مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لەسەر چوار تەوەر گفتوگۆ دەكەن

2025-07-09 12:12:20
(درەو):
وەفدی ئیدارەی خۆسەر لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سوریا لەسەر چوار تەوەر گفتوگۆ دەكات، یەكێكیان شێوەی دەوڵەتی نوێی سوریایە، لەپاڵ پرسی پەیوەندی ئایندەی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەت.
هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی یەكەم بانگەوازی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجالان لە گرتوخانەی ئیمراڵی توركیاوە، وەفدێكی ئیدارەی خۆسەری باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گەیشتە دیمەشق.
وەفدەكە لەلایەن (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و هەریەكە لە خاتوو (ئیلهامم ئەحمەد) سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەرو هەریەكە لە (فەوزە یوسف)و (عەبد حامید هەمباش) هاوسەرۆكەكانی وەفدی دانوستانكاری ئیدارەی خۆسەر.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرەنسا، دانوستانی ئەمجارەی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق لەسەر (4) تەوەری سەرەكییە؛ كە ئەمانەن:
- شێوەی دەوڵەتی نوێی سوریا
- پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەت
- دۆسیەی ئابوری
- دۆسیەی سەربازی
لە دیمەشق مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا كۆدەبێتەوە، (تۆم باراك) نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكاش بەشداری كۆبوونەوەكانیان دەكات.
پێشتر سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكرد، وەفدی ئیدارەی خۆسەر بە هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكی كە دوو هێلیكۆپتەری تر هاوڕێیەتی كردون، لە بنكەی (وەزیر)ی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە ریفی حەسەكەوە بەرەو دیمەشق بەڕیكەوتوون.
سەردانی وەفدی ئیدارەی خۆسەر بۆ دیمەشق دوای دوو رۆژ دێت وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) رایگەیاند، بڕی 130 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی 2026 بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی تر دابینكردووە بەمەبەستی روبەڕووبونەوەی "داعش".
سەرچاوەكان لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە)وە باسلەوە دەكات، لە دیمەشق مەزڵوم عەبدی و (تۆم باراك) لەبارەی دۆسیەی روبەڕوبوونەوەی "داعش"و چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، گفتوگۆ دەكەن.
سەرچاوەكان دەڵێن پێدەچێت نوێنەرەكەی ئەمریكا هەریەكە لە عەبدو شەرع هان بدات بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەی پێشووی نێوانیان ئەپدەیت بكەنەوە یاخود رێككەوتنێكی نوێ بكەن.
مەزڵوم عەبدی و تۆم باراك لەبارەی چەند پرسێكی تری وەكو، بەردەوامیدان بە هاوكاری نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزەكانی سوریای دیموكرات گفتوگۆ دەكەن.
رۆژی 10ی ئازاری ئەمساڵ، مەزڵوم عەبدی رێككەوتنێكی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئیمزا كرد، لە بڕگەی یەكەمی رێككەوتنەكەدا هاتووە كە گەرەنتی مافی هەموو هاوڵاتیانی سوریا دەكرێت لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیاندا لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت؛ لەسەر بنەمای لێهاتووییان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی ئاینیی یان رەگەزییان.
لە بڕگەی دووەمی رێككەوتنەكەشدا باس لەوە كراوە كە كۆمەڵگای كورد كۆمەڵگایەكی رەسەنە لەناو دەوڵەتی سوریادا، دەوڵەتیش مافی هاوڵاتیبوون و سەرجەم مافەكانی تریان دەپارێزێت.
سێیەم بڕگەی رێككەوتنەكە باس لە ئاگربەست دەكات لەسەرتاسەری خاكی سوریا، لە بڕگەی چوارەمیشدا ئاماژە بە یەكخستنی سەرجەم دەزگا مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا دەكات لەناو ئیدارەی نوێی سوریادا، لەناویشیاندا دەروازە سنورییەكان و فرۆكەخانەو كێڵگەكانی نەوت و غاز.
هەر لەم رێككەوتنەدا پرسی گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سوریا بۆ وڵاتەكەیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە خراوەتەڕوو، ئەمە لەپاڵ روبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەدو رەتكردنەوەی هەر بانگەوازێك بۆ دابەشكردنی سوریاو گوتاری رق و كینەو هەوڵی بڵاوكردنەوەی فیتنە.
رێككەوتنی عەبدی- شەرع، باسی لەدروستكردنی لیژنەیەك كردبوو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە تا كۆتایی ئەمساڵ، ئەم لیژنە دروستكراوەو چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە، بەڵام تائێستا رێككەوتنەكە بەتەواوەتیی جێبەجێ نەكراوە.
