Draw Media

مەسرور بارزانی لەبەردەم یەكێتیەكدا سوێند دەخوات

مەسرور بارزانی لەبەردەم یەكێتیەكدا سوێند دەخوات

2019-07-05 20:02:23


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
تەنها 48 كاتژمێر ماوە لەبەردەم یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا تا كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە، خۆ كاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هاوكێشەی ناو یەكێتی ئاڵۆزكردووە، مەسرور بارزانی لەبەردەم سەرۆك پەرلەمانێكی یەكێتیدا سوێندی یاسایی دەخوات بەڵام پارێزگاری كەركوك لەگەڵ  سوێندخواردنی مەسرور بارزانیدا هەڵنابژێردرێت و تەنها كاندیدی پارێزگار دیاری دەكرێت.

یەكێتی بۆی یەكلادەكرێتەوە؟
رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە، بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر كاندیدەكان بدات و دوای ئەوەی جەمسەرەكانی یەكێتی تەوافوق لەسەر كاندیدەكان دەكەن.
یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی ئەگەرچی لە ئێستادا بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەرێت، بەڵام بەهۆی زۆری پۆستەكان و بەدیلی جیاوازەوە، ئەگەری چارەسەر لەدواچركەكاندا هەیە، خۆ ئەگەر لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتودا یەكێتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، كە ئەگەرێكی بەهێزە لەدوای رازی بوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك هیچ رێگەیەكی تر لەبەردەم یەكێتیدا نەماوە، بەیەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیشی ئەو روانینەی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خۆی لادەبات كە پێشتر بەردەوام رایاندەگەیاند " یەكێتی كێشەی كەركوكی نیە، بەڵكو كێشەی یەكلانەكردنەوەی كاندیدەكانی هەیە"    

لە نێوان قوباد و شاڵاودا
خۆكاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەتەواوی هاوكێشەی ناو باڵەكانی یەكێتی ئاڵۆزكردووە، بەجۆرێك رەنگە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پۆستەكانی دیكەش بكات، بەو پێیەی پێشتر  ناوی شاڵاو لە ناو كاندیدەكاندا نەدەهات و تەنها دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەك كاندید بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان دەهات، خۆكاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم چەند لێكدانەوەیەكی بۆ دەكرێت:.
•    بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە خۆكاندیدكردنی جدیەو دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت مسۆگەر بكات و بەو هەنگاوەش، قوباد تاڵەبانی دەبێتە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زانیاریەكانی ( درەو میدیا) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتیەوە دەستیكەوتووە، ئەگەر بەدەنگدان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بە ئاسانی لە قوباد تاڵەبانی دەباتەوە، چونكە بەشی زۆری سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانی رابردوی قوباد تاڵەبانی نیگەرانن.
•    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەك كارتێك بەكار دەهێنێت بۆ مسۆگەركردنی  بەشێك لە پۆستە باڵاكانی بەركەوتەی یەكێتی بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ، بەتایبەتیش لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەماندا.
•    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، دەیەوێت گرنتی پۆستێكی دیكەی وەك وەزارەتی پلاندانان مسۆگەر بكات، بەو پێیەی وەزیری پلاندانان ( ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان)ە . 

مەسرور بارزانی لەبەردەم یەكێتیەكدا سوێند دەخوات 
لە كۆبونەوەی 30ی حوزەیرانی رابردوی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتیدا هەردولا رێككەوتون كە بەر لە سوێندخواردنی مەسرور بارزانی و كابینەكەی، دەبێت ئاڵۆگۆر لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا بكرێت و كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەستبەكار بێت،لە ئێستاشدا لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی چۆنیەتی بەرێوەچونی ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییەن، بەو پێیەش مەسرور بارزانی لەبەردەم سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیداسوێندی یاسایی دەخوات. 
تا ئێستاش كێبەركێی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان (بێگەرد تاڵەبانی و رێواز فایەق)دایەو هەردوكیان سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا دەبێت یەكێكیان پاشەكشە بكەن یاخود لە ناو ململانێی باڵەكانی یەكێتیدا یەكێكیان دەبنە قوربانی، بەڵام پێدەچێت بە پێدانی وەزیر بە یەكێكیان، چارەسەری ئەو پرسە بكەن و بەرلە سوێندخواردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەم و وەزیرەكانی، سەرۆكی نوێی پارلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات و سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی كوردستانیش ( ڤالا فەرید) بكرێتە وەزیر لە كابینەكەی مەسرور بارزانیدا. 

جێگری سەرۆكی هەرێم
تا ئێستا كێبەركێی توند لە نێوان ( عومەر فەتاح كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەی هێزەكانی 70 ی یەكێتی)دایە، یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە پەیوەندی بە گفتوگۆی نێوان باڵەكانی یەكێتیەوە هەیە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، ئەگەر لە پرۆسەی یەكلاكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ( قوباد تاڵەبانی) لە جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم نەگوازرێتەوە، ئەوا دەبرێتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لەوێ بەدەنگدان یەكلادەكرێتەوە، كە چانسی جەعفەر شێخ مستەفا زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە.
   
پۆستە وزارییەكان
بە پێی رێككەوتنی نێوان وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكێتی هەریەك لە وەزارەتەكانی(پێشمەرگە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، پلاندانان، كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە دابڕاوەكان) و ژماریەك دەستەو راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی بەردەكەوێت.
بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) پۆستی وەزارەتی پلاندانان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی هەرێمی كوردستانیشە، دەكرێتە گفتوگۆی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت و هەرێم و (پۆستی رازی كردنی پۆستە باڵاكان) دەبێت، ئەگەر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەو پۆستە وەرنەگرێت، ( عوسمان شوانی) كاندیدێكی بەهێزی ئەو پۆستەیە.
پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە تا ئێستاش ( د. یوسف گۆران )چاوی لەو پۆستەیە بەڵام بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) د. یوسف گۆڕان لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چانسی دانانەوەی كەمە، تەنها چانسی وەركرتنی ئەو پۆستە لەلایەن د. یوسف گۆران، پاڵپشتی قوباد تاڵەبانیە، ئەگەرنا چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زۆر لاوازەو هەریەك لە ( د. شێركۆ مەنگۆڕی، د. سامان فەوزی، د. دانا سەعید سۆفی ) كاندیدی بەهێزی ئەو پۆستەن.
 بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری چانسی ( حەمەی حەمە سەعید ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) بەهێزە، هەرچی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەیە چانسی ( شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی) بەهێزە، ئەگەرچی (مستەفا چاورەش و جەبار یاروەر) چاویان لەو پۆستەیە.
وەزیری كشتوكاڵ، ئەگەر بڕیاری كۆتایی بدات بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە یەكلا بۆتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) سەعدی ئەحمەد پیرە قەلەقە لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو چاوەڕەوانی یەكلاكردنەوەی تیمی حكومەت دەكات.
رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بۆ سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم تا ئاستێك یەكلا بۆتەوە. 

یەكێتی پاشەكشە دەكات!
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لە كۆبونەوەو گفتوگۆكانیاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان راگەیاندووە، كە تا ناوی كاندیدە وزارییەكان رادەستی سەرۆكی كابینەی راسپێردراو نەكرێت، ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوك وەرناگرن.
زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پارێزگاری كەركوك هەڵنابژێردرێت، بەڵكو تەنها ناوی كاندیدەكە وەردەگیرێت، كە هەردولا لەسەر ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك رێككەوتوون، پارتی دیموكراتی دوای رەتكردنەوەی زیاتر لە ( 40 ) كاندیدی یەكێتی رەزامەندی لەسەردا، كە رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوە هەبێت كە یەكێك بوو لەلایەنگرانی ( ریفراندۆم) و كە ئێستا لە ناوەندە میدیاییەكان بە ( ریفراندۆمچی) ناودەبرێن، هەربۆیە بەر لە دیاریكردنی، پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی هەولێریانكردووەو قسەیان لەگەڵكردووە.
( درەو میدیا) زانیویەتی كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئەویش لەدوای رێگەخۆشكردن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ئامادەكاری بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ئامادەبونی تەواوی ئەندامانی لیستی برایەتی، دواتر پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، كە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دیاریكردن و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت و سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand