هیومان رایتس ووچ: توركیا هاوڵاتیانی مەدەنی كردۆتە ئامانج
2020-07-23 16:49:27
درەو:
هیومان ڕایتس ۆوچ راپۆرتێكی لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە: توركیا لە هێرشەكەی سەر سەیرانگای كونەماسی زیانی بە هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە، ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو هێرشانەی توركیا دژی یاساكانی جەنگن، لەو هێرشە سەربازیانەی توركیادا زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی كەوتوون و دەبێت توركیا لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە بكات و قەرەبوویان بكاتەوە.
دەقی راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ:
عێراق: هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا ڕەچاوی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی ناکات
دەبێت ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی کە زیانی بە هاووڵاتیانی مەدەنی گەیاندوە بکا و قەرەبوی قوربانیەکانی بکاتەوە
هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆسەر گروپێکی چەکداری ئێرانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ووریایی پێویستی تێدا ڕەچاونەکراوە لە پێناو بەرکەوتنی کەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی.
لە بەرواری ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، لە سەیرانگای كونە ماسی پەیام تاڵیب تاهیر قاچی چەپی بەهۆی هێرشە ئاسمانیەكەی توركیاوە لەدەستدا، هێرشە ئاسمانیەكەی ٢٥ی حوزەیران بووە هۆی كوشتنی ئەندامێكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستانی ئێران (پژاك)ی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان و برینداركردنی سیانی تر. هێرشەكە هەروەها بووە هۆی برینداركردنی شەش هاووڵاتی مەدەنی و گەیاندنی زیان بە سەیرانگای كونە ماسی لە قەزای شارباژێڕ.
بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، ''هێرشێكی ئاسمانی سوپای توركیا بۆسەر چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە سەیرانگایەك بووە هۆی بە سەختی برینداربوونی چەند هاووڵاتیەكی مەدەنی. دەكرا زیانی هێرشەكە بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی زۆر زیاتر بوایە. ڕاستە چەكدارەكان هەڵەبوون لەوەی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیان خستۆتە مەترسیەوە، بەڵام دەبوو توركیا هەموو ووریاییەكی كردارەكی بەكاربهێنایە لە بەركەوتنی كەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی.''
ماوەی چەندین دەیەیە هێزەكانی توركیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی پەكەكەو پژاك لە باكووری عێراق ئەنجام دەدەن. لە ١٥ی حوزەیران، وەزارەتی بەرگری توركیا ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگ و چنگی هەڵۆی ڕاگەیاند. لە ٢٥ی حوزەیران، وەزارەتی بەگری ڕایگەیاند كە هێرشی لە دژی لانی كەم لە ٨١ پێگە لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجام داوەو ووتی تا ١٤ی تەموز ٦٢ گەریلای پەكەكەی كوشتووە لە راپۆرتەكەدا بە''تیرۆریستی'' هاتووە. ئەمە جگەلەوەی لە هەمان كاتدا، سوپای ئێران تۆپبارانی هێزەكانی پژاكی لە سنورەكان كرد.
سالار محەمەد ساڵحی تەمەن ٤٥ ساڵ كە دانیشتووی گووندی كونە ماسیە ووتی، لە ٢٥ی حوزەیران كاتێك لە ناو دوكانی ئامۆزاكەی بوو بەناوی كەیوان كاوە ساڵح كە چەند مەترێك لە سەیرانگای ئاوی كونە ماسی دوورە، لە دەوروبەر كاتژمێر ٥:١٥ خولەكی دەمەو ئێوارە كاتێك خێزانی ئامۆزاكەی بەناوی پەیمان تالیب زاهیری تەمەن ٣٠ ساڵ و دوو منداڵە تەمەن شەش ساڵ و حەوت ساڵەكەی لە ناو دوكانەكەدا دەبن پیكابێكی سپی بە دووری ٢٠ مەتر لە دووكانەكە ڕادەوەستێ و چوار پیاو بە جل و بەرگی مەدەنیەوە لە پیكاپەكە دێنە دەرەوەو دەچنە ناو دوكانەكە. ساڵح ووتی یەكێك لە پیاوەكان ''هێلكەی كڕی و بە كەیوانی ووت كە هێلكەكانی بۆ بپێچێتەوە بە عەلاگە لەبەرەوەی ڕێگەكەی دوورە.'' ساڵح ووتی، بە شێوازی قسەكردنی و نیشاندانی ڕێز دیاربوو پیاوەكە خەڵكی ئێران بوو هەروەها تەنها ئێرانیش كە لە ناوچەكە هەبووبن چەكداری پژاك بوون. ساڵح ووتی، بە تێگەیشتنی ئەو پژاك بە دووری ٤٠ كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژئاوای كونە ماسی حەشارگەیان هەبووە، بەڵام ئەوە یەكەم جار بووە ئەندامی پژاكی لە ناو گوندەكە بینیوە.
ساڵح ووتی، كاتێك ئەو دوكانەكە جێدەهێڵێ، پیاوەكە هێشتا لە ناو دوكانەكەدا دەبێت. پاش چەند خولەكێك و لە كاتژمێر ٥:٣٢ خولەك دەبینێ پیكاپەكە بەر هێرشێك دەكەوێت و پاشان دوكانەكە بەر هێرشی دووەم دەكەوێت. دەزگایەكی میدیای ناوخۆی ڕایگەیاند كە هێرشەكە بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بووە، و لە نێوان دوكانەكە و ئوتومبێلەكە تەقیوەتەوە.
ساڵح ووتی، تەقینەوەكان و پارچەی تەقینەوەكان ئەو چەكدارەی هێلكەكانی كڕی دەكوژێت و سیانەكەی تریش بریندار دەكات. ئەو ووتی، سێ پارچەش بەر سكی ئامۆزاكەی كەیوانی تەمەن ٣٢ ساڵ دەكەوێت و پارچەیەك بەر قاچی چەپی پەیمانی خێزانی ئامۆزاكەی و پارچەیەكیش بەر سەری كوڕەكەیان دەكەوێت. ساڵح ووتیشی، پزیشكەكان دەترسن لەوەی دەرهێنانی پارچەكە زیانی زیاتری پێبگەیەنێ. ساڵح هەروەها ووتی، هێرشەكە دوو هاوڵاتی تریش لە شوێنەكەدا بریندار دەكات.
بەڕێوبەری ناحیەی كونەماسی شاهۆ عوسمان ووتی، هێرشەكە یەك چەكداری پژاكی كوشتوەو شەش هاووڵاتی بریندار كردووە. ساڵح ووتی، لەكاتی هێرشەكەدا نزیكەی ٤٠ هاووڵاتی مەدەنی لە ناو ئاوی سەیرانگەكەدا بوون. لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەردەكەوێ كە لانی كەم پارچەیەك دەكەوێتە ناو حەوزی ئاوی كونە ماسی لە تەنیشت خەڵكەكەوە.
هەرچەندە لە بینینی پاشماوەی ئەو بۆمبەی لە هێرشەكەدا بەكارهێنراوە بە ڕوونی دەرناكەوێ چ جۆرە بۆمبێك بەكارهێنراوە، بەڵام لە قەبارەی هێرشەكەو دەنگی تەقینەوەكەو پارچەكانی و زیانەكانی كە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێ لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچ پێداچونەوەی بۆ كراوە دەردەكەوێ كە بۆمبێكی گەورە لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە. سەنگەری پێشەوەی هێزە ئێرانیەكان لانی كەم لە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی كونە ماسی بووە لەناو ئێراندا و هیچ هێزێكی پیادەی توركیش لەو ناوچەیەدا بوونی نەبوە.
چەند ڕۆژێك دوای هێرشەكە، سەركونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێربە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند كە توركیا بەردوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی پارتی كرێكارانی كوردستان و باڵەكانی بێ ئەوی بە تایبەت ناووی پژاك بهێنێت.
دەردەكەوێ سوپای توركیا نە ووریایی لە هێرشەكەدا بەكارهێناوە لە پێناو بەركەوتنی كەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی و نە هەڵسەنگاندنی كردوە لەسەر ئەوەی ئایا زیانەكانی هێرشەكە بە هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەبێت لە ئامانجە سەربازیەكەی هێرشەكە یان نا، ئەوەش وادەكات هێرشەكە بچێتە خانەی هێرشی نایاسایی و زیاد لەقەبارە. هەروەها، چەكدارانی پژاك بە چوونیان بۆ ناوچەیەك كە خەڵكی تێدایە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیان خستۆتە مەترسیەوە.
هێرشەكەی كونە ماسی شەش ڕۆژ دوای هێرشێكی ئاسمانی تری توركیا بووە كە بووەتە هۆی كوشتنی سێ هاووڵاتی مەدەنی. مەهدی ڕێكانی تەمەن ٥٥ ساڵ ووتی لە ١٩ی حوزەیران كوڕەكەی بەناوی ئازاد مەهدی (تەمەن ٢٦ ساڵ) و دوو هاورێی تری بەناوی موخلیس ئادەم و دیمەن عومەری تەمەن ٢٨ ساڵ كە كاری هەرسێكیان كرێكاری دەبێ بەرەو گوندی شاجی سەربە ناحیەی شیلادزێ بەڕێدەكەون بۆ سەیران كردن. ڕێكانی كە بە تەلەفۆن لەگەڵ كوڕەكەی قسەی كردووە ووتی لە نێوان كاتژمێر ١٠ بۆ ١١.٣٠ی بەیانی ئازاد ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر جادەیەكی بچووكی دەرەوەی گووندێكی نزیك سیدا ڕادەگرێ و لەكاتێكدا بەپێ بەرەو ئۆتۆمبێلەكەیان دەچن، هێرشێكی ئاسمانی هەرسێكیان دەكوژێ.
براكەی موخلیس بە كەناڵێكی ناوخۆی دەڵێ كە بەنهێنی سیخوڕی لەسەر شوێنی هێرشەكە كردوەو لە نزیك شوێنەكە تەرمی دوو چەكداری پەكەكەشی بە دیكردوە، بەڵام ئەندامەكانی تری پەكەكە بەخێرایی دوو تەرمەكەیان لە شوێنەكە بردوەو دوورخستۆتەوە. ڕێكانی نەیزانی كە ئایا كوڕەكەیی و هاوڕێكانی قسەیان لەگەڵ ئەندامانی پەكەكە كردوە یان نا، بەڵام ووتی كە پەكەكە لە چیاكانی ئەو ناوچەیە بوونیان هەیە و چەكدارەكانیان بەردەوام هاتوونەتە خوارەوە بۆ سەر ڕێگا سەرەكیەكە بۆ وەستان و پرسیاركردن لەو كەسانەی بە ڕێگاكەدا تێپەڕبون.
دیندار زێباری، ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكیكاری نێودەوڵەتی، لە پەیامێكی ٦ی تەموزیدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كوژرانی ئەو سێ هاوولاتیە مەدەنیەی لەگەڵ سێ ئەندامی پەكەكە لە هێرشێكی ئاسمانیدا پشت ڕاست كردۆتەوە. ئەو ووتیشی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵگەنامەی دۆكیومێنتاری لەسەر بۆردومانی چڕوپڕی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەوە لەكاتی پێشڕەویەكانی سوپای توركیا لە ١٦ بۆ ٢٦ی حوزەیران كردوە. زێباری ووتی، هێرشەكانی توركیا لەو ماوەیەدا بووەتە هۆی كوشتنی لانی كەم لە پێنج هاوولاتی مەدەنی و بریندار بوونی دەیان كەسی ترو زیان گەیاندن بە موڵك و ماڵی هاووڵاتیان.
لە بەیاننامەیەكی ٢٦ی حوزەیرانیدا، وەزارەتی بەرگری توركیا نكۆڵی كرد لەوەی هیچ هاووڵاتیەكی مەدەنی كوژرابێ لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنە نوێیەكەیانەوە.
شایەنی باسە، هیومان ڕایتس ۆوچ پێشتر نیگەرانی سەبارەت بە كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەئەنجامی هێرشە ئاسمانیەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەربڕیوە.
یاساكانی جەنگ پێویستی دەكەن لەسەر لایەنەكانی شەڕو ململانێ كە ووریایی بەردەوام بەكاربهێنن لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە پێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و هەروەها ''هەموو ووریایی و هەنگاوێك بگرنەبەر'' لە پێناو ڕێگریكردن یان بەركەوتنی كەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوەی مەدەنی. لە نێو ئەم هەنگاوانەش ئەنجامدانی هەموو هەولێك لە پێناو دڵنیابون لەوەی كە ئامانجی هێرشەكان دامەزراوەی سەربازی بن نەك هاووڵاتیانی مەدەنی یان دامەزراوەی مەدەنی، لەگەڵ ''ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی'' هاووڵاتیان ئەگەر بارودۆخەكە ڕێگەیدا. یاساكانی جەنگ ڕێگری لە هێرشی ئەنقەست و زیاد لە قەبارەو هێرشی كوێرانە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی دەكەن.
دەبێت توركیا هەستێ بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەویەكی بێلایەن و شەفاف و چڕ لەسەر ئەوەی ئایا هێرشەكانیان پێشێلی یاساكانی جەنگیان كردوە یان نا. هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادار نیە لەوەی كە سوپای توركیا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامدابێ لەسەر ئەگەری پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ بۆ هێرشەكانی ڕابردووی. دەبێت بەرپرسانی توركیا هەستن بە قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی هەر هێرشێكی نایاساییان. هەروەها دەبێت بەرپرسانی عێراقی فشار لە توركیا بكەن لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەو قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی كەیسی هێرشی نایاسایی.
وویڵی ووتی، ''هێزەكانی توركیا نەزانی زۆریان نیشانداوە لە هێرشكردنە سەر گروپێكی چەكداری بچووك لەناوەڕاستی سەیرانگایەكی قەرەباڵخ. یاساكانی جەنگ ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەكەن كە تێیدا مەترسیە زانراوەكان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەبێت لە ئامانجە سەربازیە پێشبینی كراوەكەی هێرشەكە.'