فهرهاد حهمزه، سهرۆكی ئهندازیاران له كۆمپانیای نهوتی باكوور ( مهبهست له وشهی رابردوو ماوهی نێوان ساڵی 1927 تا ڕاپهرینی 1991 ) ه لای ههمووان ئاشكرایه كه له ساڵی (1927) هوه نهوت له شاری كهركوك دۆزراوهتهوهو به سهرهتای سهرههڵدانی پیشهسازی نهوت له عێراقدا دهژمێردرێت ، لهو كاتهوه تا ڕاپهرینی ساڵی 1991 چهندین دهسهڵات له عێراق هاتوونهته سهر حوكم به سهردهمه جیاوازهكانی پاشایهتی و كۆمارییهوه ، ههموو ئهم دهسهڵاتانه له سیاسهتی مامهڵهكردن لهگهڵ نهوتدا یهك رێچكهیان گرتبووه بهر ههموویان له ڕووی ئیدارهدانی كهرتی نهوتهوه عێراقیان وهك یهك یهكهی ئیداری بهبێ جیاوازی سهیر كردووه . لهسهردهمی حوكمی پاشایهتی دا كۆمپانیای نهوتی عێراق IPC)) كه ئینگلیزهكان باڵا دهست بوون تیایدا زۆربهی خاكی عێراقی ڕوو پێو (مسح) كرد پاشان لهسهردهمی حكومهتهكانی دوایاندا جارێكی تر پهڕهی پێ دراوه و توانراوه سهدان ستراكچهری جیۆلۆجی بدۆزرێتهوه كه ئێستا ژمارهیان 570 دانهیه . دواتر له ههر ناوچهیهكدا له یهكێك لهو ستراكچهرانه بیری نهوتیان تێدا ههڵكهندووه سهبارهت به ههرێمی كوردستان (ئهمه له كاتێك دایه شاری كهركوكمان خستۆته دهرهوهی نهخشهی كوردستانهوه) له كۆڕمۆڕ 8 بیر ، له چهمچهماڵ 2 بیر ، تهقتهق 3 بیر ههڵكهنراون . ههموو ئهم بیرانه له چوارچێوهی كێڵگه دۆزراوهكان ( الحقول المكتشفه) به جێهێلدراون بۆ كاتی خۆی به پێی ئهو پلانه زانستییهی دارێژرابوون. كێڵگه نهوتیهكان تا ناوهراستی حهفتاكانی سهدهی رابردوو تهركیزی ههموو بهرههمهێنانی عێراق لهسهر كێڵگهی كهركوك و بای حهسهن و ڕومێله و زوبێر چڕ ببوهوه ، ئهم چوار كێڵگهیه زۆر مهزن بوون كه یهدهكیان خۆی له پهنجا ملیار بهرمیل دهدا وبهشی ههموو عێراقیان دهكرد ههر له بهكاربردنی ناوخۆوه تا ههناردهكردنی نزیكهی 4 ملیۆن بهرمیل له رۆژێكدا ، تهنها له كهركوك له ساڵی 1979 رۆژانه ملیۆنێك و شهش سهد ههزار بهرمیل نهوت بهرههم دههێنرا ئیتر چ پێویست دهكات دهست بۆ كێڵگهی تر ببرێت . كێڵگه نهوتییهكانی ههرێم ههموویان بچوكن و یهدهكیان كهمه له چاو ئهو كێڵگه زهبهلاحانهوه كۆمپانیاكان ئامادهنین مهسرهفێكی زۆری تێدا بكهن چونكه پرۆسهی بهرههمهێنانی نهوت تهنها بیر ههڵكهندن نییه بهڵكو پێویسته به بۆڕی بگهیهنرێنه (وێستگهی جیاكردنهوهی غاز /Degasing station ) پاشان وێستگهی كهپسی غاز دواتر وێستگهی چارهسهرگردنی نهوتهكه له دواییدا گهیاندنی بۆ پاڵاوگهكان ئهوهی دهشمێنێتهوه به بۆری له رێگهی نزیكترین خاڵهوه ههناردهی دهرهوه بكرێت . ههموو كاتێك سهر پهرشتیارانی پرۆسهی نهوت له ههموو سهردهمهكاندا زانستیانه سهیری پرۆسهكهیان كردووه و (جدوی الاقتصادی ) یان خستۆته بهر چاو تا چ ڕادهیهك سوودمهند دهبێت . كهواته پرۆسهی به دهست هێنانی بهروبومه نهوتییهكانی وهك بهنزین و نهوتی سپی .......هتد پرۆسهیهكی زۆر فراوانه و به چهند قۆناغێكدا تێپهڕ دهبێت پێویستی به رووبهرێكی فراوانی زهوی ههیه كهواته لێرهوه دهتوانین بڵێین دهرنههێنانی نهوت له كۆردستان لهبهر بچووكی كێڵگهكانه و كاتی دهست بۆ بردنی زۆری ماوبوو . بۆ سهلماندنی وتهكانمان دهبینین قوببهی خورماڵه كه دهكهویًته سنووری پارێزگای ههولێرهوه پهڕهی پێدراوه و له بهرنامهی حكومهتی عێراقدا بوو چهند كۆمپانیایهكی بیانی بهێنێ و بهرههمهكهی زیاد بكرێت لهبهرئهوهی ئهم قوببهیه قهبارهكهی گهوره بوو شایهنی ئهوه ههبوو كه مهسرهفی لێ بكرێت ، لهساڵی 2008 بهدواوه حوكمهتی ههرێم دهستی بهسهردا گرتووه . كێڵگه غازییهكان سهبارهت به غازیش ئاشكرایه ههردوو كێڵگهی غازی كۆرمۆر و چهمچهماڵ له راپۆرتی كۆتایی (Final report) كۆمپانیای IPC دا باس له بوونی برێكی باش غاز دهكات و یهدهكی ههردووكیان به 3,9 ترلیۆن پێ سێ جا (SCF)له قهڵهم دهدا ، بهڵام دهبینین له هیچ سهردهمێكدا كاری پێنهكراوه و به دهست لێنهدراوی ماونهتهوه وهك كێڵگهیهكی دۆزراوه (حقل مكتشف) چونكه بهرههمی غاز له كێڵگه نهوتیهكانی تری عێراق به كهركوكیشهوه ئهوهنده زۆر بوو بهشی ههموو عێراقی دهكرد به زیادهوه . بۆ زانیاریتان له 27 ی ئازاری 1967 تورگوت ئۆزال كه ئهو كاته ڕاوێژكاری توركیا بوو ( پاشان بوو به سهرۆك وهزیران و سهرۆك كۆمار ) داوای گفتوگۆی له عێراق كرد سهبارهت به ههنارده كردنی غازی سروشتی بۆ توركیا به بڕی 600 ملیۆن پێ سێ جا له رۆژێكدا له 6 ی نیسانی ههمان ساڵ پرۆتۆكۆلێك ئیمزا كرا تا غازی كێڵگهی كۆرمۆر و چهمچهماڵ و غازی تواوهی ناو نهوت ههناردهی توركیا بكرێت ، دواتر كۆمپانیای (بكتڵ) ی ئهمریكا ڕاسپێردا بۆ تهواو كردنی توێژینهوه ئابووری و هونهرییهكان بهڵام له كۆتاییدا شكستی هێنا لهبهر هۆكاری هونهری و ئهمنی . پاڵاوگه : تا ساڵی 1927 هیچ پاڵاوگهیهك له خاكی عێراقدا بوونی نهبووه بهروبومه نهوتییهكانیش له پاڵاوگهی عهبادانی ئێرانهوه هاورده دهكرا . یهكهم پاڵاوگه له عێراق له شاری خانهقین به ناوی (ئهڵوهند) له ساڵی 1927 دامهزرا دواتر له شارهكانی بهسره و بهغدا و كهركوك پاڵاوگهی تر دامهزرێنرا بۆ پڕكردنهوهی پێویستییهكانی وڵات له بهروبومه نهوتییهكان . تا كاتی راپهرینی ساڵی 1991 هیچ پاڵاوگهیهك له ههرێمی كوردستان بنیات نهنرابوو چونكه هیچ كێڵگهیهكی نهوتی پهره پێدراوی نهبوو ئیتر پاڵاوگه له كویوه نهوتی بو بهێنرێت ، له ههردوو شاری موسڵ و ئهنباریش پاڵاوگه بنیات نهنرابوو ، له موسڵ پاڵاوگهیهك دامهزرابوو كه به نهوتی قورسی كێڵگهی (گهیاره ) كاری دهكرد كه تهنها ئهسفهلت ی بهرههم دههێنا . تا ساڵی 1983 و 1984 كه پاڵاوگهی بێجی دامهزرا ههموو پارێزگاكانی باكووری عێراق له پاڵاًوگهی دۆرهی شاری بهغداوه سووتهمهنیان بۆ دههات له شاری كهركوكیش پاڵاوگهیهكی بچووكیش ههبوو كهله توانای دابوو نهوتی سپی و گازوایل بهرههم بهێنێت . شارهزایانی وهزارهتی نهوتی عێراقی پاش دركردن به وهی پارێزگاكانی باكووری عێراق پێویستیان به پاڵاوگه ههیه ئهو كات شارۆچكهی بێجیان بۆ ئهم مهبهسته ههڵبژارد چونكه جێكهوتهكهی ستراتیجی بوو بۆ دابین كردنی ئاو نزیك بوو له رووباری دیجلهوه له ههمان كاتدا دهیتوانی به نهوتی كهركوك و نهوتی بهسره كار بكات ههر كامێكیان پهكی بكهوتایه نهوتی لهوی تر وهردهگرت ، ئهم پاڵاوگهیه زۆر گهوره بوو له رۆژههڵاتی ناوهراست وێنهی نهبوو له توانای دابوو رۆژانه 300 ههزار بهرمیل نهوت پاڵاوته بكات كه بهشی پارێزگاكانی سهڵاحهدین و موسڵ و كهركوك و سلێمانی و دهۆك و ههولێری دهكرد . ئهنجام كهواته یهكهمین فاكتهر له نهبوونی پیشهسازی نهوت له كوردستان بچووكی و كهم بهرههمی كێڵگه نهوتییهكانه كه (جدوی اقتصادی ) نییه ، نهبوونی بهرههمی غازیش هۆیهكهی ئهوهیه ئهو كاته بایهخی غاز له ههموو جیهاندا نهك تهنها عێراق ئهوهنده نهبوو . فاكتهرێكی تریش كه تا رادهیهكی باش گیراوهته بهرچاو ئهویش فاكتهری ئهمنییه بێگومان له ساڵی 1961 هوه له كوردستان شۆرشێكی چهكداری بهرپا كراوه و سهقالمگیری له كوردستاندا نههێشتبوو ئهو كاته هیچ كۆمپانیایهكی بیانی ئاماده نییه له شوێنێكی نا ئارامدا كار بكات و پارهی خۆی بخاته مهترسییهوه ، ئهگهر تا ساڵی 1961 تهنها هۆكاری تهكنیكی ڕێگر بووبێت له پێش بنیاتنانی پیشهسازی نهوت له كوردستان ئهوا له ساڵی 1961 بهدواوه كه شۆرشی كوردی تێدا ههڵگیرسا هۆكاری نهبوونی ئارامی و سهقامگیریشی هاته سهر .
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە ماوەی پێشودا گوێمان لە دەرکردنی چەندان بڕیار بوو بۆ سەپاندنی خواستی پیاوانی دین و خواستی بەشە کۆنەخوازەکەی کۆمەڵگای عێراقی بەسەر هەموواندا. لەوانەش بۆ نموونە، ڕێگرتن لەوەی پارێزەرە ژنەکانی عێراق «تەنوورەی کورت» و «جلی تەسک» لەبەربکەن، لەباتی ئەوە پێویستە و دەبێت ناچاربکرێن «جلی گونجاو» لەبەربکەن. لەهەمانکاتدا یاسا دەردەکەن کە «دوستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان» بە «هەموو جۆرەکان»ییانەوە قەدەغە دەکات. هەرکەسێک بیفرۆشێت یان بیخواتەوە سزابدرێت. ئەم دوو نموونەیە دوو نموونەی زەق و بینراوی پەلاماردانی ئەو جۆرە ئازادیانەن کە لە دونیای ئەمڕۆدا ناوی «ئازدییە مەدەنییەکان»یان لێنراوە. ئەو ئازادییانەی وادەکەن مرۆڤ نەبێتە قوربانیی «دەسەلاتی دەوڵەت» و هێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە حوکمرانەکان، هەروەها نەبێتە قوربانیی دەستی ئەوەی لە دونیای مۆدێرندا ناوی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەڵایەتیی» لێنراوە. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا ئەوەیە کە دەتوانێت بە ئاسانیی بکوژێت و ببڕێت، چەندان هێزی سەربازیی و ئەمنیی و پۆلیسیی ئاشکراو نهێنی هەن کە بە ئاسانی دەتوانن دەست بۆ ورد و دروشتی ژیانی تاکەکەسەکان ببەن. تەکنۆلۆژیایەکی گەورەی کوشتن و جاودێرکردن و دیسپلینکردنیش لەبەردەستدایە کە توانای کۆنترۆڵکردنی تەنانەت ژووری نووستنەکانیشی هەیە. هاوکات کۆمەڵگا خۆیشی لە ڕێگای چەمکەکانی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەلایەتیی»ەوە توانای ئەوەی هەیە کۆی ئەو دید و روانین و تێگەیشتنانە بسەپێنێت کە ئەو زۆرینەیە لەو ساتەدا بە ڕاستی دەزانێت. یەک زنجیرە جەمک و دیدگا هاتونەتەکایەوە کە بەناوی «سەلەف» و «رەسەنایەتیی» و «ئاسایشی ئەخلاقیی» و «کولتوریی باو و باپیران» و چەمکی ترسناکی تری لەم بابەتەوە ئەدوێن. هەم دەوڵەت و هەم کۆمەڵگای مۆدێرن، دوو هێزی گەورە و هەمەتوانان گەر ڕێگەیان لێنەگیرێت دەتوانن ژیانی مرۆڤەکان تەواو لە قاڵببدەن و ئەوەی ناوی ئازادییە تاکەکەسیی و شەخسییەکانە بەتەواوی بسڕنەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو دەتوانن وابکەن مرۆڤەکان ببن بە کۆپی یەکتر و بە کۆپی ئەو مۆدێلە لە مرۆڤبوون کە لەناو عەقڵ و سایکۆلۆژیای پیاوانی دیندا دروستدەبێت. چەمکی «ئازادییە مەدەنییەکان» و خواستی پاراستن و بەرگریلێکردنیان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هاوکێشە لاسەنگ و ترسناکەی سەرەوە لەدایکبووە. ئەو هاوکێشەیە گەر لە ڕێگای یاسا و دەزگا و پرنسیپی پاراستنی ئازادییەکانەوە، ڕێی نەگیرێت، تاکەکەس دەکاتە کۆیلەی حوکمرانان و رای گشتیی و دەزگا و سەرجەمی ئەو کەس و هێزانەوە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و بە چاوساغی کۆمەڵگا دەزانن. ئەوەی ئەو دوو بڕیارەی سەرەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەنجامیئەدات، رێک سەپاندنی روانینی دەولەت و حوکمرانان و ڕای گشتیی ساتەوەختیکی دیاریکراوە، بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگای عێراقیدا. بەسەر ئەو ملیۆنان کەسەشدا کە بەو بڕیارانە ناڕازین و وەک دەستدرێژیی و تەعەداکردن بۆسەر ئازادییە شەخسییەکانی خۆیان وێنایدەکەن. لەم دۆخەدا ئێمە لەبەردەم رووە تاریکەکانی دونیای مۆدێرنداین بەبێ ئەو توانا و یاسا و میکانیزمانەی دەتوانن سنوورێک بۆ ئەو رووە تاریکانە دابنێن. ئەوەی لەم دۆخەدا دەستنیشانی ئەوەدەکات «جلی گونجاو» کامەیە، خودی ئافرەتەکان خۆیان نین، با خوێندەوار و دەرچوی خوێندنی باڵا و پارێزەریش بن، بەڵکو ئەو مەلا و ئیمام و باگخواز و حیزب و کادرە دینییانەن کە بەناوی موقەدەسەوە قسەدەکەن و وا هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی خودا کاغەزی سپی بۆ ئیمزاکردبن. بەم شێوەیە ئەوەی جۆر و شێوازی ئەم «جلە گونجاوە» دەستنیشاندەکات عەقل و زەوق و تێگەیشتنی ئەوان و، ئەو گرێ دەرونیی و کێشە سایکۆلۆژییانەیە کە ئەوان هەڵیانگرتوە. لە هەموو دۆخێکدا ئەوە ئافرەتان خۆیان نین دەستنیشانی ئەوەبکەن چی لەبەربکەن، گرنگ نییە پلەی خوێندەواریان هەرچییەک بێت. ئەم لەشکرە دینییە لە هەوڵى ئەوەدان هەموو ئافرەتانی وڵاتەکە ناجاربکەن ئەوەی ئەوان ناوی «جلوبەرگی شەرعی»یان لیناوە، لەبەربکەن. لای خۆمان ڤێستیڤاڵی گەورە بۆ کردنە سەری حیجاب، کە حیجابێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و حیزبییە، بۆ هەزاران کچی منداڵ و گەنج ڕێکدەخەن، تەلەفیزیۆن و میدیایەکی دینیی بەرفراوان لە ئارادایە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دین بڵاودەکاتەوە و لە کوێشدا بۆیانبکرێت ئەو تێگەیشتنە لەڕێگای هێزەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنن. یەک لەشکر پارت و رێکخراو و کۆڕ و کۆمەل و بانگخوازی دینیی هەمەجۆر هەن چیان بوێت دەیڵێن و دەینووسن و بلاویدەکەنەوە، کەچی لانی هەرەکەمی ئەو ئازادییە سادانە بە کەسانێک نادەن لەخۆیان نەچێت، قسەیەکیان لەسەر دین هەبێت لە قسەکانی ئەوان نەچێت. هەمووان دەبێت ئەو جلانە لەبەربکەن کە ئەوان دەڵێن خودا گوتویەتی لەبەریبکەن و ئەو شتانەش بخۆنەوە یان نەخۆنەوە کە خودا ڕێیداوە مرۆڤ بیخواتەوە یان نەیخواتەوە. هەرکەسێکیش لەم ئەمرە تایبەتانەی ئەوان لابدات، لە ئەمری خودا لایداوە. بۆیە ئەوان لێرە و لە ئێستادا بەناوی خوداوە سزای ئەدەن. بە کورتییەکەی ئەم دۆخە تایبەتەی تێگێشتن لە دین و لە خودا وایکردوە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا قسەدەکات دین نەبێت بەمانا میژوویی و ئینسانییەکەی، بەڵکو ئەو تێگەیشتنە سیاسیی و تائیفیی و میلیشیاییە بێت، کە لە ڕێگای هێزەوە خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت. بەم خۆسەپاندنەش شەقێکی گەورە لە کۆی ئەو ئازادییە مەدەنییانە بدات کە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی هێزگەلێکی وەک ئەوان، دروستبووە. لە سەرجەمی ئەو وڵاتانەدا کە بەناوی ئیسلامەوە خواردنەوە کحولییەکانیان قەدەغەکردوە، جۆرێک لە ئابوریی قاجاغ دروستبووە کە ئەلکهول بە یاساغی لە هەموو شوێنێکدا دەفرۆشێت. زۆرجار بەشێکی گەورەی ئەو ئابورییە قاجاغە بە سەرە گەورەکانی دەسەڵاتەوە گرێدراوە کە بەناوی دینەوە ئەو مادانەیان یاساغکردوە. هاوکات زۆرێکیش لە خەڵک لە مالەکانی خۆیاندا و دوور لەهەر چاودێرییەکی زانستییەوە خۆیان ئەلکهول بەرهەمدەهێنن و دەیخۆنەوە. بێگومان ئەم جۆرە یاساغکردنە تەنها ئابوریی قاچاغ و کێشەی تەندروستیی دروستناکات، بەڵکو کێشەی ئەخلاقیی گەورەش دروستدەکات، لە پێش هەمووانەوە کۆمەڵگایەکی تەواو دووروو دروستدەکات. دوو رووی ناکۆک و دژبەیەک. روویەکیان رووە فەرمیی بینراوەکەیە کە بۆ دونیای دەرەوە، بۆ حیزب و مزگەوت و حوکمڕانان و پیاوانی دین، دروستکراوە. ئەم رووە رووە درۆزنەکەی کۆمەڵگایە. رووکەی تریشیان، رووە راستەقینە و نافەرمی ا یاساغەکەیە، کە کەسەکان بۆ حەز و خواست و ویستە راستەقینەکانی خۆیان دروستیدەکەن. ئەم دۆخە وادەکات ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە هێزی ترسناکی وەک « پۆلیسی ئەخلاق» هەبێت بۆئەوەی ئەو دوو رووە بە تەنیشت یەکەوە بپارێزن. لە راستیدا ئەرکی ژمارەیەکی پۆلیسی ئەخلاق و هێزە هاوشەوەکانی بریتییە لە پاراستن و دریژەدان بەو دووڕووبوونە کۆمەلایەتییە کە باسمکرد. ئەم هێزانەش لە جەوهەریاندا هێزی تەعەداکردنی رۆژانەن لە ئازادییە هەرە سادەکانی مرۆڤ بەناوی ئەخلاق و دین و رەسانەیتییەوە.
(درەو): یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنی هەولێرو بەغداد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت جێبەجێكرا، بەپێی ئەو بڕگەیە داهاتی نەوتی هەرێم لە بانكێكی ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام كۆمپانیایەكی جیهانی وردبینی تێدا دەكات. بەگوێرەی نوسراوێك كە رۆژی 27ی نیسانی رابردوو، ئاڕاستەی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت "سۆمۆ"ی كردووە، بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، لارییان نییە لەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بخرێتە (Citi Bank) كە لە ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبییە. لەم نوسراوەدا كە كەناڵی (عهد)ی سەربە قەیس خەزعەلی بڵاویكردوەتەوە، بانكی ناوەندیی عێراق مەرجی داناوە كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی راسپێردرێت بە وردبینیكردن لە حساب بانكییەكەی هەرێم لە (سیتی بانك). هەر لەم نوسراوەدا، بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، بەوپێیەی ئەوان سودمەند نین لە فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی هەرێم سودمەندە، بۆیە حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەر بژاردەیەك دەگرێتە ئەستۆ كە پشتی پێببەستێت بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتانە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو رێككەوتنەی كە لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردوویانە، حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (سیتی بانك)ی ئەبوزەبی دابنرێت، بۆیە ئەم نوسراوەی بانكی ناوەندی عێراق وەكو جێبەجێكردنی یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە تەماشا دەكرێت. دهقی نوسراوهكه:
(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا لیستی موچەی مانگی نیسانی رانەگەیاندووە، چاوەڕێی هاتنی 400 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكات، تەنانەت بە پارەكەی بەغدادیشەوە حكومەت نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ خەرجی موچە. وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 6ی نیساندا دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (ئازار) كرد، ئەمڕۆ 7ی ئایارە، هێشتا لیستی موچەی مانگی (نیسان)ی رابردووی رانەگەیاندووە. فرۆشی نەوت كە سەرچاوەی 77%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بوو (بە خەرجی موچەشەوە)، بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوت راوەستاو هەرێم ئەم سەرچاوە گرنگەی داهاتی لەدەستداوە، ئێستا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی داهاتی نەوت تا ئەوكاتەی بودجەی گشتی عێراق پەسەند دەكرێت، حكومەتی بەغداد بڕیاریداوە مانگانە بڕی (400 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەم بڕە پارەیە رێژەی تەنیا 44%ی خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، ئەمە جگە لە خەرجییەكانی تر، پاشماوەی كورتهێنانی خەرجی موچە دەبێت حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ پڕیبكاتەوە. بۆ موچەی مانگی نیسان هێشتا حكومەتی فیدراڵ (400 ملیار) دینارەكەی نەناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە ئەم هەفتەیە پارەكە بگات. ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەم هەفتەیەدا (400 ملیار) دینارەكە بنێرێت، حكومەتی هەرێم بڕی (200 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی دەخاتە سەر، ئەمە لەگەڵ بڕی (100 ملیار) دیناری تر كە لەبەردەستی حكومەتدا ماوەتەوە، لەپاڵ ئەمەدا حكومەت مانگانە بڕی زیاتر لە (31 ملیار) دینار وەكو یارمەتی بۆ پێشمەرگە لە هاوپەیمانان وەردەگرێت، واتا بەتێكڕا حكومەتی هەرێم بڕی (731 ملیار) دیناری لەبەردەستدا دەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، لەم حاڵەتەدا حكومەت بۆ دابینكردنی خەرجی موچە بڕی نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە بەردەوام یەكێك لە تەكنیكەكانی حكومەتی هەرێم بووە بەمەبەستی كۆكردنەوەی زیاتری داهات، دواخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان) ئەو دەرفەتە بە كابینەی نۆیەم دەدات كورتهێنانی خەرجی موچە لەرێگەی كۆكردنەوەی داهاتی زیاتری ناوخۆوە پڕ بكاتەوە. ئەم دۆخی كورتهێنانە تا پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق بەردەوام دەبێت، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق كراوە، بڕیارە لەم مانگەدا پرۆژەكە پەسەند بكرێت. بەپێی قسەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە پرۆژە یاسای بودجەدا مانگانە بڕی (775 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە، ئەمە لەگەڵ بڕی (112 ملیار) دیناری مانگانە بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم. واتای دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، دەبێت حكومەتی عێراق مانگانە بە تێكڕا بڕی (887 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرو خانەنیشیانی هەرێم بنێرێت، بەمەش حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە پڕبكاتەوە كە مانگانە زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، هەڵبەت ئەگەر هەردوو حكومەتەكە پابەند بن بە یاسای بودجەو هاوشێوەی رابردوو هیچ یەكێكیان ئەوەی تر بە پێشێلكردنی یاسای بودجەو رێككەوتنەكان تۆمەتبار نەكات.
درەو: لەدوای سەردانەكەی بار بارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ لە نێوان تیمی وزاری یەكێتی و پارتی هەیەو هەوڵێك هەیە بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر سەر بگرێت چوارشەمە تیمی وزاری یەكێتی بەشداری كۆوبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن. سەرچاوەیەك لە تیمی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: لەدوای سەردانەكەی یاریدەردەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و داواكردنی بۆ رێككەوتن و گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتی و پارتی گفتوگۆیان دەستپێكردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر گفتوگۆكان ئەرێنی بن، چوارشەممە تیمی یەكێتی یاخود یەكێك لە ئەندامانی تیمی یەكێتی (د. دارا رەشید) بە راپۆرتێكی یەكێتیەوە دەچێتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لەوێدا گفتوگۆی كێشەكان دەكرێت، چونكە تا ئێستا مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت كێشەكان لە ئەنجومەنی وەزیران یەكلابكرێنەوەو گفتوگۆیان لەسەر بكرێت. لە ئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لە پرسی دارایی و كورتهێنانی سلێمانی كە یەكێتی راپۆرتێكی لەبارەوە پێشكەشكردووە، بڕینی بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی، پرسی كوژرانی هاوكار جاف. هەفتەی رابردوو هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی (د. دارا رەشید) وەزیری پلانادانراپۆرتی یەكێتی بەرێتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لەوێدا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بەڵام بەهۆی هەڵمەتی ئیعلامی نێویانیان ئەو هەوڵە شكستی هێنا. ماوەی زیاتر لە (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بایكۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووەو نزیكەی چوار منگیشە تیمی وزاری یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە.
درەو: - كادریان لادەبەرد و دەیاندا بە كوشت لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسە حەزی پێنەبووە... - مامۆستا جەعفەر تەنیا لەبەر ئەوەی عەرەبی دەزانی كردیان بە ناوەندی كۆمەڵە ... - كاك نەوشیروانم بینی وتم ئەوە چیە خەڵك دەگرن لەسەر بۆچونی جیاواز.. وتی ئێرە سویسرا نیە ... - مام جەلال كردی بە قیژەقیژ و لێم توڕە بوو.... - نیشتمان پەروەریان نەهێشت، قەومیەتیان نەهێشت... - ئەوەی ئێستا شەڕی سوڵتەو پارەیە..... - ئەزانن چی چاوەڕێی ئەم میللەتە بەدبەختە دەكات بەدەست ئەم حزبە نەفامانەوە........ روناك شێخ جەناب (بەشی یەكەم) روناك شێخ جەناب (بەشی دووەم)
شیكاری: درەو رۆژی (5ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (19 ترلیۆن و 207 ملیار) دینار بووە، کە (96.5%)ی داهاتی نەوت و(3.5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. بڕی زیاتر (2 ترلیۆن و 233 ملیار) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووەو بە پوختی نزیکەی (17 ترلیۆن و 669 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە. 🔹 لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (11 ترلیۆن 554 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (88.7%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. تەنها (ترلیۆنێک و 468 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11.3%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (25.2%) و زیاتر لە (4 ترلیۆن 645 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 572 ملیار) دینار زیاتر، بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (ترلیۆنێک و 482 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر لە (82 ملیار 741 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (7 ملیار و 196 ملیۆن) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) کە لە (5ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (19 ترلیۆن و 902 ملیار و 612 ملیۆن و 429 هەزار و 264) دینار، بەجۆرێک بڕی (19 ترلیۆن و 207 ملیار و 539 ملیۆن و 763 هەزار و 376) دیناری بەڕێژەی (96.5%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (695 ملیار و 72 ملیۆن و 665 هەزار و 888) دینار، بەڕێژەی (3.5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 233 ملیار و 629 ملیۆن و 735 هەزار و 678) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیة) کورتی هێناوە و بە پوختی (17 ترلیۆن و 668 ملیار و 982 ملیۆن و 693 هەزار و 586) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک و دووی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 23 ملیار و 220 ملیۆن و 758 هەزار و 159) دینار، بەجۆرێک بڕی (11 ترلیۆن و 554 ملیار و 454 ملیۆن و 370 هەزار و 557) دیناری بەڕێژەی (88.7%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 468 ملیار و 776 ملیۆن و 387 هەزار و 602) دیناری بەڕێژەی (11.3%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی کانونی دووەم و شوباتی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (ترلیۆنێک و 468 ملیار و 766 ملیۆن و 387 هەزار و 602) دیناری بەڕێژەی (11.3%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (18 ملیار و 384 ملیۆن و 372 هەزار و 118) دیناری بە ڕێژەی (1.3%) بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (233 ملیار و 893 ملیۆن و 375 هەزار و 736) دیناری بە ڕێژەی (15.9%) بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (177 ملیار و 401 ملیۆن و 336 هەزار و 708) دیناری بە ڕێژەی (12.1%) بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (882 ملیار و 89 ملیۆن و 193 هەزار و 984) دیناری بە ڕێژەی (60.1%) بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (156 ملیار و 998 ملیۆن و 109 هەزار و 56) دیناری بۆ بە ڕێژەی (10.7%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 23 ملیار و 220 ملیۆن و 758 هەزار و 159) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (17 ترلیۆن و 668 ملیار و 982 ملیۆن و 693 هەزار و 586) دینار. واتە بڕی (4 ترلیۆن و 645 ملیار و 761 ملیۆن و 935 هەزار و 427) دیناری بەڕێژەی (25.2%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە مانگی کانونی دووەم و شوباتی 2023 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 572 ملیار و 540 ملیۆن و 986 هەزار و 131) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (82 ملیار و 741 ملیۆن و 555 هەزار و 456) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (2 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (7 ملیار و 608 ملیۆن و 44 هەزار و 949) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (ترلیۆنێک و 482 ملیار و 602 ملیۆن و 998 هەزار و 47) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 18 ملیار و 663 ملیۆن و 729 هەزار و 100) دیناری بە ڕێژەی (69%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (463 ملیار و 939 ملیۆن و 268 هەزار و 947) دیناری بە ڕێژەی (31%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط 2023 للموازنە الاتحادیة
(درهو): كچێك له كهمپی شاندی تۆپی پێی ئافرهتانی كوردستان له فهرهنسا ههڵاتووه بهمهبهستی وهرگرتنی مافی پهنابهرێتی و مانهوهی له ئهوروپا، لهسهر ئهم كهیسه یهكێتی تۆپی پێی عێراق و بهڕێوهبهرایهتی وهرزشی كوردستان یهكتر تۆمهتبار دهكهن. یهكێتی تۆپی پێی عێراق دهڵێ ئهو وهفدهی ئێستا له فهرهنسایه سهربه یهكێتیی تۆپی پێی عێراق نییه، بهڕێوهبهرایهتی وهرزشی كوردستانیش دهڵێ تیپی تۆپی پێی ئافرهتان لهژێر سهرپهرهشتی یهكێتی تۆپی پێی عێراقدایه. تیپی تۆپی پێی ئافرهتانی كوردستان بهمهبهستی سازدانی كهمپێكی راهێنانی چووهته فهرهنسا. روونكردنهوه بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی وهرزشی ههرێمی كوردستان روونكردنهوهیهك بۆ رای گشتی دهدات كه شاندی تۆپی پێی ئافرهتان گهشتێكی بۆ فهڕهنسا كردبوو دوای رێككهوتنی یهكێتیی تۆپی پێی عێڕاق و سهنتهری نیشتمانیی فهڕهنسی بۆ تۆپی پێ له كلێرفونتین، ئهویش به پشتبهستن به نووسینی داوهتنامهی هاوپێچ لهگهڵ ئهم روونكردنهوهیه به زمانی ئینگلیزی و دووپاتی دهكاتهوه كه یهكێتیی تۆپی پێی فهڕهنسی، داوهتنامهكهی ئاراستهی شاندی عێڕاقی كردووه نهك كوردستانی. ههروهها ئهو كچه یاریزانهی كه له كهمپهكه رای كردووه، پێشتر لهسهر داوای سائیر كازم رێكخهری ئهم گهشته بووه و له ریزی شاندهكه نهبووه. پێشتریش تیپی تۆپی پێی ئافرهتان چهندین خول و سهربازگهی ئهنجام داوه له عێڕاق له ژێر سهرپهرشتیی یهكێتیی تۆپی پێی عێڕاق. بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی وهرزشی ههرێمی كوردستان 6-5-2023
درەو: راپۆرتێکی شیکاری: د. ئامانج رەحیم پێشەکی دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاساکە لە رۆژی ٦/٤/٢٠٢٣، ئەم رۆژانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 تاوەکو 2025 مشتومڕی جیدی دەکرێت. زۆر ئاشکرایە کە پشکی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی کە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ٣ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی کە تا ساڵی ٢٠٢٦ هیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت. بەپێی مادە و بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ١٣/٣/٢٠٢٣ کە ئێستا لە ئەنجوموەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژە یاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی هاتوو لە کۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لێرەدا لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، شیکارییەکی پیشەییانە دوور لە هەر بۆچوون و دیدێکی سیاسی دەکەین بۆ دەقی مادە و بڕگەکانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەکان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەک دەنگ و یەک دەست بین و دوور لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئێستا کاریان لەسەر بکرێت. زانیارییە گشتییەکان لەسەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣: لە پڕۆژە یاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی ٣ ملیۆن و٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستانیش لەخۆ دەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داهاتی ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٣ ملیار دیناری هەبێت. هەروەها پێشبینی کراوە داهاتی نێوخۆی نانەوتی عێراق ١٧ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بێت. بەو پێیەش کۆی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی عێراق بە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٣ ملیار دینار خەمڵێندراوە. ئەمە سەبارەت بە داهاتەکان. بەڵام حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازکراودا دایناوە 199 ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار خەرج بکات و بەوپێیەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی ٦٤ ترلیۆن و٤٧ ملیار دینار کورتهێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت. لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە لەسەرەوە باسکرا بەشی زۆری، واتە 133 ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار، بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکراوە، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێکی کەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆی داهاتی عێراق و خەرجییەکانی بەکاربردن، دەبینین لەیەکەوە زۆر نزیکن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە بودجەی ٢٠٢٣ بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی ڕاستەقینە (الانفاق الفعلي) بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت. کۆی گشتی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان 49 ترلیۆن و ٤٦٢ ملیار دینارە کە بە شێوازی خوارەوە دابەشکراوە: پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی بە بڕی 38 ترلیۆن و ٣٤ ملیار دینار. پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی 9 ترلیۆن و٩٤٧ ملیار دینار. پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەلایەن TBI بە بڕی 1 ترلیۆن و ١٧٥ ملیار دینار. خەرجییە سیادییەکان: لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە 58 ترلیۆن و ٢٩٤ دینار بۆ خەرجییە سیادییەکان دانراوە کە دەکاتە ڕێژەی ٣٠%ی تەوای بودجەکە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان چونکە میکانیزمەکە وایە کە دوای داشکاندنی خەرجی سیادی و حاکمە ئینجا بەشەکەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢،٦٧% دەستنیشان دەکرێت. لە خەرجییە سیادییەکاندا 23 ترلیۆن و ٥٠٨ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 3 ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە). هەروەها لەو چوارچێوەیەدا تەنها 3 ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی پەیوەست بە (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە). لە خەرجییە سیادییەکاندا هەروەها 9 ترلیۆن و ٧٦٤ ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە. لە خەرجی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنها بڕی 228 ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە. شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان: لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشکی هەرێمی کوردستان رەچاوکراوە: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية): بەپێی مادەی (١٢/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ه) بڕی 9 ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە ٧٧٥ ملیار دینار کە ژمارەیان بە ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی ٢٠٢١ ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی ٣ ترلیۆن و ٥٢٥ ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە. هەروەها بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، بڕی 1 ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار. بەم شێوەیە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی ٨٨٧ ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ کە ئەمەش نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا کە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ ٩١٠ ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە؛ ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بڕی ٢٥ ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پڕکردنەوەی زەحمەت نابێت. جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە). پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرأسمالية): بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤) و (١١/ دووەم-ه)، بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. و بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی 276 ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە. لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلیی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان. داهاتی دەروازە سنوورەییەکان: داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (١٩/ دووەم) و (١١/ دووەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک ٥٠%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. پێترۆ دۆلار: بەپێی مادەی (٢/یەکەم-٥أ)، بڕی 664 ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (٥% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. مووچەی پێشمەرگە: ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە. بەپێی خاڵەکانی سەرەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە ئەگەری خەرجکردنی ١٠٠%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە 18 ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار و مانگانە دەکاتە 1 ترلیۆن و ٥٢٦ ملیار دینار. پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی 1 ترلیۆن و ٢٥٧ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش. پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان: تاوەکو ئێستا خاڵەکانی سەرەوە پەیوەست بوون بەو پارەیەی کە بەپێی رەشنووسی بودجە تەرخانکراوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان دەبێت بە خاڵەکانی خوارەوە پابەند بێت: ١. پابەندیی نەوتی بە هەناردەکردنی بڕی٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ کە مانگانە داهاتەکەی بە 1 ترلیۆن و٩٢ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت (بێ ئەوەی خەرجییەکانی نەوتی لێ دابشکێندرێت) . ٢. رێژەی ٥٠% لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان کە مانگانە بە 65 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت. ٣. قیستی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانکی (الفوائد المصرفية) کە مانگانە 53 ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینارە. بەو پێیەش کۆی گشتیی پابەندی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا دەکاتە 1 ترلیۆن و ٢١٠ ملیار دینار و لە ماوەی یەک ساڵدا دەکاتە 14 ترلیۆن و٥٢٠ ملیار دینار. بەڵام کێشەیەکی بەرچاو لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق وەک چۆن لەسەرەوە باسکرا، بڕی 3 ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئەگەر مەرجە داراییەکانی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان وەک ئێستا بمێننەوە بە بێ گۆڕانکاری ئەوا بەپێی راپۆرتەکانی ساڵی 2022ی کۆمپانیای وردبینیی دارایی (دیلۆیت) خەرجییە فیعلییەکانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاترن و بڕەکە لە ساڵێکدا (٥ ملیار و ١٤٩ ملیۆن دۆلار)ە، واتا 6 ترلیۆن و٦٩٤ ملیار دینارە و بەوپێیەش هەرێمی کوردستان بڕی 2 ترلیۆن و ١٦٩ ملیار دۆلار کورتهێنانی بۆ دروست دەبێت بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی نەوت، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و یان دەبێت گۆڕانکاری لە مەرجەکانی دارایی گرێبەستە نەوتییەکان بکرێت یان ئەم تەرخانکردنە دەبێت زیاد بکرێت، ئەگینا هەرێمی کوردستان ناتوانێ پابەندیی نەوتی خۆی بەم مەرجانەی ئێستا جێبەجێ بکات. بەشی هەرێمی کوردستان لە قەرزەکانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق: بڕی 62 ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخانکراوە کە بە قەرزی دەرەکی تەمویل دەکرێن بەم شێوەیە: (46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ / 2 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پلاندانان) لە کۆی گشتی قەرزی دەرەکی کە دەکاتە 10 ترلیۆن دینار و پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو قەرزانە یەکسانە بە رێژەی ٠.٦%. سەرچاوەی ئەو قەرزە دەرەکییانە بریتییە لە (بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی، سندووقی سعودی بۆ گەشەپێدان، یەکێتیی ئەوروپا، قەرزی ئەمریکی و بەریتانی ( (UKEFو ئەڵمانی و ئیتاڵی، GE، سندووقی کوێتی، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان). (بۆ زانیاری زیاتر سەیری خشتەی بڕگەی دووەمی ماددەی دووەمی رەشنووسی یاسای بودجە بکە). ئەو تەرخانکردنەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێشێلکردنێکی ئاشکرای ئەحکامی بڕگەی یەکەمی مادەی (١٠٦)ی دەستوورە کە دەسەڵاتی فیدراڵی پابەند دەکات بە دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەخشین و هاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی ١٢.٦٧% حیساب بکرێت ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان یەکسان دەبێت بە بڕی ١ ترلیۆن و 267 ملیار دینار نەک تەنها (62 ملیار) دینار. جگە لەوەش، قیستی قەرزی دەرەکی و ناوخۆ و هەروەها سوودەکانیان لەنێو خشتەی خەرجییە سیادییەکاندا دانراوە کە هەمووى لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت پێش ئەوەى پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە حیسابی بۆ بکرێت و بۆ ساڵى ٢٠٢٣ خەرجییە سیادییەکان دەکاتە 58 ترلیۆن و 294 ملیار دینار (بە رێژەی ٢٩.٢٦%ی کۆی خەرجییەکان) و بە بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەو قەرزانە بەگوێرەی شایستە دەستوورییەکەی. پێویستە ئاماژە بە مادەی (4) لە رەشنووسی یاسای بودجە بکرێت کە تێیدا هاتووە (ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەتوانێت لە کاتی پێویستدا گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان ئەو تەرخانکردنانەی قەرزدا بکات کە لەم یاسایەدا هاتووە و سوودمەندی قەرزەکە بگۆڕێت). بەم شێوەیە لە رەشنووسی یاساکەدا دەسەڵاتی راستکردنەوەی ئەم بابەتە دراوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە رێگەی ئەنجامدانی گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان تەرخانکردنی قەرزەکان و گۆڕینی سوودمەندی قەرزەکە بە ئاڕاستەی دەستەبەرکردنی شایستە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر میزاجی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئایا ئەم دەسەڵاتەی بەکاردەهێنێت تا هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە قەرزەکان وەربگرێت یان نا؟ بۆیە وا باشترە بە دەقی یاسایی روون ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە نەک بدرێتەوە دەست حکومەتی عێراقی. جێکردنەوەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣: وەک ئاشکرایە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقی فیدراڵ لەسەر رێژەی ١٢.٦٧% لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجییەکانی فیعلی دەستنیشان دەکرێت هەروەک لە مادەی (١٢) لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە، بەڵام ئەمەش دوای داشکاندنی خەرجییەکانی (النفقات السيادية والحاكمة). لەناو خشتەی خەرجییەکانی سیادییشدا سەرجەم بەرکەوتەی گەڕانەوەی قەرز و سوودەکانی ئەو قەرزانەی لەخۆگرتووە و لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە بە بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەم قەرزانە. هەرچی پەیوەندیدارە بە ئیدیعای هەرێمی کوردستان بۆ شایستە داراییەکانی پێشووی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢ لەناویشیدا بابەتی گەڕانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە بەگوێرەی بڕگەی (یەکەم) لە مادەی (١٣) لە پڕۆژە یاساکە جێهێڵدراوە بۆ وردبینیکردنی لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان و عێراق و هیچ تەرخانکراوێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان نەکراوە لە خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی مادەی (١٥) لە یاسای فیدراڵی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ هاتووە کە نابێت زێدەڕەوی بکرێت لە خەرجییەکانی هاتوو لە یاسای بودجە لەبەر هەر هۆ و پاساوێک بێت و نابێت هیچ پابەندییەک پارەی بۆ خەرج بکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت لە ناو یاسای بودجەدا. ئاستەنگەکانی بەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەکانی هاوپێچی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێگیر کراون: ١. کۆی گشتیی بەشی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ خەرجییەکانی (النفقات الجارية والرأسمالية) دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٦١٠ ملیار دینار بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣، ئەمە سەرەڕای بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات السيادية) بەم شێوەیە: أ) ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار؛ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی تەرخانکراوی هێزە زەمینییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری. ب) ١ ترلیۆن و ٤٢٨ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە. ج) ٢ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بۆ خەرجیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بەم شێوەیە کۆی گشتی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات الجارية والرأسمالية والسيادية): ٢٠ ترلیۆن و ٤٨٦ ملیار دینار. ٢. راستە ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە لە خشتەکانی هاوپێچی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێگیرکراوە، بەڵام ئەم ئاستەنگانەی خوارەوەیان هەیە لەبەردەم خەرجکردنی ئەم بڕە پارانە بۆ هەرێمی کوردستان: أ) ئاستەنگی خەرجیی فیعلی (الإنفاق الفعلي): لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ یەکەم جار لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەستەواژەی (النفقات الفعلية) وەک بنەما بۆ هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان بەکارهێندرا. بەمجۆرە وەزارەتی دارایی رێژەی ١٢.٦٧%ی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای داهاتی فیعلی بەردەستی وەزارەتی دارایی خەرج دەکات کە بە بڕی ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٣ ملیار دینار خەمڵێندراوە نەک خەرجییەکان کە بە ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار دانراوە. ب) ئاستەنگی رێژەی تەرخانکراوی مووچەی هەرێمی کوردستان لە چاو بەغدا ئەگەر (خەرجى فیعلى) بکرێتە بنەما : کۆی گشتیی تەرخانکراوی مووچە لە سەرتاسەری عێراق ٥٩ ترلیۆن دینارە و ئەوەی هەرێمی کوردستان ٩ ترلیۆن دینارە. بەم شێوەیە مووچەی هەرێمی کوردستان رێژەی ١٥.٢٥%ی تەرخانکراوی مووچەی عێراق پێکدەهێنێت و ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق ٤ ملیۆن و ٩٦ هەزار و ٨٠١ فەرمانبەرە و هەرێمی کوردستان ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەرە. بەم شێوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رێژەی ١٦.٦% لە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق پێکدێنێت نەک رێژەی ١٢.٦٧%. ج) کۆی گشتیی مووچەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی (خانەنشینی) عێراق بریتییە لە ٢٨ ترلیۆن دینار و هەرێمی کوردستان ١ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار. ه) تەرخانکراوی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە ناو تەرخانکراوی هێزەکانی وشکانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری کە وا باشتر بوو لە خانەیەکی سەربەخۆ لەناو تەرخانکراوی (النفقات السيادية)دا بووایە. و) میکانیزمی دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە رێژەی ١٢.٦٧% لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجیی فیعلی لە دوای داشکاندنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و ئەوەی کە دەمێنێتەوە ١١٧ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینارە، نەک لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجییەکان کە بە بڕی ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار دەستنیشان کراوە. ز) دەزگای ناوەندیی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، بەپێی نووسراویان ژمارە (12899) لە ١٩/١٢/٢٠١٧ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی بەپێی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2018 دیاریکردووە و بە ٥,٣٠٩,٤٠٥ کەس خەمڵاندووە کە 14%ی کۆی خەمڵاندنی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، کە دەکاتە ٣٨,١٢٤,٢٠٠ کەس، نەک رێژەی 12.67%. ٣. بڕی پارەی پێویست بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل/ رۆژانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی ٥ ملیار و ١٤٩ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای وردبینیی (دیلۆیت)ەوە خەمڵێندراوە کە دەکاتە ٦ ترلیۆن و ٦٩٤ ملیار دینار، بەڵام لەناو خەرجییەکانی (النفقات السيادية)دا تەنها بڕی ٣ ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار دینار دانراوە. بەم شێوەیە کورتهێنانێکی گەورە دروست دەبێت بە بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٢٠ ملیار دینار و ئەگەر پڕنەکرێتەوە ئەوا هەرێمی کوردستان ناتوانێت کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە، ئەمە جگە لە قەرز و پارەى پێشەکیى وەرگیراو لە کڕیارانى نەوت و پابەندە داراییەکانی پێشوو پەیوەندیدار بە نەوت و گاز لە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە هیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ٤. لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ جگە لە دەستەواژەی (النفقات الفعلية) دەستەواژەیەکی نوێش هاتوەتەکایەوە کە ئەویش ئەوەیە هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............ وبما لايزيد عن النسبة ذاتها من الإيرادات النفطية وحصة الخزينة من إيرادات المنافذ الحدودية)، بەم شێوەیە هیچ نرخێک بۆ ئەو ژمارانە نامێنێتەوە کە لە خشتەکانی هاوپێچی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و وەکو ساڵانی پێشوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرێمی کوردستان قەرزدار دەکات لەبەردەم حکومەتی فیدراڵی، هەروەک لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بینیمان. پێشنیاری چارەسەر: ١. لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلية) لە هەردوو بڕگەی (یەکەم) و(دووەم) لە مادەی (١٢) لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە: (المادة 12: أولاً- تحدد حصة إقليم كردستان من إجمالي النفقات المبينة في الجدول............. ثانياً: تحدد حصة إقليم كردستان من مجموع النفقات الجارية ونفقات المشاريع الإستثمارية بعد إستبعاد النفقات السيادية....... ). ٢. سەرەڕای لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلية)، پێویستە ئەم دەستەواژە نوێیەش لاببردرێت کە ئەویش ئەوەیە هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............ وبما لايزيد عن النسبة ذاتها من الإيرادات النفطية وحصة الخزينة من إيرادات المنافذ الحدودية). ٣. لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی پێشنیازی هاتوو لە بڕگەی (١)ی سەرەوە، ئەو کات پێویستە وەک بژاردەی دووەم خەرجییە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجییە فیعلییەکانی سەرتاسەری عێراق هەژمار بکرێت، نەک تەنها لەسەر خەرجییە فیعلییەکانی پانزە پارێزگاکەی دیکەی عێراق، و لەناو یاسای (قانون الإدارة المالية الإتحادية) ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ و لە بڕگەی (پازدەهەم) لە مادەی (١)ی یاساکەدا بە ئاشکرا هاتووە کە یەکەکانی خەرجی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هەروەها لە مادەی (٢)ی هەمان یاسادا هاتووە کە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیاز و چارەسەرانەش، پێویستە هەمواری پڕۆژە یاساکە بکرێتەوە لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی سەرەوە. هەندێک لەم هەموارکردنەوانەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە بەگوێرەی مادەی (١٢) لە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها دەسەڵاتی کەمکردنەوەی سەقفی بودجەی هەیە نەک زیادکردنی. بەڵام هیچ نەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت دەستەواژەی خەرجی راستەقینە (الانفاق الفعلي) لابەرێت یان هیچ نەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بکات کە خەرجیە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجیە فیعلییەکانی دەوڵەت ئەژمار بکات و لە هەمان کاتدا ئەو بەربەستەش لا ببەن کە دەڵێت پشکی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێک نابێ لە بڕی بەشداری هەرێمی کوردستان لە داهاتی فیدڕاڵیی زیاتر بێت.. مەبەست لە خستنەڕووی ئەم بابەتە بەم وردەکارییەوە زیاتر بۆ بەرچاوڕوونی خوشک و برایانی کوردستانییە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەتتریش ئەندامانی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی بەشدار لە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت)ە کە پێکهێنەری کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانییە کە وا بڕیارە رۆژی ١٠/٥/٢٠٢٣ دوا رێکەوتی یەکلاییکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجە بێت. تێبینی: ئامانج لەم راپۆرتە ئامادەکراوە بۆ پشتیوانیی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانە تا هاوکاریان بێ بۆ زامنکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
درەو: راپۆرتی: رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پێی راپۆرتێكی رێكخراوی (ئاران)" لە هەولێر (113 ) بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش لە فەرمانگەكان، لە سلێمانی (98) بەڕێوەبەر و لە هەڵەبجە (29) بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگە حكومییەكان لەلایەن حزبەوە دیاریكراون، (19) حاڵەتی كڕین و فرۆشتنی راژەی فەرمانبەران لەهەردو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆماركراون". رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە بەپشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی (NED) راپۆرتێكی لەبارەی (دەستوەردانی حزبی لە كاروباری فەرمانبەران) بڵاو كردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەكە: - لە هەولێر لەكۆی 113 فەرمانبەر، 111 فەرمانبەر، لە سلێمانی لەكۆی 107 فەرمانبەر، 89 فەرمانبەر، لە هەڵەبجە 19 فەرمانبەر لەكۆی 41 فەرمانبەر بەناچاری فۆڕمی حزبیان پڕكردۆتەوە. - راپۆرتەكە لەماوەی (12) مانگدا واتا لە (1/5/2022 بۆ 30/4/2023 ) لە سنوری پارێزگاكانی (هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە) ئامادەكراوە، قسەیان لەگەڵ (1026) فەرمانبەری حكومی لە فەرمانگە حكومیەكانی هەرێمی كوردستان كردوە كە سەر بە (261) فەرمانگەی حكومین لە بەرێوەبەرایەتی گشتی و بەرێوەبەرایەتی و خوارتر لە ( پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە). - لە هەولێر 113 بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش لە فەرمانگەكان، لە سلێمانی 98 بەڕێوەبەر و لە هەڵەبجە 29 بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش لە فەرمانگەكان لەلایەن حزبەوە دیاریكراون، هەروەها تەواوی سەندیكا پیشەییەكان لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە كۆنتڕۆڵكراون و دەستوەردانێكی بەرفراوانیان هەیە لەكاروبارەكانیاندا. - سەرجەم پۆستی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی سنوری پارێزگای هەولێر سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن جگە لە قەزای كۆیە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە بەڕێكەوتنی حزبی ئەو پۆستانە دابەشكراون. - 19 حاڵەتی كڕین و فرۆشتنی راژەی فەرمانبەران لەهەردو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆماركراون، كە لە هەولێر حەوت حاڵەت و لە سلێمانی 12 حاڵەت بون. - دابەشبونی جوگرافی قسەكردنی تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە لەگەڵ فەرمانبەراندا: - پارێزگای هەولێر:- قسە لەگەڵ (326) فەرمانبەر بە پلەی جیاواز كراوە كە سەر بە (113) فەرمانگەی حكومین. - پارێزگای سلێمانی:- قسە لەگەڵ (619) فەرمانبەر بە پلەی جیاواز كراوە كە سەر بە (107) فەرمانگەی حكومین. پارێزگای هەڵەبجە:- قسە لەگەڵ (81) فەرمانبەری حكومی كراوە كە سەر بە (41) فەرمانگەی حكومین
درەو: بار بارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شاری هەولێر لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كۆبووەوە، (درەو) یەكێك بوو لەو دەزگایانەی بانگهێشت كرابوو. پوختەی قسەكانی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: • هەردوولایەنی عێراقی و هەرێمی كوردستانم بینیوە، هەردوولا شتی ئەرێنی لەسەر یەكدی باس دەكەن. • ئەوەی كراوە من ناوی دەنێم رێككەوتن نەك رادەستكردنی نەوت، ئێمە پێشوازی لە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر وبەغداد دەكەین. • هیوادارین هەناردەی نەوت لە رێگەی توركیاوە دەستپێبكاتەوە. • نیگەرانین لە دووبەرەكی ناو ماڵی كورد، ئەمە زیانی بۆ ئاساییشی ناوچەكە هەیە، ئەگەر ئەم دۆخە بۆ خەڵكی هەرێم باش نەبێت بۆ عێراق و ئەمریكاش باش نابێت. • لە ئەمریكاش كێشە هەبووە، كاری خەڵكی سیاسی ئەوەیە رێكبكەون. • رای خۆمان لەسەر یەكگرتوویی ماڵی كورد خستووەتە روو. • لەبارەی ئەو هێرشەی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی روویدا، دژی هەر هێرشێكین بەتایبەتی ئەگەر هێرشەكە ئەمریكیەكان بكەنە ئامانج. - لە وەڵامی پرسیارێكی (درەو) سەبارەت بەوەی لە حاڵی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن زیاتر لەوەی دیاری كراوە دوا بكەوێت ئەمریكا هیچ سزایەك بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنێت؟ + بار بارا: ئیشی حكومەتی ئەمریكا نیە سزای هیچ حكومەت و پارتێكی سیاسی بدات، بەڵام ئێمە هانی ئەوە ئەدەین ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، خەڵكی هەرێمی كوردستانیش پشتیوانی ئەوە دەكەن لەمساڵدا هەڵبژاردن بكرێت.
(درەو): سكاڵاكانی دوێنێ یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان ئیشی خۆی كرد، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی نەدا سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانو جارێكی تر دەرگای لەسەر دانیشتنی دادبینی لەسەر كەیسەكە كردەوە. لە كاتێكدا بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنێت، بەڵام دادگای فیدراڵی سكاڵاكارو نوێنەرانی سكاڵالێكراوی ئاگاداركردەوە لەوەی بڕیارەكەی راناگەیەنێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدادەوە دەست (درەو) كەوتوون، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دانیشتنی دادبینی لەسەر كەیسەكە كردوەتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی ئەگەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێندرێتەوە، هیچ دەرەچەیەك لەبەردەم سزادانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان نامێنێتو هەرێم ناچار دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ببات، بۆ ئەمەش دەبێت دادگای فیدراڵی كۆمسیۆنەكەی عێراق بانگهێشت بكات بۆ ئەوەی پرسیاری لێبكات سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانێت هەڵبژاردنەكەی هەرێم بەڕێوە ببات یاخود نا. سەرباری ئەمە، دادگا رایگەیاندووە، چەند سكاڵایەكی نوێ لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، دەبێت ئەو سكاڵایانەش یەكلابكرێنەوە، لەمەشدا مەبەستی ئەو سكاڵایانەیە كە دوێنێ نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانی لەدادگاكە تۆماریان كرد. ئەو سكاڵایانەی كە دوێنێ یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد، پەیوەندیدارن بە بابەتی: • یەك بازنەیی هەڵبژاردن لەناو یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا. • سیستەمی تۆماری پەڕاوی • جیاوازی ئاماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە تۆمارەكانی عێراقو هەرێمدا جگە لە نوێنەرەكانی یەكێتیی، پەرلەمانتار (سۆران عومەر)یش بەهەمان شێوە سكاڵایەكی لەسەر كورسی پێكهاتەكان لە دادگاكە تۆماركردووە. دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار. سكاڵاكان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانو (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست. یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە نزیكەی پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە. ئەگەر دادگا ئەمڕۆ بڕیاری خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەندایە، ئەوا لایەنەكانی هەرێم هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەدەما جگە لەوەی بە یاسا كۆنەكە بچنە ناو هەڵبژاردنێكی نوێو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەش بدەنە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمە بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتییەوە نەیتوانیوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە. سازدانی هەڵبژاردن بەو یاسایەی كە هەیە بەبێ هەمواركردن، لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لە زیانی یەكێتیو لایەنەكانی تردایە، كە خوازیاری گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، چونكە یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنو بەشێوازی یەك بازنەیی جاران، جارێكی تر دەرفەتی ئەوە بۆ پارتی خۆش دەكات بەكورسی كۆتای پێكهاتەكانەوە، رێژەی 50+1ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات. لەلایەكی ترەوە رەتكردنەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەبێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هیچ هۆكارێك تەمەنی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە. مانگی ئازاری رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەكردوەتەوەو كۆمسیۆنیش كارا نەكراوەتەوە. لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە. بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتاییو پارتیو یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن. پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتیو یەكێتیو گۆڕانو پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی ترو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە. ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆو شەڕی داعشو قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.
درەو: (17) نوێنەری كۆمەڵی دادگەری لە (پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئیدارەی سلێمانی) دەستلەكار دەكێشنەوە بە بیانووی ئەوەی ئەم سێ دامەزراوەیە ماوەی یاساییان بەسەرچووە دوێنی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە پەیامێكدا رایگەیاند: تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و حكوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچوەو، لەو ڕووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نیە، بۆیە بڕیارماندا سەرجەم نوێنەرەكانمان لەو دامەزراوانە بكشێنەوە.. كۆمەڵی دادگەریی كوردستان (7) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، (3) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، قايمقامێك و چوار بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرێكی گشتی و جێگری بەرێوەبەرێكی گشتی لە ئیدارەی سلێمانی هەیە: * حەوت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان: -عەبدولستار مەجید - هەورامان گەچێنەیی - عوسمان كانی كوردەیی - عومەر گوڵپی - بەدریە ئیسماعیل - روپاك ئەحمەد - موسلیم عەبدوڵا • سێ ئەندامی ئەجومەنی پارێزگا - چنار جەلال ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر - میدیا ئەحمەد ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی - رەمەزان نامیق ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی • پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانی - ئیسماعیل حەمەرەشید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەلایەتی سلێمانی - عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی - كامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت - عەدنان عەلی بەرێوەبەری ناحیەی باوەنوور - هێمن بەهجەت بەرێوەبەری ناوحیەی ئاغجەلەر - ئەبوبەكر حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوی - هێمن حەمەحسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان
(درەو): بڕیاربوو سبەینێ نوێنەرێكی یەكێتیی بچێتە ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانو وەرەقەی یەكێتیی بخاتەڕوو، بەڵام ئەم هەوڵە شكستی هێنا، ئەنجومەنی وەزیرانیش سبەینێ كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ناكات. سبەینێ چوارشەممەیە، وادەی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران كۆنابێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وەزیرەكان نامەیەكیان بۆ چووە، تێیدا ئاگاداركراون لەوەی سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران كۆنابێتەوە، بەڵام هۆكاری ئەوەی بۆچی كۆبونەوە ناكرێت، لەنامەكەدا روون نەكراوەتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوای ئەوەی رۆژی 17ی نیسانی رابردوو وەفدێكی حكومەت سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كردووەو داوای لێكردووە بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەتو لەوێ كێشەكانی بخاتەڕوو، قوباد تاڵەبانی وەرەقەیەكی ئامادەكردووەو بەنیاز بوو لەرێگەی نوێنەرێكی تیمی یەكێتیی وەرەقەكە بنێرێتە ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خستنەڕووی كێشەكان بەدیاریكراویش كێشەی دارایی سلێمانی. بەڵام راگەیاندنی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەناو حكومەت بە ژمارەیەك كاندیدی لاهور شێخ جەنگیی لەلایەن میدیاكانی پارتیی، ئەم هەواڵەی شكستی پێهێنا. (درەو) زانیویەتی، ئەگەر هەواڵەكە شكستی نەهێنایە، بڕیاربووە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا، نوێنەری یەكێتیی وەرەقەی دارایی یەكێتیی بخاتەڕوو. یەكێتیی هاوكات لە بەغدادەوە هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ جیاكردنەوەی دارایی سلێمانی لەناو بودجەی گشتیی عێراق، ئەمەشی وەكو بژاردەیەك داناوە بۆ ئەگەری رێكنەكەوتنی لەگەڵ پارتی لەسەر پرسە داراییەكان، وەفدی یەكێتیی لە بەغداد (رەفعەت عەبدوڵا) بڕیاردەری یەكێتیی سەرۆكایەتیی دەكردو مالیكیو عامریو حەلبوسی بینی، بە فەرمی داوای جیاكردنەوەی دارایی سلێمانیی كردو شیعەكان وەڵامی ئەرێنییان بە یەكێتیی داوە پاڵپشتی لێبكەن. (درەو) زانیویەتی، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكەدا بۆ یەغداد، چەند رۆژی رابردوو دوور لە چاوی كامێراكان وەفدێكی یەكێتیی كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ- خەسرو گوڵ محەمەد- شێخ ئەحمەدی نۆكان- بەرپرسی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی) سەردانی تارانی كردووە بۆ تاوێكردنی پرسی دارایی سلێمانی لەناو بودجەی عێراقو چەند بابەتێكی ئەمنیی. دواخستنی كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران لەكاتێكدایە بڕیارە سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنێت. لە حاڵی رەتكردنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، پەرلەمانی كوردستان توانای دەركردن یان هەمواركردنی هیچ یاسایەكی نامێنێت، ئەمە وادەكات لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەناچاری پەنا بۆ یاسا كۆنەكە ببەنو بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش بدەنە دەست كۆمسیۆنەكەی عێراق، چونكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان تەمەنی یاسایی بەسەرچووەو پەرلەمان بەهۆی ناكۆكیی نێوان پارتیو یەكێتییەوە نەیتوانیوە كۆمسیۆنەكە كارابكاتەوەو یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكات. یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی لەبارەی چەند بڕگەیەكی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆماركرد، ئەم سكاڵایانە رەنگە دادگای فیدراڵی ناچار بكات، سبەینێ راگەیاندنی بڕیارەكەی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ كاتێكی تر دوابخات، چونكە ئەگەر سكاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبێت، هیچ دەرەچەیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان نامێنێتەوەو دەبێت پێشوەختە دادگای فیدراڵی دەرەچەی بۆ بدۆزێتەوە. سكاڵاكانی ئەمڕۆی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەیە، ئەگەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، لایەنەكان ناچار نەبن بە یاسا كۆنەكە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە.
(درەو): یەكێتیی ژمارەیەك سكاڵای لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لەسەر پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكەكەی لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد، رەنگە سكاڵاكانی یەكێتیی راگەیاندنی بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە سبەینێوە بۆ كاتێكی تر دوابخات. یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرد. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، سكاڵاكانی یەكێتی تایبەتن بە: • یەك بازنەیی هەڵبژاردن لەناو یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا. • سیستەمی تۆماری پەڕاوی • جیاوازی ئاماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە تۆمارەكانی عێراقو هەرێمدا (درەو) زانیویەتی، ئەوانەی بەناوی یەكێتییەوە سكاڵاكانیان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە، یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی كوردستانو ئەوانی تر نوێنەرانی یاسایی یەكێتین. تۆماركردنی ئەم سكاڵایانە لەلایەن یەكێتییەوە لەكاتێكدایە بڕیارە سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆماركراون. بەهۆی سكاڵاكانی یەكێتیی و سكاڵایەكی ترەوە كە سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ لەبارەی پێكهاتەكانەوە تۆماری كردووە، پێشبینی دەكرێت دادگای فیدراڵی سبەینێ راگەیاندنی حوكمی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ كاتێكی تر دوابخات تا ئەوكاتەی ئەنجامی سكاڵاكانی یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن یەكلادەبێتەوە.