خوێندكارانی زانكۆی كابول دەگوازرێنەوە سلێمانی
2021-08-29 15:13:01
(درەو):
(درەو) زانیویەتی، چەند رۆژێكە نزیكەی (30) كچە خوێندكاری زانكۆی ئەمریكی لە ئەفغانستانەوە گەیشتونەتە شاری سلێمانی.
سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو كچانە خوێندكاری زانكۆی ئەمریكی بوون لەكابول و بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندنەكەیان لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی رەوانەی كوردستان كراون، چەند رۆژێكە لەناو زانكۆیئەمریكی لە سلێمانین و دەستبەكاربوون.
بەهۆی گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان، زانكۆی ئەمریكی لە كابولی پایتەختی ئەفغانستان داخراوە، تائێستا (درەو) وردەكاری چۆنیەتی رەوانەكردنی ئەم كچە خوێندكارانە لە كابولەوە بۆ سلێمانی نازانێت.
زانكۆی ئەمریكی لە كابول ساڵی 2006 بە دەستپێشخەری (لۆرا بوس) هاوسەری جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دامەزراوە، لەیەكەمین ساڵی كردنەوەیدا (350) خوێندكاری وەرگرتووە، هاوشێوەی هەموو زانكۆ ئەمریكییەكانی تر لەسەر ئاستی جیهان خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزی بوو، ئەم ساڵانی دوایی ژمارەی خوێندكارانی زانكۆكە بۆ نزیكەی (2 هەزار) خوێندكار بەرزبووەتەوە.
ساڵی 2016 ئەم زانكۆیە بوو بە ئامانجی هێرشێكی خوێناوی بزوتنەوەی تالیبان.
ئەم ساڵانەی دوایی بودجەی ساڵانەی زانكۆی ئەمریكی لە كابول نزیكەی (28 ملیۆن) دۆلار بووە، ساڵی رابردوو راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسیان لەوەدەكرد زانكۆكە كێشەی دارایی هەیەو رەنگە دابخرێت، بەڵام دواتر كێشە داراییەكە چارەسەر كرا، ئەوكات سەرۆكی زانكۆكە هۆكاری زیادبوونی خەرجی زانكۆكەی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە هێرشی چەندجارەی تالیبان بۆسەر زانكۆكە وایكردووە رێوشوێنی ئەمنی توند بگرنەبەرو ئەم رێوشوێنانە خەرجی زیاتر كردووە.