Draw Media

فوئاد حسێن كۆبوونەوەكەی شێواند "بومەلەرزە روو دەدات"

فوئاد حسێن كۆبوونەوەكەی شێواند "بومەلەرزە روو دەدات"

2025-07-08 18:34:59




درەو: 
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا تەوەری كۆتایی تەرخانكرا بۆ قسەكردن لەسەر رەشنوسی وەرەقە ئامادەكراوەكەی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و موچە، لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران باسی لە كێشەكە كرد و وتی هەرێمی كوردستان پابەند نیەو دەبێت پابەند بێت.
دواتر د. فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران قسەی كردووەو وتوویەتی: پێویستە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت خۆ ئەگەر چارەسەر نەكرێت بومەلەرزەیەكی سیاسی گەورە روو دەدات و زیانی دەبێت بۆ عێراق،ئەم گوزارشتەی فوئاد حسێن خراپ كەوتەوە لە كۆبوونەوەكە، محەمەد شیاع سودانی توڕە دەبێت و دەڵێت: هەڕەشەمان لێدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیران؟ چی دەكەن بیكەن چی روو دەدات با رووبدات، بابزانین ئەو بومەلەرزەیە چیە بڕۆن چیتان هەیە بیكەن.
پاشان هەریەك لە خالید شوانی وەزیری دادی عێراق و د. هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عێراق و بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق قسەیان لەسەر بابەتەكە كردووەو داوای ئەوەیان كردووە هەرچۆنێك بێت با موچەیەك بۆ موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت كە (67) رۆژە مویەان وەرنەگرتووە، سودانی وتوویەتی ئەم كێشەیە دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت من چەندین جار لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم موچەمان ناردووە، بۆیە ئەمجارە تا هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندی یاسای بودجەو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەبێت، موچە نانێرم، دواتر خالید شوانی وەزیری دادى پێشنیازی ئەوەی كردووە لیژنە درووست بكەن سودانی رازی بووەو لیژنەیەكی پێنج كەسی درووستكرا و بڕیارە لە ماوەی 48 كاتژمێردا راپۆرتی كۆتایی ئامادەبكەن و بیخەنە بەردەم سەرۆك وەزیران و دواتر كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ بكرێت.
لیژنەكە لەم كەسانە پێكدێت: 
🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان (سەرۆكی لیژنە)
🔹خالید شوانی- وەزیری داد
🔹ساڵح مەهدی حەسناوی- وەزیری تەندروستی
🔹بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوە
🔹نەعیم عەبودی- خوێندنی باڵا 

هەرچەندە لیژنەكە لەسەر بنەمای پێكهاتەیی و سیاسی پێكهاتووە:
🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان (سەرۆكی لیژنە) لە پێكهاتەی سونەیەو سەرۆكی لیستە لە كەركوك 
🔹خالید شوانی- وەزیری داد  لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە 
🔹ساڵح مەهدی حەسناوی- وەزیری تەندروستی، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالكیە 
🔹بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوە، لە پارتی دیموكراتی كوردستانە 
🔹نەعیم عەبودی- خوێندنی باڵا لە عەسایبی ئەهلی هەقی قەیس خەز عەلییە 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand