Draw Media

كەناڵی مەیادین: سێ فڕۆكە باری چەك گەیشتووەتە هەولێر

كەناڵی مەیادین: سێ فڕۆكە باری چەك گەیشتووەتە هەولێر

2019-12-04 12:35:31


 (درەو میدیا):
كەناڵێكی لوبنانی دەڵێت" لەدوای سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی، ئیمارات سێ فڕۆكە باری چەكی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە".
كەناڵی مەیادین كەناڵێكی عەرەبییە‌و بارەگا سەرەكییەكەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، (سێ) فڕۆكە كە باری چەكیان هەڵگرتووە، گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر).
كەناڵەكە باسلەوەدەكات، ئەو سێ بارە چەكە، دوای سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ ئیماراتی عەرەبی، بەبێ ئاگاداری حكومەتی بەغداد لە ئیماراتەوە رەوانەی هەرێم كراون.
تەلەفزیۆنەكە دەڵێ:" بە ناردنی ئەو چەكانە ئیماراتی عەرەبی چووەتە ناو دۆزی كوردەوە لە عێراق، بەڵام دیارنییە ئەو چەكانە هەرێمی كوردستان بەكاریاندەهێنێت یاخود هێزەكانی سوریای دیموكرات (شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان)".
هەر لە هەواڵەكەیدا، كەناڵە عەرەبییەكە ئاماژەی بە سەردانێكی دوێنێی ئەحمەد زەهراوی كونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر كردووە بۆلای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە تێیدا هەردوولا باسیان لە دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق‌و ناوچەكە كردووە‌و ئیمارات ئامادەیی خۆی نیشانداوە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدات لە دۆسیەی ئاوارەكاندا.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی زانیارییەكانی ئەو كەناڵە عەرەبییە، (درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردسانەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand