داهاتی هاتوچۆی سلێمانی 31% زیادیكردووە
2019-07-02 10:08:19
درەو میدیا:
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 75 هاوڵاتی بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە لە كاتێكدایە داهاتی شەش مانگی هاتوچۆی سلێمانی( 67 ملیار) دینارەو بەبەراورد بە ساڵی رابردوو(31%) داهاتەكەی زیادیكردووە.
بەپێی ئاماری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە شەش مانگی یەكەمی 2019 روداوەكانی هاتوچۆ بەم شێوەیە بووە:
- گیانلەدەستدان 75 كەس
- بریندار 1459 كەس
هۆكارەكانی روداوەكانی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی:
- 195 تیژڕەوی ئۆفێر
- 80 بێئاگایی شۆفێر
- 75 مەینۆشی
- 28 گۆڕینی ساید
- 26 پابەندنەبونی بە یاساو رێنمایی هاتوچۆ
- 26 لە ئیشارەتدان
- 19 كەمتەرخەمی
- 17 پێچكردنەوەی هەڵە
- 68 هۆكارەكانی تر
هەر بەپێی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی داهاتی هاتوچۆی سلێمانی 31% زیادیكردووە:
- داهاتی شەش مانگی یەكەمی 2019ی هاتوچۆی سلێمانی ( 67 ملیار 779 ملیۆن 456 هەزار) دینار
- داهاتی شەش مانگی یەكەمی 2018ی هاتوچۆی سلێمانی( 46 ملیار و 50 ملیۆن و 32 هەزار) دینار
بەو پێیەش داهاتی هاتوچۆی سلێمانی ( 21 ملیار )دینار زیادیكردووە بەرێژەی ( 31%)، ئەو داهاتە لە ڕێگەی ((مۆڵەت، سزادان، پێدانی ژمارە، بەڵێننامە، بەناوكردن، ژینگە، ڕێگاوبان)) ئەم پارەیە لە شۆفێران وەردەگیرێت، %83 ی ئەم داهاتە دەچێتەوە وەزارەتی دارایی، % 17 ی تەرخان دەكرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكان و ڕایی كردنی ئیش و كارەكانیان.
داهاتێكی زۆرو رێگاوبانێكی خراپ
داهاتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاترە لە ( 300) ملیار دینار، كۆی داهاتی ساڵی 2018ی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بریتیی بووە لە ( 114 ملیار و 338 ملیۆن و 840 هەزار) دینار، كە بەتەنها بە داهاتی هاتوچۆ دەتوانرێت تەواوی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان چاكبكرێن و نۆژەنبكرێنەوە،بەو پێیەی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەكاتی دەستپێكردنی نۆژەنكردنەوەی رێگای هەولێر - كۆیە لە 23/6/2019 رایگەیاند" نۆژەنكردنەوەی رێگای كۆیە – هەولێر بە درێژی 52 كیلۆمەترە و ئەو رێگایە سێ مانگ دەخایەنێت و تێچوەكەشی ( 4 ملیارو 700 ملیۆن )دینارە.
ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ نۆژەنكردنەوەی ( هەولێر – كۆیە ) وەربگرین و بۆ رێگاوبانەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان تەخمینی بكەین ئەوا بەداهاتی ساڵێكی هاتوچۆی هەرێم كە ( 300 ملیار ) دینارە دەتوانرێت تەواوی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستانی پێ نۆژەنبكرێنەوە.
رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بە دووەمین هۆكاری مردن دادەنرێن بەجۆرێك بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لەماوەی 15 ساڵدا زیاتر لە نزیكەی( 10 هەزار) كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو، زیاتر لە ( 100 هەزار) كەسی دیكەش برینداربوون، نزیكەی( 400 )كەسیش كەمئەندام بوون.