڕۆكە ئەمریكییەی ئێران لە گەروی هورمز خستیەخوارەوە

2019-06-20 15:09:41


درەو میدیا:

لێپرسراوێكی ئەمریكا خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی لە بواری ئاسمانی نێودەوڵەتی لەسەر گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رەسمی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی راگەیاند.
بەڵام پێنتاگۆن رەتیدەكاتەوە فڕۆكە ئەمریكییە ئاسمانی ئێرانی بەزاندبێت‌و دەڵێت كاتێك فڕۆكەكە بە موشەكێك بە ئامانجگیراوە 17 میل لە ئاسمانی ئێرانەوە دووربووە.
سایتی سوپا نیوز باڵی میدیایی پاسداران رایگەیاند هێزەكانی سوپای پاسداران  فڕۆكەیەكی سیخوڕیكردنی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییان لە هەرێمی هورمزگان كە دەڕوانێت بەسەر كەنداودا خستوەتە خوارەوە.
بەڵام ئاژانسی فارس كە ئەویش ئاژانسێكی نزیكە لە سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند فڕۆكەكە بە بەكارهێنانی سیستمی بەرگری موشەكی " سێیەمی خورداد" خراوەتە خوارەەوە كە بە هەوڵی ناوخۆیی ئێران دروستكراوە.
بە بۆچونی پسپۆران سیستمی خورداد كۆپییەكی تەواوەتی چەكی روسی یان چینییە، چونكە ئێران مێژوویەكی هەیە لە كۆپیكردنەوەی چەكی بیانی‌و لە رابردووشدا موشەكی SA-2 روسی‌و موشەكی جۆری SA-2 چینی‌و كۆریای باكوری بەناونیشانی ( سەیاد 1) دروستكردوەتەوە، ئەوەش بەوتەی پەنهان تاڵبلو، توێژەری بواری كاروباری ئێران لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان.
تاڵبلو لە وتارێكیدا دەڵێت:" هاوشێوەی زۆرینەی پیشەسازییەكانی ئێران موشەكی " سەیاد" بنچینەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەكی بیانی‌و موشەكی سەیاد2 لەسەر بنەماکانی موشەكەكانی SM-1 RIM-66 دیزاینكراوە كە هێزی دەریایی ئێران پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1970 لە ئەمریكا وەریگرتووە.
تایبەتمەندییەكانی فڕۆكەكە
ئەو فڕۆكە ئەمریكییەی ئەمڕۆ خرایە خوارەوە لە جۆری " گلۆباڵ هۆك" نیە وەك ئاژانسی فارس باسی دەكات، بەڵكو بە گوێرەی بەرپرسێكی پێنتاگۆن كە قسەی بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن كردووە فڕۆكەكە ناوی تریتۆنە " MQ-4C Triton".
ئەو فڕۆكەیە بەشێكە لە پۆلی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا كە جێگەی فڕۆكەی U-2 ئەمریكی بۆ بواری سیخوڕیكردن گرتوەتەوەو ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە:
* درێژی فڕۆكەكە نزیكەی 14.5 مەترە، درێژی هەردوو باڵەكەی دەگاتە 40 مەتر، بەرزییەكەی 4.7 مەترەو كێشی 6 هەزار‌و 779 كیلۆگرامە‌و خێراییەكەی 475 میلە لە كاتژمێرێكدا.
* فڕۆكەكە بۆ یەكەمجار ساڵی 2012 ئاشكراكرا، و ساڵی 2013 بۆ یەكەمجار تاقیكراوەتەوەو ساڵی 2018 یەكەمین ئۆپەراسیۆنی پێ ئەنجامدراوە‌و ئیدارەی ئەمریكا پلانی داناوە ساڵی 2023 بە تەواوتی بیخاتە خزمەتەوە.
* تریتۆن دەتوانێت لە بەرزی 56 هەزار پێوە بفڕێت.
* تێچووی دروستكردنی نزیكەی 121 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە.
* خستنەخوارەوە فڕۆكەكە زۆر قورسەو لە رێگەی سیستمی موشەكی S-300  روسییەوە نەبێت ناخرێتەخوارەوە كە ئێران ئەو سیستمەی هەیە.
* ئەركەكانی تریتۆن بریتین لە: چاودێریكردن، چالاكی هەواڵگری‌و سیخوڕیكردن لەسەر زەریاكان‌و ناوچە كەناراوەكان و دەتوانێت ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر بەبەردەوامی بفڕێت.
* دەتوانرێت موشەكی ئاسمان بە زەمینی لێببەسترێت‌و لە توانایدایە یەكە دەریاییەكان بكاتە ئامانج‌و هەروەها دەشتوانێت بەبەكارهێنانی تیشكی سەروو سور‌و وێنەی كارەبایی‌و تیشكی ئامانجەكان ئاشكرابكات‌و پۆلێنیان بكات.
* فڕۆكەكە چەندین كامێرای تێدایە كە دەتوانێن بە پلەی 360 چواردەوری فڕۆكەكە وێنەبگرێت لە بازنەیەكدا كە نیوەتیرەكەی زیاترە 2000 میلی دەریایی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand