رێژەی ٧٠٫٣٪ی خەڵکی عێراق موبایل بەکاردەهێنن
2020-07-22 21:30:48
(درەو):
بەپێی ئامارێک کە دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بڵاویکردوەتەوە لەبارەی روپێوی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بۆ تاک و خێزان لە ساڵی ٢٠١٩دا لە عێراق:
🔹 ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە عێراق ئامێری موبایل بەکاردەهێنن و تەمەنیان لە (٥ ساڵ) بەرەو سەرەوەیە، بۆ (٧٠٫٣٪) بەرزبوەتەوە.
🔹 رێژەی ئەوانەی موبایل بەکاردەهێنن لەناو رەگەزی نێرینەدا زیاترە لە مێینە، لەناو رەگەزی نێرینەدا رێژەکەدا (٧٨٫٠٪)، لەناو مێینەشدا رێژەکە (٦٢٫٢٪)ە.
🔹 ژمارەی ئەوانەی کە ئامێری موبایل بەکار ناهێنن گەیشتوەتە (٢٩٫٧٪).
🔹 بەپێی روپێوییەکە، لەڕووی بەکارهێنانی ئامێری موبایلەوە پارێزگای بەغدادی پایتەخت لە ریزبەندی یەکەمدایە بەرێژەی (٧٩٫٣٪) لەدوای ئەویش پارێزگای بەسرە دێت بە رێژەی (٧٩٫٢٪) پاشان پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا، پارێزگای زیقار لە بەکارهێنانی موبایلدا کەمترین ئاستی تۆمارکردووە کە (٥٦٫٩٪)ە، ئەمە (پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە)
🔹 روپێوییەکە دەریخستووە ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە (٥ ساڵ) بەرەو سەرەوەیەو ئامێری "موبایلی زیرەک" بەکاردەهێنن (٨٠٫٧٪)، لێرەشدا ژمارەی بەکارهێنەران لە رەگەزی نێرینە زیاتر لە مێینە.
🔹 رێژەی ئەوانەی کە ئامێری موبایلی ئاسایی واتە ئەو موبایلانە بەکاردەهێنن کە زیرەک نین (٢٢٫٨٪)ە، لێرەدا رێژەی مێینە لە نێرینە زیاترە.
🔸 رێژەی بەکارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە عێراق:
🔹 بەگوێرەی روپێوییەکە، لەم سێ مانگەی دوایدا رێژەی ئەوانەی هێڵی ئینتەرنێت لە عێراق بەکاردەهێنن هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.
🔹 رێژەی ئەوانەی تەمەنیان لە (٥ ساڵ) بەرەو سەرەوەیەو هێڵی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن گەیشتوەتە (٤٤٫٣٪)، لێرەدا رێژەی بەکارهێنەران لە رەگەزی نێرینە زیاترە کە (٥٣٫١٪)ەو رێژەی بەکارهێنەرانی رەگەزی مێینە (٣٥٫٠٪)ە.
🔹 لەرووی جوگرافییەوە زۆرترین رێژەی بەکارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە پارێزگای بەغدادی پایتەختە (٦٤٫٤٪)، پاشان پارێزگای بەسرە لە پلەی دووەمدا دێت (٦٤٫٠٪)، کەمترین رێژەی بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت لە پارێزگای ئەنبارە کە (٢٧٫٦٪)ە.
🔸 بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوچە شارنشین و گوندنشینەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا:
🔹 بەپێی روپێوییەکە ژمارەی ئەو خێزانانەی لە عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هێڵی پەیوەندی موبایلییان پێکەیشتووە گەیشتوەتە (٩٩٫٢٪).
🔹 رێژەی ئەو خێزانانەی لە ناوچە شارنشینەکاندا هێڵی موبایلیان پێگەیشتووە گەیشتوەتە (٩٩٫٤٪)ە، لە ناوچە گوندنشینەکانیشدا رێژەی (٩٨٫٧٪)ە.
🔹 ژمارەی ئەو خێزانانەی کە هێڵی تەلەفۆنی لاسلکی (زەمینی جێگیر)یان بۆ دابین کراوە (٠٫٠٪)ە، بەڵام ژمارەی هێڵی تەلەفۆنی جێگیری گەیشتووەتە (٠٫٧٪) لەناو هەموو خێزانەکاندا.
🔸 هێڵی (ئاسیاسێڵ) یەکەمە
🔹 بەپێی روپێوییەکە، بەپێی ناوی کۆمپانیا، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە موبایل بەکاردەهێنن زۆرینەیان هێڵی (ئاسیاسێڵ) بەکاردەهێنن کە رێژەکەی گەیشتوەتە (٦٥٫٤٪)، پاشان کۆمپانیای (زین) دێت بەرێژەی (٥٩٫٧٪)، لە پلەی سێیەمدا کۆمپانیای (کۆڕەک) دێت بەرێژەی (١٥٫٩٪)، کومپانیای ئەمنی (النخیل) لە پلەی چوارەمدایە بەرێژەی (٠٫٦٪).
🔸 ژمارەی ئەو خێزانانەی لە ماڵەوە هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە بەرزبوەتەوە
🔹 بەپێی روپێوییەکە، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە عێراق لە ماڵەوە هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە گەیشتووەتە (٦٤٫٥٪).
🔹 ژمارە ئەو خێزانانەی هێڵی ئینتەرنێتی لاسلکی (جێگیر) لە ماڵەکانیاندا بەکاردەهێنن گەیشتوەتە (٠٫١٪)، ژمارەی ئەو خێزانانەشی کە هێڵی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکان لە ڕێگەی موبایلەکانیانەوە بەکاردەهێنن گەیشتوەتە (٢١٫٧٪).
🔹 روپێوییەکە دەریخستووە هۆکاری ئەوەی خێزانەکان هێڵی ئینتەرنێتی ماڵەوە بەکارناهێنن دەگەڕێتەوە بۆ گرانی نرخ.