Draw Media

سیاسییەكان مامەڵە بە كورسی حەجەوە دەكەن

سیاسییەكان مامەڵە بە كورسی حەجەوە دەكەن

2019-07-02 17:23:43


راپۆرت: سەلام جاف بۆ ر‌وژنامەی العربی الجدید-ی قەتەری   
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

لە عێراق سیاسەتمەداران تەنانەت بازرگانی‌و كڕین‌و فرۆشتن بە حەج-یشەوە دەكەن، زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری عێراق ناویان تۆماركردووە گەشتی حەجی ئەمساڵ بكەن، ئەم راپۆرتە كە رۆژنامەی (العربی الجدید) ئامادەی كردووە بە وردی باسی چیرۆكی بارزگانیكردن بە فەریزەی حەجەوە دەكات، (درەو میدیا) بە كەمێك دەستكارییەوە دەقی راپۆرتەكە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە.
مانگی رابردوو دەسەڵاتدارانی سعودیە بڕیاریاندا ژمارەی كورسییەكانی عێراق بۆ (50) هەزار كورسی زیاد بكەن، ئەمە دەرگای ململانێیەكی نوێی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا كردەوە.
لایەنە سیاسییەكان هەریەكەیان ساڵانە رێژەیەكی دیاریكراو كورسی لە پشكی عێراق بۆ حەج وەردەگرن، ئەمە سەرباری ئەو كورسییانەی حەج كە لە عێراق پێی دەوترێت "كورسی موجامەلە" یاخود "حەجی موجامەلە"، كە سعودیە ساڵانە لەدەرەوەی پشكی دیاریكراو، بە بەرپرس‌و سیاسەتمەدارانی عێراقی دەدات.
ئەو ململانێ پێشوەختەی كە لەنێوان حیزب‌و لایەنە سیاسییە جیاوازەكاندا لەبارەی كورسییەكانی حەجەوە دروستبووە، وایكرد هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر داوا لە حكومەت بكات رێگری لە گەشتی سیاسەتمەداران بۆ حەج بكات "ئەگەر تەنیا بۆ ئەمساڵیش بێت، خۆ ئەگەر بۆ چەندجارێكی تریش ئەو كارە بكرێت، باشترە"، داوایكرد رێگری بكرێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەیەدا بەشێوەیەكی تائیفی‌و "لیژنەیەكی باوەڕپێكراو بۆ ئەو كارە پێكبهێنرێت".

100 پەرلەمانتار حەج دەكەن
بەرپرسێكی عێراقی لە بەغداد بە "العربی الجدید"ی راگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران "فەرمانیداوە بە دەستەی باڵای حەج‌و عەمرە راپۆرتێكی ورد بەرزبكاتەوە لەبارەی هەر حیزب‌و لایەنێك كە فشار بكات لەپێناو بەدەستهێنانی كورسی زیاتردا، ئەمەش بۆ رێگریكردن لەوەی بابەتەكە ببێت بە دۆسیەیەكی نوێی ململانێ‌و پشك پشكێنە".
ئاماژەی بەوەكرد" ململانێكە لەتاریكیدا لەنێوان كوتلە سیاسییە گەورەو بچوكەكاندا بەڕێوەدەچێت لەپێناو بەدەستهێنانی ژمارەیەكی زیاتری ئەو كورسییانەی حەج كە بۆ عێراق دابینكراون، ئەمەش دوای بەرزكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی عێراق بۆ ئاستێكی بێ پێشینە كە 50 هەزار كورسییە، پێشنیازێك هەیە هەر پەرلەمانتارێك 15 كورسی حەجی پێبدرێت، هەندێك تر دەڵێن دەبێت دابەشكردنەكە دور بێت لە قەبارەی كوتلە پەرلەمانییەكە".
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، زیاتر لە 100 پەرلەمانتار هەن كە تائێستا ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ حەج.

30 هەزار كورسی بۆ بەرپرسان
ساڵانە دابەشكردنی كورسییەكانی حەج ساڵانە جێگیرە، سەرۆكایەتی كۆمار‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و پەرلەمان هەریەكەیان پشكی خۆیان هەیە، پاشان نوسینگەی وەزیرەكان‌و بریكارەكانیان، پشكی دەستە سەربەخۆكان تا دەگاتە نوسینگەی مەرجەعە ئاینییەكان‌و وەقفی سوننی‌و وەقفی شیعە‌و بە پشكی كوتلە‌و حزبە سیاسییەكان‌و نوسینگەی پارێزگارەكان كۆتایی دێت، ئەمەش لە كۆتایدا دەفرۆشرێت یاخود وەكو خەڵات بە لایەنەكانی تر دەدرێت.
ساڵی رابردوو زیاتر لە (3 هەزار) كورسی حەج دراوە بە بەرپرس‌و سیاسەتمەداران، ئەمە سەرباری ئەو كورسییانەی كە سعودیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە سیاسەتمەدار‌و بەرپرسانی عێراقی دەدات.
هێزە سیاسییەكان پشكی جێگیریان دەوێت، ئەمەش بەگوێرەی قورساییان لە پەرلەمان، هەندێكی تریش دەڵێن مافی خۆیان پێنەدراوە‌و داوای "پشكی زیاتر" دەكەن، ئەمەش وەكو قەرەبووكردنەوەیەك بۆ ئەوكاتانەی كە "داعش" ناوچەكانی داگیركردوون‌و لە چوار ساڵی رابردوودا زۆرێكیان بێبەشبوون لەوەی گەشتی حەج بكەن.


"حەجی موجامەلە"
دوێنێ نوسینگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، سەرۆك كۆمار پێشوازی لە خالید عەتیە سەرۆكی دەستەی باڵای ححەج‌و عەمرە كردووە‌و لەگەڵیدا تاوتوێی ئامادەكارییەكانی كردووە بۆ وەرزی حەجی داهاتوو هەروەها هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی ژمارەی حاجیانی عێراقی‌و فەراهەمكردنی كەشوهەوای گونجاو بۆ ئەنجامدانی حەجەكەیان.
لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی عێراق، باڵیۆزخانەی سعودیەی تۆمەتباركرد بەوەی پشكێكی "موجامەلە"ی بۆ سیاسەتمەدارانی عێراقی تەرخانكردووە، ئەمەش هۆكاری دروستبوونی ئەو ناكۆكیەیە، هەندێك لایەن گومانیان هەیە ئەو كورسیانەی كە باڵیۆزخانە بە بەرپرسانی داوە، لەسەر پشكی عێراق بێت.
عەلی جەبار ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری وتووە" باڵیۆزخانەی سعودیە بەشێوەیەكی پێشوەختە حەجی موجامەلەی بۆ سیاسەتمەداران‌و كەسایەتییەكان دابینكردووە، هەندێك لە بەرپرسان‌و پەرلەمانتاران سەدان كورسی حەجیان دەستكەوتووە".

"بازرگانی بە حەجەوە"
بەپێی قسەی بەرپرس‌و چالاكوانان ئێستا نرخی هەر كورسییەكی حەج (3 هەزارو 500) دۆلاری تێپەراندووە بەزمانی بازاڕ واتە (35 وەرەقە)، نوسینگەی حیزب‌و سیاسەتمەداران دەستیانكردووە بە كۆكردنەوەی ناوی ئەو كەسانەن كە دەیانەوێت كورسی حەج بكڕن، ئەمانەش زیاتر ئەو هاوڵاتیانەن كە ناویان لە تیروپشك دەرنەچووە‌و پەلەیانە ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن.
محەمەد خەیات یەكێكە لە بەڵێندەرەكانی گواستنەوەی حاجیان، بە رۆژنامەكەی وتووە:" لەرێگەی دەڵاڵەكانەوە مامەڵە لەگەڵ زۆرێك لە سیاسییەكان دەكەین، دوای ئەوەی بەشی خۆیان هەڵدەگرن، كورسی حەج دەفرۆشن".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand