Draw Media

پیتاندنی یۆرانیۆم چییە؟

پیتاندنی یۆرانیۆم چییە؟

2019-07-07 15:43:23


راپۆرت: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە    
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ      

ئێران رایگەیاند ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە دەشكێنێت كە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای ئیمزای كرد‌و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو رێژەیە زیاتر بەرزدەكاتەوە كە لە رێككەوتنەكەدا رێگەی پێدراوە‌و بریتیە لە رێژەی 3.67%.

یۆرانیۆم چۆن دەپیتێنرێت؟
 ئەو یۆرانیۆمە خاوەی كە لە كانەكاندا دەردەهێنرێت رێژەی لەسەدا یەكی (ئەكسیدی یۆرانیۆم)ی تێدایە،  ئەمە ئەو مادە سەرەتاییەیە كە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە پێویستە.
یۆرانیۆمی خاو بە مادەی كیمیایی تر چارەسەردەكرێت بۆ دەرهێنانی ئۆكسیدی یۆرانیۆم‌و دروستكردنی ئەو مادەیەی كە پێی دەوترێت " كێكە زەردەكە" كە هاڕاوەیەكە‌و رێژەی 80%ی بریتیە لە ئۆكسیدی یۆرانیۆم.
پێش بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەكان یان بۆمبەكاندا، پێویستە سەرەتا‌و یەكەمجار یۆرانیۆمەكە بپیتێنرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی یۆرانیۆمی سروشتی بڕێكی زۆر كەم لە (یۆرانیۆم – 235)ی تێدایە كە ناوكەكانی بە ئاسانی پارچەپارچە دەبن‌و بڕێكی زۆر وزە بەرهەمدەهێنن.
(یۆرانیۆم – 235) جۆرێكە لە یۆرانیۆم، ژمارەی گەردیلەكانی 235ەو جیاوازە لە یۆرانیۆمی سروشتی (یۆرانیۆمی – 238) لە رووی ژمارەی نیوترۆنەكانی نێو ناوكی گەردیلەكانیان.
یۆرانیۆمی خاو تەنها رێژەی 0.7% ی ( یۆرانیۆم- 235)یی تێدایە‌و ئەوی تری كە دەمێنێتەوە بریتیە لە ( یۆرانیۆم- 238).
بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ( كێكە زەردەكە) دەگۆڕدرێت بۆ گازێك كە بە " یۆرانیۆم هیكسافلۆراید" ناودەبرێت‌و پاشان دەخرێنە ناو ئامێری سێنتەر فیوچ كە بە خێراییەكی زۆر دەسوڕێتەوە‌و بەوەش یۆرانیۆم- 238 دەچێتە دەرەوە‌و یۆرانیۆم – 235 دەمێنێتەوە كە كێشی سوكترە.


یۆرانیۆم‌و چەكی ئەتۆمیی
ئەو یۆرانیۆمەی لە وێستگە ئەتۆمییەكاندا بەكاردەهێنرێت بە رێژەی 4% پیتێنراوە، بەڵام بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی دەبێت بە رێژەی 90% بپیتێنرێت.
بە گوێرەی دەقی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ئێران ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا ئیمزایكرد، نابێت یۆرانیۆم بەرێژەی 3.67% زیاتر بپیتێنێت، بەڵام تاران رایگەیاند پابەندی ئەوە نابێت‌و رێژەی پیتاندن بەرزدەكاتەوە‌و هیچ بەربەرستێكی تەكنیكیش لەبەردەمیدا نییە تا رێگری لێبكات، چونكە قۆناغەكانی سەرەتای پیتاندنی یۆرانیۆم زۆرترین هەوڵ‌و وزەی پێویستەو هەتا رێژەی پیتاندنەكە بەرزببێتەوە پرۆسەكە ئاسانتر دەبێت.
لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەڕێژەی 90%، نیوەی هەوڵ‌و وزەی بەگەڕخراو دەڕوات بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی پیتاندنەكە لە 0.7%ەوە بۆ 4% و دوای گەیشتن بە رێژەی 20%ی پیتاندن, كە بە (یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو) ناودەبرێت، پرۆسەكە بۆ بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەرێژەی 90% تەواوبووەو هەتا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتربێت، ئەو بڕەی كە لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەكاردەهێنرێت كەمتر دەبێتەوەو بۆ دروستكردنی چەكێكی ئەتۆمی لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 20% بڕی 400 كیلۆگرام بەكاردەهێنرێت، بەڵام لەكاتی بەركارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 90% بڕەكە بۆ 28 كیلۆگرام كەمدەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand