عەمید فەرەیدون داوای هاتنی هێزی كردووە
2020-07-26 14:59:18
(درەو):
هێزێكی لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی چونە ناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگاكەو (6) پۆلیسی هاتوچۆیان دەستگیركرد، ئەمە لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بوو بۆ كۆتایهێنان بە بایكۆتی دەوامی كارمەندان دژی نەبوونی موچە.
بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ كۆبونەوەو دژی كەمكردنەوەی موچەكانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
زۆرینەی ئەوانەی بەشداری ناڕەزایەتییەكەیان كرد لەو پۆلیسانەی هاتوچۆ بوون كە لە ترافیكەكانی ناو شار دەوام دەكەنو چەند رۆژێكە دژی دواكەوتنی موچە بایكۆتی دەوامیان كردووە.
عەقید ئەمین ساڵح بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، ئەو كارمەندانەی كە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، رێگرییان لە كارمەندانی تر كردووە بچنە سەركارەكانیان لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو بەوهۆیەوە كاروباری هاوڵاتیان راوەستاوە.
بەپێی قسەی عەقید ئەمین، دوای ئەوەی ناڕازییەكان رێگرییان لە كارمەندان كردووە بچنە سەركارەكانیان، عەمید فەرەیدون عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی پەیوەندی بە لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆوە كردووە هێز بینێرن بۆ شكاندنی رێگریكردن لە دەوام لە بەڕێوەبەرایەتییەكە.
عەقید ئەمین وتی: لەسەر داوای عەمید فەرەیدون بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی، لیوا چەتۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ دوای لە فەرماندەی لیوای (1)ی پاراستنی سلێمانییەوە كردووە هێز بنێرێتە شوێنەكە.
كارمەندە ناڕازییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی سەرەتا لەسەر جادەی دوڕیانی سلێمانی- تاسلوجە كۆبونەتەوە، دواترچونەتە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، لەوكاتەدا هێزەكەی لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی گەیشتەنە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، پێكهەڵپژان لەنێوان هەردوولا رویدا، هێزە ئەمنییەكە بڵاوەیان بە گردبونەوەكە كردووەو (6) پۆلیسی هاتوچۆیان دەستگیركرد، دوای چەند كاتژمێرێك هەموو دەستگیركراوەكان ئازادكران.
قسەی بەرپرسانی یەكێتی رۆیشتنی هێزەكە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لەسەر داوای عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بووە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.
(درەو) چەندجارێك پەیوەندی بە عەمید فەرەیدونەوە كرد، وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (ناس كورد) وتی:" هێزەكە بە نایاسایی نەهاتونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو كێشەیەك هەبووەو چارەسەركراوەو ئێستا بایكۆت شكێندراوەو هەموو كارمەندان گەڕاونەتەوە بۆسەر دەوامەكانیان".
لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی لەڕووی كارگێڕییەوە لەژێر فەرمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیدایە، (درەو) چەندجارێك پەیوەندی پارێزگاری سلێمانییەوە كرد، بەڵام پێی راگەیاندین سەرقاڵەو ناتوانێت ئێستا وەڵام بداتەوە.
دواكەوتنی دابەشكردنی موچەو لێبڕینی موچە كە سەرچاوەی سەرەكی ناڕەزایەتییەكەی كارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی بوو، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوەیە كە دوچاری حكومەت بووە، بڕیاری بڕینی رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی شوبات، بەكۆدەنگی هەرسێ لایەنی بەشداری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) دەرچوو.