Draw Media

لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ شێخ باز

لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ شێخ باز

2019-12-06 14:27:33


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رەنگە دواجار بازەكە لەسەر شانی (شێخ باز) بنیشێتەوە‌و ببێت بە دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان (یاخود وەزیری نەوت) لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەو وەزیر بێت ئیتر گۆڕان كێشەی لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا نامێنێت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە دەڵێ:" خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاست‌و توانایەدا هەبوایە" ئەمە لە وەسفەكەی ساڵی 2016ی فازل میرانی دەچێت بۆ ئاشتی هەورامی كە وتی:" وەزیری نەوتی ئێمە یەكێك لە هەرە وەزیرە زیرەكەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"، شێخ باز كێیە ؟ لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە.

دەركەوتنی شێخ باز لە كۆبونەوەی حكومەتدا
رۆژی 24ی مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وەفدەدا كۆبووەوە كە بەنوێنەرایەتی هەرێم لەبارەی نەوت‌و بودجەوە لەگەڵ بەغداد گفتوگۆیان دەكرد.
لەم كۆبونەوەیەدا كەسێكی غەریب بینرا، ئەو كەسە (شێخ باز) سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار گروپ) بوو.
بەشداربوونی شێخ باز لە كۆبونەوەكەی سەرۆكی حكومەت‌و وەفدی هەرێم، هەرزوو بوو بە هەواڵی میدیاكانی ناوخۆ، زیاتر لە پێنج مانگە كابینەی نوێی حكومەت پێكهاتووە، بەڵام هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكراوەتەوە، لەناو وەفدی دانوستانكاری هەرێمدا شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتاڵ بوو، بۆیە دەركەوتنی شێخ باز لە كۆبونەوەكەدا وا لێكدرایەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە شوێنی ئاشتی هەورامی وەردەگرێت.

چارەنوسی وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامی
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ساڵی 2005 دروستكرا، لەدوای دروستبونییەوە تاوەكو ئێستا تەنیا یەك پیاو ئەم وەزارەتەی بەڕێوەبردووە، ئەویش (ئاشتی هەورامی) بووە. 
چارەنوسی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نویەمدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات نادیارە، بینای تایبەتی وەزارەتەكە لەناو شاری هەولێر ئێستا بووە بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانی‌و جێگرەكانی دەوامی تێدا دەكەن، ئاشتی هەورامی كە لە 13 ساڵی رابردوودا ئیدارەی ئەم وەزارەتەی دەدا، بۆ یەكەمجار لە كابینەی نوێدا لەسەر دەستی مەسرور بارزانی دورخرایەوە‌و ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە.
لە سەرەتای دروستكردنی كابینەی نۆیەمەوە دۆسیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ مەسرور بارزانی بابەتێكی گەرم بووە، سەرەتا هەندێك لە بەرپرسانی خۆرئاوایی پێشنیازیان بۆ بەرپرسانی هەرێم دەكرد ئەو وەزارەتە هەڵوەشێندرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغداد رێككەوێت‌و بەغداد زۆر چاوی لەسەر نەوتی هەرێم نەمێنێت، دواتر پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوشێوەی عێراق بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت، پێدەچێت ئەمەی دواتر دواجار ببێت بە بڕیار، واتە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، چەند مانگێك بەر لە دروستكردنی كابینەكەی دەستیكردووە بە گەڕان بەدوای كەسێكدا بۆ دانانی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەو گەڕانەدا سەرەنجی چووەتە سەر ژمارەیەك ناو، یەكێك لەوانە مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكی بووە لە دهۆك، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنەوە كاندیدكردنی بۆ پۆستەكە رەتكردوەتەوە، چەند ناوێكی تر پێشنیازكراون، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی بڕیاری كۆتایی نەداوە، ئەو بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە تواناكانی لە ئاستی ئاشتی هەورامیدا بێت‌و لە دۆسیەكە تێبگات.
رەنگە دواجار بازەكە لەسەر شانی (شێخ باز) بنیشێتەوە‌و ببێت بە دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان (یاخود وەزیری نەوت) لە مێژووی هەرێمدا.

شێخ باز كێیە ؟
حەزی لە دەركەوتنی زۆر نییە لە میدیاكاندا، كەمترین گفتوگۆی هەیە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا، بۆیە سەرباری ئەوەی سەرمایەدارێكی گەورەیە، خەڵك زۆر شت لەبارەی ئەوەوە نازانن.
ئەو ناوی (باز كەریم بەرزنجی)یە، پەنجا ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە‌و خەڵكی شاری هەولێرە، ساڵی 1999 بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی دروستكردووەو لە بواری بیناسازی‌و نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكاندا كاریكردووە، ماوەیەكیش كاری بۆ ئاژانسی فریاگوزاری سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، هەندێك سەرچاوەی تر مێژووی دروستبوونی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵی 1992 دەگێڕنەوە.
روخانی رژێمی سەددام حسێن لە ساڵی 2003دا دەرفەتی ئەوە بۆ شێخ باز دەڕەخسێنێت سەرمایەكەی گەورە بكات، ئەوەش لەڕێگەی كاركردنی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە بواری ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا، لە یەكێك لەو بەڵگەنامە نهێنیانەیانەی ئەمریكا كە سایتی (ویكلیلیكس) بڵاویكردنەوە، ناوی شێخ باز هاتبوو، ئەو لەگەڵ ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)‌و كاری كردووە، پشتی بە شەراكەت لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی توركی بەستووە لە بواری بیناسازیدا، دواتر رووی لە كەرتی نەوت كردووە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ یەكێك لە میدیا خۆرئاواییەكان، شێخ باز لەبارەی چیرۆكی كۆمپانیای كارەوە لە دەڵێ:" تاوەكو ساڵی 2003 بەتەواوەتی حكومەت خۆی كەرتی نەوتی بەڕێوەدەبرد، بەڵام دوای 2003 ستراتیژیەتێكی نوێ هاتوەتە ئاراوە، ئەوەش بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتە، لە كۆمپانیای كار گروپ دەستمانكرد بە كۆكردنەوەی تیم، بڕیارماندا بەشداری لە كەرتی نەوتدا بكەین، بەشداریمان لە كەمكردنەوەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا كرد، كەمكردنەوەكەمان بردەوە، بوین بە یەكەمین كۆمپانیای عێراقی كە گرێبەستی كێڵگەیەكی نەوت وەربگرێت، كە ئەوەش گرێبەستی كێڵگەی خورمەڵە بوو لە ساڵی 2004دا".
واتە وەكو خۆی دانی پێدادەنێت شێخ باز لە ساڵی 2004وە لە كەرتی نەوتدا دەستی بەكاركردن كردووە، بەڵام هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن، كاركردنی شێخ باز لە كەرتی نەوت بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، ئەوكات ئەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە بەغداد ژیاون، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی (31ی ئابی 1996) شێخ باز بووە بە نێوەندگیر لەنێوان حكومەتی عێراق‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەو زەمەنەدا كە فرۆشتنی نەوت لە عێراق قەدەغەكرابوو، شێخ باز نەوتی هەندێك كێڵگەی عێراقی بەتانكەر گواستەوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و لە ئیبراهیم خەلیلەوە رەوانەی توركیای كردووە.
كۆمپانیای (كار گروپ) كە شێخ باز سەرۆكایەتی دەكات ئێستا جڵەوی ئەو بۆرییانەی بەدەستەوەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەن، رێژەی 40%ی خاوەندارێتی بۆرییەكان بۆ كار گروپ دەگەڕێتەوە‌و (60%)ی بۆرییەكانیش كۆمپانیای رۆسنەفتی روسی خاوەندارێتی دەكات، راكێشانی ئەو بۆرییە دەستی شێخ بازی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا بە تەواوەتی درێژكرد.
سەرباری ئەمە، كۆمپانیاكەی شێخ باز كێڵگەی خورمەڵەی بەدەستەوەیە كە رۆژانە (170 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم گرێبەستە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا كراوە، بەردەوام لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە گومانی گەندەڵی لەسەر دادەنرێت‌و داوای راگرتنی دەكرێت.
ساڵی 2014 چەكدارانی داعش لە سنوری كەركوك بڵاوبونەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لەبەردەم "داعش"دا توشی داڕمان هاتن‌و لە سنورەكە كشانەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی كرد‌و كۆنترۆڵی سنورەكەی گرتەدەست، ئەمە دەرفەتێكی زێڕێنی بە كۆمپانیاكەی شێخ باز بەخشی، كۆمپانیای كارگروپ لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان چووە كەركوك‌و دەستیگرت بەسەر هەردوو كێڵگەی نەوتی (هاڤانا)‌و (بای حەسەن)، هەر لەو سەردەمەدا بۆری نەوتی كەركوكی بەستەوە بەو بۆرییەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا هەناردە دەكرد، ئەوكات لەڕێگەی بۆرییەكەوە رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك لە هەرێمەوە رەوانەی توركیا دەكرا‌و دەفرۆشرا.
لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەری 2017) كە هێزی پێشمەرگە لە كەركوك كشایەوە‌و هێزە عێراقییەكان گەڕانەوە، كۆمپانیای كار كۆنترۆڵی كیڵگەكانی (هاڤا)‌و (بای حەسەن) لەدەست دەرچوو، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی دەستی كۆمپانیاكەی لە نەوتی كەركوك نەبڕی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای كاردا ئێستا:
•    رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت، كار نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێورێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵ‌و ناوچەكانی دەوروبەری، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك، كۆمپانیاكە نزیكەی (10 دۆلار) وەردەگرێت، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە.
•    رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە "سۆمۆ"یە، بەڵام كرێی گواستنەوە ئەم نەوتە (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار.
شێخ باز پێشتر لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرا، بەڵام ئێستا چانسی گەورەی پێدراوە كە قسەی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا هەبێت، هەندێك لە كەسە نزیكەكانی دەڵێن" شێخ باز پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق هەیە".
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێمی كوردستان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لە وەسفی شێخ بازدا دەڵێ:" بوونی شێخ باز لە دانوستانەكاندا زۆر بەسود بوو، وەكو كەسێكی هونەری بۆ وەفدەكە زۆر زۆر هاوكاربوو ، خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاست‌و توانایەدا هەبوایە".
ئەمە لەكاتێكدایە لە كابینەی پێشوودا بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی زۆری لەسەر كارەكانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان هەبوو.
شێخ باز دەرچووی كۆلیژی تەكنیكییە‌و هیچ بڕوانامەیەكی تایبەتی لەبواری نەوتدا نییە، بەڵام ئاشتی هەورامی هەم بڕوانامەی باڵاو هەمیش ئەزمونی كاری زۆری لە بوارەكەدا هەبوو.
ئەوكات كە گۆڕان رەخنەی لە ئاشتی هەورامی دەگرت، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا وتی:" وەزیری نەوتی ئێمە یەكێك لە هەرە وەزیرە زیرەكەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
ئەگەر شێخ باز پۆستی وەزیری نەوتی هەرێم وەرگرێت، پێناچێت چیتر لەبارەی نەوتەوە هیچ كێشەیەك لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا بمێنێت، گۆڕان لەڕێگەی وەزیری داراییەوە بەر لە دەستبەكاربوونی پشتیوانی خۆی بۆ شێخ باز راگەیاند.
ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن، دەڵێن شێخ باز كەسێكی بەخشندەیە‌و لەو سامانەی كە كۆیكردوەتەوە خێری زۆر دەكات‌و هاوكاری هەژاران دەكات، پێشتر وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی ناوی دەهێنرا، بەڵام نزیكبونەوەی لە مەسرور بارزانی گومانی زیاتری دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسرور بارزانی ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دورخستەوە بۆ ئەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە كەرتی نەوت دەربهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand