Draw Media

35 ملیۆن یۆرۆ‌و دوو منداڵەكەی لەگەڵ خۆیدا بردووە

35 ملیۆن یۆرۆ‌و دوو منداڵەكەی لەگەڵ خۆیدا بردووە

2019-06-30 16:10:46


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەرەفعەت
سەرەتای ئەم مانگە، بۆنەیەكی تایبەت بوو بە حاكمی دوبەی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم، چونكە لەم مانگەدا بوو گەورەترین ئاهەنگی سازكرد بۆ هاوسەرگیری هەرسێ‌ كوڕەكەی (حەمدان، مەكتوم، ئەحمەد) لە یەك رۆژدا، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند كە هەواڵ هەڵاتنی شازادە هەیای چوارەمین ژنی لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا بۆ ئەڵمانیا بڵاوبوەوە، هەرچەندە تائێستا هیچكام لە ئیمارات‌و ئەڵمانیا بە فەرمی هیچیان لەسەر ئەو رووداوە رانەگەیاندووە.


هەیا چۆن هەڵات؟
چەند راپۆرتێكی میدیاكانی ئەڵمانیا‌و بەریتانیا باس لە هەڵاتنی شازادە هەیا بنت ئەلحوسەین (45 ساڵ) هاوسەری شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم (70 ساڵ) حاكمی دوبەی دەكەن‌و رایدەگەیەنن هەیا لەگەڵ دوو منداڵەكەی بە هاوكاری دیپلۆماتكارێكی ئەڵمانیی ئیماراتی بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشتووە‌و لەو وڵاتە داوای پەنابەریی كردووە.
سایتی رۆژنامەی (بێڵد)ی ئەڵمانیی رایگەیاند هەیا كە كچی پادشای كۆچكردووی ئوردنە لەگەڵ كوڕەكەی زاید (7 ساڵ)‌و كچەكەی جەلیلە (11 ساڵ) هەڵاتووە‌و 35 ملیۆن یۆرۆشی لەگەڵ خۆیدا بردووە.
سایتی بێڵد لەسەر زاری رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانییەوە ئاشكرایكرد، دیپلۆماتكارێكی ئەڵمانی هاوكاری شازادە هەیاو منداڵەكانی كردووەو لە ئەڵمانیا داواكاری مافی پەنابەرێتی پێشكەشكردووەو داوای جیابوونەوەشی لە محەمەد بن راشد ئالمەكتومی هاوسەری كردووە.
(زە سەن) دەربارەی هۆكاری هەڵاتنی شازادە هەیا باسی لەوەكردووە كە لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی ئەو بڕیارەی داوە‌و دەربارەی پێشكەشكردنی داواكاری مافی پەنابەرێتیشی لە ئەڵمانیا ئاماژەیبەوەداوە  متمانەی بە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا نەبووەو ترسی لەوە هەبووە بگەڕێنرێتەوە بۆ دوبەی.
شازادە هەیا كە لە مانگی شوباتی رابردوەوە دەرنەكەتووە تا ئێستا هیچ لێدوانێكی رەسمی دەربارەی بەجێهێشتنی ئیمارات بڵاونەكردوەتەوە.


هەیا یەكەم كەس نیە
ئەمە یەكەمینجار نیە كە ژنانی نزیك لە حاكمە بەهێزەكەی دوبەی كە سەرمایەكەی بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت هەڵدێن، پێشتریش دوان لە كچەكانی هەڵاتون یان هەوڵی هەڵاتیان داوە، شەمسە (38 ساڵ) لە گەشتێكیدا بۆ بەریتانیا بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی هەڵات، بەڵام دواتر دەستگیركراو دیپۆرتی دوبەی كرایەوە، لەتیفەش (32 ساڵ)  لە عوممانەوە بە یەختێك هەوڵی هەڵاتنی دا، بەڵام لە لایەن هێزی دەریاوانی هیندستانەوە دەستگیركراو رەوانەی دوبەی كرایەوە.


بن راشد بە شیعر لە رووداوەكە دەدەوێت
هەرچەندە میدیای فەرمیی ئیمارات، هیچ هەڵوێست‌و رونكردنەوەیەكی حاكمی دوبەی دەربارەی هەڵاتنی هاوسەرەكەی بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانیی، حاكمی دوبەی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا كردووە هاوسەرەكەی‌و منداڵەكانی دیپۆرتی ئیمارات بكەنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەرلین ئەو داواكارییەیان رەتكردوەتەوەو رایانگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكان پارێزگاریان لێدەكەن.
رۆژنامە بەریتانییەكە ئاشكراشیكردووە لەو كاتەوەی كە شازادە هەیا دیارنەماوە، شێخ محەمەدی هاوسەری دوو شیعری بە زمانی عەرەبی‌و ئینگلیزی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردوەتەوەو تێیدا ئاماژەی بە لەدەستدان‌و هەڵاتنی هاوسەركەی كردووە.
لە یەكێك لە شیعرەكانیدا كە بەناوی "خۆشەویستی لە چاوەكانتدایە" بن شێخ محەمەد نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە هەڵاتنی هاوسەرەكەی‌و ئازاری ئەو رووداوەشی بە تیرێك چواندووە كە رۆحی پێكاوە‌و شێتی كردووەو لە كۆتاییشدا داوای لێكردووە لە دڵی نەرم بێت‌و لە هەڵەكانی خۆشببێت‌و پاداشتی كارە باشەكانی بداتەوە.


شازادە هەیا
شازادە هەیا كچی شا حوسێن بن تەڵاڵ پادشای پێشووی ئوردن لە هاوسەرەكەی ( شاژنە عەلیا) 3ی ئایاری 1974 لە دایكبووە، لە باوكەوە برای شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئێستای ئوردنەو كاتێك تەمەنی سێ‌ ساڵان بووە دایكی ساڵی 1977 بەهۆی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی لە باشوری ئوردن گیانی لەدەستداوە.
شازادە هەیا لە ئوردن قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوكردووەو پاشان ساڵی 1985 چوەتە خوێندنگەی بادمنتۆن لە ئینگلتەراو پاشان خوێندنگەی براینستۆن لە هەرێمی دۆرست لە باشوری خۆرئاوای ئینگلتەراو ساڵی 1992 چوەتە كۆلێژی سانت هێڵدا بۆ خوێندنی زانستی ئابوری‌و سیاسی‌و دوای ئەوەش پەیوەندی بە زانكۆی ئۆكسفۆردەوە كردووەو ساڵی 1994 زانكۆی تەواوكردووە.


هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد بن راشد
شازادە هەیا 10ی نیسانی 2004 هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم كردووە كە ئەوكات وەزیری بەرگری ئیمارات‌و جێنشینی حاكمی دوبەی بووەو دوو منداڵی هەیە:
* جەلیلە: ساڵی 2007 لەدایكبووە.
* زاید: ساڵی 2012 لەدایكبووە.


چالاكییەكانی
شازادە هەیە لە بواری وەرزشی سوارچاكیدا زۆر لێهاتوو بووەو چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا بەدەستهێناوەو ساڵی 2006 بۆ ماوەی چوار ساڵ بە سەرۆكی یەكێتی سوارچاكی نێودەوڵەتیی هەڵبژێدراوەو باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بووە.


محەمە بن راشد كێیە؟
محەمەد بن راشد ئال مەكتوم جێگری سەرۆكی ئیماراتە، هاوكات سەرۆك وەزیران‌و حاكمی ئیمارەتی دوبەی-یە.
رۆژی 15ی تەموزی 1949 لە دوبەی لەدایكبووە، كوڕی سێیەمی شێخ راشد بن سەعید-ە، شێخ راشد چوار كوڕی هەبووە‌و لەنێوان ساڵانی 1958وە تاوەكو ساڵی 1990 حاكمی دوبەی بووە.
 شێخ محەمەد لە ماڵی شێخ سەعید ئال مەكتومی باپیری لەناوچەی (شەندەغە) لە بیابانی دوبەی گەورە بووە، لەمنداڵییەوە لەسەردەستی راهێنەرانی تایبەتی زانستی زمانی عەرەبی‌و ئیسلامی وەرگرتووە، ئەمە بەر لەوەی پەیوەندی بە سیستمی خوێندنی بنەڕەتییەوە بكات لە خوێندنگەی (ئەحمەدی) لەناوچەی (دیرە) لە شاری دوبەی.
كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە (10) ساڵان، چوەتە خوێندنگەی (الشعب)‌و دوو ساڵ لەوێ خوێندویەتی‌و دواتر چوەتە خوێندنگەی ناوەندی دوبەی، ساڵی 1965 خوێندنی ناوەندی تەواو كردووە.
دوای ساڵێك، شێخ محەمەد بەهاوڕێیەتی یەكێك لە كوڕە مامەكانی گەشتی كردووە بۆ بەریتانیا بەمەبەستی خوێندنی زمانی ئینگلیزی، لەوێ لە كامبردیج پەیوەندی بە خوێندنگەی (بیڵ)ی تایبەت بە زمانەوە كردووە.
دوای تەواوكردنی زمانی ئینگلیزی، شێخ محەمەد پەیوەندی بە كۆلیژی (مۆنز)ی سەربازییەوە كردووە لە ئالدرشوت، لەوێ خولێكی راهێنانی تەواوكردووە كە شەش مانگی خایاندووە.

 

حەزو ئارەزووەكانی شێخ
هەر لە منداڵییەوە هاوشێوەی منداڵەكانی تری بنەماڵەی مەكتوم‌و زۆرێك لە خەڵكی وڵاتانی كەنداو، وانەی لە وەرزشە جۆربەجۆرە كلتورییەكان وەرگرتووە لە نمونەی راوی هەڵۆ، ئەسپسواریی، ئەو ماوەیەش كە لە بەریتانیا ژیاوە زیاتر ئاشنای ئەسپسواری بووە.
شێخ محەمەد حەزی لە یاری تێنس‌و تۆپی پێ-ش هەیە، بەڵام وەكو باسدەكرێت زیاتر هۆگری ئەسپسوارییە‌و چەند گۆڕەپانێكی بەناوبانگی لە وڵاتەكەی بۆ ئەسپسواری دروستكردووە لەوانە گۆڕەپانی (جۆدۆلفین).
چوار ژن‌و زیاتر لە 20 منداڵ !
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، شێخ محەمەد بەفەرمی چوار ژنی هەیە، كە ئەمانەن:
•    هند بن مەكتوم بن جومعە بن ئال مەكتوم 
ئەمە یەكەمین هاوسەری شێخ محەمەدە، لەم ژنە 12 منداڵی هەیە كە ئەمانەن (حسە- راشید- حەمدان- مەكتوم- ئەحمەد- لەتیفەی سێیەم- سەعید- مەریەمی دووەم- شێخە- فەتیم- سەلامە- شەممە).
•    حوریە ئەحمەد معاش
ئەمە هاوسەری دووەمی شێخ محەمەدە‌و خەڵكی جەزائیرە، لەم ژنە (4) منداڵی هەیە بەناوەكانی (شەمسە- لەتیفەی ناوەنجی- مەیسا- ماجد).
•    دەلیلە عەلی
ئەمە هاوسەری سێیەمی شێخ محەمەدە، ئەم ژنە خەڵكی لوبنانە، لە شێخ محەمەد جیابوەتەوە، بەڵام (3) منداڵی لە شێخ محەمەد هەیە بەناوەكانی (لەتیفەی یەكەم- دەلال- مەریەمی یەكەم).
•    شازادە هەیا بنت حسێن
ئەمە كچی شاحسێن پادشای پێشووی ئوردن‌و خوشكی شا عەبدوڵای پادشای ئێستای ئوردنە، دواین هاوسەری فەرمی شێخ محەمەدە‌و دوو منداڵی لێی هەیە بەناوەكانی (جەلیلە- زاید).
شێخ محەمەد لە ژنەكانی زیاتر لە (20) منداڵی هەیە (هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن (30) منداڵی هەیە‌و (6 جار) هاوسەرگیری كردووە)، گەورەترین منداڵی (مەنال)ە كەلەدایكبووی ساڵی 1977ە، بچوكترین منداڵیشی (زاید)ە كە لەدایكبووی ساڵی 2012یە.


شێخ لە دەسەڵاتدا 
شێخ محەمەد هەر لەمنداڵییەوە بۆ ئەوە ئامادەكراوە حوكمڕانی بكات، وەكو باسدەكرێت شێخی بچوك لەناوچەی (شەندەغە) لە دوبەی هەر لە منداڵییەوە تەماشای باپیرو باوكی‌و مامەكانی كردووە كە حوكمی وڵاتیان كردووە‌و لەوانەوە فێری حوكمڕانیكردن بووە.
شێخ محەمەد لە مەجلیسی پیاوماقوڵانی باپیریدا گەورە بووە، چۆنیەتی فراوانبوونی پرۆژەی ئیماراتی عەرەبی قۆناغ بە قۆناغ بەچاوی خۆی بینیوە، هەر لە دروستكردنی ئەنجومەنی فەرمانڕەوایانی ئیماراتەوە كە بناغەی دەوڵەتەكەیە‌و دواتر رێككەوتنی ئەو یەكێتی‌و یەكبونەی لێكەوتەوە كە لەنێوان شێخ زاید بن سوڵتان حاكمی پێشووی ئەبوزەبی‌و شێخ راشیدی حاكمی پێشووی دوبەیدا كرا لە رۆژی 18ی شوباتی 1968‌و ئەوە بوو بە یەكەمین هەنگاو بۆ دروستكردنی یەكێتییەك‌و پاشان دەوڵەتی ئیماراتی لێكەوتەوە.
شێخ محەمەد بۆیەكەمینجار لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 1969 پۆستی حكومی وەرگرتووە، كاتێك دوای دەرچوونی لە خولی راهێنانی سەربازی لە بەریتانیا، باوكی پۆستی سەرۆكایەتی دەزگای پۆلیس‌و ئاسایشی گشتی لە ئیمارەتی دوبەی پێبەخشی.

چیرۆكی دروستكردنی دەوڵەت
رۆژی 2ی كانونی یەكەمی 1971، كۆشكی كەناری جومێرا لە دوبەی، كە كۆشكی تایبەتی شێخ راشیدی باوكی شێخ محەمەدبوو، ئاهەنگێكی گرنگی بەخۆوە بینی، ئەوە ئاهەنگی ئیمزاكردنی یەكەمین بەڵگەنامەی دەستوریی كاتیی بوو، كە لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامەیە دەوڵەتی (ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو) دروستكرا.
فەرمانڕەوای ناوچەكانی ئەبوزەبی، دوبەی، شارقە، عەجمان، فوجێرە‌و شازادەی جێنشینی ویلایەتی ئوم قەیوین بەنوێنەرایەتی باوكی، ئیمزایان لەسەر بەڵگەنامەكە كرد.
رۆژانی دواتر، دەوڵەتی ئیمارات دروستكرا، شێخ مەكتوم برای شێخ محەمەد راشید ئەركی دروستكردنی یەكەمین ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتەكەی كەوتەئەستۆ، ئەو پۆستی وەزیری بەرگری بەخشی بە محەمەد برای، ئەوكات محەمەد بوو بەمنداڵترین وەزیری بەرگری لەسەر ئاستی جیهان.
دیارترین بڕیاری شێخ محەمەد بن راشید لە پۆستی وەزیری بەرگریدا دەریكرد، بڕیاری بەشداریكردنی سوپای ئیمارات بوو لە هێزی هاوپەیمانان كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد بۆ دەركردنی سوپای عێراق لەناو خاكی كوەیت لە ساڵی 1990دا، ئەوە یەكەمینجار بووە هێزەكانی ئیمارات بەشداری ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بكەن.

شێخ‌و كاروانی ئاوەدانیی
لەبواری ئاوەدانكردنەوەدا، شێخ محەمەد درێژەی بە كاروانەكەی باوكیدا. پرۆژەی كردنی دوبەی بە ناوەندێكی بازرگانی‌و گەشتیاری نێودەوڵەتی، لەسەردەمی شێخ راشیدەوە دەستیپێكرد، كە رابردوودا بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی بەمنداڵەكانی نەدەسپارد.
شێخ راشید ئەركی دامەزراندنی بیری وشكی دوبەی‌و سەرۆكایەتی لیژنەی كارگێڕی فڕۆكەخانەی دوبەی‌و بەرپرسیارێتی كۆمپانیای نەوتی دوبەی كە شادەماری سەرەكی ئابوری ئیمارەتەكە بوو، سپارد بە محەمەدی كوڕی.
دوای كۆچی دوایی شێخ راشد لە ساڵی 1990دا، شێخ مەكتومی كوڕی جێگەی گرتەوە، شێخ مەكتوم لە رۆژی 4ی ئازاری 1995دا شێخ محەمەدی برای وەكو شازادەی جێنشین هەڵبژارد.
دیاریكردنی وەكو شازادەی جێنیشن، دەسەڵاتای فراوانتری بە شێخ محەمەد بەخشی، بەتایبەتی لە بواری فراوانكردنی پرۆژە‌و كاروانی ئاوادانی ئیمارەتی دوبەیدا، تا وای لێهات ئەو وەكو حاكمی فیعلی دوبەی تەماشادەكرا، بەمشێوەیە شێخ محەمەد هەوڵەكانی بۆ راكێشانی گەشتیاران بۆ دوبەی‌و كردنی شارەكە بە ناوچەیەكی سەرەنجڕاكێش لە جیهان دەستپێكرد.
لەوكاتەوە تائێستا شێخ محەمەد ژمارەیەكی پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی گەورەی لە ئیمارات جێبەجێكردووە لەوانە (تاوەری عەرەب‌و دورگەی دارخورما‌و ...).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand