Draw Media

پۆست لەپێناو خانەنشینيدا

پۆست لەپێناو خانەنشینيدا

2019-12-03 17:23:16


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
سیان لەو كەسانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدی كردوون، چەند مانگێكی تر تەمەنیان دەگاتە (64 ساڵ)‌و بەپێی یاسا دەبێت خانەنشین بكرێن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو كەسانە هێشتا لەو پۆستانەدا دەستبەكارنەبوون كە بۆی كاندیدكراون، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان یەكێكە لە بابەتە بنەڕەتییەكانی ناو پرۆژەی چاكسازی حكومەت، كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە، ئەمە بارگرانی لەسەر بودجە دروستكردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ بڵاودەكاتەوە. 

پلە باڵاكان‌و تەمەنی خانەنشینی 
بەپێی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی 2004ی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی پلەی وەزیفی باڵایان هەیە لە تەمەنی (65) ساڵیدا خانەنشین دەبن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەو پرۆژەیاسا "چاكسازی"یەی كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ پەسەندكردن، تەمەنی خانەنشینی هاوشێوەی عێراقی لێبكرێت‌و لە (65) ساڵەوە كەمبكرێتەوە بۆ (60) ساڵ.
بەگوێرەی یاساكە، جگە لە وەزیرو پەرلەمانتاران، هەندێك پۆستی تر هەن كە بە پلەی باڵا ئەژماردەكرێن، كە ئەمانەن: 
•    بریكاری وەزارەت
•    پارێزگار
•    راوێژكار
•    بەڕێوەبەری گشتی
•    شارەزا
•    سەرۆكی زانكۆكان‌و سەرۆكی هەیئەتی پەیمانگا هونەرییەكان‌و ئەندامانی هەیئەتی تەدریسی زانكۆو پەیمانگاكان، ئەوانەیان كە پلەی ئوستازیان هەیە
•    خاوەن پلە تایبەتەكان
•    سەرۆك‌و ئەندامانی كۆڕی زانیاری كورد

پۆستە پڕنەكراوەكان
كابینەی (نویەم)ی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ماوەی نزیكەی (پێنج مانگ)ە دەستبەكاربووە، پۆستە وزارییەكان هەموویان پڕكراونەتەوە، بەڵام سەرۆكی دەستەكانی سەربە حكومەت كە هەندێكیان پلەی وەزیریان هەیە هێشتا هەموویان بە كەسانی نوێ پڕنەكراونەتەوە، سەرۆكایەتی (سێ) دەستەكە، كە بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتووە، هێشتا پڕنەكراونەتەوە‌و پارتی تێبینی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكانی یەكێتی هەیە بۆ ئەو پۆستانە، سەرۆكایەتی هەندێك لە دەستەكانی تر وادەی یاساییان بەسەرچووە‌و هێشتا نوێ نەكراونەتەوە.
لەكاتێكدا هێشتا دەستەكانی حكومەت بەتەواوەتی پڕنەكراونەتەوە، حزبەكان ناوی كاندیدی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی (بریكاری وەزارەتەكان) پێشكەشی سەرۆكی حكومەت كردووە، قۆناغی داهاتووش پڕكردنەوەی پۆستەكانی (بەڕێوەبەری گشتی)و (راوێژكارەكان)ە دەستپێدەكات.

20 پۆستی تر
بەدیاریكراوی نازانرێت لە هەرێمی كوردستان چەند پۆستی بریكاری وەزارەت‌و راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی هەیە، (درەو میدیا) بۆ زانینی ژمارەی ئەو پۆستانەی كە تائێستا لە كابینەكەی مەسرور بارزانیدا پڕنەكراوەتەوە، پەیوەندی بە ژمارەیەك وەزیرو پەرلەمانتارەوە كرد، هیچیان بە دیاریكراوی ژمارەكانیان نەزانی.
كابینەی نۆیەمی حكومەت لە (21) وەزارەت پێكدێت، لەكۆی ئەم وەزارەتانەدا نزیكەی (20) بریكاری وەزیری فیعلی هەیە، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا دەیان پۆستی تر هەن كە پلەی (بریكار وەزیر)یان پێدراوە لەحاڵێكدا بە ئەركی بریكار وەزیر هەڵناسن‌و پێدانی ئەو نازناوە تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی پلە وەزیفییەكەیانە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە زۆرێك لە پەرلەمانتارو وەزیرو تەنانەت ئەوانەشی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری حزبەكان بوون بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، نازانن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی چەند پۆستی (بریكار وەزیر) هەیە. سەبارەت بە ژمارەی پۆستەكانی (راوێژكار)‌و (بەڕێوەبەری گشتی)، هەندێك زانیاری نافەرمی باسلەوە دەكەن زیاتر لە (400) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار هەیە.

بەشی دووەمی رێككەوتنەكە
سەرەتاكانی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی (چوار) كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی (بریكاری وەزارەت) لە كابینەی نویەم ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كرد، هەمان رۆژ پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی (8) كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان راگەیاند، ئەمە جێبەجێكردنی بەشی دووەمی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان حزبەكان سەبارەت بە دابەشكردنی كێكی دەسەڵات، بەڵام یەكێتی نیشتمانی هێشتا كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتەكان یەكلا نەكردوەتەوە.
پارتی‌و گۆڕان پێكەوە (12) پۆستی بریكاری وەزیریان بردووە‌و كاندیدەكانیان بریتین لەمانە:
كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكانی بریكاری وەزارەت
* كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا
* د. سەیوان عەلی- بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە
* مستەفا سەلیم- بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ
* چالاك موهەندیس- بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی
 
كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستەكانی بریكاری وەزارەت
* سەربەست لەزگین- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە
* رابەر سدیق- بریكاری وەزارەتی دارایی
* سالار عوسمان- بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری
* زاگرۆس فەتاح- بریكاری وەزارەتی پلاندانان
* بەرەڤان حەمدی- بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان
* د. محەممەد حەسەن- بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا
* زەكیە سەید ساڵح- بریكاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
* ئاگرین عەبدوڵا- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن

پۆست‌و خانەنشینی
حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ قسەی كرد بۆ (كوردستان تیڤی) سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و وتی:" لە عێراق ئەوەی تەمەنی بگاتە 60 ساڵ خانەنشین دەكرێت، بەڵام تائێستا ئەو یاسایە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت".
بەڕێوەبەری خانەنشینی هەرێمی كوردستان دەڵێ:" حكومەت داوایكردووە رای خۆمان دیاری بكەین لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی، ئێمەش پێمان راگەیاندوون ئەگەر یاسای ژمارە (9)ی عێراق جێبەجێ بكرێت، زۆر باشە شەفافی و دادگەری‌ دێنێتە دی". 
پرسی خانەنشینی‌و موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لە كابینەی (پێنجەم)ی حكومەتی هەرێمەوە باسی گەرمی میدیاكانە، ساڵ لەدوای ساڵ رەخنەكان لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان‌و چۆنیەتی خانەنشینبوونیان زیادی كردووە.
ساڵی 2018 لەژێر فشاری قەیرانی دارایی‌و پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەراندا، كابینەی هەشتەمی حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، ناچاربوو چاوێك بە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكاندا بخشێنێتەوە، ئەوەش لەوچوارچێوەی پرۆژەیاسای " چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق"، ئەم پرۆژەیاسایە لە پەرلەمان پەسەندكرا، دواتر بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە هەڵوەشێندرایەوە‌و رادەستی كابینەی نۆیەم كرا، ئێستا حكومەتی هەرێم دەیەوێت بە هەندێك دەستكاری كەمەوە پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكاتەوە بەمەبەستی پەسەندكردن.
دیارنییە پرسی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان چۆن چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوەی كە دیارە، كابینەكەی مەسرور بارزانیش دوای سێ ساڵی تر كە وادە یاساییەكەی كۆتایی دێت، ژمایەكی تر بۆ لیستی خانەنشینی پلە باڵاكان زیاتر دەكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەكۆی ئەو (چوار) كاندیدەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكار وەزیرەكان پێشكەشی كردووە، (سێ) كەسیان دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوون، تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون تەواو دەكەن، چونكە دوانیان لەدایكبووی ساڵی (1957)‌و یەكێكیان لەدایكبووی (1956)ە‌و دەبێت بە موچەی پلە باڵاكان خانەنشین بكرێن‌و بزوتنەوەی گۆڕان (سێ) كەسی تر كاندید بكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، كە ئەوانیش دواجار بە هەمان موچە خانەنشین دەبن.
خۆ ئەگەر یاساكەش لە پەرلەمانی كوردستان هەموار بكرێت‌و تەمەنی خانەنشینی بۆ (60) ساڵ كەمبكرێتەوە، ئەوا بەر لە دەستبەكاربوونیان ئەو كەسانەی كە لەناو كابینەكەدا لەدایكبووی ساڵی (1959)ن، دەبێت خانەنشین بكرێن، بەڵام یاسای خانەنشینی هەرێم دەرفەتێكی هێشتوەتەوە‌و رێگە دەدات لە حاڵەتی "ئەوپەڕی زەرورەتدا" لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی (3) ساڵ ئەو كەسانە لەسەر كارەكانیان بهێڵێتەوە‌و خانەنشینیان نەكات.

كورتەیەكی مێژوویی
لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم، بەپێی زانیارییەكان:
•    461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
•    هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە)
•    كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
•    163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
•    506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
•    44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand