Draw Media

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان چی رووده‌دات ؟

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان چی رووده‌دات ؟

2019-12-09 20:27:26


راپۆرت: سەرتیپ وەیسی كەریم

به‌ر له‌وه‌ی رێواز فایه‌ق ببێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له‌( ڤاڵا فه‌رید و هێمن هه‌ورامی) خه‌رجییه‌كی زۆریان كردووه‌،  په‌رله‌مان به‌هۆی دانانی ناوماڵ بۆ ژماره‌یه‌ك خانووی په‌رله‌مانتاران( كه‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردانی تێدا كراوه‌) له‌ ئێستادا قه‌رزه‌كانی په‌رله‌مان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ دوو ملیار دینار.
ئێستا په‌رله‌مان قه‌رزاره‌وه‌ حكومه‌تیش ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و قه‌رزهه بداته‌وه‌، ناچاریش سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت به‌ چ یاساو رێنمایه‌ك ئه‌و كاره‌ ده‌كات به‌هۆی فشاری بازار، هه‌ستاوه‌ خانویه‌كی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی له‌ گوندی ئیتاڵی یه‌ك فرۆشتووه‌ به‌ بڕی 80 ده‌فته‌ر دۆلار.
له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی ساڵێكدا به‌ هه‌ده‌ردانی زۆر كراوه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی داواكاری په‌رله‌مانیان له‌باره‌ی خه‌رجكردنی پاره‌ ره‌تكردبێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی هه‌بووه‌، كارێكی باشه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ نه‌بێـت، كه‌واته‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌ی په‌رله‌مان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌ و ده‌بێت بۆ خه‌رجكردنی هه‌ر پاره‌یه‌ك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی، به‌مه‌ش به‌ ته‌واوی په‌رله‌مان ملكه‌چی حكومه‌ت ده‌بێت، ئه‌ركه‌كانی خۆیان وه‌كو پێویست به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ چاودێكردنی حكومه‌ت هه‌یه‌ ناتوانن جێبه‌جێبكه‌ن.
له‌ هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئێستا قاسه‌ی به‌تاڵه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هێمن هه‌ورامی ژووره‌كه‌ی خۆی نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ و خۆشتره‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئێستا ریواز فایه‌قیش هه‌ستاوه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ ژوورێكی دیكه‌ داده‌نیشێت.
به‌شێك له‌و به‌هه‌ده‌ردانه‌ی په‌رله‌مان په‌یوه‌ندی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ خانووه‌كانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان خۆی به‌وشێوه‌یه‌ به‌ هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵى ئه‌نجامبدات، كه‌سیش لێینه‌پێچێته‌وه‌، كه‌واته‌ چاكسازی خۆتان خۆش ! هه‌ركارێكی چاودێری په‌رله‌مانیش ده‌یكات له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت، ئه‌ویش به‌شێوازی رۆژنامه‌وانی نه‌ك په‌رله‌مانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand