یەكێتیو پارتی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆ پێكدەهێنن
2020-07-27 14:20:32
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
نێچیرڤان بارزانی ئەمجارەش ئاوێكی كرد بە ئاگرەكەدا.. پارتیو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێنن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوانیان، دوای جەژنی قوربان لیژنەكە كۆدەبنەوە، شەفافیەتی دۆسیەی نەوت یەكێكە لە بابەتە كێشە لەسەرەكان، نێچیرڤان بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە یەكێتی لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە ئاگاداری دۆسیەی نەوتە.
كۆبونەوە لە دەرەنگانێكی شەودا
دوێنێ شەو تاوەكو دەرنگانێك لە ئۆفێسی نێچیرڤان بارزانی لە پیرمام، كۆبونەوەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی بەڕێوەچوو.
دوای چەند رۆژێك مشتومڕو هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت، بە دەستپێشخەرییەكی نێچیرڤان بارزانی بۆ لاهور شێخ جەنگی، بارودۆخەكان ئاسایی كرانەوەو پەرلەمانیش ئەمڕۆ كۆبونەوەی خۆی كرد.
كۆبونەوەكەی پیرمام
دوێنێ شەو تاوەكو كاتژمێر (1:00)، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆبونەوەدا بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە هەردوو حزب دەست (درەو) كەوتوون، نێچیرڤان بارزانی بەتەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی قسەی كردووەو داوای لێكردووە پارتیو یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی نێچیرڤان بارزانی، یەكێتی بافڵ تاڵەبانی ناردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی.
یەكەمین وێستگەی كۆبونەوەكانی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پارتی، لە ئۆفێسی نێچیرڤان بارزانی بوو لە پیرمام.
وەفدی یەكێتی لەو كۆبونەوەیەدا كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد بریتی بوون لە هەریەكە لە (شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی سەركردایەتیو بەرپرسی گشتی دەزگا ئاسایشی گشتی هەرێم)، وەفدی پارتیش كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد پێكهاتبوون لە هەریەكە لە (هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب بەشداربووە لە كۆبونەوەكە هەروەها مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیو دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی).
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی گلەیی یەكێتی لەبارەی ئەم بابەتانەوە خستوەتەڕوو:
• پرسی لامەركەزی ئیدارییو دارایی
• پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوتو دارایدا
• پرسی شەراكەتی راستەقینەی یەكێتی لە دەسەڵاتدا
• پرسی دەسەڵاتی وەزیرو پەرلەمان
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەبەرامبەر ئەم گلەییانەی بافڵ تاڵەبانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوتدا وتویەتی:" قوباد تاڵەبانی ماوەی دوو خولە جێگری سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نەوتو غازبووەو ئاگاداری وردەكاری دۆسیەی نەوتەو دەتوانن بانگی بكەن بۆ مەكتەبی سیاسیو لەوێ لێی بپرسن".
سەبارەت بە پرسی لامەركەزیەتی ئیداریو كارگێڕی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە:" لامەركەزیەت بەشێكە لە بەرنامەی حكومەتو یەكێتی دەتوانێت لەرێگەی وزیرەكانییەوە كار لەسەر ئەو بابەتە بكات".
سەبارەت لە پرسی بەشداری یەكێتی لە دەسەڵات، بافڵ تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی رێككەوتن لەسەر ئەوەی پارتیو یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەنو لەسەر وردەكاری ئەو بابەتانە گفتوگۆ بكەن.
لەبارەی لیژنە هاوبەشەكەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لیژنەی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی بریتین لەم كەسانە:
• هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی- سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری پارتی
• مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیو وتەبێژی فەرمی پارتی- ئەندامی لیژنەی دانوستانكار
• عەلی حسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی- ئەندامی لیژنە
لەلایەن یەكێتیشەوە لیژنەی دانوستانكار لەگەڵ پارتی پێكهاتوون لەم كەسانە:
• بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی- سەرۆكی لیژنە
• ئەندامانی تری لیژنە بۆردێك دەبێت لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیو تائێستا یەكلا نەكراوەتەوە
ئەم لیژنە هاوبەشەكەی پارتیو یەكێتی بڕیارە لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە دەست بە زنجیرەیەك كۆبونەوە بكەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزب.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پارتی هەریەكە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبو مەكتەبی سیاسی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە یەكێتیش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبو مەكتەبی سیاسی رەزامەندییان لەسەر دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆیان دەربڕیوە.
وێستگەی دووەمی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای پارتی، كۆبونەوە بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكی حكومەت لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بەناوی یەكێتییەوە وەكو لایەنێكی بەشدار پاڵپشتی بۆ حكومەت راگەیاندووە.
ئێستا دیمەنەكە بەوشێوەیە دەردەكەوێت، مەسرور بارزانیو لاهور شێخ جەنگی ناكۆكنو بافڵ تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانیش نێوەندگیری دەكەن.
یەكێتیو پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە.
یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتیو یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا.
یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتو رێككەوتنەكانی نینو لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییەو ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا.
یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانو (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەو سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشەو گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، ئێستا قوباد تاڵەبانی بەشدارە لە بڕیارەكانی حكومەت، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەتو بڕیاری بڕینی موچەی كرد، ئێستا كە پەیوەندییەكانی نێوانو پارتیو یەكێتی بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، قوباد تاڵەبانی بە گەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە.
پارتیو یەكێتی لەبارەی پرسی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ناكۆكن، یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەو پێی وایە فشاری نەبوونی موچە لەشەقام زیاتر لەسەر ئەو دەكەوێت، بەڵام پارتی پەلەی نییەو دەڵێ حكومەتی كازمی حكومەتێكی كاتییەو دوای ساڵێك دەڕوات، دەبێت رێككەوتنەكە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمانو حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە كە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییەو بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان.
تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتیو یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێتو لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت.
ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوتو پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە.
یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووەو موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت.
سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنو فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.