حكومەت وەڵامی پەرلەمانی كوردستانی داوە
2020-07-21 16:44:50
(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی دایەوە، نایەوێت لەبارەی قەیرانی داراییو موچە قسەبكاتو تەنیا بابەتی (كۆرۆنا)و (ناوچە دابڕاوەكان) وەزیر دەنێرێتە بەردەم پەرلەمان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی وەڵامی داواكاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی داوەتەوە.
لە نوسراوێكدا حكومەت ئامادەیی دەربڕیوە:
• رۆژی 26ی ئەم مانگە دەربارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەم كەسانە بنێرێتە بەردەم پەرلەمان:
- رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
- شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە
- خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەنێوان هەرێمو بەغداد
- ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمانو دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
• رۆژی 27ی ئەم مانگە دەربارەی پلانی حكومەت بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید-19، ئەم كەسانە بنێریێتە بەردەم پەرلەمان:
- رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
- سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی
- ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاداشتی لیژنەكانی پەرلەمان كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاڕاستەی حكومەتی كردووە، داواكراوە حكومەت لەبارەی ئەم كەیسانەوە بێتە بەردەم پەرلەمانو وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بداتەوە:
• كەیسی گفتوگۆكانی حكومەت لەگەڵ بەغداد
• كەیسی هێرشەكانی توركیاو ئێران لەناو خاكی هەرێم
• كەیسی دەروازە سنورییەكانی هەرێم
• كەیسی قەیرانی داراییو موچە
• كەیسی قەرزەكانی حكومەت
بەپێی نوسراوەكەی حكومەت بێت، دەبێت رۆژی یەكشەممەو دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو فراكسیۆنی یەكێتی بەبڕیاری حزبەكەیان كۆبونەوەكانی پەرلەمانیان هەڵپەساردووە.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەبێ سەرۆكی پەرلەمان، پارتیو لایەنەكانی تر دەتوانن كۆبونەوەی پەرلەمان رێكبخەن ؟، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، بەبێ بەشداری سەرۆكی پەرلەمانیش، پەرلەمان دەتوانێت كۆبونەوەكە بكات، چونكە پێشترو بەر لە بڕیارەكەی یەكێتی بۆ هەڵپەساردنی كۆبونەوەی پەرلەمان، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان بە نوسراو، رۆژانی 26و 27و 28ی ئەم مانگەی دیاریكردووە بۆ بانگهێشتكردنی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان، واتە سەرۆكی پەرلەمان بەپێی بڕگەی (سێیەم) لەماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆ وادەی دانیشتنی دیاریكردووە.
ئەگەر كۆبونەوەی پەرلەمان لەوادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت، رەنگە یەكێتی بەتەنیا لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمڕۆ فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان راگەیاند، هەڵوێستی لایەنەكانی تری ناو پەرلەمان تائێستا ناڕوونە.