بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە
2019-07-04 15:13:51
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف
سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، چارەنوسی "شۆرت لیستەكە" نادیارەو هەوڵێكی بەهێز هەیە لەدەرەوەی جڤاتی نیشتمانی ناوی كاندیدی پۆستە حكومییەكان یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەو راپۆرتەدا نوێترین زانیاری لەبارەی لیستی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاودەكاتەوە.
وادەی یاسایی بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدی پۆستە حكومییەكان بە پەرلەمانی كوردستان تەنیا یەك هەفتەی ماوە، بڕیارە رۆژی 11ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ناوەكان رادەستی پەرلەمان بكات.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سبەینێ كۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەسەرە چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پۆستە حكومییەكان.
لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان (4) وەزارەت وەردەگرێت، ئەمە جگە لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی چەندین پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار.
كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانی دوای پینج رۆژ دێت لە كۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە سەبارەت بە پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستە حكومییەكان.
سێ پێشنیاز
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكەدا كە رۆژی 30ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، تاوتوێی سێ پێشنیازكراوە لەبارەی دۆسیەی كاندیدەكانەوە، لە كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیاری لەسەر یەكێك لەو پێشنیازانە دەدرێت، پێشنیازەكان ئەمانەن:
• پێشنیازی یەكەم:
ئەوانەی پشتیوانی ئەم پێشنیازە دەكەن، داوا دەكەن (خانەی راپەڕاندن) بڕیاری كۆتایی بدات لەسەر ئەو ناوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید دەكرێن.
خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەم خانە لە (7) كەس پێكدێت، بەڵام ئێستا تەنیا (6) كەسن، چونكە (عوسمان حاجی مەحمود) یەكێك لە ئەندامانی ئەو خانەیە، پێشتر دەستی لەكاركێشاوەتەوە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بریتین لەم كەسانە (عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، حەمەتۆفیق رەحیم، شۆڕش حاجی، جەمال حاجی محەمەد، رەئوف عوسمان، جەلال جەوهەر).
• پێشنیازی دووەم:
هەندێكی تر داوا دەكەن جڤاتی نیشتمانی بڕیار لەسەر كاندیدەكان بدات، بەوپێیەی ئەم بڕیارە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بەدیاریكراوی لە دەسەڵاتی جڤاتی نیشتمانیدایە.
ئەم جڤاتە ئەندامەكانی نزیكەی (56) كەسن، لەناو ئەم دامەزراوەیەشدا هاوشێوەی خانەی راپەڕاندن ژمارەك كەس دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، ژمارەی ئەندامانی ئەم جڤاتە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایەو كەمو زیاد دەكات.
جڤاتی نیشتمانی بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، بڕیاردان لەناو جڤاتی نیشتمانیدا بەپێی بابەتەكان بڕیاری لەسەر دەدرێت، واتە دەكرێت بەشێوازی ئاشكرا بێت یاخود بەشێوازی نهێنی، ئەگەر دۆسیەی كاندیدەكان لە جڤاتی نیشتمانی یەكلابكرێتەوە، پەنا بۆ دەنگدانی نهێنی دەبرێت، بەوپێیەی بۆ هەر پۆستێك زیاد لە كاندیدێك هەن.
• پێشنیازی سێیەم:
رۆژی 30ی مانگی رابردوو، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا هەندێك لە ئەندامانی جڤاتەكە پێشنیازیان كرد، هەردوو جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی پێكەوە دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بدەن بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان.
جڤاتی گشتی بەپێی دەستوریی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجومەنێكی راوێژكارییە، بڕیاردان لەناو ئەم جڤاتەدا بە زۆرینەی سادەیە.
لەبارەی شۆرت لیستەكە ؟
مانگی نیسانی رابردوو، بە فەرمانی خانەی راپەڕاندن، بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەیەكی (13) كەسی پێكهێنا بۆ دیاریكردنی ناوی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان.
كۆتایی هەفتەی رابردوو، دوای سێ مانگ لە راسپاردنی، لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان "شۆرت لیست"ی ناوی كاندیدەكانی ئامادەكرد، لەو لیستەدا بۆ هەر پۆستێكی وزاری (3 بۆ 5) كاندیدی دیاریكرد بۆ ئەوەی جڤاتی نیشتمانیدا لەنێویاندا بۆ هەر پۆستێك یەكێكیان هەڵبژێرێتو ئەو كەسە ببێت بە كاندیدی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانو ناوەكەی رادەستی مەسرور بارزانی بكرێت.
ئەم شۆرت لیستە ناڕەزایەتی لەناو كاندیدەكان دروستكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا شۆرت لیستەكە لەبەردەم خانەی راپەڕاندندایەو دیار نییە چارەنوسی بە كوێ دەگات.
(درەو میدیا) پێشتر "شۆرت لیست" لیستی كورتكراوەی ناوی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە وزارییەكان بڵاوكردەوە كە ئەمانەن:
• وەزارەتی داراییو ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب- هاوار شێخ رەئوف- شۆڕش حەمید
• وەزارەتی بازرگانی/ داهێن هاشم- كاروان هاشم- چالاكی موهەندیس- بەشدار حسێن
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم- هیوا قلیاسانی- بەختیاری رانیە
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ ئاراس وەلی- چیمەن حەمەڕەشید- هەژار مەعروف
كێ بڕیار دەدات ؟
(درەو میدیا) زانیویەتی، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (چیاو نما)و بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دژی ئەو "شۆرت لیست"ەن كە لیژنەكە ئامادەیكردووە، تا ئەو رادەیەی هەڕەشەكراوە ئەگەر پێداوچونەوە بە شۆرت لیستەكەدا نەكرێت، لە دەرەوەی لیژنەكەو تەنانەت جڤاتی نیشتمانیش ناوی كاندیدەكان رادەستی مەسرور بارزانی دەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا خانەی راپەڕاندن لەبارەی "شۆرت لیست"ەكەوە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا:
بەرەی یەكەم: حەمەتۆفیق رەحیم و شۆڕش حاجی، ئەم دوو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن بە ئاشكرا پشتیوانی لە "شۆرت لیست"ەكە دەكەن.
بەرەی دووەم: عومەری سەید عەلیو جەلال جەوهەر، ئەم دوانە بە توندی دژی "شۆرت لیست"ەكەن.
بەرەی سێیەم: جەمال محەمەدو رەئوف عوسمان، ئەم دوانە بەتەواوەتی هەڵوێستیان روون نییەو یەكلانەبونەتەوە.
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كە ژمارەیان (6) كەسە، سێ كەسیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستە، محەمەد تۆفیق رەحیمو جەمال محەمەد كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، جەلال جەوهەریش چاوی لە وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازی.