دەقی رەشنوسەكەی عێراق لەبارەی نەوت و موچە
.png)
2025-07-08 18:59:07
درەو:
• رەشنوسی حكومەتی عێراق، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و چارەسەركردنی پرسی داهات و مووچەی فەرمانبەران
یەكەم رادەستكردنی نەوت
أ-قۆناغی یەكەم:
1-رادەستكردنی نەوت: دەستبەجێ دەستكردن بە رادەستكردنی تەواوی ئەو بڕەی ئێستا بەرهەمدەهێنرێت لە هەرێم، لەگەڵ هەر زیادەیەك لە ئایندەدا، بە مەبەستی هەناردەكردن و رەوانەكردنی داهاتەكەی بۆ خەزێنەی فیدراڵی، جگە لەو بڕەی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە.
بەواتای رادەستكردنی دەستبەجێی (236) هەزار بەرمیلی رۆژانە، (رونكردنەوە بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە، 46 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ لێدەردەكرێت).
2-بەكارهێنانی ناوخۆی نەوت: بەكارهێنانی ناوخۆ لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هەرێم دەبێت لەم قۆناغەدا ( ئیدارەو دابەشكردن و پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان، لەبری گواستنەوەو بەرهەمهێنان).
ب-قۆناغی دووەم (دەستبەجێ دەستپێدەكات هاوشانی قۆناغی یەكەم و بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت):
حسابكردنی بڕی بەكارهێنانی پێویست بۆ ناوخۆ، كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، شیكاری بڕی پێویستی هاوڵاتیانی هەرێم دەكات لەبەرهەمە نەوتیەكان.
دووەم: رادەستكردنی داهاتە نانەوتیەكان، كە لە بڕی (200) ملیار دیناری مانگانە كەمتر نەبێت (كە بەپێی تەرازوى پێداچونەوە داهاتە ناوتیەكان ساڵانە دەگاتە (4,7) ترلیۆن دینار).
سێیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی تەوتیكردنی مووچەی هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگا فیدراڵی، كە وادەكەی (90) رۆژ تێپەڕنەكات، دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەش تەنها مووچەی ئەوانە دەدرێت كە تەوتین كراون.
چوارەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی یاسایی و هونەری هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی زیادەڕۆیی پشكی هەرێم لەبودجە لەسەربنەمای خەرجی فیعلی، ئامادەكردنی دیراسیەكی یاسایی و پێشكەشەكردنی بە ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی دوو هەفتەدا.
پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستدەكات بە ناردنی مووچەی هەرێم، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (یەكەم/قۆناغی یەكەم،دووەم سێیەم چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە، دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
