Draw Media

پارتی لە بەغداد دەكشێتەوە؟

پارتی لە بەغداد دەكشێتەوە؟

2024-03-12 14:22:43



(دره‌و):
دادگای فیدراڵی سه‌ره‌تا به‌ دورخستنه‌وه‌ی هۆشیار زێباری له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌ستیپێكردو دواجاریش ده‌سه‌ڵاتی پێدانی موچه‌ی له‌ حكومه‌تەكەی مه‌سرور بارزانی وه‌رگرته‌وه‌و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، له‌م نێوانه‌دا چه‌ندین بڕیاری تری ده‌ركردووه‌ كه‌ پارتی تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌، یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ كشانه‌وه‌ی دادوه‌ره‌كه‌ی هه‌ولێر بوو له‌ دادگای فیدراڵی، كۆتا كاردانه‌وه‌ش ده‌بێت كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی پارتی بێت له‌ به‌غداد، ئایا پارتی ده‌كشێته‌وه‌ ؟ ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا

كورد لەناو ناكۆكییەكانی شیعەدا
هەرێمی كوردستان لەبەردەم شەپۆلێك بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا خەریكە  بەتەواوەتی لە  پەلوپۆ دەخرێت.
سەرەتای جوڵەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقی دوای كەوتنی سەددامدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بوون بە بەشێك لە كێشەو ناكۆییەكانی ناو ماڵی شیعە.
ئۆكتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ماڵی شیعەی دابەشكرد بەسەر  دوو جەمسەردا، جەمسەری (موقتەدا سەدر) وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و  جەمسەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی)، جەمسەری یەكەم بە ئاڕاستەی دووركەوتنەوە لە ئێران‌و رۆیشتن بەرەو خولگە عەرەبییەكە، جەمسەری دووەمیش كه‌ هاوپەیمانی نەریتی ئێران‌ بوون، له‌سه‌ر هێڵه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆیان مانه‌وه‌.
دابەشبوونەكەی ناو ماڵی شیعە، هەزوو كوردیشی دابەشكرد، پارتی لەگەڵ سەدرو یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشتن.
لەسەروبەندی ئەو جەمسەرگیرییەدا كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەكخستبوو، دادگای باڵای فیدراڵی زیاتر رۆڵی ده‌ركه‌وت،  له‌وكاته‌وه‌ ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركردووه‌ كه‌ تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌و به‌هۆی پارتیشه‌وه‌ به‌شێك له‌و بڕیارانه‌ زیانیان به‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه‌.

پارتی و بڕیاره‌كانی دادگا
دیارترین ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی كه‌ له‌ 2022ه‌وه‌ ده‌رچوون و تێیدا پارتی زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌، ئه‌مانه‌ن:
•    رۆژی 25/1/2022 دادگای فیدراڵی ئەو تانە یاساییانەی رەتكردەوە كە لەبارەی نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركرابوون، دادگا دانیشتنەكەی بەدەستوریی ناوبرد، ئەم بڕیارەی دادگا لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و لە دژی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) شكایەوە، هاوپەیمانی سێقۆڵی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێی كۆنترۆڵ كرد، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ پارتی پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وه‌رگرت (شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئێستا له‌ پۆسته‌كه‌دایه‌).  
•    رۆژی 3/2/2022 دادگا فیدراڵی تانەیەكی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دەستنیشانكردنی كوتلەی گەورەی پەرلەمانی عێراق رەتكردەوە، دادگا رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور كوتلەی گەورە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و لە زیانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لیستی ناوی پەرلەمانتارانی خۆیان وەكو كوتلەی گەورە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەی دادگاوە لیستەكەیان رەتكرایەوە، كوتلەی زۆرینە بەواتای ئەو هاوپەیمانێتییە دێت كە مافی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی پێدەسپێردرێت.
•    هەر لە حوكمەكەی رۆژی 3/2/2022دا دادگای فیدراڵی كەیسێكی تری یەكلاكردەوە لەبارەی پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، دادگا نیسابی یاسایی بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان لەدانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكرد، بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگا لەدانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا دەبوو لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (220) پەرلەمانتار ئامادەبن ئینجا نیسابی كۆبونەوە تەواو دەبێت، ئەم بڕیارە لە زیانی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بوو، بەدیاریكراویش بارزانی كە دەیویست بەزۆرینەی سادە پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، ئەم بڕیارەی دادگا (پلپ المعگل- یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی دروستكرد، وایكردووە هیچ لایەك بەبێ ئەوەی تر نەتوانێت نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمان تەواو بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
•    رۆژی 6/2/2022 دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سێ پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانی‌و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ، رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگرت بەهۆی ئەو تۆمەتانەی گەندەڵی كە لەسەری بوو، ئەمە گورزێكی گەورە بوو بۆ بارزانی، هاوكات بۆ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، دۆسیەكەی زێباری هێندە كاریگەر بوو، تەنانەت سەدری هاوپەیمانی بارزانیش بەرگری لێنەكرد‌و داوای لە پەرلەمانتارەكانی كرد، دەنگی پێنەدەن، پارتییه‌كان له‌وكاته‌وه‌ ئیتر ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان دژ به‌ دادگای فیدراڵی زیاتر بوو.
•    دوای راگرتنی رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری، رۆژی 13/2/2022 دادگای فیدراڵی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتكردەوە، ئەمە بارزانی توشی گێرمەو كێشەی دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ كرد، سەرباری ئەمه‌ش لەڕووی سیاسییەوە هۆشیار زێباری گورزێكی لە ناوبانگی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)دا.
•    دوای دروستبوونی كێشە لە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان‌و هەڵنەبژاردنی سەرۆك كۆمار، دادگای فیدراڵی رۆژی 13/2/2022 بڕیاریدا بەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت.
•    رۆژی 15/2/2022 دادگای فیدراڵی حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی راگەیاند كە ساڵی 2012 وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق لەسەر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم تۆماریكردبوو، له‌م حوكمه‌دا دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی نادەستوریی ناوبردو هه‌ڵیوه‌شاندە‌وه‌، هه‌رێمی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی دەبێت نەوت‌و غازی خۆی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات، ئەم حوكمەش گورزێكی گەورە بوو لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، حوكمەكە ئه‌وكات بارزانی كردە ئامانج، له‌دوای كه‌وتنی سه‌ددام و دروستبوونی عێراقی نوێ ئه‌مه‌ قورسترین بڕیار بوو كه‌ دادگای فیدراڵی دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریبكات، سه‌ره‌تا پارتی پابه‌ند نه‌بوو به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌، وه‌كو ئاڵنگارییه‌ك بۆ ئه‌و بڕیاره‌، پارتی له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌موار كرده‌وه‌، به‌ڵام دواجار قایل بوو له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ ده‌ربچێت، ئه‌و یاسایه‌ش تائێستا ده‌رنه‌چووه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم پاڵپشتی یاسایی له‌ده‌ستداوه‌.
 له‌دوای ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگاوه‌، موقته‌دا سه‌در وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كشایه‌وه‌، په‌رله‌مانتاره‌كانی كه‌ (73) كه‌س بوون ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌، ئه‌وكات وه‌كو باسده‌كرا، سه‌در بۆ ئه‌م بڕیاره‌ ته‌نانه‌ت پرس و رای له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیشی (بارزانی+ حه‌لبوسی) نه‌كردبوو، سه‌در به‌م كشانه‌وه‌یه‌ بارزانی هاوپه‌یمانی به‌ لاوازی له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا به‌جێهێشت، بارزانی دواجار قایل بوو له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێدا بچێته‌ ناو شه‌راكه‌تی حوكمڕانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ ئێران (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی)، ئه‌مه‌ به‌و ئومێده‌ی پارێزگاری له‌ پێگه‌ی حزبه‌كه‌ی بكات دوای هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی شیعه‌كان، به‌ڵام ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ ده‌ستی دادگای فیدراڵی نه‌به‌ست و دادگاكه‌ چه‌ند بڕیارێكی تری له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد كه‌ به‌ زیان بۆ پارتی شكایه‌وه‌، له‌وانه‌:
•    30/5/3023 دادگای فیدراڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌م بڕیاره‌ پارتی بوو، چونكه‌ پارتی له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی یه‌كێتیی و به‌پشتبه‌ستن به‌و زۆرینه‌ی كه‌ به‌ هاوكاری (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان هه‌بوو، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستانی كاراكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ی له‌ماوه‌ی درێژكراوه‌دا ده‌ریكردبوون، كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و پارتی ناچاركرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م (كه‌ بڕیاره‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت)، مل بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بدات كه‌ ئێستا دادوه‌رێكی پارێزگای سلێمانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات  دڵخوازی پارتی نییه‌.
•    24/9/2023 دادگای فیدراڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، تائێستا هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌و به‌م بڕیاره‌و ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌رده‌وامن له‌كاركردنی خۆیان، به‌ڵام به‌مدواییه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا تاوتوێی میكانیزمه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌دا كرا، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی بۆ رایگشتی بڵاونه‌كرایه‌وه‌.
•    21/2/2024 دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كرد به‌ (100) كورسی، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی كوردستانی له‌ (یه‌ك بازنه‌)ییه‌وه‌ گۆڕی بۆ (فره‌ بازنه‌)و كوردستانی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆك- هه‌ڵه‌بجه‌)، 100 كورسییه‌كه‌شی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش گورزێكی تر بوو كه‌ به‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وت، چونكه‌ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن وا ده‌كات پارتی نه‌توانێت هاوشێوه‌ی خولی پێجه‌م به‌ پشتیوانی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان رێژه‌ی 50+1ی په‌رله‌مان كۆنترۆڵ بكات و بڕیاره‌كانی خۆی تێپه‌ڕێنێت.
•    هه‌مان رۆژ واتا 21/2/2024 دادگای فیدراڵی عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌نده‌وه‌ كه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌كات، دادگا وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی له‌رێگه‌ی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابین بكات، ئه‌مه‌ش گورزێكی تر بوو كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ر پێگه‌ی سیاسی پارتی كه‌وت له‌ ناوخۆی هه‌رێمدا.

پارتی له‌ به‌غداد ده‌كشێته‌وه‌؟
ئه‌مڕۆ دادوه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان زێباری كه‌ له‌سه‌ر پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كاندید كرابوو، له‌ ئه‌ندامێتیی دادگاكه‌ كشایه‌وه‌، له‌دوای ئه‌و زنجیره‌ بڕیارانه‌ی كه‌ دادگاكه‌ له‌دژی پارتی له‌ 2022وه‌ ده‌ریكردوون، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی جددی پارتی بوو.
له‌ناو پارتیدا قسه‌وباس گه‌رم بووه‌ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له‌ پۆسته‌كانی به‌غداد، ئه‌گه‌ر پارتی بكشێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌م پۆستانه‌ چۆڵ بكات:
•    فوئاد حسێن- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە
•    بەنگین رێكانی- وەزیری ئاوەدانكردنەوە
•    شاخەوان عەبدوڵا- جێگری سەرۆكی پەرلەمان
•    مەسعود حەیدەر- بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق
•    حەمدی شەنگالی- جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ
•    ئارام سەباح- راوێژكاری ئابوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
•    ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
•    31 ئەندامی پەرلەمانی عێراق
پێشبینی كراو نییه‌ پارتی به‌بێ یه‌كێتیی له‌م بارودۆخه‌دا به‌ته‌واوه‌تی له‌ به‌غداد بكشێته‌وه‌، به‌ڵام پێشبینی كراوه‌ بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد قۆناغ به‌ قۆناغ هه‌ندێك هه‌نگاو به‌ ئاڕاسته‌ی كشانه‌وه‌ هه‌ڵبگرێت، له‌مه‌شدا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌یه‌وێت رایگشتی جیهان به‌دیاریكراویش ئه‌مریكا له‌ نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ی به‌غداد ئاگادار بكاته‌وه‌.
به‌ڵام ره‌نگه‌ جموجوڵه‌كانی پارتی له‌ كورت مه‌ودادا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردنی 10ی حوزه‌یران به‌جێبهێڵێت و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابكه‌وێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی دادوه‌ره‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ دادگای فیدراڵی، حزبه‌ توركمان و سریانییه‌كان بایكۆتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كردو بارزانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێكهاته‌كان به‌بێ كۆتا ناتوانن كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی پارتی نه‌ به‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی عێراق و نه‌ به‌یاسای هه‌ڵبژاردن دوای ده‌ستكاریكردنی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.
ره‌نگه‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ به‌غداد، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ دروست بكات هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت و پارتی ده‌ره‌چه‌یه‌كی نوێ بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ بدۆزێته‌وه‌.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand