عێراق و هەرێم لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی 25 ساڵی چین و ئێراندا
2020-07-27 17:58:14
راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی
وادەردەکەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری گەلیی چین، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاریی ڕێککەوتنێکی درێژمەودای (٢٥ساڵە)یین، کە تێیدا هاوکاری دوولایەنەی سیاسیی، سەربازی، ئابووریی، پیشەسازی، تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و زانیاریی لە خۆ دەگرێت، لە نێویشیدا درووستکردنی شاڕێی نێوان دوو وڵات و بەستنەوەی بە وڵاتانی ناوچەکەوە دەگرێتەوە.
ئەم ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەگەر ئیمزابکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە چەندین خاڵی هەستیاری ئاسایشیی، هەواڵگری، سیاسی و ئابووریی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بە عیراق و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستە، هەرێم و عیراق لە شاڕێی پێشنیارکراوی ناو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا پێگەی تایبەتیان پێدراوە.
- مێژوو، ناوەڕۆک و ئایندەی ڕەشنووسەکە:
ناوی ڕێککەوتنەکە، وەک لەو ڕەشنووسە دزەپێکراوەدا هاتووە، "بەرنامەی هاوکاریی گشتگیری ٢٥ساڵەی ئێران و چین"ە، لەلایەن "ئەمیندارێتی باڵای میکانیزمی هاوبەشی گشتگیری ستراتیژیی ئێران و چین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوا درافتی پێشکەشکراوە، تا ئێستا وێنەی فارسی ئەم ڕێککەوتنە وەک ڕەشنووسێک دیارە، گوایە لە هەردوولایەنەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمانەکانیان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، تا ئەوکاتەش هەر بە ڕەشنووسی دەمێنێتەوە.
کۆی ڕێککەوتنەکە ١٨ لاپەڕەیە: لە بەراییەک، نۆ (٩) بەند و سێ (٣) پاشکۆ پێکدێت، بوارەکانی ئامانجی سیاسیی دوو وڵات، ڕێگای بازرگانی، کردنەوەی ڕێڕەوی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، پێشخستنی بواری بازرگانی، ڕاکێشانی هێڵی ئاسن لە وڵاتانی ناوچەکەدا، پێشخستن و پەرەپێدان و گواستنەوەی وزەی وڵاتانی ناوچەکە، پەرەپێدانی سەربازی و ئەمنی هاوبەشی دوولایەنە لە ناوچەکە و وەبەرهێنانی چین لە پێنج بەندەر و دورگەی ئێرانیدا لە خۆ دەگرێت.
مێژووی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەرکۆماری چین بۆ ئێران(٢٠١٦)، وەک لە پێشەکی ڕێککەوتنەکدا دیارە، هەر لەو ساڵەدا تۆوی ڕێکەوتنەکە چێنراوە و ڕێککەوتنەکەش بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پرەنسیپە هاوبەشە بڕیارلێدراوەکانە کە لە بەندی شەشەمی بەیاننامەی "بەدیهێنانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان چین و ئێران" لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی چین لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٦ لە تاران بڵاوکرایەوە، ئاماژەی پێدراوە. (دەقی ڕێککەوتنەکە لە سایتی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی بخوێنەرەوە: https://www.centerfs.org/)
لە بەرایی ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرجەم بوارەکانی بازرگانی، ئابووریی، سیاسیی، کولتووری و ئاسایشیی و سەربازی دەگرێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ناواخنی ڕێککەوتنەکەدا ئالیەتی گشتی و ناوەندی و بەشەکی بۆ ئەو بوارانە خراوەتەڕوو.
گەرچی زۆر لایەنی ڕێککەوتنەکە و کاتی پەسەندکردنی یان ڕەتکردنەوەی ڕوون نییە و ئەگەری جێبەجێکردنیشی دیسان ڕوون نییە، تا ئێستاش تەنها چەند لایەن و بەرپرسێکی حکومی وەک وەزارەتی دەرەوە (زەریف) و یاریدەدەری سەرکۆمار(جەهانگیری) بە جۆرێک پشتیوان و عەڕابی ڕێککەتنەکەن، بەڵام لەنێو ئێران و ئسوڵگەراکانی وەک ئەحمەدی نەژاد و دەیانی دیکە لە بەرپرسان و هەندێک لە ئیسڵاحیەکانیش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نیگەران و ناڕازین. لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حکومەتی ئێرانیش وەک موجاهدین و شاهەنشاهیەکان ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بە "ئێرانفرۆشی" لەقەڵەم دەدەن و لە یەکەم باسکردنیەوە لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە، لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، چەندین کەمپەینی دژایەتی و ناڕەزایەتی بۆ سازکراوە، پێیان وایە ڕێککەوتنێکی نابەرامبەرە و ناتوانرێت وڵاتی چین پابەند بکرێت، بەڵام "تەنها سودێکی ئەوەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوخبەی سیاسیی دابڕاوی درێژ دەکاتەوە". بەڵام دواجار لە ڕووی یاساییەوە ئایندەی ڕێککەوتنەکە بە دوو لایەنەوە پەیوەستە:
یەکەم: کۆماری گەلیی چین، کە واپێناچێت سەرجەم بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەنداو و عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئێراندا بکاتە قوربانی ڕێککەوتنێکی ئێرانی-چینی، کە قەبارەی بازرگانییەکەی تەنها ٤٠٠ملیار دۆلارە.
بۆ ئەم مەبەستەش خراپ نییە ئەوە بیربهێنرێتەوە کە ئەگەرچی چین بە هاوپەیمانی ئێران دەزانرێت لانیکەم لە لایەنی ئێرانییەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەرجەم بڕگەکانی سزاکانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش تەبا لەگەڵ ئەمریکا و دژبە ئێران دەنگی داوە. جیا لەوەش لە ساڵانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێراندا، ئەگەرچی دابینکاری بڕێکی چەکی ئێران وڵاتی چین بوو، بەڵام گرێبەستەکانی ئەو سەردەمە دەریدەخەن هەر لەو ئانەدا چەند هێندەی بە عێراقی نەیاری فرۆشتووە.
زیاتر لەوەش چین چەندین ئەزموونی هەیە، لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە لە ساڵانی ١٩٩٧ و ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨،ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عیراقدا ئەنجامداوە، بەڵام دۆخێکی ستراتیژیی کردەیی لە ڕێککەتنەکانی بۆ هەردوو وڵات بەدینەهێناوە.
دووەم: ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران؛ کە دواجار بڕیاری سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ درێژمەودا، بڕیاردەی سەرەکی لای عەلی خامینەیی ڕێبەرە، گەر ئەو ڕەزامەند بێت بە دڵنییایی لە پەرلەمانێکی زۆرینە ئسوڵگەرای ئێراندا زۆر ئاسان تێدەپەڕێت بە بێگوێدانە ناڕەزایەتییە سیاسیی و جەماوەرییەکان.
ئێران، لێرەدا هەمان سیناریۆی عێراقی ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ دوبارە دەکاتەوە، کە عێراق وەک ئێستای ئێران ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی و گەمارۆی ئابووریی بووبوویەوە، بۆ ڕزگاربوون و ناچارکردنی ئەمریکا لە سووککردنی سزا و دانەبڕانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی(وەک ئێستای ئێران)، پەنای بردە بەر ڕێککەوتن لەگەڵ چیندا، بەڵام نەک فریای سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتە نەکەوت، بەڵکو پرۆسەی کەوتنی پاش پێنج ساڵ(٢٠٠٣) هاتەدی، بە بێئەوەی چین هەنگاوێکی کردەیی بۆ هێشتنەوە و دژایەتی ئەمریکا بهاوێژێت.
بۆیە چەندێک ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئارادا بێت هێندەش پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژارنەکانی ئەمریکا و گوشارە نوێکان و سازانی نوێی تاران و واشنتۆنەوە هەیە.
- بوارە هەستیارەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ عێراق و هەرێم:
لێرەدا لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەک بوارێکی زیندووی سیاسیی، سەربازی و ئابووریی بۆ ئێران، چ پێگەیەکیان دەبێت و یاخود چ کاریگەرییەکیان لە ناو ڕێککەوتنەکەدا دەبێت؟ پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە عێراق و هەرێمەوە چییە و لە چ بڕگەیەکدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئامانجەکە جوگرافیا، بازرگانی و پیشەسازی، سیاسەت و بواری سەربازیی عێراق و هەرێم دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە؟
گەر ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین سەرکەوتوو بێت، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان وەک هاوسێ و وەک بەشێک لە عێراقیش کاریگەری جێدەهێڵێت، چونکە عێراق و ئێران هاوسێیەتییەکی کاریگەر و کارتێکەرییان لەسەر یەک هەیە و بە هەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی سیاسی و ئابووریی ڕاستەوخۆ لەسەر یەک کاریگەر دەبن، ئیتر لە سیستمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی و دۆخە کۆمەڵایەتیی و مەزهەبیەکانیش. هێندە بەسە کە بزانرێت نزیکەی ١٤٥٨کم هێڵی مەرزیی هاوبەش هەیە درێژترین سنووری لەگەڵ عێراقدا هەیە لە چاو دراوسێکانی دیکەیدا، زۆرینەی هێڵی سنووری ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی عێراق پێکهێنەری ئەم سنوورە ستراتیژیی و سیاسییەیە لەنێو ئەم سنوورەدا کە هاوبەشێتی جوگرافی-سیاسی-بازرگانی ئێران-عێراق دەچەسپێنن چوار لە پارێزگا کوردستانییەکانی ئێران و چوار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەخۆ، لەڕووی کولتووری و مەزهەبیشەوە هاوبەشییان زۆرە و لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمیشەوە قوڵێیی ستراتیژی یەکتر پێکدەهێنن. لە ڕووی سیاسییشەوە لەپاش ٢٠٠٣ەوە ئیدی ئێران و عێراق زەمینەی سیاسەتکردنی یەکترن و ئێران وەک تەواوکارێکی قەڵەمڕەوییەکەی لە ڕۆژهەڵاتدا لە عێراق دەڕوانێت.
لێرەدا ئەو بەند و بڕگانە دەخرێنەڕوو و شرۆڤەدەکرێن کە پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێم و کۆی پاکێجی مەسەلەی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانییەوە هەیە.
لە کۆی ڕێککەتنەکەدا شەش(٦)جار ناوی عێراق هاتووە و لە نۆ(٩) بڕگەی دیکەشدا ناڕاستەوخۆ باسی “وڵاتی سێیەم” یان وڵاتانی ناوچەیی کراوە، کە بە دڵنیایی عێراق و هەرێمی کوردستان مەبەستێکیانە.
١. لەڕووی سیاسییەوە:
هەر لە بەندی یەکەمی ڕێککەتنەکەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردوو وڵات "ستراتیژی براوە-براوە" لە وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا پیادە دەکەن، وەک لە بڕگەی دوو-شدا هاوکاری سەربازیی، توانای بەرگری و یەکهەڵوێستی سیاسیی لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا ئاماژەی پێدراوە(بەندی١)، لە پاشکۆی ژمارە یەکیشدا(١) هەمان ئامانج دووبارە کراوەتەوە.
دیارە هاوهەڵوێستی سیاسیی و سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی عێراق و هەرێم دەبێت.
ڕێککەوتنەکە ڕاشکاوانەتر باس لە دژایەتیکردنی تیرۆر ڕێکخراوە دژبەرەکان دەکاتەوە، کە دیارە لە پێناسەی سیاسیی دەوڵەتێکی وەک ئێراندا سەرجەم ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە هەم ڕێکخراوی ئێرانی لە عێراق و هەم کوردستانی لە هەرێم دەگرێتەوە.(بەندی٤)
هەروەها بەندێکی¬تری کاری هاوبەشی دوو وڵاتەکەیە لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بە جۆرێک بەرنامەی هاوبەش و پرۆژە لەو وڵاتانە بخرێتەگەڕ.(بەندی٧)
٢. لە ڕووی بازرگانی و وزەوە
لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی کولتووری-مەزهەبیشدا، لە چەند بڕگەدا عێراق و هەرێم، بوونەتە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئایندەیی چین و ئێران، لەوانەش: بنیادنانی پرۆژەی گواستنەوەی وزەی عێراق، وەبەرهێنان و دروستکردن و گواستنەوەی کارەبا بۆ عێراق(دیارە ناوی وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان و سوریاش لەو بڕگەیەدا بۆ هەمان مەبەست هاتووە).(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١و٢) هەروەها پرۆژەی ڕاکێشانی "هێڵی ئاسنی مەزهەبی-زیارەتی" نێوان پاکستان-ئێران-عێراق-سوریا، تەبەنیکراوە، هەروەک چۆن باس لە کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی پاکستان-ئەفغانستان-عێراق-سوریاش کراوە کە ببێتە ڕێڕەوێکی بازرگانیی ناوچەیی.(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١)، دروستکردنی پرۆژەی گەشەپێدان لە وڵاتانی ناوچەکەدا(پاشکۆی٢/ها/٦)، بەهێزکردنی ڕێکخراو و دەزگاکانی وڵاتانی ناوچەکە(پاشکۆی٢/ز/٢).
گرنگە بووترێت کوردستان جیا لەوەی لە سیاسەتیی کولتووری ئێراندا نیشانەیە، بەشێکی شارەکانی کوردستان وەک کرماشان و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی، کەرکوک، خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالە بەشێکن لە ڕێگە و نەخشەی ڕێڕەوی بازرگانی، زیارەتکارانی مەزهەبی شیعە. لە هەبوون و گواستنەوەی وزەشدا دیسان هەرێم لە قوڵایی ستراتیی ئێراندا جێگەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی ڕاکێشانی ڕێگای ئاسنیش بە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا چەندین پرۆژەپێشنیار لە بەرنامەی ڕێسازیی ئێران و عێراقدا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا لە ئارادان کە هەندێکیان شارەکانی سلێمانی، خانەقین، کرماشان، مەهاباد و ورمێ لە خۆدەگرن و لە نموونەی ڕێگای پێشنیارکراوی ئاسنی: هێڵێ کرماشان-خوسرەوی-خانەقین-بەغدا. هەروەها ڕێگەیەکی پێشنیارکراوی ئێرانی دیکەش هەیە و کە خودی سەرکۆماری ئێران جەختی لەسەر کردۆتەوە بریتییە لە ڕێگای ئاسنی سنە-باشماخ-سلێمانی تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ هەمان مەبەستیش پارێزگاری سنە داوای جێبەجێکردنی پرۆژەکەی لە ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە و کۆمپانیای قەیوان وەک جێبەجێکاری دیوی هەرێم، کردووە.
سەبارەت بە ناوچەکانی باشووری عێراقیش هێڵی خوڕەمشەهر-بەسرە لە ئارادایە. کە دیسانەوە لە ڕێککەوتنی چین و ئێراندا ئاماژە بەو ڕێگا ئاسنی و بازرگانیانە دراوە. کە نەک ئێران و عێراق بەڵکو وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و سوریاش دەگرێتەخۆ.
لە کۆتا پاشکۆشدا ڕێککەوتنەکە باس لە دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پرۆژەی هاوبەشی دوولایەنە دەکات لە وڵاتانی سێیەمی وەک عێراق(پاشکۆی٣/بڕگەی ێ/٦)، هەروەها جەخت لە سوودوەرگرتن لە بواری جیۆئیکۆنۆمی وڵاتانی دراوسێ کراوەتەوە کە دیارە عێراق لە نێو ئەو ئامانج و نیشانەدایە.( پاشکۆی٣/بڕگەی ب)
بە کورتی بونیاتنانی ڕێگای بازرگانی و هێڵەکانی ئاسن و ڕێڕەوەکان بۆ وڵاتی چین بەشێکە لە ستراتیژی "یەک پشتوێن، یەک ڕێگا One Belt, One Road"، بۆ وڵاتی ئێرانیش هەم کارتی فشارە بەرامبەر ئەمریکا و هەم جێبەجێکردنی سیاسەتە مەزهەبی و کولتوورییەکانە و ڕێگای گەیشتنیشە بە ئامانجە سیاسییەکانی، ئەڵبەت لە ئەگەری جێبەجێکردندا.