Draw Media

مامی دالیا: كچەمەمان لە هەرێمی كوردستانەوە رفێندراوە بۆ توركیا

مامی دالیا: كچەمەمان لە هەرێمی كوردستانەوە رفێندراوە بۆ توركیا

2020-07-20 16:07:22


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف

موسلیم موسلیم برازاى ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) مامی دالیا مەحمود موسلیم كە ئێستا كەیسەكەی بۆتە بابەتی گەرمی شەقامی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (درەو) دەڵێ: دالیای برازام لە باشوری كوردستانەوە رفێندراوە بۆ توركیا، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لیژنەی لێكۆڵینەوە دروستبكات، دالیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووە بۆ باشوری كوردستان. 

لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنە دەقی تۆمارە تەلەفۆنیەكە دانراوە 


دەقی گفتوگۆكە:
درەو:
دەمانەوێت لەبارەی دالیای برازاتەوە پرسیارت لێ بكەین، چۆن هاتوەتە هەرێمی كوردستان، ئایا رادەستی توركیا كراوە یان خۆی چوەتە توركیا ؟
موسلیم موسلیم: منیش زۆر خۆشحاڵم، ئەو لەڕێگەی تەنزیمی یەپەژەوە بۆ چارەسەری تەندروستی چووە عێراق (باشور)، كە رۆیشت دوای هەفتەیەك تەلەفۆنی بۆ ئێمە كردو وتی من لە عێراقم، ئەو ژمارەیەی كە تەلەفۆنی بۆ ئێمە كرد ناسراو نەبوو، دواینجار كە تەلەفۆنی بۆ كردین وتی دەمەوێت بگەڕێمەوە، دوای ئەوە لەڕێگەی میدیاكانەوە ئاگاداربوون لەوەی لای توركەكانە، ئێمە نازانین بەچ شێوازێك چوەتە توركیا، نێوان باشورو مێرسین هەزار كیلۆمەترە، سەرباری ئەوە لەنێوان عێراق‌و توركیا سوپا‌و لەشكر هەیە.
درەو: نەخۆشییەكەی دالیا چی بوو ؟
موسلیم موسلیم: ئەو هات تەندورستی خۆی چارەسەر بكات.
درەو: چ نەخۆشییەك ؟
موسلیم موسلیم: لەشەڕی داعشدا لە عەفرین گولەی بەركەوتبوو.
درەو: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند دالیا خۆشەویستەكەی لە توركیا بووە‌و خۆی بە قاچاخ چوەتە توركیا ؟
موسلیم موسلیم: ئێمە ئەو قسەیە رەتدەكەینەوە، چونكە ئێمە نازانین، ئەو بۆ چارەسەر چوەتە عێراق، ئەو زانیارییەی كە حكومەتی هەرێم دەیڵێت ئێمە نازانین‌و دەبێت پرسیاری لەوان بكرێت.
درەو: ساڵح موسلیم دەڵێ دالیا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رادەستی توركیا كراوەتەوە ئێوە چی دەڵێن لەوبارەیەوە ؟
موسلیم موسلیم: ئێمە ناڵێن پارتی رادەستی كردوەتەوە، ئێمە قسەی وا ناكەین، دەڵێین لە عێراق چارەسەر بكرێت، بەرپرسیارێتی حكومەت‌و ئاسایشی هەرێمە، هەر كەسێك لەوێ بڕفێندرێت بەرپرسیارێتی هەرێمە، دالیا پێشتر نەچوەتە توركیا‌و توركیا نازانێت، لەنێوان باشورو مێرسیندا هەزار كیلۆمەترە بە چ شێوەیەك رۆیشتووە‌و رفێندراوە ئێمە نازانین، ئێمە دەمانەوێت لیژنەیەك دروستبكرێت‌و برایانمان لە باشور لەسەر ئەو بابەتە لێكۆڵینەوە بكەن.
درەو: ئێوە نازانن لە هەولێر لە چ نەخۆشخانەیەك بووە ؟
موسلیم موسلیم: ئێمە نازانین، چونكە ئەو لەوێ بە ژمارەیەكی عێراق تەلەفۆنی دەكردو دەیوت من لە عێراقم‌و چارەسەری خۆم دەكەم‌و كە باشبومەوە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ.
درەو: واتە ناوی نەخۆشخانەكەتان نەزانی ؟
موسلیم موسلیم: نەخێر باسی نەكرد.
درەو: چ پەیامێكت بۆ خەڵك هەیە لە كوردستان ؟
موسلیم موسلیم: زۆر خۆشحاڵین بە هاوسۆزی ئێوە، سڵاومان بۆ هەموو گەلی باشور هەیە، ئێمە هیچ هێزێكی باشور تاوانبار ناكەین، تەنیا دەمانەوێت بزانین كچەكەی ئێمە چۆن رفێندراوە.
درەو: واتا ئێوە پێتانوایە رفێندراوە ؟
موسلیم موسلیم: بەڵێ لە باشور رفێندراوە.
درەو: بەرپرسیارێتی هەرێمی كوردستان لەم دۆسیەیەدا چییە ؟
موسلیم موسلیم: بەرپرسیارێتییەكەی ئەوەیە لێكۆڵینەوە بكات، رونی بكاتەوە چۆن چوەتەدەرەوە، چونكە سنور داخراوە‌و مێشێك ناتوانێت دەرباز ببێت.
درەو: واتا ئێوە چاوەڕێی لێكۆڵینەوە دەكەن ؟
موسلیم موسلیم: بەڵێ.
درەو: ئەمە هەڵوێستی هەموو خانەوادەكەی دالیایە ؟
موسلیم موسلیم: بەڵێ، داوادەكەین هاریكار بن‌و چ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و چ حكومەتی هەرێم هەوڵبدەن‌و كچەكەمان بگەڕێننەوە.
درەو: توركیا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دالیا كردووە؟
موسلیم موسلیم: نازانین.
درەو: دالیا هاوسەرگیری كردبوو ؟
موسلیم موسلیم: نەخێر.
درەو: تەمەنی چەند بوو ؟
موسلیم موسلیم: تەمەنی 22 ساڵ بوو.
درەو: خێزانی دالیا لە كۆێ دائەنیشن ؟
موسلیم موسلیم: دایك‌و باوكی لە گوندێكی كۆبانی دادەنیشن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand