Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   هەموو مرۆڤیک کە لەدایکدەبێت دەکەوێتە ناو زیاد لە ژینگەیەکەوە و هەریەکێکیش لەو ژینگانە کاریگەریی تایبەت لەسەر ئەو کەسە بەجێدەهێڵن. دەکریت لێردا چوار جۆر ژینگەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکاینەوە. یەکەمیان: ژینگەی مادیی و سروشتییە. دووهەمیان ژینگەی کۆمەلایەتیی و کولتورییە. سیهەمیان: ژینگەی مەعریفی و جوارەهەمیان: ژینگەی ئەخلاقییە. ژینگەی یەکەمیان ئەو ژینگە فیزیاییە کە مرۆڤ تیایدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت، ئەم ژینگەیە پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی جوگرافیی ئاکاری ئەو سروشت و کەش و هەوایەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویدا دەژیی. لەم ڕووەوە ژینگە هەیە بیابانیی و گەرم و ناسەوز، ژینگەش هەیە شاخاویی و تەڕ و پڕ لە درەخت. ژینگە هەیە بەستەڵەک و سارد و بەستوو، ژینگەی تر هەیە دەریایی و فێنک و سەوز و پڕ ئاو، هتد.... ئەم ژینگە جیاوازانە کاریگەریی جیاوازیان لەسەر ژیان و هەڵسوکەوت و پەیوەندیی کەسەکان بەیەکترییەوە، هەیە. ئەگەر ژینگەکە بیابانی و گەرمبێت، کاریگەریەک جێدەهێڵێت جیاواز لەوەی بەستەڵەک و بەفراویی و بەستوو بێت، ئەگەر لە  پاڵ دەریا و ڕوبار و سەوزایی زۆردابێت، جیاوازدەبێت لە شوێنێکی وشک و برینگ و گەرم و بێدار و درەخت بێت. گرێدانی شێوازی ئاکار و جۆری پەیوەندیی و شێوەژیانی خەڵک، تەنانەت گرێدانی شێوازی  بیرکردنەوەی مرڤەکان، بەو ژینگە مادیی و سروشتییەوە مێژوویەکی درێژی لە فیکری تیوریدا، هەیە. لە دونیای ئێمەدا، بۆ نموونە  لای کەسانی وەک فارابی و ئیبن خەلدون، لە ئەوروپاشدا تا سەردەمی مۆنتسیکیو، ئەمجۆرە  بیرکردنەوەیە ئامادەبووە. ئەو تیورەیەی لێرەدا ئامادەبووە گریمانی گرێدانی هەڵسوکەوت و باوەڕ و عەقیدەی خەڵکی کردوە، بە جۆری کەش و هەواو و ئەو ژینگە مادییە سروشتییەوە کە لەناویدا، دەژین. فارابی تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ژینگەی مادیی و کەش و هەوا و سروشتی شوێنێک، جۆرێک لە خەڵک دروستدەکات کە «تەبع»ی تایبەت و خو و ڕەوشت و ئاکاریان تەواو جیاوازبێت لە کەسانیتری ناو ژینگەی تری جیاواز لەو ژینگەیە، ئەمەش وایلێدەکات بەو قەناعەتە بگات کە دینێک ناتوانێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی بشێت و بەکەڵکی هەموو کۆمەڵگاکان بێت، بەڵکو ژینگەی جیاواز و خەڵکی جیاواز پێویستیان بە دینیی جیاواز هەیە.  ژینگەی دووهەم «ژینگەی کۆمەڵایەتیی و کولتورییە»ە. ئەم ژینگەیە ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتیی و کولتورییە هاوبەشە دروستدەکات کە کۆمەڵگاکان لە مێژووی خۆیاندا بۆ ڕێکخستنی پێکەوەبوونی کەسە جیاوازەکانی ناوی، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هەندێک هاوبەشی تایبەت، دروستیدەکەن. لێرەدا قسە لە بوونی کۆمەڵێک بەها و نرخ و عادەت و خوی کۆڵەیەتی و شێوازی مامەلەکردن دەکرێت، کە کەسەکان پەیڕەوی دەکەن و لە ڕێگایەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕێکدەخەن. باس لەوە دەکرێت خەڵک چۆن و بە چ شێوەیەک کاردەکەن، چۆن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابیندەکەن، چۆن پارە پەیدادەکەن، چۆن حوکمدەکەن، هتد...هاوکات قسەش لە دابەشبوونەکانی ناو کۆمەڵگا دەکریت، بۆ نموونە، ئایا کەسەکان سەر بە چ گروپێکی کۆمەڵایەتیی، ئەتنی، کام دین، کام ناوچەی دیاریکراون. لە ئاستی دەرەکیدا باس لەوەدەکرێت مرۆڤ لە کام دەوڵەتدا دەژی، سەر بە چ نەتەوەیەکە، لە چ بەشێکی جیهاندا نیشتەجێیە. هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئەوە هەیە مرۆڤ چۆن دەژیی و چۆن بیردەکاتەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە، گەر کەسێک کورد بیت و لە ئێران یان لە تورکیادا بژیی، تەواو جیاوازە لە کەسێک فەرەنسیی یان ئەمریکی یان سویدی بیت و لە یەکێک لەو ولاتانەدا بژیی. ژینگەی کۆمەلایەتیی پەیوەندیی بەو ژینگە خێزانیی و پێگە چینایەتیی و دینیی و ئەتنیی و نەتەوەییەوە هەیە کە مرۆڤ هەڵگریەتی. هەرچی ژینگەی کولتورییە، پەیوەندیی بە کۆی ئەو بەها و نرخ و عادەت و «خو» و «ڕەوشت»انەوە هەیە کە لەو ژینگەیەدا ئامادەیە.  ژینگەی سێهەم، «ژینگەی مەعریفیی»ە. ئەمەیان ئەو ژینگەیەیە کە تیایدا مرۆڤ پرسیارەکانی دەکات و لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفە و زانستەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی، دەستدەکەوێت و دەتوانێت لەو جیهانە بگات کە لەناویدا دەژیی. ئەم ژینگەیە، بە پلەی یەکەم، پەیوەندیی بە جۆری ئەو قوتابخانە و فێرگانەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویاندا فێردەبێت پرسیاربکات و و بیربکاتەوە و بەرخوردبکات. سیستمی خوێندن و فێربوون بنەما و کۆڵەکەی سەرەکیی «ژینگەی مەعریفیی» پێکدەهێنێت کە مرۆڤ لەناویدا پێدەگات، فێردەبێت بەشێوەیەکی زانستییانە بیربکاتەوە و دیاردەکان و شتەکانی دەوربەری، تێبگات و ڕاڤەبکات. بۆ نموونە دەکرێت جیاوازییەکی گەورە ببینین لەنێوان  کەسێکدا لە ناو سیستمێکی خوێندنی تازەی شارستانیی و لە زانکۆیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتودا خوێندبێتی، لەگەڵ کەسێکدا لەناو سیستمێکی خوێندنی سونەتیی و جۆریک لە زانکۆی دواکەوتودا فێربووبێت. ئەگەری ئەوە گەورەیە کەسی یەکەمیان وزەی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەهێزتر و پێگەیشتوتربێت لە کەسی دووهەمیان. کەسێک لە ژینگەیەی مەعریفیدا بژیی کە دەزگا و ناوەندی دیاریکراوی تێدابێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستییبێت لەسەر ئەو دیاردانەی رووئەدەن، تەواو جیاواز دەبێت لەوەی لە ژینگەیەکی مەعریفی تەواو هەژار و بێزانیاریدا بژیی. سیستمێکی فێربوونی وەک ئەو «مەدرەسە دینیی» و «مەدرەسە قورئانیانە»ی لە پاکستان بە پارەی وڵاتانی خەلیج دروستکرا و تاڵیبانی تێدا پەروەردەکرا، تەواو جیاوازە لەو سیستمی خوێندنانەی زانا گەورەکانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا، پێدەگەیەنن. ژینگەی مەعریفیی یەکێکە لە ژینگە گرنگەکانی ناو ژیانی مرۆڤ کە دەشێت هەم بیکات بە زانایەکی گەورە، هەم بە جاهیل و دڕندەیەکی، گەورەش.      ژینگەی چوارهەم بریتییە لەو «ژینگە ئەخلاقی»یەی مرۆڤ لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. ”ژینگەی ئەخلاقیی“ بریتییە لەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کەسەکان لەناویدا ئامادەن و پێماندەڵێت چۆن بژین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین و چ جۆرە مامەڵەیەکی خۆمان و ئەوانەش بکەین لە خۆمان ناچن و جیاوازن. ئەم ژینگە ئەخلاقییە دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چی قبووڵنەکەین، بە چی رازیبین و بەچیش ناڕازیی، چی بە ئاسایی و شیاو بزانین و چیمان بەلاوە نائسایی و نەشیاوبێت. پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. «ژینگەی ئەخلاقیی» دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و تێکچووندایە. دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین، چیش پێویستە نەکرێن و ئەنجامنەدرێن. ”ژینگە ئەخلاقیی“  هاوکات  کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاریدەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردن و چی مایەی شەرمکردن بێت، چی توڕەمان بکات و چی وامان لێبکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین، چاو لەچیش نەپۆشین و چ شتێکیش لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە.  جیاوازیی «ژینگەی مادیی» و «سروشتیی» لەگەڵ ژینگەکانی تردا ئەوەیە کە یەکەمیان، زۆربەی کات، ژینگەیەکی پێدراوە، خۆی هەیە، بوونێکی بابەتیی هەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. بەڵام کۆی ژینگەکانی تر ژینگەی مرۆڤکردن، مرۆڤەکان خۆیان و بەیەکەوە دروستیدەکەن و هەرخۆشیان دەتوانن بیگۆڕن. ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لێبکەین ئەوەیە مرۆڤ وەکچۆن پێویستە لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت ، ژینگە سروشتییەکە، بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەکانی تریشدا بێت بۆ ئەوەی ئازاری خۆی و ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات، هەم خۆی وەک مرۆڤێکی باش و دروستکەر و چاکەکار ھەبێت و هەم ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و مەعریفیی و ئەخلاقیەکەشی. کۆی ئەم ژینگانەش بە بەردەوامی لە جوڵە و گۆڕان و تازەبوونەوەدان، هیچ یەکێکیان جێگیر و نەگۆڕ نییە، تەنانەت ژینگە مادیی و سروشتییەکەش دەگۆڕێت. بینین و تێگەیشتن لەم ڕاستییە سادەیە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکیی و بنەرەتییەکانی دروستکردنی دونیایەکی باشتر و گونجاوتر، لەوەی لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە. بە بۆچونی من کۆی ئەم ژینگانە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا لە قەیرانی گەورە و هەمەلایەندان. ژینگە مادیی و سروشتییەکە ڕووی لە تێکچون و داوەشانە. مرۆڤ هەر سەریی ئەو هەموو پلاستیک و نایلۆن و باغە و خاشاکە زۆرە بکات کە لە لە شوێنە گەشتیریەکاندا بەجێیدەهێڵن و بەناو سروشتدا بڵاودەبێتەوە. ئینجا ژمارەی ئەو هەموو بیرە تایبەتانە کە بۆ دەرهێنانی ئاو لە سەدان شوێنی جیاوازی دەرەوەی شارە گەورەکانی هەرێمدا و لەناو شارەکانیشدا لێدراون، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە وشکبوونی تەواوەتی زۆرناوچە.  لەپاڵ ئەمانەشدا بەکارهێنای بەنزین و غاز و سوتەمەنی خراپ و هەڵئاوسانی ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و سوتاندنی ناوبەناوی دارستانەکان و دەردانی سەدان ملیۆن تەن دووکەڵ و گازی ڕۆژانە لە هەرێمدا، ڕۆڵێکی بەرچاو لە پیسکردنی هەوا و ژەهراویکردنیدا، دەبینن.      هەرچی ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکەیە بە دەیان شێوە ژەهراوی بووە. بێکاریی بەرفراوان، نەبوونی ئومێد بە ئایندە، باڵادەستیی ڕێگای نا یاسایی و نائەخلاقیی بۆ دەولەمەندبوونی خێرا، کەڵەکەکردنی نیمچەمافییانەی سەرمایە، ژینگەیەکی ئابورییان دروستکردوە هەم وێرانە و هەم تیایدا کەرتە سەرەکییەکانی ئابوریی قۆرخکراون، هەم مانایەکیان بۆ کارکردن و ڕەنجکێشانی شەخسییش نەهێشتۆتەوە. جگە لەوەی کار کەمە و ژمارەیەکی گەورەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان بێکارن، بەڵام بوونی کاری ئاسایی خۆیشی دەستەبەری لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی سادە ناکات. لەناو ئەم ژینگەیەدا ئاسۆکانی جیگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگای کارکردن و رەنجی تاکەکەسییەوە، بەتەواوی داخراون. مۆدێلی حوکمڕانیی خێزانیی کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسیی و ڕەعیەتێکی بێماف مامەڵەدەکات، گواستراوەتەوە بۆ ناو هەموو بوارەکانی دیکەش. تەنانەت بۆناو ئۆرگانە مەدەنیی و دینیەکانیش. فۆرمێک لە «دینداریی» تازەش دروستکراوە کە جیهان بۆ دنیدار و بێدین دابەشدەکات و بە زمانی دین قسە لەسەر کۆمەڵگا و دەوڵەت و کایەکان دەکات، زمانی «هاوڵاتیبوونی یەکسان» و «تاکەکەسی خاوەن ماف» و «یەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکدا»، بە یەکسانی ژن و پیاوەوە لەگەڵ یەکداتەواو غائیبە لەناویدا. ئەمە جگە لە غیابی  «مەدەنیبوون»ی پەیوەندییەکان و «پێناس» و «سوناسەکان».     هەرچی ژینگە مەعریفیەکەیە ئەویش بە شێوازی جیاواز لەناو زیاد لە قەیرانێکی هەمەلایەندایە. ڕەنگە هەرە گرنگەکەیان قەیرانی نەناسینیی جیهان و کۆمەڵگا و کێشە سەرەکییەکانیان بێت. ئەمەش لە ڕێگای غیابی ئەو ڕشتە و بوارە زانستییانەوە کە لەسەر کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کاردەکەن و ئەو زانیاریی و مەعریفە پێویستە بەرهەمدەهێنن کە ئەو کۆمەڵگایە بۆ ناسینی خۆی و ناسینی جیهان، پێویستی پێیەتی. لەم ڕووەوە دۆخی زانکۆکانی هەرێم و ناوەندەکانی تری بەرهەمهێنانی مەعریفە دۆخێکی خراپ و پەرێشانە.  ئەگەر زانکۆکان جاران تەنها بەسیاسیی و بە حیزبی کرابووبن، ئێستا ئیتر بە دینیکردنیشی هاتۆتەسەر. لە ئێستادا چەندان گروپی دینیی دروستبوون کە سنوور بۆ کاری زانکۆ دادەنێنن و ڕێگا لە باسکردنی ئەم یان ئەو بابەت لەناو هۆڵەکانیدا، دەگرن. ئەمەمان هەم لە هەڵەبجە و هەم لە گەرمیان و هەم لە رانیە بینیی، لەمەشدا ئەو جیاوازییە سادەیە کە مزگەوت لە زانکۆ وەک دوو دەزگای جیاواز لەیەکتری جیادەکاتەوە، ژێرپێ نراوە.  ژینگە ئەخلاقییەکەش لەناو دۆخێکی قەیراناوی گەورەدا دەژیی، کە من لە چەند نووسینێکدا ناوم لێناوە دۆخی «شڵەژانی پێوانەیی». شلەژانی پێوانەیی هێما بۆ ئەو دۆخە رایبەتە دەکات کە تیایدا پێوەرە ئەخلاقییە سەرەکییەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ، راست لە هەڵە، ئەشێ لە ناشێ، جوان لە ناشیرین، لە دۆخی پەککەوتنێکی هەمەلایەندان. بە جۆرێک توانای پۆلینکردنی ئەخلاقییانەی دیاردە و هەڵوێست و گوتار و پەیوەندیی و هەڵسوکەوتەکانی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی کردوە. ژنان دەکوژرێن و کەسانێکی زۆر دەستخۆشی لە ژنکوژەکە دەکەن، دزیی گەورە دەکرێت و کەسانێک شانازیی بە وێنەگرتن لەگەڵ دزەکاندا دەکەن، لەشکری وڵاتان دەهێنرێنە سەر هەرێمەکە و درۆن و رۆکێتەکانیان خەڵکی بێتاوان دەکوژن، کەچی قسە لە هەرەشە و مەترسیی لەسەر ئاسیش ناکرێت، بەڵام ڕێکخراوێکی ژنان باس لەوەبکات ژن و پیاو یەکسانن و یەک مافیان هەیە، یان فرەژنی وەک ناهەقیی بەرامبەر بە ژن و بە خێزان ببینێت، هەزران دەنگ بەرزدەبێتەوە و باس لە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر «ئاسایشی خێزان» دەکەن. ئەم دۆخی شڵەژانی پێوانەییە وایکردوە ژینگەی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە زۆر ڕووەوە، لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا بژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێز و دەسەڵاتی چاودێرینەکراودا کە تییادا بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا، ئەنجامبدات، بەبێئەوەی لە بەرامبەریدا ویژدانێکی ئەخلاقیی ئیدانەکار و بەرگریکەر بوونی هەبێت. بە مانایەکی دیکە قەیرانەکانی ئەم ژینگە ئەخلاقییە بەرەو ئەوەدەچێت ژینگە ئەخلاقییەکە بەرەو ئەوەببات ببێت بە ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی تەندروست“ کە تیایدا مرۆڤەکان یەکتری وەک کەسانی یەکسان و خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، ببینن و مامەڵە بکەن. 


شیكاری:درەو   بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا؛ # زیاتر لە (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە. # بە تێکڕای ڕۆژانە (398 هەزار 704) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. # تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (100.79) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشتووە. # کۆی داهاتی نەوتی هەرێم نزیک لە (12 ملیار و 784 ملیۆن 354 هەزار) دۆلار. # بڕی (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. # بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم. # نەوتی هەرێم لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/12/2022)، بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە. بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل. کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە تشرینی دووەم بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل. هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (398 هەزار و 704) بەرمیل نەوت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان بە تێکڕا لە ساڵی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە. بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (68.06) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 1.    کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (12 ملیار و 748 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی تشرینی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (811 ملیۆن و 875 هەزار و 600) دۆلار.  2.    خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە  کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 215) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار. کەمترین خەرجیش لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (454 ملیۆن و 650 هەزار و 336) دۆلار.  3.    داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2022)دا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن و 823 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) چوارەم: نەوتی بارکراوی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەش لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. بە دوای ئەوانیشدا کرواتییەکان (9%)، رۆمانییەکان (4%)، ئیسپانییەکان (3%)، کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین (2%) و ئەمریکییەکانیش (1%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. (6%)ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییەکان دیار نییە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. -    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. -    نەوتی بارکراوی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10621 -    درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255 -    ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم، کانونی یەکەم)ی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11352 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11546 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11773  


  درەو: مەكتەبی سیاسی یەكێتی لیژنەیەكی لەسەر سێ ئەندامی سەركردایەتی پێكهێناوە، چونەتە بەغداد شایەتیان بۆ لاهور شێخ جەنگی داوە، گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی ناوبردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە یەكێتی دەربكرێن.  بە نوسراوێك كە واژۆی بڕیاردەری یەكێتی (رەفعەت عەبدوڵا)ی لەسەرە لیژنەیەك پێكهاتووە لە كارگێڕێك و دوو ئەندامی سەركردایەتی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو هەڤاڵانەی كە ئەندامی سەركردایەتین و سكاڵایان لە دژی یەكێتی لە بەغداد تۆمار كردووە. لیژنەكە پێكهاتووە لە : •    ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنە. •    سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام •    رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام. پێكهێنانی ئەم لیژنەیە دوای ئەوە دێت هەریەك لە (چەتۆ ساڵح، پەروین كاكەحەمە، سەردار هەركی) ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیرا لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی، ئەوان لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیانداوە و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی ناوبردووە، سەردانی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ بەغداد، بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی نیگەران كردووە، بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) لیژنەكە بە ئاراستەی دەركردنی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیار دەدات. پێشتر بە بڕیاری بڕیاردەر هەریەك لە ( ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن، ژینۆ محەمەد) لە سەركردایەتی یەكێتی دەركران.     


درەو: بە پێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو سەرۆكی ئێستای "بافڵ تاڵەبانی"ە. بە پێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی دادگای بەرایی سلێمانی كردووە و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، ئاماژە بە نوسراوێكی دادگای سلێمانی دەكات كە لە رۆژی 3/10/2022 ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە سەبارەت بە خاوەندارێتی یەكێتی لەرووی یاساییەوە كە بەناوی كێوەیە، لە رۆژی 6/10/2022 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی لیوا هەڵۆ سەعید كە بە هەڵۆ قەرەناوی ناسراوەو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وەڵامی دادگای سلێمانی داوەتەوەو نوسیویەتی: حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەیە بە ژمارە (1208) لە 6/8/1994، سەرۆكی ئێستای حزبەكە ( بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە. (درەو) زانیویەتی بەهۆی دەركردنی ئەم نوسراوەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ هۆشداری داوەتە لیوا هەڵۆ قەرەناوی و پێی راگەیاندووە نوسراوەكە بەبێ ئاگاداری وەزارەت كردووە. ئەم نوسراوە سەرچاوەی ئەو كێشانەیە كە بەم دواییەو جارێكی تر سەبارەت بە خاوەندارێتی و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەری هەڵداوەتەوە، ئێستا كەیسەكە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جوڵێندراوە، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش تاوتوێ دەكرێت و چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەردەم كۆمسیۆن لەم دۆسێیەدا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیان داوە.  لاهور شێخ جەنگی لەرێگەی ئەم كەیسەوە دەوێت بە شێوەیەكی یاسایی جارێكی تر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی یەكێتی وەربگرێتەوە.


 (درەو): چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەغداد، لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتەیان لێوەرگیراوە، بڕیاربوو قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە بەھۆی گومانەكانی چەتۆ ساڵحەوە نەكرا. بەپێی بەدوادچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و سێ ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی چونەتە بەغداد، لە فەرمانگەی حزبە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیراوەو لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە "هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی و دەركردنی ھاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی لە حیزب" شایەتیان داوە. (درەو) زانیویەتی، لیژنەیەك لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر بنەمای وتەی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راپۆرتێكیان بەرزكردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی لەسەر بدەن، چەتۆ ساڵح وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی چوار وتەی لێوەرگیراوە، هەوڵی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتیەی یەكێتی سەرۆك و كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران كردووەو چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی دەركردنیان لەیەكێتی بۆ دەربكرێت.  بڕیار بوو دوێنێ قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح كۆببنەوەو گفتوگۆ بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە نەكرا، سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند" نوسینگەی قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان بە چەتۆ ساڵحەوە كردووە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە كاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببێتەوە، بەڵام چەتۆ ساڵح لەكاتی دیاریكراودا نەچووە بۆ كۆبوونەوەكە، گومانی هەبووە لە كۆبوونەوەی هەندێك هێز لەدەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر،  بۆیە بە نامەیەك نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ناتوانێت بچێتە بارەگای مەكتەبی سیاسی و داوای كردووە كۆبونەوەكە لە ماڵەكەی خۆی بەڕێوەبچێت. چەتۆ ساڵح گومانی هەبووە، ئەو هێزە لە دەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی بووە ئامادەكاری بوو بێت بۆ دەستگیركردن و گەڕاندنەوەی ئەو بۆ سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە بە (درەو)ی راگەیاند، هێز لەو ناوچەیە نەبووەو تەنیا پاسەوانی بارەگای مەكتەبی سیاسی و پاسەوانەكانی قوباد تاڵەبانی لەوێ بوون.  بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا چەتۆ ساڵح وەكو بریكاری وەزیری ناوخۆ دەوامی خۆی دەكات لە وەزارەت و ئامادەنیە پابەبەند بێت بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە. لە دوای دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگەو (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆی راگەیاند چیتر نەچنەوە بۆ دەوامكردن لە وەزارەتەكانیان لە ھەولێر، دوای نزیكەی مانگێك لە پابەند بوون بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل چووەوە هەولێرو لەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات، چەتۆ ساڵحیش چووە دەرەوەی وڵات و لەوێوە گەڕایەوە بۆ هەولێر. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەتۆ ساڵح ئامادەنەبوو دەستلەكاربكێشێتەوەو لای كەسە نزیكەكانی وتوویەتی"هیچ بیانوویەك نیە تا دەستلەكاربكێشێتەوە"، لەبەر ئەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نەنوسیوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بكات. سەبارەت بەوەی بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی پەسەندكردووە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی وت:"شۆڕش ئیسماعیل پێشتر خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، ئەگەر خۆی دەستیلەكارنەكێشایەتەوە مەسرور بارزانی ئامادەنەدەبوو دەستی پێ لەكاربكێشێتەوەو نامەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەدەنوسی بۆ پەرلەمانی كوردستان. سەرچاوەیەكی نزیك لە شۆڕش ئیسماعیل بە (درەو)ی راگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی شۆڕش ئیسماعیل ئارەزوومەندانە نەبووەو لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیدا بووە، هەرچەندە لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەییدا ئاماژەی بە هیچ فشارێك نەكردووە. لە رۆژی 9/8/2022 شۆڕش ئیسماعیل نامەی دەسلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردووەو تیایدا نوسیویەتی" رێگرییەكان گەورەتر بوون لە هەنگاونان بەرەو هێزی نیشتمانی و نیزامی، بۆیە داوای لێبوردن دەكەم و دەستلەكار دەكێشمەوە". رەنگە ئەو رێككەوتنەی كە باس دەكرێت لە نێوان یەكێتی و پارتی كراوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، پێناچێت وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بەتایبەتیش گۆڕانكارییەكان تەنیا دانانی شوێنگرەوەكانی (شۆڕش ئیسماعیل و خالید شوانی) دەبێت لەپەرلەمانی كوردستان. ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە تا ئێستا قوباد تاڵەبانیش ئامادە نیە بگەڕێتەوە بۆناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش پێچەوانی ئەو لێدوان و قسەوباسانەیە كە باس لەوە دەكرێت یەكێتی و پارتی رێككەوتنی كۆتاییان كردووەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولاو  پەرلەمان دەكەن جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان.    


درەو: بەدواداچوونی: رێكخراوی رونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت  دوو دامەزراوەی جیهانی یەکێک نەرویجی و ئەویتر ئەمریکی لە راپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار بەرمیل نییە بەڵکو نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە. هەردوو دامەزراوەی ڕیستاد و ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگەیاندووە، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. ڕاپۆرتەکان کە کۆتای مانگی حوزەیران و سەرەتای تەموزی ٢٠٢٢ بڵاوکراونەتەوە دووپاتیان کردۆتەوە کە بڕی ئەو یەدەگانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناگرێتەوە. ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن ٤٥ بەرمیل نەوت لە هەرێم هەیە بەڵام خەمڵاندنەکە ئەو یەدەگانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا نەسەلمێنراون و هەروەها یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ەوە کورد کۆنترۆڵی لەدەستداوە . بەوپێیە گەر ئاستی نەوتی هەرێم لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە و زیاد نەکات ئەوا تا ٢٤ ساڵی تر نەوت بەرهەم دەهێنرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ی هەرێم لە پێگەی فەرمی خۆی یەدەگی خەمڵێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ٤٥ ملیار بەرمیل دیاری کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوچەکە بەهرەمەندە بە بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتی کە دەکرێت هەناردەی دەرەوەی عێراق بکرێت. ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا U.S.EIA جەختی لەوە کردووەتەوە لە پێناو هەناردەکردنی یەدەگی غازی سروشتی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، بڕێکی زۆر وەبەرهێنان پێویستە و دەبێت بۆرییەکی نوێی غاز دروست بکرێت. بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەو ئاستەنگانەیە کە پەرەپێدانی کەرتی وزەی هەرێم ڕادەگرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ریستاد ئێستا کۆی گشتی ئەو نەوتەی دەتوانرێت دەربهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٩% کەمترە و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە. کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی Rystad Energy کۆمپانیایەکی سەربەخۆی توێژینەوەی وزە و بازرگانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە. ریستاد گەورەترین کۆمپانیای ڕاوێژکاری وزەی سەربەخۆیە و کۆمپانیایەکی شیکاری پێشەنگی جیهانییە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز. کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی سەرەکی شیکاری نەوت و گاز دابین دەکات، بەڵام شیکردنەوەی وزەی نوێبووەوە و شیکاری دەردانی کاربۆن دەکات .جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت و خزمەتگوزاری نەوت و دارایی، کڕیارەکانی بریتین لە دامەزراوەکانی وەک ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی نێودەوڵەتی.


درەو: ئەڤین گۆیی كە 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكەیەو یەكێك بووە لەسەركردە باڵاكانی پەكەكە. ئەمڕۆ تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتەوە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی مەراسیمی ماڵئاوایی لەسەر تەرمەكەیكرا، مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید بەرامبەر تەلاری هونەرە بە دووری (30) مەتر، كە هاوكات مەراسیمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی بەڕێوە دەچوو، بەشێكی زۆری سەركردەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تیایدا بەشداربوون. مەدینە كارا پوری ئەڤین گۆیی لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، وەك كەسوكاری ئەڤین و بنەماڵەكەی بەخێرهاتنەوەی ئەڤین دەكەم بۆ باشوری كوردستان و بەخێرهاتنی خەڵكی باشور دەكەم، شەهیدبوونی ئەڤین لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیرۆز دەكەم، چونكە ئەو بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بووە، داوا لە خوادا دەكەم خوێنی ئەڤین بە فیڕۆ نەچێت چونكە ئەڤین تەنیا شەهیدی یەكەمی بنەماڵەكەمان نییە، بەڵكو لە بنەماڵەكەماندا تائێستا ٦٠ رۆڵەی دیكەمان بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بوون. دواتر پاشان تەرمی شەهید ئامینە كارا بەرەو قەندیل بەڕێكرا. ئەڤین گۆیی ناسراو بە (ئامینە كارا) لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی هیلال سەبار بە ناوچە قالبان لە پارێزگای شێرناخ لە دایك بووە، ماوەی 34 ساڵ گەریلاو فەرماندەبووە لەناو ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواین پلەی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بووەو لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا.   


  درەو: مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان (38%)ی نەوتەكەی بە ئیسرائیل فرۆشتووەو (10%)ی بە وڵاتی چین.  حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی رابردوو (12/2022) بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو لەو ژمارەیە (4 ملیۆن و 650 هەزار) بەرمیل نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە بەرێژەی (38%)ی نەوتەكەی. لە دوای ئیسرائیل كرواتیا دێت كە مانگی رابردوو ( 2 ملیۆن و 230 هەزار) بەرمیل نەوتی لە نەوتی هەرێمی كوردستان كڕیوە بەرێژەی (18%) ئیتالیا بەپلەی سێیەم دێت لە كڕینی نەوتی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 700) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (14%) مانگی رابردوو تایوان (2) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (16%) چین لە مانگی رابردوو (ملیۆنێك و 250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (10%)  رۆمانیا بڕی (650) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (4%) ئەم خشتەیە وردەكاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی كانونی یەكەمی 2022      ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم 


 درەو: ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی  شوێنگرەوەی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوەو دواتریش پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان كۆببێتەوە. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم وەزیرانەی پەسەندكردووە  (شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد) و نوسراوی شوێنگرەوەكانیشیانی ناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ متمانەدان پێیان ئەوانیش: •    رێباز بێركۆتی بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری سەرۆكی  یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی نوسیوە). •    ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە) •    ئەحمەد عەسكەری بۆ شوێنی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد (خالید شوانی بووە وەزیری دادی عێراق) . هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی شوێنگرەوەی وەزیرەكان، لە پارلەمانی كوردستانیش پارتی چەند ئاڵوگۆڕێك دەكات لەوانە: •    هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە، دەبێت لەپەرلەمان پەسەند بكرێت. •    زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، دەبێت لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت. •    لیزا كاكەیی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشتەوە، پێویستە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت •    جوان رۆژبەیانی بووەتە ئەندامی ئەحتیاتی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە پشووی پایزەیدایە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەدوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی (ئەگەر بكرێت)، پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە كۆببێتەوە، هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەدەرەوەی وڵاتن و چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان.    سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، كە كۆمەڵێك فایلی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بیانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتگیر هەیە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كە لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیەوە واژۆی لەسەركرا. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت ئەگەری كۆبوونەوە هەیە بەڵام ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی بەدوور دەزانم، چونكە تا ئێستا نیەتێكی جدی نابینرێت بۆ رێككەوتن تەنیا هەڵمەتی راگەیاندنی نێوانیان راگیراوەو بڕیاری گۆڕانكاری پۆستەكان دراوە، بەڵام لەسەر فایلی دارایی و ئەمنی و پرسی هاوكارجاف و دژەتیرۆرو  پێشمەرگەو دەسەڵاتەكان و دوو ئیدارەیی و دەیان فایلی تر هەر باسی نەكراوەو قوباد تاڵەبانیش نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە كە راگەیاندبوو "قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران" رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەو لێدوانە ئاماژەیەكی روونە كە ئاماژەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر فایلەكان لاوازن، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد ئەوان نەیان شاردەوە كە قوباد تاڵەبانی نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەتا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، چونكە ئەو هیچ هەنگاوێكی جدی نابینێت لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و رێخۆشكردن بۆ كاركردنی هاوبەش بەیەكەوە، مەسرور بارزانی خۆی بڕیار دەدات و بەشی هاوبەشەكانی نەهێشتووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەسرور بارزانی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا مەسرور بارزانی بەرەسمی هیچ نیگەرانی و داواكارییەكی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی قسەو گلەیی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیخاتە روو یاخود پێكەوە تابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین. سەرەرای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بڕیارە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت پرسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەو كشاوەكانیش كەیسێكەو لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندایە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت كە لەكۆبوونەوەی تایبەت بە گۆڕانگاریە وزارییەكان بخرێتە دەنگادنەوە، یاخود دوابخرێت بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمان كە لە 1/3/2023 دەستپێدەكات، هاوكات دۆسیەی پەرلەمانتارە كشاوەكانی (كۆمەڵ و نەوەی نوێ و سەربەخۆ و سی پەرلەمانتاری گۆڕان) بۆ دوابخرێت بۆ كۆتایی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەزری یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لە شایان عەسكەری كە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا، ئەوانەی دیكە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن.   


 درەو: سبەینێ لە یادی سێیەمین ساڵەی كوژرانی قاسم سلێمانیدا مەراسیمی تایبەت لە سلێمانی و هەولێر رێكدەخرێت. سبەینێ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی و لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر مەراسیمی تایبەت بە سێیەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی رێك دەكخرێت، بە پێی زانیارییەكان مەراسیمەكان رێكخراون و ئێرانیەكان میوانن تیایداو بانگهێشتنامە بۆ زۆربەی سەركردەو بەرپرسە حزبی و حكومیەكان نێردراوە.  ئەمڕۆش لە شاری تاران ئەدهەم بارزانی وەك تاكە سەركردە لە هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی كرد .  قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە رۆژی 3/1/2020 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا.  یادكردنەوەی ئەمساڵی كوژرانی قاسم سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تا ئێستا (128) هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە (3) هەزار هاوڵاتی برینداربوون و (2 هەزارو 212) هاوڵاتی كوردیش دەستگیركراون.


درەو:  ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (857) ملیار دینا بووە، هەرێم بە بەهای (ترلیۆنێك و 224 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە،بەڵام (538) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە. پوختە داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی کانونی یەکەم = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به‌ بۆری) •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی کانونی یەکەمی (2022)دا  بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  کانونی یەکەم (80.91) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (68.91) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل X (68.91) دۆلار = (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 224 ملیار و 513 ملیۆن و 472 هەزار) دینار. •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار  X (56%) = (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار X ((1450 دینار = (685 ملیار و 727 ملیۆن و 544 هەزار و 600) دینار خەرجی نەوتە. -    (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50) دۆلار  X (44%) = (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی یەکەم 2022 (دینار) (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (857 ملیار و 285 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار  ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2022


شیكاری: درەو  داهات و خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022؛  🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بریتیی بووە لە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیەوە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) حکومەتی هەرێم (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار داهاتی هەبووە. 🔹 کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 🔹 حکومەتی هەرێم بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی).  یەکەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وربینی نەوتی هەرێم هەردوو چارەکی یەکەم و دووەم (نیوەی یەکەم)ی 2022، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم، دوای لێدەکردنی خەرجی نەوت و دانەوەی بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بڕی؛ (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 227 ملیار و 948 ملیۆن و 435 هەزار و 150) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا، بریتی بووە لە (106.92) دۆلار ، حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (93.56) دۆلار فرۆشتووە، واتە بە زیاتر لە (13) دۆلار کەمتر نەوتی هەرێم فرۆشراوە. بۆ نیوەی دووەمی ساڵی (2022) تا ئێستا حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان ئاستی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نەوتی فرۆشتبێت و بەهەمان بڕی نیوەی یەکەم خەرجی پرۆسەی نەوت بووبێت کە (56%)ە، ئەوا داهاتی نیوەی دووەم کەمتر دەبێت لە نیوەی یەکەم چونکە تێکڕای نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەم هەر بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (13.18%) بەهاکەی لەدەستداوەو تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (94.59) دۆلار بووە، بۆیە حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (13.36) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. بەم پێیەش پوختەی داهاتی نەوتی هەرێ لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەڕێژەی (13.18%) کەم دەکات و دەگاتە (2 ملیار و 531 ملیۆن و 606 هەزار و 57) دۆلاری داهاتی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (3 ترلیۆن و 670 ملیار و 828 ملیۆن و 782 هەزار و 47) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. کەواتە کۆی پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 1/1/2022 – 31/12/2022 بریتییە لە (5 ملیار و 447 ملیۆن و 432 هەزار و 564) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لە تەواوی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1.    داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار. 2.    داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (720 ملیار) دینار. 3.    داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (2 ترلیۆن 400 ملیار) دینار. 4.    هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31.5 ملیار) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (378 ملیار) دینار. 5.    پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ لە ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڕە بودجە و پشک و سلفەیەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە. کەواتە کۆی داهاتی نانەوتی لە تەواوی (2022)دا بەسەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتییەوە بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛ 1.    خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (910 ملیار) دینارە، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022) تەنها (11) موچەی خەرجکردووە ، بەم پێیەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی دابینکردنی موچە ڕۆشتووە بریتیە لە (10 ترلیۆن  و 10 ملیار) دینار. 2.    خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات و لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ ئەم مەبەستە بە خەرج دراوە. کەواتە کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کۆی گشتی؛ داهات، خەرجی و  بڕی سەرڕێژی داهاتی هەرێم 1/1/2022 – 31/12/2022 وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا داهات و خەرجی و سەرڕێژی دهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی ساڵی (2022) دا بەم شێوەیەیە؛ 1.    کۆی گشتی داهات (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 2.    کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆرانی هەرێم  و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان لە تەواوی ساڵدا بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 3.    کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی)  بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/FINAL%20Q2%202022%20Public%20Report.pdf -    عومەر گوڵپی، خستنەڕووی داهات و خەرجی حکومەت و چارەنووسی مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٢)، (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی) 25/12/2022؛ https://www.youtube.com/watch?time_continue=527&v=UfB0-wMrfGg&feature=emb_logo -    Country Economy, Europe Brent Spot Price FOB 2022; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent  


  درەو: عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتی شكاندووەو چووەوە پەرلەمانی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیكرد. فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە رۆژی2022/11/6 لە پەرلەمانی كوردستان كشایەوەو بایكۆتی پەرلەمانی كرد و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ پێش پشووەكانی ساڵی نوێ چووەتەوە پەرلەمان و بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەكانی كردووە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) عوسمان كانی كوردەیی لە رۆژی 2022/12/19 بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كردووە كە لە گەڵ رزگاربوانی ئەنفالكراواندا كۆبوونەوەتەوە. دوای ئەوەی بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) تەمەنی پەرلەمان تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 درێژكرایەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران كشانەوەو بەشێكیشیان بایكۆتیانكرد:  (5) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد. - سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بایكۆتیانكردو كشانەوە. - حەوت پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتیانكرد و كشانەوە - چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتیانكرد و كشانەوە (دواتر عەلی حەمە ساڵح دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد) - شایان عەسكەری پەرلەمانتاری گۆڕان دەستیلەكاركێشایەوەو پەرلەمان پەسەندیكرد. - پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بایكۆتیكرد و كشایەوە.  پەرلەمانتارانی یەكگرتوو: - شێركۆ جەودەت - ئەبوبەكر هەڵەدنی - هلز ئەحمەد - سەرچنار ئەحمەد - ئیسماعیل سگێری   پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ: - كاوە عەبدولقادر - سیپان ئامێدی -مژدە مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆن كۆمەڵ: -    عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن -    هەورامان گەچێنەیی  -    عومەر گوڵپی  -    روپاك ئەحمەد -    عوسمان عەلی -    بەدریە ئیسماعیل -    موسلیم عەبدوڵا چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان -    عەلی حەمەساڵح -    ئاشنا عەبدوڵا -    دابان محەمەد -    شیرین ئەمین پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ -    دیاری ئەنوەر


راپۆرت: درەو ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئەردۆغان بەڵێنیداوە لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەناوخۆی وڵات بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزبكاتەوە، ئەم نەوتە كە لە باكوری كوردستان دەردەهێنرێت لەتوانایدایە رێژەی زیاتر لە 10%ی پێداویستی ناوخۆی توركیا پڕبكاتەوە، هەر لەم ساڵدا توركیا دەیەوێت دەست بكات بە بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای رەش‌و بەمەش رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی نەوت لە باكوری كوردستان‌و دۆخی وزە لە توركیا لەم راپۆرتەدا.  100 هەزار بەرمیل.. روانگەی سەدەیەك ! فاتح دۆنماز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، توركیا لە ئامانجەكەی نزیكبوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەردوو كەرتی گشتی‌و تایبەتدا.  وەزیری وزەی توركیا دەڵێ" ئەم بڕەی وەبەرهێنانی نەوت ئەو قەبارەیە كە لەچوارچێوەی روانگەی سەدەی توركیادا دیاریكراوە".  "سەدەی توركیا" مەبەست لەو روانگەیە كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند‌و تێیدا بەرنامە‌و ئامانجەكانی توركیای بۆ ئەم سەدە خراوەتەڕوو.  نەوتی كوردستان.. چەكی دەستی ئەردۆغان ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەردۆغان دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لە چیای (گابار) لە ناوچەی (شرناخ)ی باكوری كوردستان راگەیاند، ئەم كێڵگەیە لە (4) بیرە نەوت پێكدێت‌و بەرهەمی رۆژانەی ئەم بیرانە لەئێستادا (5 هەزار) بەرمیلە. بەپێی خەمڵاندنەكانی ئەردۆغان، یەدەگی نەوتی بیرەكانی شرناخ قەبارەكەی (150 ملیۆن) بەرمیلە‌و كوالیتییەكەی زۆر بەرزە، بەهای نەوت لەم كێڵگەی باكوری كوردستاندا بە نزیكەی (12 ملیار) دۆلار ئەژمار دەكرێت.  هەر لە ساڵی 2022دا توركیا دۆزینەوەیەكی تری یەدەگی نەوتی لە ناوچەی (چوكورۆڤا) راگەیاند كە مەزەندە دەكرێت ئاستی یەدەگی نەوت تێیدا بگاتە (8 ملیۆن) بەرمیل.  پێنج ساڵ لەمەوبەر بەر كە هێشتا ئەنكەرە پلانی گەڕانی بەدوای نەوتدا نەخستبووەگەڕ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە توركیا رۆژانە تەنیا (40 هەزار) بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا بەگشتی توركیا رۆژانە نزیكەی (65 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت‌و بەپێی قسەی هەندێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە، حكومەت‌و كەرتی تایبەت ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە رۆژێكدا بۆ (80 هەزار) بەرمیل بەرزكردوەتەوە.  بەمدواییە ئەردۆغان وتی" ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023دا كە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبكەینەوە". بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە هاوردەكردنی وزە لە دەرەوە باری سەرشانی بودجەكەی قورسكردووە‌و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان، دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چەكێكی ستراتیژییە بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوری نیشتمانیی، بەتایبەتیش بۆ ئەردۆغان كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە.  لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا كە بەر لە پێنج ساڵ دەستیپێكردووە، توركیا هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چڕكردوەتەوە، لەوكاتەوە ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە توركیا هەندێك لە قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی زیادكردووە، بەڵام هێشتا لەچاو پێداویستی ناوخۆیی بۆ وزە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، هەوڵەكان لەئاستی چاوەڕوانیدا نین.  ئەڵتوغ كاراتاش سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كەرتی وزە‌و ژینگە لە گروپی (مۆسیاد) دەڵێ" خاڵی وەرچەرخانی مێژووی دەبێت ئەگەر وەبەرهێنانمان رێژەی 10% بەكاربردنی ناوخۆیمان پربكاتەوە".  بەگوێرەی قسەی كاراتاش، ئێستا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە توركیا 65 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە‌و ئەم بڕە رێژەی نزیكەی 5% بۆ 7%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكرێتەوە توركیا دەتوانێت رێژەی 10% بۆ 14%ی پێداویستی ناوخۆی وزە دابین بكات. دوای ئاشكراكردنی دۆزینەوە نوێیەكانی چیای (گابار) ئێستا بەگشتی تێكڕای یەدەگی نەوت لە توركیا بە نزیكەی (180 ملیۆن) بەرمیل دەخەمڵێندرێت، لەم بڕە تەنیا نزیكەی (65 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەردەهێنرێت، ئەمەش بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە رۆژانە زیاتر لە (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات بڕێكی زۆر كەمە، بەگشتی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت لە توركیا (780 هەزار) بەرمیلە، ئەمە لەكاتێدایە ئەو وڵاتە ساڵانە زیاتر لە (360 ملیۆن) بەرمیل نەوت هاوردە دەكات.  تاوەكو ساڵی 2021 جوگرافیای كێڵگە نەوتییەكانی توركیا لە هەردوو ناوچەی شرناخ‌و باتمانی باكوری كوردستان چڕبووەوە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا دەسەڵاتدارانی توركیا دۆزینەوەی نەوتیان لە هەردوو ناوچەی (سێرت)‌و (وان) لەباكوری كوردستان راگەیاند لەگەڵ ناوچەی (ئەدەنە) لە نزیك دەریای سپی ناوەڕاست.  بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بە رەزامەندی وەزارەتی وزەی توركیا، لەسەرەتای 2022دا پلانێك بۆ هەڵكەندنی (150) بیر دیاریكراوە.  یەكەم بیرە نەوت كە لە توركیا نەوتی تێدا بەرهەمهێنرابێت دەكەوێتە باكوری كوردستانەوە كە بیری (رامان-8) لە ویلایەتی باتمان، مێژووی هەڵمەندنی ئەم بیرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945‌و لە ساڵی 1948 بەشێوەیەكی كردەیی نەوتی لێ بەرهەمهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەم هەنگاوی توركیا لە گەڕان بەدوای غازی سروشتی مێژووەكەی بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە. ئەوەی ئێستا ناوچەكانی باكوری كوردستان بووەتە چەقی ستراتیژی ئابوری نوێی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕووی سیاسییەوە بۆچونی جیاوازی دروستكردووە، هەندێك پێیانوایە توركیا ئەگەر دەستی بە سامانێكی گەورەی نەوت‌و غاز بگات لە ناوچە كوردییەكان، رەنگە ئەمە وابكات بۆ داهاتوو لەپێناو زامنكردنی وزەدا دەسەڵاتدارانی توركیا هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی كورد بدەن، هەندێكی تر بۆچونێكی جیاوازیان هەیە‌و پێیانوایە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان قۆناغێكی نوێی توندوتیژی دەوڵەتی توركیا دژی كورد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتیش گۆڕینی دیمۆگرافیاو پرۆسەی بە تورككردنی ئەو ناوچانەی كە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە دۆخی (كەركوك) بە نمونە دەهێننەوە.  دەسەڵاتدارانی توركیا كێڵگە نەوتەكەی چیای (گابار)یان بەناوی ئەفسەرێكەوە ناوناوە (ئەسما چەڤیگ)، میدیاكانی توركیا دەڵێن ئەم ئەفسەرە بەهۆی تەقینەوەیەكی پەكەكەوە لە پارێزگای شرناخ كوژراوە، ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێناچێت تەنانەت دوای دۆزینەوەی نەوتیش دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە هێشتا بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بكەنەوە.   توركیا پێویستی بە غازی كوردستان دەبێت ؟  رۆژی دوو شەممەی هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، تێكڕای قەبارەی ئەو غازە سروشتییەی توركیا لە دەریای رەشدا دۆزیوەتەوە بڕی (710) مەتر سێجا-یە، ئەمە دوای دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو كێڵگانەی كە پێشتر دۆزراونەتەوە.  توركیا كە لە سامانی نەوت‌و غازدا هەژارە، بەشێوەیەكی گەورە بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی پشت بە هاوردەكردنی غاز دەبەستێت لە (روسیا‌و ئازەربایجان‌و ئێران)ەوە، ئەمە لەپاڵ هاوردەكردنی غازی شل لە (قەتەرو ئەمریكا‌و نەیجیریا‌و جەزائیرو نەرویژ)ەوە. سەرەتای ساڵی رابردوو ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی ئەنكەرە كرد، داوای لێكرد غازی سروشتی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا بۆ ئەو مەبەستە پرس بە حكومەتی ناوەندی عێراق بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی روسیا‌و ئۆكرایناوە نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە.  توركیا ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لە دەریای ناوەڕاست دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە ناوچەیەكی كێشە لەسەرەو توركیای لەگەڵ یۆنان‌و قوبرس روبەڕووی ئاڵۆزی كردوەتەوە.  بەمدواییە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا بیرۆكەی دامەزراندنی "سەنتەرێكی غاز"ی لە توركیا خستەڕوو، ئەمەش دوای ئەو تەقینەوانە هات كە زیانیان بە هێڵی بۆری غازی (نۆرد ستریم) گەیاند لەژێر دەریای بەلتیك-دا، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بووە هۆی راگرتنی هەناردەی غازی روسیا بۆ ئەڵمانیا.  توركیا لەڕێگەی هێڵەكەی خۆیەوە لە ئازەربایجانەوە بە بۆری (تاناپ)دا غازی سروشتی روسیا هاوردە دەكات. قەبارەی پێداویستی ساڵانەی توركیا بۆ غازی سروشتی لە 2020دا گەیشتوەتە (45 ملیار) مەتر سێجا، ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە ناوخۆدا تەنیا رێژەی 1%ی ئەم پێداویستییەی لەناوخۆدا بەرهەمهێناوە.  بۆیە ئەو دۆزینەوە نوێیانەی كە دەسەڵاتدارانی توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەناوچەكانی (تراكیا)‌و (دەریای رەش) رایانگەیاندووە، وای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە پێشبینی ئەوە بكەن تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی توركیا بتوانێت رێژەی نزیكەی 30%ی پێداویستی ناوخۆی غاز پڕبكاتەوە.  حكومەتی توركیا لە 2020دا دۆزینەوەی بڕی (540 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە ئاوە ئابورییەكانی سەربە توركیا لەناو دەریای رەشدا راگەیاند، بەگوێرەی قسەی ئەردۆغان‌و وەزیری وزەی توركیاش، ئەو غازەی لە كێڵگەی (سەقاریا) دۆزراوەتەوە، لە چارەكی یەكەمی مساڵدا (2023) دەچێتە قۆناغی دەرهێنانەوە.  ئەمە ئەو غازەیە كە هەندێك لە شارەزایانی ئابوری توركیا دەڵێن بە بەرهەمهێنانی دەتوانرێت رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێتەوە‌و بڕی نزیكەی (4 ملیار) دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی وڵات بگەڕێندرێتەوە.   


درەو: بەپێی ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رووداوەكانی 2022ی رۆژهەڵاتی كوردستاندا: (52) هاوڵاتی كورد لە سێدارە دراون (128) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدكراون (3000) هاوڵاتی برینداربوون (155) هاوڵاتی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە (2212) هاوڵاتی دەستگیركراون دەقی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٢٢١٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٥٥ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها ١٢٨ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتی بریندار بوون. ٣٧ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٩ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٥٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون. ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە. سێدارە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ زایینی، لانی کەم سزای سێدارەی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٣٤ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٥ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو. لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێکراوە. کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٦ کەسیان کوژراون و ٢٤٤ کەسیان بریندار بوون. زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٦٣ حاڵەت بووە. هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، ٢٠٦ کۆڵبەر و کاسبکار کە دەکاتە. ٧١. ٣ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٧ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون. کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لانی کەم ١٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ و هەروەها لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی ئەو ١٢٨ کەسە کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون ١١٦ کەسیان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا گیانیان بەخت کردووە و هەروەها ١٩ کەسیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان منداڵ بە هەژمار دێن. لە شۆڕشی ژینادا ١٠ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کردووە کەو ١٠ کەسە لە بەشی دۆخی بەندکراوان هەژمار کراوە. تەقینەوەی مین لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٣٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی. لەو ڕێژەیە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون. دۆخی بەندیخانەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ١٠ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون. هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە. دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەتا ئێستا ناسنامەی ٢٢١٢ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەشداری لە شۆڕشی ژینا، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٣٧ کەسیان ژن و ١٨٠ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ٨٦٥ حاڵەت بووە. سەپاندنی سزا لە ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ١٥٥ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە. بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٣٣ ساڵ و ١ مانگ بەندکران، ٦٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٢٢٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ سیاسی و هەروەها ٢ چالاکی بواری مافەکانی پەلکەزێڕینەکان سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە. مافی کرێکاران بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانی کەم ٥٥ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand