وەزیرە كوردەكەی وەزارەتی دادی عێراق كێیە ؟
2019-06-24 15:03:06
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
دادوەرێك كە تا ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە سیستمی دادوەری عێراق كاریكردووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی وەزارەتی دادی عێراق چارەسەركردو بوو بە وەزیری داد لەسەر پشكی كورد، ئەم پیاوە شەشەمین كوردە لە مێژووی عێراقدا كە پۆستی وەزارەتی داد وەردەگرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە.
دوای زیاتر لە ساڵێك، دواجار پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ناوێك وەكو كاندید بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق رێككەوتن.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق ناوی دادوەر (فاروق ئەمین شوانی) وەكو كاندیدی كورد بۆ پۆستی وەزارەتی داد پەسەندكرد.
ئەم پیاوە، لەسەر پشكی كوردو لەناو پشكی كوردیشدا لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرتووە.
فاروق ئەمین شوانی كێیە ؟
بەپێی ئەو پرۆفایلەی كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشكەشی پەرلەمانی كردووە:
• فاروق ئەمین شوانی، ناوی تەواوەتی بریتییە لە (فاروق ئەمین عوسمان محەمەد شوانی)
• ساڵی 1957 لە كەركوك لەدایكبووە
• ساڵی 1980 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە قانونو زانستی سیاسییدا بەدەستهێناوە
• ساڵی 1993 بڕوانامەی دیپلۆمی باڵای لە زانستی دادوەرییدا لە پەیمانگای دادوەریی بەغداد بەدەستهێناوە
• ئەم پیاوە تاوەكو ساڵی 2003و روخانی رژێمی بەعس نەگەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان
• ساڵی 1993 تاوەكو 1997 سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی زیقار بووە
• ساڵی 1998 تاوەكو 2003 سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ئەنبار بووە
• لە ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی بەعسەوە تاوەكو ئەمڕۆ، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك بووە
بەپێی ئەوەی لە سڤییەكەیدا نوسراوە، دیارترین دەستكەوتو كارەكانی ئەم پیاوە لەدوو خاڵدا كورتكراوەتەوە:
• بەشداری پرۆگرامی (IVLP)ی كردووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2006 بۆ 2007
• ژمارەیەكی زۆر نوسراوی رێزلێنانی پێدراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەبواری مافەكانی مرۆڤو روبەڕووبونەوەی تیرۆردا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دادوەر فاروق شوانی خەڵكی گوندی (كڵاوقوت)ی ناوچەی شوانە، ئەم پیاوە لەماوەی رابردوودا كە سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك بووە، سەرباری ئەوەی سەربە یەكێتی بووە، بەڵام زیاتر وەكو بێلایەنێك كاریكردووەو ئەمە وایكردووە كە پارتی قایل ببێت بە كاندیدكردنی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق.
كورد لە وەزارەتی دادی عێراقدا
وەزارەتی دادی عێراق سەرەتا لە ساڵی 1920 دامەزرێندراوە، یەكەم وەزیری داد لە مێژووی عێراقدا (ناجی سویدی) بووە، لەسەرەتای دروستكردنی ئەم وەزارەتەوە، چەند كەسایەتییەكی كورد پۆستی وەزارەتی دادی عێراقیان بەدەستەوە بووە، بەمشێوەیە:
• یەكەمین كورد كە بووە بە وەزیری دادی عێراق (داود حەیدەری) بووە لە ساڵی 1928، ئەم پیاوە خەڵكی شاری هەولێر بووە
• دووەمین كورد كە پۆستی وەزارەتی دادی وەرگرتووە (جەمال بابان) بووە لە ساڵی 1930
• سێیەمین كورد كە ئەم پۆستەی وەرگرتووە ناوی (ئەحمەد موختار بابان) بووە لە ساڵی 1943
• چوارەمین كورد كە پۆستی وەزارەتی دادی وەرگرتووە (موسڵیحەدین نەقشبەندی) بووە لە ساڵی 1965دا، ئەم پیاوە خەڵكی بامەڕنی-ی سەربە قەزای ئاكرێ بووە
• پێنجەمین كورد دادوەر (دارا نورەدین) لە ساڵی 2008دا پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە
• دادوەر (فاروق ئەمین شوانی) شەشەمین كوردە پۆستی وەزارەتی دادی عێراق دەگرێتەدەست
بایەخی وەزارەتی داد
ئەم وەزارەتە پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە وەكو پایەیەكی سەرەكی پێكهێنەری دەسەڵات لە سیستمی سیاسیدا، لەكەیسی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەریدا، وەزارەتی داد تەنیا دەسەڵاتی سەرپەرەشتیكردنی گرتوخانەكان (چاكسازییەكان)ی پێدراوە.
لایەنی گرنگی ئەم وەزارەتە بۆ كورد ئەو دەسەڵاتەیە كە لەبواری تۆماری زەویو خانوبەرەدا هەیەتی، كورد لە كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانی تر دەتوانێت سود لەم دەسەڵاتە وەرگرێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی موڵكایەتی.
ئەركێكی تری ئەم وەزارەتە دەركردنی رۆژنامەی وەقایعی عێراقییە كە یاساكان پەسەندكراوەكانی تێدا بڵاودەكرێتەوەو دوای بڵاوكردنەوەیان یاساكان دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساڵی 2003 دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق، دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان، بەفەرمانی ژمارە (35) دەسەڵاتێكی گرنگی لەدەستی وەزارەتی داد سەندەوە كە دەسەڵاتی "چالاكی دادوەریی" بوو، ئەم دەسەڵاتە درا بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی.
ململانێكان لەسەر وەزارەتی داد
وەزارەتی دادی عێراق هەر لەسەرەتاوە كە بۆ كورد یەكلاكرایەوە، بووە سەرچاوەی ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان پارتیو یەكێتی، ماوەیەكیش بزوتنەوەی گۆڕان هاتەسەر هێڵی ململانێكان بۆ بەدەستهێنانی ئەم پۆستە.
لەماوەی رابردوودا ناوی چەند كەسێك بۆ وەزارەتی دادی عێراق خرانەبەردەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام هیچ یەكێكیان پەسەندنەكران، دیارترین ئەو ناوانەی كە لەماوەی رابردوودا بۆ پۆستی وەزارەتی داد باسكران ئەمانەبوون:
• خالید شوانی (كاندیدی یەكێتی بوو)
• حاكم ئیسماعیل عومەر، دادوەری دادگای بەرایی سلێمانی (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بوو)
• ئازاد چۆمانی (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان)
• بەشدار حەسەن (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان)
• دارا نورەدین (كاندیدی پارتی دوای ئەوەی پارتی لەوە گەیشت عەبدولمەهدی دەیەوێت كاندیدێكی بێلایەنی كورد دابنرێت، دارا نورەدین 2008 بۆ 2010 وەزیری دادی عێراق بوو، ئێستا لە ئوردن دەژی)
• حاكم رزگار حەمەئەمین (كاندیدی بێلایەنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستەكە)
پشكی كورد لە عێراق
ئەوەی وەكو پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دیاریكراوە، هەمووی لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشكراوە، چونكە هیچ لایەنێكی تری كوردی چ لەگەڵ پارتیو یەكێتی بە هاوبەشی، چ بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری حكومەتیان لە عێراق نەكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵێكیدا بە وەرگرتنی وەزارەتی داد بچێتە ناو حكومەتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
ئێستا كورد یاخود بەدیاریكراوی (پارتیو یەكێتی) لە حكومەتی عێراق خاوەنی ئەم پۆستانەن:
• پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ساڵح- یەكێتی)
• پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (بەشیر حەداد- پارتی)
• پۆستی وەزیری داراییو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق (فوئاد حسێن- پارتی)
• پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق (بەنگین رێكانی- پارتی)
• پۆستی وەزیری دادی عێراق (فاروق ئەمین شوانی- یەكێتی)
واتە لەم كابینەیەی حكومەتی عێراقدا كورد جگە لە پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، تەنیا (3) پۆستی وزاری وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەكابینەی پێشوودا جگە لە دوو پۆستە باڵاكە، كورد (5) پۆستی وزاری بەدەستەوە بوو.