ئەمریكا چەند وردەكارییەكی " گرێبەستی سەدە"ی ئاشكراكرد
2019-06-22 18:03:36
(درەو میدیا):
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك لە وردەكاری دەستپێشخەرییەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین ئاشكراكرد كە بە " گرێبەستی سەدە" ناسراوەوهەفتەی داهاتوو لە كۆنگرەیەكدا لە بەحرەین پێشكەشی وڵاتانی دەكات.
بە گوێرەی ئاژانسەكان پلانەكەی ئەمریكا بونیاتنانی رێڕەوێك لەخۆدەگرێت بۆ بەستنەوەی كەرتی غەززە لە كەناری خۆرئاوای فەلەستینەوە، هەروەها سندوقێكی وەبەرهێنانی جیهانیش دادمەزرێنرێتو 50 ملیار دۆلار بۆ بونیاتنانو وەبەرهێنان لە فەلەستین تەرخاندەكرێت.
رۆژی 25و26ی ئەم مانگە جارید كۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین پلانی گرێبەستی سەدە بۆ وڵاتانی بەشدار ئاشكرادەكات.
تائێستا سعودیەو ئوردنو چەند وڵاتێكی تری كەنداو ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەكەی بەحرەین دەبڕیوەو فەلەستینییەكانیش بڕیاریانداوە بایكۆتی كۆنگرەكە بكەن كە دوای داننان بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل لە ساڵی 2017ەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەڵپەساردووە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، جاریك كۆشنەر ئاشكرایكرد كە ئیدارەی ترەمپ هیوادارە وڵاتانی تر بە تایبەتی وڵاتانی دەوڵەمەندی كەنداو لەگەڵ وەبەرهێنەرەكانی كەرتی تایبەت بەشێكی زۆری بودجەی پلانەكە دابین بكەن.
كۆشكی سپی " گرێبەستی سەدە" بە مێژوویی وەسفدەكاتو جەختدەكاتەوە كە لە توانایدایە گۆڕانكاری ریشەیی لە كەناری خۆرئاواو غەززە بێنەتەكایەوەو لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی فەلەستین بكاتەوەو وەرچەرخانێكی دەگمەنیش لە ئابوریدا بكات بە رەخساندنی یەك ملیۆن هەلی كار.
كۆشكی سپی ئاشكراشیكردووە كە بانكێكی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی پرۆسە ئابورییەكە دەكات بۆئەوەی رێگە لە ئەنجامدانی گەندەڵی بگرێت.
هەروەها واشنتۆن رایگەیاند بڕیاریداوە حكومەتی ئیسرائیل بۆ كۆنگرەكەی مەنامە بانگهێشت نەكات، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی ئامادەنابێتو لەبری ئەوە وەفدێكی بچوك لە كەرتی كاری ئیسرائیل بەشداری دەكات.