Draw Media

حەشدی شەعبی لەژێر چەتری مەزهەبەوە بۆ ژێر چەتری دەوڵەت 

حەشدی شەعبی لەژێر چەتری مەزهەبەوە بۆ ژێر چەتری دەوڵەت 

2019-07-02 15:17:00


راپۆرت: نامیق رەسوڵ – فازڵ حەمەرەفعەت 
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبڕیارێك كۆتایی هێنا بە فۆرم‌و شێوازی كاركردنی ئێستای حەشدی شەعبی.
عەبدولمەهدی بڕیاریدا سەرجەم هێزەكانی حەشدی شەعبی ببنە بەشێكی جیانەكراوە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق‌و سەرجەمیان لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بن، فەرمانەكە لە (10) خاڵدا چارەنوسی هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و شێوازی كاركردنیان دیاریكردووە، كورتەی خاڵەكان ئەمانەن: 
•    تەواوی ئەو یاسایانەیان بەسەر هێزە چەكدارەكاندا جێبەجێدەكرێن، بەسەر حەشدی شەعبیشدا جێبەجێبكرێن.
•    ناوە جیاوازەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی كۆتاییان پێدەهێندرێت‌و دەگۆڕدێن بە ناوە سەربازییەكانی (یەكە، لیواو هتد..).
•    حەشدی شەعبی بەپێی بڕیارەكە چ وەكو پێكهاتەو چ وەكو فەرد هەموو پەیوەندییەك لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەدا دەپچڕێنێت كە پێشتر لەگەڵیدا بووە
•    ئەو یەكانەی حەشدی شەعبی كە نایانەوێت پەیوەندی بە هێزە چەكدارەكانەوە بكەن، دەتوانن ببن بە رێكخراوی سیاسی ملكەچ بۆ یاسای حزبەكان‌و یاساكانی تایبەت بە كاری سیاسی، ئەوكاتیش رێگەیان پێنادرێت چەكیان هەبێت، جگە لەو چەكانەی كە بۆ پاسەوانیكردنی بارەگای حزب بەكاردەهێنرێن
•    سەربازگە‌و شوێنی جێگیربوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی هاوشێوەی هێزە چەكدارەكانی تر دیاری دەكرێن
•    هەموو ئەو بارەگایانە دادەخرێن كە ناوی گروپێكی حەشدی شەعبییان لەسەر نوسراوە، چ لەناو شارەكان یان لە دەرەوەی شار
•    هەر گروپێك لە دەرەوەی خاڵەكانی ئەم بڕیارە بەشێوەی نهێنی یاخود ئاشكرا كاربكات، بە گروپێكی لەیاسادەرچوو ئەژماردەكرێت‌و بەپێی یاسا لێپرسینەوەی لێ دەكرێت
•    هەموو ئەو ئۆفێسە ئابوری‌و بارزگانە دادەخرێن كە لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەی نوێیەی كاركردنن
•    كۆتایی ئەم مانگە دواین وادەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە
•    لەكاتێكی تردا فەرمانی نوێ لەبارەی پەیكەری حەشدی شەعبی‌و پێكهاتەكانییەوە دەردەچێت
كاردانەوەكان
لەیەكەم كاردانەوەدا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند.
سەدر وتی:" بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك كە ڕەشەبا بە ئاسانی نەیخاتە جوڵە".
موقتەدا سەدر تەنها بە پاڵپشتییەكەی بۆ بڕیارەكەی عەبدولمەهدی رانەوەستا، هاوكات بڕیاریدا هێزەكانی "سەرایا سەلام"ی سەربە رەوتەكەی هەڵوەشێنێتەوە.
ئەبو یاسر یاریدەدەری موقتەدا سەدر بۆ كاروباری جیهادی، لەیەكەم كاردانەوەدا پابەندبوونی بە فەرمانەكەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی "سەرایا سەلام" راگەیاند.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی هێزەكانی عەسائبی ئەهلی حەق بەهەمان شێوەی موقتەدا سەدر پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەربڕی.
قەیس خەزعەلی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" دورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە كێشمەكێشی سیاسی‌و دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكانی، گرەنتییە بۆ پاراستنی هێزی حەشدی شەعبی..".
فراكسیۆنی بەدری سەربە هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران دەربڕی.
هادی عامری خۆی یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی هێزی حەشدی شەعبی، بەپێی قسەی فراكسیۆنەكەی، ئەو بڕیارانەی كە عادل عەدبولمەهدی سەرۆك وەزیران دوێنێ لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەریكردووە، روانگەی هادی عامری بووە بۆ ئەو هێزانە بەر لە دوو ساڵ.
هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانیش، كە نوێنەرایەتی بەشێكی گەورەی لایەنە سوننەكانی عێراق دەكات، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكەی عەبدولمەهدی راگەیاند.

دەبێت پێشمەرگەش بگرێتەوە
هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆكایەتی دەكات پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەكەی عەبدولمەهدی بەرامبەر حەشدی شەعبی دەربڕیو جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە ئەو بڕیارە هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە.
نەسر لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" هاوپەیمانی نەسر پشتیوانی خۆی بۆ فەرمانی دیوانی ژمارە 237ی تایبەت بە رێكخستنی دامەزراوەی حەشدی شەعبی رادەگەیەنێت‌و پشتیوانی لەهەر ئاراستەو هەنگاوێك دەكات كە هێز‌و سەروەریی دەوڵەت بەهێزتربكات".
نەسر لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیدا داوادەكات فەرمانكەی عەبدولمەهدی هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە‌و دەڵێت:" داوادەكەین فەرمان‌و رێنمایی بۆ رێكخستنی هێزی پێشمەرگە‌و هەموو هێزە سەربازی‌و نیمچە سەربازییەكانی تر دەربكرێت".

حەشدی شەعبی 
حەشدی شەعبی رۆژی 13ی حوەزیرانی 2014 بە فەتوایەكی عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دامەزرێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای عێراق لە موسڵ لەبەردەم هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" خۆی رانەگرت‌و تێكشكا.
لەدوای ئەو فتوایەی عەلی سیستیانیەوە نوری مالیكی لە رۆژی 18/6/2014 فەرمانی ژمارە 47 ی دەركرد تیایدا ( دەستەی حەشدی شەعبی ) راگەیاند، كە پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوەو پێكدێت لە ( ئیدارەی حەشدی شەعبی ، راهێنان، پڕچەككردن ، دابەشكردنیان بەسەر ئۆپەراسیۆنەكاندا)،  لە هەمان رۆژ نوری مالیكی بریاری ژمارە 48ی راگەیاند كە تایبەت بوو بە موچەو پاداشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی كە تیایدا هاتووە :.
1-    هەر خۆبەخشیكی حەشدی شەعبی مانگانە بڕی ( 500 هەزار ) دیناری بۆ خەرجدەكرێت.
2-    هەر خۆبەخشێك مانگانە بری ( 125 هەزار دینار)ی وەك پاداشتی خواردن بۆ خەرج دەكرێت. 
3-    هەر خۆبەشێك كە دەنێردرێت بۆ یەكێك لە بەرەكانی جەنگ بری ( 250 هەزار ) دیناری بۆ خەرج دەكرێت. 
لەدوای ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئیتر چەكدارانی حەشدی شەعبی لە كۆمەڵێك میلیشیای چەكداریەوە خرایە سەربە هێزە چەكدارەكانی عێراق و لە چوارچێوەی حكومەتی عێراقدا چەك و پارەیان بۆ خەرج دەكرێت.
تەنانەت لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2016ی عێراق بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ تەرخانكراوەكە بودجەی ساڵێكی حەشدی شەعبی (بەپڕچەككردنیەوە) بڕەكەی ( یەك تریلیۆن و 301 ملیار و 242 ملیۆن و 388 هەزار دینارە)  كە  ئەم بودجەیە بۆ حەشدی شەعبی بەردەوام زیادراو لە یاسای بودجەی 2019 كرا بە ( 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینار) و موچەی چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە ( 850 ) هەزارەوە زیادكرا بۆ ( یەك ملیۆن ) دینار.  


 
پێكهاتەو ژمارەی حەشدی شەعبی 
لەدوای بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە پێكهێنانی حەشدی شەعبی، وەكو دەستەیەكی سەربە ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەو فەرماندەی باڵای هێزەكانی حەشدی شەعبیە، فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیەو سامر تەمیمی یاریدەدەری سەرۆكی دەستەو ئەحمەد ئەسەدی وەتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی، 
لە دیاردرین رێكخراوەكانی كە چونەتە پاڵ حەشدی شەعبی و بەشێكی كاریگەری ئەو گروپەن، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر، عەمار حەكیم لە سەرایای عاشورا ، قەیس خەزعەلی لە عەسائیبی ئەهلی حەق، موقتەدا سەدر سەرایای سەلام، ئەحمەد سافی فیرقەی عەباسیەی قیتالی ، دەیانی تر.
ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە پێی  لە یاسای بودجەی عێراق بە 150 هەزار چەكدار بووە‌و زۆربەی گروپەكانی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەبن، جگە لە گروپی " بابلیون"ی مەسیحییەكان كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات، هەندێك گروپی تریش لە ناوچە سوننە نیشنەكان بەناونیشانی " حەشدی عەشایەر" دامەزرێندراون.
بەپێی ئامارە نارەسمییەكان لە حوزەیرانی 2014 حەشدی شەعبی لەدوای 2014ەو لە شەڕەكاندا 3 هەزار چەكداری حەشد كوژراون‌و 10 هەزاریشیان برینداربوون.

دیارترین گروپەكانی حەشدی شەعبی:
* رێكخراوی بەدر: ساڵی 1982 لەكاتی شەڕی عێراق- ئێراندا دامەزرێندراوە، هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، پێشتر باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بوو، ساڵی 2012 لەو ئەنجومەنە جیابوەوە.
* سەرایا سەلام:  باڵی سەربازی رەوتی سەدرە، ساڵی 2007 دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی دامەزرێندراوەو سەدر رابەرایەتی دەكات‌و ئامانجیان پاراستنی مەزارگە‌و شوێنە پیرۆزەكانی شیعەیە.
* كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق: ساڵی 2017 راگەیەندراوە، دوای چەند ساڵێك شەڕ دژی هێزەكانی ئەمریكا، سەركردایەتییەكی ئاشكرا‌و راگەیەندراوی نیە، هەمیشە لە بەیاننامەكانیدا وەلائی خۆی بۆ ئێران دووپاتدەكاتەوە، تۆمەتباردەكرێت بەوەی كە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت.
* عەسائیبی ئەهلی حەق: ساڵی 2007 دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، لەلایەن قەیس خەزعەلی‌و ئەكرەم كەعبییەوە دامەزرێندراوە، دواتر كەعبی جیابوەوەو خەزعەلی بووە فەرماندەی گشتیو چەندین جار دڵسۆزی خۆی و گروپەكەی بۆ عەلی خامنەیی دووپاتكردوەتەوە.
* حزبوڵا/ نوجەبا: ساڵی 2013 بە فەرماندەیی ئەكرەم كەعبی لە عەسائیب جیابوەتەوە.
* سەریای جیهاد‌و بینا: یەكێكە لە میلیشیاكانی سەربە  ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كە دوای جیابوونەوەی بەدر دامەزرێندراوەو ساڵی 2011 لە تێكەڵكردن سێ‌ گروپی حزبوڵای عێراق، كەتائیبی سەیدو شوهەدا، حزبی نەهزەی عێراق دامەزرێندراوە.
* سەرایای خوراسانی: گروپێكی چەكداری سەربە حزبی تەلیعەی ئیسلامییە بە سەرۆكایەتی عەلی یاسری، ساڵی 2013 بە دروشمی بەرگریكردن لە پیرۆزییەكان لە سوریا دامەزرێندراوە، فەرماندەی فیغیی گروپەكە حامد جەزائیرییە‌و عەلی خامنەیی بە مەرجەعی باڵای خۆی دادەنێت‌و سێ‌ لیوای راستەوخۆ سەربە ئێرانن‌و لیوایەكیش سەربە دەستەی حەشدی شەعبییە.
* كەتائیبی تەیاری رسالی:  عەلی شەحمانی سەرۆكایەتی دەكات، خۆی بە پەیڕەوكاری كازم حائیری مەرجەعی شیعە دادەنێت كە زۆر نزیكە لە عەلی خامنەییەوە.
* دەیان گروپی تر كە ئەمانەن:
كتائب سید الشهدا‌ء، أبو فضل العباس، كتائب الإمام علی، سرایا الجهاد، قوات العباس، سرایا علی الاكبر، جیش المختار، كتائب مالك الاشتر، كتائب جند الإمام، أنصار العقیدة، سرایا أنصار عاشورا‌ء، كتائب الشهید اڵاول، كتائب الشهید الصدر اڵاول، كتائب النخبە، لوا‌ء الشباب الرسالی، أنصار المرجعیە، أسد الله الغالب، فیلق الوعد الصادق، كتائب أنصار الحجە، كتائب قمر بنی هاشم، لوا‌ء قاصم الجبارین، لوا‌ء الإمام القائم، كتائب أئمە البقیع، حركە أنصار الله،  لوا‌ء المنتظر، كتائب ثائر الله، كتائب القصاص، كتائب أشبال الصدر، كتائب ثائر الحسین، كتائب الدما‌ء الزكیە، لوا‌ء ذو الفقار، كتائب مسلم بن عقیل، لوا‌ء أنصار المهدی، لوا‌ء المؤمل، كتائب العدالە، كتائب الفتح، سرایا الزهرا‌ء، حركە العراق الإسلامی، العتبە الحسینیە، لوا‌ء زینب، لوا‌ء الطف، كتائب الإمام الغالب، كتائب الإمام الحسین، كتائب القیام الحسینی، كتائب درع الولایە، كتائب القارعە، كتائب یدالله، كتائب بقیە الله، كتائب الشبیبە الإسلامیە، كتائب الطفل الرضيع، سرایا المختار الثقفي، سرایا لوا‌ء السجاد، كتائب وعدالله، كتائب جمعیە ال البیت، سرایا الدفاع الشعبی، كتائب الغوث اڵاعظم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand