Draw Media

ئەسپەکانی ئەفلاتون

ئەسپەکانی ئەفلاتون

2021-08-29 12:11:08


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ئەفلاتون باوەڕی وابوو دەسەڵات لە جەوھەری خۆیدا ھێزێکی ترسناکە و پێویستی بە چاودێریکردن و ئاراستەکردن و ماڵیکردنی بەردەوام ھەیە. گەر واز لە دەسەڵات بھێنرێت بە ئازادیی خۆی کاربکات ئەودەم پەل بە ھەموو شوێنێکدا دەکێشێت و پەلاماری دەرەوەی خۆی ئەدات و لەسەر حیسابی کۆمەڵگاش قەبە دەبێت و دەئاوسێت.  ھەموو ئەمانەش بە مەبەستی وەدیھێنانی خواست و قازانج و حەزە تایبەتەکانی دەسەڵاتداران خۆیان و حاشیەکەی دەوروبەریان. ئەفلاتون ڕای وابوو یەک ڕێگا لەبەردەم بەتاڵکردنەوەی دەسەڵاتدا ھەیە لەو مەترسییانەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگریانە، ئەویش چاودێریکردن و ماڵیکردن و بە عەقڵانیکردنی دەسەڵاتە، یارمەتیدانی دەسەڵاتدارانە بۆ ئەوەی بتوانن  دەسەڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکی تەندروستدا ببەن . جگە لەمانە دەسەڵات پێویستە بەردەوام ئەوەی وەبیربھێنرێتەوە کە شتێک ھەیە ناوی قازانجی گشتیی و قازانجی دەستەجەمعییە و ئەرکی ژمارەیەکی دەسەڵاتیش دابینکردنی ئەو قازانجە گشتیی و دەستەجەمعیەیە. 
بۆشیکردنەوەی ئەو دیدانەی سەرەوە ئەفلاتوون نموونەی عارەبانەیەک دەھێنێتەوە کە دوو ئەسپ ڕایبکێشن. ئەسپی یەکەمیان نوێنەرایەتی ”ھێزی توڕەبوون“ و ”ھەڵچون“ و ”لەدەستدانی ئارامیی و ھاوسەنگیی“ دەکات لەناو کەسایەتی و نەفسیەتی مرۆڤدا. ئەسپی دووھەمیشیان نوێنەرایەتی ”ھێزێ شەھوانیەت“ دەکات کە ”ھێزی حەز“ و ”ئارەزو“ و ”چێژ“ و ”چڵێسییەکان“ی ناو مرۆڤە.  ئەفلاتون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت گەر عەرابانەکە بدرێتە دەستی ئەم دوو ھێزە و بکەوێتە ژێر ڕەحمی ململانێیی ئەو دوو ھێزەوە  لەگەڵیەکدا، ئەنجامەکەی جگە لە ھەڵوەشاندنەوە و وێرانبوونی عارەبانەکە و ھەڵاتنی ھەر یەکێک لە ئەسپەکان بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا، شتێکی دیکە نابێت. بەڵام ئەگەر ھەر دوو ئەسپەکە و خودی عارەبانەکە خۆشی عەقڵ ئاراستەیان بکات و ھەر عەقڵیش چاودێریکەر و ڕێنیشاندەریان بێت، ئەودەم دەکرێت ھەم ئەسپەکان و ھەم عارەبانەکە بە جێگەی مەبەست بگەن و ئەسپەکان خۆشیان ماڵیبکرێن و کاری باشیان پێ ئەنجامبدرێت. لە نموونەکەی ئەفلاتوندا عارەبانەکە رەمزی کۆمەڵگایە و ئەسپەکانیش ڕەمزی دەسەڵاتێکن لەسەرێکەوە شەھوانیەت و چێژ و چڵێسیی ئاراستەی بکەن، لەسەرێکی دیکەوە توڕەیی و ھەڵچون و لەدەستدانی ئارامیی و ڕق.

ئەوەی ئەفلاتون لە ڕێگای ئەم عارەبانە و ئەسپانەوە دەیەوێت بیڵێت ئەوەیە، کە نابێت کۆمەڵگا تەسلیمی ئەو جۆرە لە دەسەڵات و ھێز بکرێت، کە لەسەرێکەوە تەنھا چێژ و چڵێسیی و شەھوانیەتی دەسەڵاتاداران ئاراستەی بکات، لەسەرێکی دیکەشوە  ڕق و ھەڵچون و توڕەیی. واتە دەسەڵاتێک نەبێت لە پرۆسەی دەستبەرکردنی قازانج و مەسڵەحەتە تایبەتاکانی خۆیدا، بەردەوام نائارامیی و توەیی و دوژمنی ناوەکیی و دەرەکیی دروستبکات. 
ئەوەی لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی ئێمەدا ڕووئەدات ڕاکێشانی عارەبانەکەیە لەلایەن ئەو دوو ئەسپەی دەسەڵاتەوە کە ئەفلاتون باسیان دەکات: ئەسپی قازانج و مەسڵحەتی تایبەتی دەسەڵاتداران، کە زۆرجار تەنھا چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسین. لەگەڵ ئەسپی بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕقاویی و توندوتیژیی، ھەموو ئەوانەی لە دەرەوەی لۆژیکی دوو ئەسپەکەی دەسەڵات و لەدەرەوەی چارەنووسی کارەساتاوی عارەبانەکەدا بیردەکەنەوە. ئەوەی لە ئەفغانستاندا ڕوویدا، ئەوەی لە سوریای حافز ئەسەدا ڕووئەدات، ئەوەی لە ئێرانی ئایەتوڵاکاندا ڕووئەدات، ئەوەی لە تورکیای ئەردۆغانێکی ئیسلامیی ئیخوانیدا ڕووئەدات، ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا ڕووئەدات، چوونە ناو ئەو ھاوکێشە ئەفلاتونییە ترسناکە و ئازادیی تەواوی دوو ئەسپە ئەفلاتونیەکەی دەسەڵاتە. 
بۆ نموونە، بەشار ئەسەد نزیکەی نیوەی دانیشتیوانی وڵاتەکەی ماڵ و حاڵیان لەدەستدا و بوون بە پەناھەندە لە وڵاتانی تردا،  بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی وڵاتەکەی وێرانکرا، خەڵکێکی زۆری وڵاتەکە کوژرا، سوپای چەندان وڵاتانی تر و چەندان میلیشیای جیاوازیش تەڕاتێن لە وڵاتەکەدا دەکەن، کەچی ئەو ھیچ یەکێک لەمانە ڕایناچڵەکێنێت و ھەردوو ئەسپە ئەفلاتونیەکەی دەسەڵاتی لە دۆخی تاوادانێکی بەردەوامدان و عارەبانەکەشی لە دۆخی ھەلارھەلاربوونێکی تەواوەتیدایە. لە ھەرێمی کوردستانیشدا دۆخێکی ھاوشێوە لە ئارادایە و ھەردوو ئەسپە ئەفلاتونیەکە، لە ھەردوو زۆنەکەدا، لە گەرمەی غاردانی خۆیاندان و عارەبانەکەش ڕووبەڕووی تەحەدا و کێشەی گە.ورە و ھەمەجۆر بۆتەوە.

ھەم لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و ھەم لە بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەدا، لەباتی ئەو عەقڵانیەتەی ئەفلاتون باسیدەکرد، مافیای ئەمنی و میلیشیای شەخسیی تایبەت و خەونی شمولیی و تۆتالیتاریی و سیستمی موخابەراتی و ئەزمونی سوڵتانی بنەماڵە پەرستیی و سەپاندنی مەرجەعی سیاسیی خانەنشینکراو، ئامادەن. ئەمانەن ھەم جڵەوی ئەسپەکانیان لەدەستدایە و ھەم چارەنووسی عارەبانەکەش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand