Draw Media

لە مانگی هەشتەوە بەغداد 300 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

لە مانگی هەشتەوە بەغداد 300 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

2020-07-23 12:08:33


درەو:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی تەلەفۆنەوە بڕیاریداوە مانگانە (300) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و رایگەیاندووە: نەوتی خۆتان بۆخۆتان و 50%ی داهاتی دەروازە سنوریەكانمان بۆ بنێرن.
سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندی تەلەفۆنی چڕ لە نێوان هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بە نێوەندگیری بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عێراق، داوایان لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران عێراق كردووە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لەو قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە، مستەفا كازمی بەڵێنی داوە لە مانگی ئابەوە مانگانە بڕی ( 300) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی داوایان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كردووە، كە هەوڵێ رێككەوتنی نێوانیان بدات و لانی كەم بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، چونكە ئەوان بە بێ هیچ مەرجێك پشتیوانی مستەفا كازمیان كردووە، لە ئێستاشدا دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لەوپەڕی خراپیدایەو هەرێم توانای پێدانی موچەی موچەخۆرانی نیە، هەربۆیە مستەفا كازمی سەرەتا بەڵێنی ناردنی (250 ملیار) دیناری داوە بۆ هەرێم و دواتر مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی بەرهەم ساڵحەوە داوایان لە مستەفا كازمی كردووە، ئەو بڕە پارەیەیان بۆ زیاد بكات و ئەویش مستەفا كازمی رازی كردوە ئەو بڕە پارەیە لە (250 ملیار) دینارەوە زیاد بكات بۆ ( 300) ملیار دینار، بۆ ماوەی تەنها ( پێنج) مانگ لە ( 1/8 بۆ 31/12/2020) بەو مەرجەی:
-    هەرێمی كوردستان مانگانە (50%) داهاتی خاڵە سنورییەكانی رادەستی بەغداد بكات. 
-    چاودێری دارایی عێراق چاودێری و سەرپەرشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان و دامەزراوە فیدراڵیەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بكات.
بڕیارەكەی مستەفا كازمی كە تەنها بۆ ماوەی پێنج مانگەو تا كۆتایی ساڵی 2020 و ئامادەكردنی رەشنوسی بودجەی 2021، روبەرووی دوو ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەڵام بەڵێنی داوە خۆی چارەسەریان بكات ئەوانیش:
یەكەم: كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوریەكانی پارێزگاكانی عێراق و سەندنەوەی لە دەستی حەشدی شەعبی، بە بیانووی زیادكردنی داهات بەڵام ئەو پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، كە ئەمەش ناڕەزایی شەقامی شیعی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دووەم: لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە ناڕازی دەبن لەو بڕیارە، چونكە كازمی ناتوانێت بە بێ رێككەوتن و رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكات  بەڵام مستەفا كازمی بڕیاریداوە لە بودجەی بەكاربردن ( تەشغیلی) ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكات. 
پێشتر  قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی هەرێم هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ئاگاداركردبوەوە كە لەگەڵ بەغداد رێككەوتوون، بەڵام ئەو رێككەوتنەكەی ئیمزا نەكرد، ئێستا چۆتە دەرەوەی هەرێم و چاوەڕەوان ناكرێت تا دوای جەژن بگەڕێتەوەو فریای گەیشتی 300 ملیار دینارەكەی كازمی نەكەوێت كە ئارەزووی دەكرد بە فڕۆكەیەك لەگەڵ خۆی لە بەغدادەوە بیهێنێت، مستەفا كازمی بە بەرپرسانی هەرێمی رایگەیاندووە، پێویست بە هاتوچۆو هاتنی وەفدی هەرێم ناكات، بۆ بەغداد، ئاماژەی بەوەكردووە ئەو دۆكیۆمێنت و فایلانەی تا ئێستا وەفدی هەرێم هێناویانە بۆ بەغداد،  جگە لە ژمارەیەكی ناروون و ناپێویست هیچی دیكە نەبووەو هیچ كاریگەریەكی لەسەر لێكنزیك بوونەوەی نێوان هەرێم و بەغداد نەبووە. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ ناردنی پارەكەی بەغداد كە رەنگە بگاتە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو توانای دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی نابێت، بە گەیشتنی پارەكەی بەغداد كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی لێدێت:
•    پارەكەی بەغداد (300 ملیار) دینار
•    داهاتی ناوخۆ (90 ملیار) دینار
•    تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار
•    پارەی داهاتی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی (165 ملیار) دینار
•    كۆی گشتی ( 576) ملیار دینار

كۆی موچەی موچەخۆران مانگانە (894) ملیار دینارە، واتا حكومەت تەنها بۆ موچە ( 318 ملیار) دینار كۆرتهێنانی دەبێت، بەرێژەی ( 36%) ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی دوو مانگ لێكبدات ئەوا دەتوانێت رێژەی كورتهێنان لە (36%) ەوە كەمبكاتەوە بۆ (21%) كە مانگی پێشوو لە موچەی موچەخۆرانی بڕی بوو. 
بەڵام بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازی چوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو دەیانەوێت بە كەمكردنەوەی موچە پلە باڵاكان و دەستكاریكردنی دەرماڵەی موچەخۆران كورتهێنانی موچە چارەسەر بكەن.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand