پارتیو یەكێتی رێككەوتن
2019-07-02 18:01:33
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
ئەمجارە شاعیرێك یەكێتیو پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك لە رێككەوتن نزیككردوەتەوە، ئەو ماوە یاساییەی كە لەبەردەم مەسرور بارزانیدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی كابینەی نوێی حكومەت بە پەرلەمان تەنیا (9) رۆژی ماوە، ئەگەر رێككەوتنی ئەمجار شكستی بهێنێت، چانسی رێككەوتنی نوێ سەخت دەبێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی رێككەوتنەكە بڵاودەكاتەوە.
رێككەوتنێك لە پشتی پەردەوە
جارێكی تر یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێككەوتن لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك نزیكبونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە، بەرپرسانی یەكێتیو پارتی لەسەر ناوی كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتوون.
ئەمجارە بەرپرسانی هەردوولا بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكەن، بۆئەوەی رێككەوتنەكە بگاتە قۆناغی كۆتایی، هیچ زانیارییەك بۆ لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان بۆ میدیاكان ئاشكراناكەن.
ئێستا نەك تەنیا میدیاكان، بەڵكو زۆرێك لە سەركردەكانی هەردوو حیزب ئاگاداری رێككەوتنەكە نین.
وردەكاری رێككەوتنەكە
دوای بەدواداچونێكی وردی چەند رۆژە، (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی قایل بووە بەوەی ئەو كەسەی كە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێت كەسێكی سەربە یەكێتی بێت، بەڵام داوایكردووە لەبەردەم رایگشتیدا وەكو كاندیدی (لیستی برایەتی) ناوی لێبنرێت، واتە لیستی لایەنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، و هەردوولا پێكەوە وەك كاندیدی هاوبەش ناوەكەی رابگەیەنن، یەكێتی بەم داواكارییەی پارتی قایل بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، زۆرینەی باڵەكانی یەكێتی قایلن بە رێككەوتنە نوێیەكە.
كاندیدە نوێیەكە كێیە ؟
بەپێی ئەو زانیارییەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازە لەناو هەردوو حزب دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە یەكێك لەم دوو كەسە دەبن بە كاندیدی هاوبەشی یەكێتیو پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.
• كاندیدی یەكەم: تەیب جەبار
ئەم پیاوە ئەندازیارە، هاوكات شاعیرو نوسەرەو ماوەیەك جێگری وەزیرە بووە لە ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەربە گروپی كەركوكییەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییە، ئەم پیاوە چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی زیاترە.
• كاندیدی دووەم: یونس ئەحمەد ناسراو بە (یونس جاف)
ئەم پیاوە ئەندازیارەو جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گەرمیانە، بەپێی قسەی هەندێك لە سەرچاوەكانی (درەو میدیا)، كاندیدی هاوبەشی یەكێتیو پارتییە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.
لەنێوان كوڕو برازاكەیدا
بڕیاری لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پاشان یەكێتی دەست دەكات بە كاركردن بۆ دیاریكردنی ناوی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
پێشتر یەكێتی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەت بەستەوە بە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەوهۆیەوە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام دواتر دەنگیدا بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە.
پارتی پێشتر ئامادە نەبوو بچێتە ژێر باری داواكاری یەكێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، مەسعود بارزانی سەرچڵی بە چانسی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە كرد لەناو پەرلەمان، بەوهۆیەوە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەدا.
بەڵام لە نۆرەی مەسرور بارزانی كوڕیدا كە ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە راسپێردراوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو تەنیا (9) رۆژ ماوەی یاسایی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی كابینەكەی پێشكەشی حكومەت بكات، مەسعود بارزانی لەگەڵ یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتنی كرد.
یەكلانەكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان یەكێتیو پارتی، پێشتر ماوەی (9 مانگ) پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست.
زیاتر لە 40 كاندید بۆ پۆستێك !
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستانو هەموو ئەو ناوانە رەتكراوەتەوە.
پارتی دەیوت هیچ كەسێك لەوانە وەكو پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێوەگلاون یاخود پاڵپشتییان كردووە، پارتییەكان دەستەواژەی "ئۆكتۆبەرچی" بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێننو وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبەن.
پارتی پێشتر بەفەرمی یەك ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵدەكرد كە ئەویش (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەڵام یەكێتی رەتیكردەوە.
یەكێتی كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، ئێستاش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت، دیارترین ئەو ناوانەی یەكێتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە ئەمانەن:
• رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
• رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
• ئاسۆ ئەڵمانی- بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
• خالید شوانی- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی
• كاكە رەش سدیق- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكێتی
• ئەحمەد عەسكەری- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- یەكێتی
• رەوەند مەلا مەحمود- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك
• لیوا جەمال تاهیر- بەرپرسی پێشووی پۆلیسی كەركوك، یەكێتی
• دكتۆر عومەر ئینجە- جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك، یەكێتی
• لیوا ئەنور حەمەئەمین- فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق