Draw Media

حیزبی کوردیی لەنێوان خەسڵەتی قۆخ و سێودا 

حیزبی کوردیی لەنێوان خەسڵەتی قۆخ و سێودا 

2021-09-01 17:55:31


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

رێکخراوی هیوا سەرەتای ئەزموونی کۆکردنەوە و دروستکردنی کوالیسیۆنی نێوان گروپە ستراتیژییەکانی ئەوکاتی کوردستانی عێراق بوو. گەرچی ئەم حیزبە پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی نەبوو، بەڵام گروپەکانی ململانێیەکی توندیان لەسەر ئاراستەی فیکریی و سیاسیی ئەم حیزبە هەبوو. قۆناغی سەرەتای ململانێکانی ناو رێکخراوە کوردییەکان ڕەهەندێکی شێوەئایدیۆلۆژییان هەبوو کە بنەماکەی دەگەڕایەوە بۆ پێکهاتی کۆمەڵایەتیی گروپەکان. لە حیزبی هیوادا سێ رێچکەی سەرەکیی بوونی هەبوو، یەکەمیان گروپی چەپەکان بوو، دووەمیان گروپی لیبراڵەکان بوو کە هەردووکیان نوێنەرایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی شاریان دەکرد، سێیەمیان باڵی ڕاستڕەو و کۆنزێرڤاتیڤەکان بوو کە نوێنەرایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی گوندیان دەکرد. ململانێی ئاراستەی سیاسیی نێوان ئەم گروپانە لەلایەک لەسەر ئەوەی پشتیوانیی ڕاپەڕینە لۆکاڵییەکەی بارزانییەکان بکەن یان نا، یان داوای پشتیوانی لە سۆڤیەت بکەن یان لەگەڵ ئینگلیز کاربکەن؟ لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتیی هەندێکیشیان لە تاکڕەوێتیی رەفیق حیلمی سەرۆکیان بووە هۆکاری دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی هیوا بەسەر دوو گروپی سیاسیی نوێدا کە لە گروپی (شۆڕش) و گروپی (ڕزگاری)دا بەرجەستەبوو. هەردوو حیزبەکە لە پێشکەوتنی خۆیاندا دەبن بە هەوێنی دروستبوونی دوو حیزبی سیاسیی گەورەی جەماوەریی لە کوردستاندا کە ساڵێکی زۆر ململانێی نێوانیان کاریگەری گەورە و قووڵی بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا بەجێهێشت. ئەو دوو حیزبەش حیزبی شیوعیی و پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەدوای شکستی ئەزموونی پێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی حیزبی هیواوە هەموو هەوڵێک بۆ پێکەوەکارکردن و کۆکردنەوەی گروپە ستراتیژییەکانی شار و گوند لەناو حیزبێکی سیاسییدا، شکستی هێناوە. گەورەترین ئەزموونیش دروستکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە سەرەتا بە کولیسیۆنی نێوان هەردوو گروپی ستراتیژی شار و گوند دەستپێدەکات و پاشان بە جیابوونەوە و دابەشبوون و پێکدادانی چەکداریی کۆتاییدێت.
بەم چەشنە یەکێکی تر لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی حیزبی کوردیی بریتییە لە شکستی هەموو هەوڵەکانی دروستکردنی کوالیسیۆن لەنێوان گروپە ستراتیژییەکانی شار و گوند لەناو حیزبێکی سیاسییدا. ئەم شکستە لە حیزبی هیواوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ناو مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان.

خەسڵەتێکی تری حیزبە کوردییەکان بریتییە لە لاوازیی بونیادیی گروپە ستراتیژییەکانی شار و نەبوونی کاریزمایەکی سیاسیی کە لای گروپەکانی کۆمەڵگای کوردیی جێی متمانە بێت و لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستانی عێراقیشەوە قبوڵبکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش گروپە خوێندەوارەکەی شار مەلا مستەفا لە سەرۆکێکی لۆکاڵییەوە دەکات بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە ئەم فیگەرە هەڵگری چەند خەسڵەتێکە کە کاریزما بەناوبانگەکانی ئەو گروپە شارییانە کۆی ئەو خەسڵەتانەیان لەیەککاتدا نەبوو. بۆنموونە مەلا مستەفا سەرداری خێڵی بارزانە کە خاوەن مێژوویەکی یاخییبوونی چەکداریی لۆکاڵییە دژ بە حکومەتی عێراقیی. گەرچی ئەم یاخیبوونانە سەرەتا هیچ رەهەندێکی نەتەوەییان نەبوو، بەڵام دوایی هەر لەلایەن خوێندەوارانی کوردەوە دەکرێن بە کەلەپوورێکی سیاسیی نیشتیمانیی و بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵەیەکی وێناکراو Imagined Communities، وەک بێنێدیکت ئەندەرسۆن شیکاری پرۆسەی بەنەتەوەبوون دەکات. لەکۆتاییشدا مەلا مستەفا چەندە خاوەن سەرمایەیەکی ڕەمزیی و ئایینی بوو، لەبەرئەوەی سەر بە نەوەی شێخانی تەریقەتی نەقشبەندییەکان بوو، ئەوەندەش مێژوویەکی جەنگاوەریی هەبوو کە بەناوبانگترینیان لە ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباددا بەرجەستەبوو. بەکورتییەکەی شۆڕش پێویستی بە جەنگاوەرە و گروپە ستراتیژییەکانی شاریش هیچ ئەزموونێکی جەنگاوەرانەیان نەبوو. بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی گروپە ستراتیژییەکانی شار پێویستیان بە جەنگاوەر هەبوو. لەو سەردەمەشدا جگە لە گروپی ئەفسەرە کوردەکان و پلە سەربازییەکانی تری ناو دەزگای لەشکری عێراقیی، تەنها شێخان و خێڵ و عەشرەت هەبوون کە وەک گروپە ستراتیژییەکانی گوند، چەکداری بەئەزموونیان هەبێت و بتوانن ئەم وەزیفەیە بۆ گروپە ستراتیژییەکانی شار جێبەجێبکەن.
هێنانی گروپی بنەماڵە کاریزمییەکان و چەکدارەکانی خێڵ بۆ ناو حیزبی کوردیی و گۆڕینی گوتاری سیاسیی لە خەباتی سیاسییەوە بۆ خەباتی چەکدارییی و زاڵبوونی لۆژیکی هێز بەسەر خەباتی سیاسییدا، بوونە هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی حیزب لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی گوند و دەرپەڕاندنی ئەو گروپە شارییەی، کە کاریزما بنەماڵەییەکانی لەوێنەی شێخ و ئاغا و خێڵ قبوڵنەدەکرد.

بێگومان پێکهات و پاشخانی کۆمەڵایەتیی گروپە ستراتیژییەکانی شار تەنها گروپە پیشەییەکان نین، واتە تەنها مامۆستا و پارێزەر و ئەفسەر و دکتۆر و هتد نین، بەڵکو گروپی ناپیشەییشن، لەوێنەی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و قوتابیی و خوێندکار و هتد. بەمانایەکی تر سەرمایە ڕەمزییەکانی ئەم گروپانە بەپلەی یەکەم سەرمایەیەکی مەعریفییە. پاشخانی گروپە ستراتیژییەکانی گوندییش بریتیین لە خێڵ و عەشیرەت و شێخ و مەلا و بەگ و سەید و تادەگات بە تەریقەتە ئاینییەکان. سەرمایە ڕەمزییەکانی گروپە ستراتیژییەکانی گوندییش هەم سەرمایەیەکی کولتوورییە و هەم ئایینییە، واتە یان بە عەسەبییەتی خێڵ (العصبية القبلیة) گروپەکە دەجوڵێتەوە، یان سەر بە تەریقەتێکی ئایینین کە وەلائەت و سەرمایە ڕەمزیی و کۆمەڵایەتییەکەی لەوێوە سەرچاوەدەگرێت. سەرهەڵدانی تازەترین شێوەگروپی ستراتیژیی لە مێژووی نوێی هەرێمی کوردستاندا کە تەریقەت بناغە ئایدیۆلۆژییەکەی پێکدەهێنێت و کاریزمای دینییش هێزە ناوەکییەکەیەتی، بریتییە لە هەنگاوی خۆڕێکخستنی گروپی قادریی کەسنەزانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسییدا. بەشێوەیەکی گشتیی ئەم گروپانە تاوەکو ئەو چرکەساتەی کە خۆیان رێکنەخەن و رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دروستنەکەن، نابن بە گروپی ستراتیژیی و ناتوانن ڕۆڵی ستراتیژییش بگێڕن.  

پارتی دیموکراتی کوردستان سەر بەو گروپە ستراتیژییانەیە کە وەک دەزگایەکی حیزبیی زیاتر لە نیو سەدەیە بووە بە موڵکی بنەماڵەی بارزانیی. لەو قۆناغەوەی پارتی بووە بە حیزبی بنەماڵەی بارزانیی، خاوەن ناوکێکی ڕەقە لەشێوەی قۆخ، بۆیە نە بەئاسانیی دابەشدەبێت نە کێشە و ململانێ خێزانییەکانیشی دەهێنێتە ناو ڕووبەری گشتییەوە. ڕاستە لە ئێستادا نهێنییەکی ئاشکرایە کە ململانێیەکی توند لەنێوان ئامۆزاکاندا هەیە، بەڵام تا ئەو چرکەساتەی مەسعود بارزانیی وەک تاکە مەرجەعی پارتی لەژیاندا بێت، ئەگەری دابەشبوون و لێکترازانی ماڵی سیاسیی بارزانیی لەئارادا نییە یان زۆر لاوازە. پارتی یەکەم حیزبە کە بەئاشکرا خۆی بە حیزبی بنەماڵەی بارزانیی پێناسدەکات و مۆدێلی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش تیایدا  لەباوکەوە بۆ کوڕ پیادەدەکرێت، نەک بۆ برازا یان مام یان خزمێکی تری ناو خێڵەکە، وەک لە ئەزموونی هەندێ دەوڵەتە سوڵتانییەکانی ناوچەکەدا دەیبینین.

بەپێچەوانەی پارتییەوە، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان حیزبێکە لە شێوەی سێو، بۆیە لەگەڵ هەموو دابەشبوونێکدا ناوکێکی لێجیادەبێتەوە. مێژووی یەکێتی، مێژووی دابەشبوون و یەکگرتنەوەیە. دوادابەشبوونی گەورەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی بوو، کە بە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان حیزبەکەیان وەک سێوێک کرد بە دوو لەتەوە. بەم چەشنە ململانێی نێوان گروپە ستراتیژییەکانی شارو گوند تەنها بزوێنەری کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگای کوردیی نین، بەڵکو ململانێی ناو خودی گروپە ستراتیژییەکانی شاریش لەناو کایەی دەسەڵاتدا دەتوانێت ببێت بە هۆکاری دابەشبوون و سەرهەڵدانی ململانێى توند لەسەر دابەشکردنی سامان و دەسەڵات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand