Draw Media

بە نوێنەرایەتی یەكێتی رۆیشت‌و وەكو پارتییەك دەگەڕێتەوە

بە نوێنەرایەتی یەكێتی رۆیشت‌و وەكو پارتییەك دەگەڕێتەوە

2019-12-08 13:16:57


(درەو میدیا):
ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق ئەو پیاوەی وەكو كاندیدی یەكێتی پۆستەكەی وەرگرت‌و ئێستا لە پارتییەوە نزیكە، دواجار خانەنشین كرا‌و دیارنییە كێ شوێنەكەی پڕدەكاتەوە
نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق ئیمزای لەسەر نوسراوێك كرد بۆ خانەنشینكردنی ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی‌و 58 ئەفسەری تر.
بەپێی نوسراوەكە، ئەنوەر حەمەئەمین‌و ئەفسەرەكانی تر بەهۆكاری تەمەنەوە خانەنشین كراون.

ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟
لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووە‌و لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە.
ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووە‌و ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..".
ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە.
ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق.
پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە.
دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد.
فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە‌و بەمدواییە كە پارتی‌و یەكێتی كێشەیان لەسەر كاندیدی پارێزگاری نوێی كەركوك هەبوو، ناوی خرایە ناو ناوانەوە، بەڵام دواجار كاندیدنەكرا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand