Draw Media

گۆڕان "شۆرت لیست" ەکەی هەڵوەشاندەوە

گۆڕان "شۆرت لیست" ەکەی هەڵوەشاندەوە

2019-07-05 14:26:18


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- نامیق رەسوڵ
بزوتنەوەی گۆڕان سێ‌ مانگ لە رێگەی لیژنەیەكەوە سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدبوو بۆ پۆستە حكومییەكان، ئەمڕۆ بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، ئەو لیژنەیەو كارەكانیشی هەڵوەشاندەوە.
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوە بۆ پڕكردنەوەی پشكی بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا  كۆبوەوە.
پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد جڤاتی نیشتمانی تاوتوێی سێ‌ پێشنیازدەكات لەبارەی پرسی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوە بۆ پۆستەكان، بەڵام جڤاتی نیشتمانی هیچ كام لەو پێشنیازانەی پەسەندنەكرد‌و پێشنیازی چوارەم هاتەكایەوە‌و جڤات پەسەندیكرد.
پێشنیازی چوارەم
پێشنیازی چوارەم ئەوەیە كە جڤاتی نیشتمانی وەك باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەسەڵاتی خۆی لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بداتە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) پێشترو بەر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی چەند كەسێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئەم پێشنیازەیان خستوەتە بەردەم رێكخەری گشتی، بەڵام ئەو كات رەتیكردوەتەوە دۆسیەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بگرێتەدەست، بەپاساوی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت نەكراوە‌و ململانێی توند لە نێو جەمسەرەكانی بزوتنەوەكەدا هەیە لەسەر پۆستەكان.
سێ‌ پێشنیازەكەی تر كە ئەمڕۆ رەتكرانەوە بریتی بوون لەمانە:
* خانەی راپەراندن كە ئێستا لە شەش كەس پێكدێت بڕیاربدات لەسەر دیاریكردنی كاندیدەكان.
* جڤاتی نیشتمانی نیشتمانی بڕیاربدات.
* جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی پێكەوە بڕیاربدەن.
رێكخەر چۆن یەكلایدەكاتەوە؟
ئەمە یەكەمجار نیە كە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە بەردەم ئاڵنگاری یەكلاكردنەوەی لیستی كاندیدەكانی بۆ حكومەت، لە كابینەی هەشتەمدا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا كرد، ئەوكات نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەكە لە ژیاندا بوو، هەژمونی فراوانی بەسەر بزوتنەوەكەیدا هەبوو، ئەو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ جڤات‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەكەی لیستی كاندیدەكانی پێشكەشكرد، بەڵام ئەمجارەیان دۆخەكە بۆ رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەكە تەواو جیاوازە.
پێش ئەوەی پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە رێكخەری گشتی گۆڕان بسپێردرێت، لیژنەیەكی 13 كەسی بزوتنەوەكە بۆ هەر پۆستێكی كە بەر گۆڕان دەكەوێت سێ‌ كەسی دیاریكردووە‌و  پرۆسەی " شۆرت لیست"ی بۆ ناوی ئەو كاندیدانە كردبوو كە سیڤیان پێشكەشی بزوتنەوە كرد.
ئێستا زانیاری جیاواز هەن لەبارەی چارەنوسی شۆرت لیستەكەوە، هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن شۆرت لیستەكە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكە ئیمزاكراوە‌و رادەستی خانەی راپەڕاندن كراوە، هەندێكی تر دەڵێن شۆرت لیستەكە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە ئیمزای لەسەر نەكراوە‌و بەهۆی ناكۆكیان لەسەری ماوەتەوە‌و رادەستی خانەی راپەڕاندن نەكراوە.
شۆرت لیستەكە گەیشتبێتە خانەی راپەڕاندن یان نا، پێناچێت رێكخەری گشتی  شۆرت لیستەكە بەهەند وەربگرێت، چونكە خودی خۆی یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی ئەو شۆرت لیستە، هەرچەندە ئەوانەی پشتیوانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی دەكەن بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان دەڵێن رێكخەری گشتی لە بڕیاردان لەسەر كاندیدەكان شۆرت لیستەكەو تێبنییەكانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەبەرچاودەگرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان دوای سێ‌ مانگ لە دیاریكردنی میكانیزم‌و لیژنە‌و تاوتوێكردنی سیڤی‌و لێكۆڵینەوەو دواقۆناغیش شۆرت لیستكردن بەم بڕیارەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی جارێكی تر گەڕایەوە چوارگۆشەی یەكەم.
پێشتر بەر لە پێكهێنانی لیژنەكەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لە مانگی نیساندا (درەو میدیا) لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد كە جەمسەرە بەهێزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدیاریكراوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا( نما‌و چیا) دەیانەوێت كە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان بكەوێتە ساتەكانی كۆتایی، تا بە پاساوی نەمانی كاتی پێویستەوە لیستی كاندیدەكان لە دەنگدانی جڤاتی نیشتمانی بپارێزرێت كە پێشبینیدەكرا ناكۆكی گەورەی لێبكەوێتەوە.
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان تەنها 48 كاتژمێری لەبەردەمدایە بۆئەوەی ناوی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان رادەستی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیران بكات.
هەموو پێشبینی‌و سەرچاوەكانی زانیاری بەو ئاراستەیەن كە رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی پێسپێدراوە، میكانیزمێكی دیاریكراوی نابێت بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان‌و دەگەڕێتەوە بۆسەر ئەو رێككەوتنەوەی لە پشتی پەردەوە لە نێوان خۆی و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەلایەك و ئەندامانی تری خانەی راپەڕاندن لەگەڵ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادا هەیانە.
كاندیدەكانی ناو شۆرت لیستەكە:
زیاتر لە 400 كەس سیڤیان بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی گۆڕان لە حكومەتدا پڕكردوەتەوە، لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە شۆرت لیستێكدا ناوی كاندیدەكانی بەمشێوەیە بۆ پۆستەكان كورتكردەوە، ئەمەش ئەمڕۆ بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی كۆتایی پێهێنراو بەشێوەی فەرمی كاری لەسەر ناكرێت‌و رەتكراوەتەوە.
كاندیدەكانی شۆرت لیستەكە ئەمانەبوون:
• وەزارەتی دارایی‌و ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب- هاوار شێخ رەئوف- شۆڕش حەمید
• وەزارەتی بازرگانی/ داهێن هاشم- كاروان هاشم- چالاكی موهەندیس- بەشدار حسێن
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم- هیوا قلیاسانی- بەختیاری رانیە
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ ئاراس وەلی- چیمەن حەمەڕەشید- هەژار مەعروف
پۆستەكانی گۆڕان
بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی كردویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان  4 وەزارەت‌و دوو  پۆستی باڵا وەردەگرێت، ئەوەی ئێستا بڕیارە رێكخەری گشتی یەكلای بكاتەوە تەنها كاندیدی پۆستە وزارییەكانە.
بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو گۆڕاندا سێ‌ كەس خۆیان كاندید كردووە كە بریتین لە مستەفا سەیدقادر، محەمەد تۆفیق رەحیم، جەمال حاجی محەمەد، بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" هیچ كەسێك لەم سێ‌ كەسە سیڤیان پڕنەكردوەتەوەو كاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
تائێستا دیار نیە كاندیدی ئەم پۆستە باڵایە لەناو گۆڕاندا بە میكانیزمێك یەكلادەكرێتەوە، ئایا جڤاتی نیشتمانی بڕیاردەدات یان رێكخەری گشتی؟، یاخود وەك ئەوەی باس دەكرێت بە رێككەوتن‌و پاشەكشێكردن بۆ یەكتری كاندیدەكە یەكلادەكرێـتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە محەمەد توفیق رەحیم، جەمال حاجی محەمەد ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سورن لەسەر كاندیدبوونیان‌و ئامادەنین بۆ مستەفا سەید قادر بكشێنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە مستەفا سەیدقادر خۆی یەكێكە لە ئەندازیارانی رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و سەرەڕای ئەمەش كاندیدی بەهێزی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە.
سەبارەت بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆچاكسازی كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، پێناچێت ئەم پۆستە بەمزوانە قسەوباسی لەسەر بكرێت، چونكە پۆستێكی نوێیە لەم كابینەیەدا تایبەت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان داهێنراوەو پێناچێت لەگەڵ دەستبەكاربونی كابینەی نوێی حكومەت،ئەم پۆستە دەستبەكاربێت، چونكە پێویستە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات، بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند كەسێك خۆیان بۆی كاندید كردووە.
جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەلایەن رێكخەری گشتیەوە پشتگیری دەكرێت، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازی بەوپێەی خۆی پرۆژەی دانانی ئەم پۆستەی ئامادەكردووە‌و دانوستانی لەگەڵ پارتیدا لەسەر كردووە، جەلال جەوهەر هاوشێوەی ئەندامانی تری خانەی ڕاپەڕاندن كاندیدە‌و سیڤیشی پێشكەشنەكردووە.
جگە لە جەلال جەوهەر، كاندیدێكی تریش لەناو گۆڕاندا بۆ ئەم پۆستە هەیە كە ئەویش (شوان قلیاسانی)یە‌و كاندیدێكی بەهێزەو هەڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان بووەو یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand