یەكگرتوو لە بادینانەوە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی دەستپێكرد
2019-12-06 15:03:16
(درەو میدیا):
ئەمڕۆ 14 ساڵ تێپەڕی بەسەر پەلاماردانی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دەڤەری بادینان، كە بەهۆیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی و ژمارەیەكی كادری ئەو حزبە كوژران.
بەبۆنەی ئەو رۆژەوە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا نوسیویەتی" ئەمرۆ 6/12 ڕۆژی وەفای شەهیدانی بادینانە، وێڕای ناردنی درودو سڵاو ورەحمەت بۆ گیانی پاكیان و ڕێزو حورمەت بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان، باشترین وەفا بەردەوامی ودرێژە دانە بە خەبات و ڕێبازەكەیان، بۆیە گرێدانی كۆنفرانسی ڕێكخستنەكانی بادینان بۆ كۆنگرە لەم ڕۆژەدا بەڵگەی وەفایە".
ساڵی 2005 دووەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای روخانی رژێمی بەعس بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی و زۆربەی لایەنەكانی دیكە بەیەكەوە بە لیستێكی هاوبەش بەشداریانكرد، بەڵام یەكگرتوو بڕیاریدا بەتەنیا و لەدەرەوەی پۆلەكەی یەكێتی و پارتی بفڕێت، ئەمە ئەو حزبەی خستە بەردەم زنجیرەیەك هێرش و هەڕەشە لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد، هەڕەشەكان لە بادینان گەیشتنە ئاستی پەلاماردانی بارەگاكانی یەكگرتوو بەو روداوانەدا ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوو كوژران و چەندین بارەگایان لەو دەڤەرە سوتێنرا.
لەسەر ئەم روداوە ماوەیەك پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەگكرتووی ئیسلامی كوردستان ساردی تێكەوت، بەڵام دواتر لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی كۆمەڵایەتیدا كێشەكە چارەسەكراو پەیوەندییەكان ئاساییكرانەوە، پارتی زیانەكانی تەواوی بارەگاكانی یەكگرتوی بژاردو قەرەبووی كەسوكاری كوژراوەكانیشی كردەوە، لەوكاتەوە تا ئێستا یەكگرتوو و پارتی پەیوەندییەكانیان ئاساییەو هیچ ئاڵۆزیەكی ئەوو تۆی تێنەكەوتووە.
یادكردنەوەی كوژراوانی بادینان لە ئێستادا لەلایەن ئەمینداری گشتی یەكگرتووەوە لە كاتێكدایە یەكگرتوو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بڕیاریداوە وەكو هێزێكی ئۆپزۆسیۆن كاربكات، سەرباری ئۆپۆزسیۆن بوونی بەڵام لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای دهۆكدا لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا ژمارەیەكی پۆستی ئیداری سنورەكەی بەدەستەوەیە.
یەكگرتوو تاكە حزبی هەرێمی كوردستانە كە تاڕادەیەك خۆی لە دابەشبوونە سیاسیەكەی نێوان زۆنی سەوز و زەرد پاراستووەو پارێزگاری لە پێگەی جەماوەری خۆی لە سنوری بادینان كردووە كە بە سنوری قەدەغەكراوی كاری سیاسی ناودەبرێت، بەڵام دابەشبوونی زۆنەكان لە هەرێمی كوردستان بێكاریگەری نەبووەو زۆرجار بڕیارە سیاسیەكانی یەكگرتووی لەبارەی روداوە هەنوكەییەكانەوە لاواز كردووە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئێستا سەرقاڵی كۆنفرانسە ناوخۆییەكانیەتی و ئامادەكاری دەكات بۆ سازدانی كۆنگرە، تا ئێستا یەكگرتوو (7) كۆنگرەی كردووە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ گۆنگرەی هەشتەم، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت پڕكێشمەكێش بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی لە دوایین هەڵبژاردندا بەسەر ئەو حزبەدا هات.
خاڵی سەركەوتنو گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1994وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە.
لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكیو بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات.