مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) چەمکی «پێشکەوتن» چەمکێکی سەرەکیی ناو پێناسەکردنی کۆمەڵگاکانی ناو جیهانی هاوچەرخە، بەدەر لە کێشەی بیرکردنەوەی ئەوروپاسەنتەریی کە هەندێک لە ماناکانی جەمکەکە دەستنیشان و ئاراستەدەکات. ئەم چەمکە هێما بۆ دۆخێکی کۆمەلاَیەتیی و ئابوریی و تەکنۆلۆژیی و فەرهەنگیی تایبەت دەکات، کە تیایاندا کۆمەڵگا گەشەیەکی بەرچاوی کردوە و ئاستێکی شارستانی بەرزی بەدەستهێناوە. بەڵام چەمکی پێشکەوتن چەمکێکی ئاڵۆز و ڕێژەییشە. بۆ نموونە، دەشێت کۆمەڵگایەکمان هەبێت لە هەندێک بوار و ئاستی تایبەتدا پێشکەوتوبێت، بەڵام لە بوار و ئاستی تردا پێشکەوتونەبێت. بۆ نموونە، لەڕووی تەکنۆلۆژیی و ئابورییەوە پێشکەوتوبێت بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دواکەتوو، وەک چین. تەنانەت دەشێت یاسا بەباشی کاربکات و دەزگاکانی بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەی کۆمەڵگا بکەن و سیستمە سیاسییەکەی دیمکراسی بێت، بەڵام لە رووی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بەشێکی بەرجاوی کۆمەڵگاکە نەخوێندەوار و دواکەوتوبێت، وەک هیند. لە هەموو دۆخێکدا کە باس لە« پێشکەوتن» دەکەین پێویستە بەردەوام دوو کۆڵەکەی سەرەکیی بوونیان هەبێت کە هێما بۆ ئەو پێشکەوتنە، بکەن. یەکەمیان کۆڵەکەی عەقڵانیەتە. دووهەمیان کۆڵەکەی سەلماندنی جیاوازیی و دانانە بە تاکبوونی مرۆڤەکانی ناویدا. بەم مانایە کۆمەڵگای پێشکەوتو تەنھا کۆمەڵگایەکی عەقڵانیی نییە، بەڵکو کۆمەڵگایەکیشە جیاوازییەکانی ناو هەناویی خۆی و تاکبوونی هەریەکێک لە مرۆڤەکانیشی، دەسەلمێنێت. لە ئاستی یەکەمدا کاتێک باس لە چەمکی پێشکەوتن دەکەین، باس لە کۆمەڵگایەک دەکەین عەقڵانیەتێکی گشتیی ئاراستەی دەکات و پرۆسێس و هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی ناوی بەڕێوەدەبات. ڕۆڵی عەقڵ و بیرکردنەوەی عەقڵانیی، کە زۆرجار بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییە، لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی کۆمەڵایتیی و سیاسیی و لە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و شێوازی بەڕێوەبردندا، ئامادەیە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایە تیایدا مەعریفە و زانینی مۆدێرن ڕۆڵ لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و ئەنجامدانی کار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەبینێت. کۆمەڵگا ئامادەیە ڕاستیی و دروستیی بەها و نۆرم و باوەڕەکانی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە و هەوڵی گۆڕان و تازەکردنەوەیان بدات بە مەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ ئەو ساتەوەختە مێژووییەدا کە لەناویدا ئامادەن. هاوکات کۆمەڵگایەکە، وەک فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن راوڵز، دەڵێت «سەرەتایەکی یەکسان» دەخاتە بەردەم هەموو ئەندامەکانی، سەرەتایەک تیایدا هەمووان یەکسانن و جیاوازییەکان لەدوای بوونی ئەو سەرەتا یەکسانەوە دەستپێدەکەن. بۆ نموونە هەموو مندالانی ئەو کۆمەڵگایە لەناو یەک سیستمی خوێندن و فێربوونی هاوبەشدا دەخوێنن و سیستمەکە حیساب بۆ پاشخانی چینایەتیی و ناوچەیی و ئایدیۆلۆژیی منداڵەکان ناکات و یەک ئەگەری پێشکەوتنی هاوبەش دەخاتە بەردەمی هەمووان. ئەوەی کە قوتابییەک باشتر پێشدەکەوێت و باشتر دەچێتەپێشەوە پەیوەندیی بە توانا و زیرەکی و هەوڵی تاکەکەسیی ئەوەوە هەیە نەک بەوەی منداڵى کێیە و لە چ ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرهەنگییەوە هاتووە. هەموو ئەم جۆرە شتانە، کە بیرکردنەوەی عەقلانی ئاراستەیان دەکات، وادەکەن توانای دروستکردنی کۆمەڵگایەک بێتەکایەوە کە بکرێت متمانەی پێبکرێت. کۆمەڵگایەک بتوانێت لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەو سەردەم و ڕۆژگارەدا کە لەناویدا ئامادەیە، ڕاستگۆبێت. دان بە باشە و خراپەی خۆیدا بنێت، کێشە و گرفت و توانا تێکدەرەکانی ناو هەناوی خۆی ئینکارناکات و بوێریی ئەوەی هەبێت لە ڕەهەند و دەرکەوت و هێزە ناشیرینەکانی ناوخۆی بڕوانێت و ڕەخنەیان بکات و ڕێگاچارەی عەقڵانیی بۆ دەسکاریکردن و باشترکردنی ئەو ناشیرینیی و خراپەکارییانە بدۆزێتەوە. هەموو ئەمانەش لەناو ژیانێکی گشتیی ئازاددا کە بکرێت کەسەکان و هێزەکان لەناویدا ئازادانە و سەربەخۆیانە ڕا و بۆچوون و دیدی خۆیان بخەنەڕوو. وەک ووتم بوون و ئامادەگیی «عەقڵانیەتێکی گشتیی» بەس نییە بۆئەوەی قسە لە بوونی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو بکەین، هاوشان بەمە ئەوەی پێویستە بریتییە لە پێداگرتن لەسەر فەردانیەتی کەسەکان و دانانن بە جیاوازییەکان و دۆزینەوەی چوارچێوەی هاوبەش بۆ بوون و ئامادەگیی ئاشتی ئامێز و دەوڵەمەندکەرانەی تاکەکەس و جیاوازییەکان بەیەکەوە. فرەیی مرۆڤەکان و پلورالیزمی ئینسانیی پێدراوی سەرەکیی ناو ژیانی مرۆڤەکانە بەیەکەوە و لەگەڵیەکدا. دانان بەم ڕاستییەدا هەم لە ئاستی دەستەجەمعیی و هەم لە ئاستی تاکەکەسیدا کۆڵەکەیەکی هێجگار گرنگیی هەر کۆمەڵگایەکە بیەوێت خۆی وەک کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ببینێت، کۆمەڵگایەک و خاڵیی لە مرۆڤی زیاد و حیساب بۆنەکراو. وەک هانا ئارێنت دەڵێت «فرەیی یاسای زەوییە»،التعددية هي قانون الأرض. بینینی ئەم فرەییە و دانپیانان و ڕێزگرتنی هەنگاوێکی هێجگار سەرەکییە بۆ تێپەراندنی کۆی ئەو روانین و دیدگایانە کە مرۆڤەکان وەک کەسانی نایەکسان و کەسانی زیاتر یان کەمتر لەیەکتری دەبینن. ئەو دیدگایانە کە هەوێنی دروستبوونی دەیەها کێشەی گەورەن، لە پێش هەمووانەوە کێشەی نائارامیی و لەدەستدانی متمانە تا بە پێکدادان و جەنگ دەگات. دەکرێت بڵێین لە پشتی هەردوو کۆڵەکە سەرەکییەکەوە وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ و عەقڵانیی و پەیوەندیخواز ئامادەیە. هەم دەچێتە مونافەسە و کێبەرکێی عەقڵانییەوە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا بە مەبەستی بەخشینی مانایەک بە ژیانی تاکەکەسیی خۆی، هەم ئامادەیە بۆ ھاوکاریی و بەدەمەوەچوونی ئینسانیی کۆمەڵایەتیی یەکتریی بە مەبەستی دروستکردنی ژینگەیەکی متمانەپێکراو. لەم دیدگایەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی وێنادەکرێت کە دەتوانێت ململانێ و کێبڕکێیەکی بەردەوامی لەگەڵ دەوربەرەکەیدا، هەبیت، بەڵام ھاوکات ئامادەشێت بۆ ھاریکاری و ھاودەمیی و هاوسێیەتیی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی. مرۆڤ لەم وێناکردنەدا چەند بوونەوەرێکی ئابوورییە، ئەوەندەش بوونەوەرێکی ئەخلاقییە. چەند بوونەوەرێکی ڕکابەرخوازە هێندەش بوونەوەرێکی هاریکارخوازە. ئەم خاڵەی کۆتایی بەرەو چەمکێکی گرنگیی ناو ژیانی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیمان دەبات کە چەمکی بەڵێندانە، بەڵێندانی مرۆڤەکان بەیەکتری بەوەی کە هەڵسوکەوت و کار و کردەوەکانیان لە نیازێکی پاکەوە دەستپێدەکات و نیازێکی پاک ئاراستەی دەکات. لە ڕێگای بەڵێنەوە دەکرێت کردە زۆر و هەمەلایەنەکانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا چاودێریی و کۆنترڵبکرێن. هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان ڕزگاربکرێن لەوەی کە نەزانرێت چ جۆرە دەرەنجامێک دەخەنەوە. بەڵێندات وادەکات مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و کۆمەڵگا لەناوەوە بەهێزبکات و بیپارێزێت لە دوژمنایەتیی و دووبەرەکیی ناوەکیی. جەمکی «بەڵێندان» جارێکی دیکە دەمانباتەوە ناو چەمکی «پەیمانی کۆمەڵایەتیی» کە تیایدا کۆمەڵگایەک بڕیارئەدات بە هێمنیی و بێکێشەی گەورە لەگەلیەکدا بژین و ژیانێکی گشتی هاوبەش دروستبکەن. ئێستا ئەگەر بێینە سەر ڕامانێکی سەرەتایی لە کۆمەڵگای خۆمان، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە قەیرانی هێجگار گەورە لە هەموو ئەو ئاستانەدا هەیە کە باسمانکردن. سەرەتا بوونی قەیرانێکی گەورە بە هۆی غیابی «عەقلانیەتێکی گشتیی» کە وابکات لانیکەم بوێریی ئەوەمان هەبێت کێشە سەرەکیی و تەحەدا گەورەکانی کۆمەڵگاکە ببینین و چارەسەری عەقلانیان بۆ بدۆزینەوە. قەیرانی دووهەم قەیرانی داننەنانە بە جیاوازیی و بە کەسەکاندا وەک تاکەکەسی سەربەخۆ وئازاد و هەوڵدان بۆ لە قاڵبدان و سەرکوتکردنی بەردەوامی شوناسە جیاوازەکانیان و سەپاندنی شوناسێکی یەکگرتو و کۆپیکراو بەسەریاندا، بۆ نموونە سەپاندنی شوناسێکی دینیی تایبەت بەسەر هەموواندا. ئینجا غیابی ئەو بەڵێنانەی کە وادەکات مرۆڤ متمانەی بەو کۆمەڵگایە هەبێت کە لەناویدا دەژیی. هەموو ئەمانە وادەکەن دونیای ئێمە دونیایەک بێت پڕ لە ترس و هەڕەشە و درۆ و هەڵاتن لە ڕاستیی، دونیایەک بەردەوام لەسەر ڕۆخی پێکدادان وەستاوە.
درەو: پێگەی (میدل ئیست ئای) بەریتانی: 🔹ئەو فشارانەی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكی بەسەر بانكی ناوەندی عێراقدا سەپاندی, بووە هۆی دانانی سنوری بۆ گەندەڵی و ڕەوانەكردنی نایاسای دۆلار, كە بازاڕەكانی عێراقی پەكخست و برەویدا بەپرۆسەی بەقاچاغبردنی دۆلار بەشێوەیەكی فراوان. 🔹حكومەت كۆمەڵێك هەنگاوی گرتەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دۆلار, كۆمەڵێك پەنجەری پێدانی دراوی بیانی كردەوەو, پلانی دانا بۆ هاندانی بازرگانە بچوكەكان تا مەزادی دراو بەكاربهێنن و, باجی لەسەر كەرەستەكان هەڵپەسارد و هاوكاری پێشكەش بەهەژاران كرد, لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێوشێنی تر, بەڵام تائێستا فرۆشی مەزادی دراو لەخوار مامناوەندەوەیە. 🔹مامناوەندی فرۆشی دۆلار لەمانگی كانونی دووەمدا (131)ملیۆن دۆلاری ڕۆژانەی تێنەپەڕاندووە, بە بەراورد بەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پار كە 227 ملیۆن دۆلار بووە لەڕۆژێكدا, لەئەنجامی ئەوە, نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەش بەرزبوەتەوە. 🔹بەرپرسانی عێراقی و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە(میدل ئیست ئای)یان ڕاگەیاندووە: ڕێوشوێنەكانی چاودێری بووەتە هۆی لەقاڵبدانی بازرگان و خاوەن سەرمایەكان لەبەشداریكردن لە مەزادی دراو, بۆ ئەوەی خۆیان بەدور بگرن لە ئاشكرابونی ناسنامەكەیان و مەبەستی حەواڵە داراییەكانیان و, ناسنامەی ئەوانەی لەكۆتایدا لێی سودمەند دەبن, لەگەڵ هەندێ زانیاری هەستیاری تر. 🔹"خاوەن سەرمایەكان پەنایان بردووەتە بەر بازاڕی ڕەش و ڕێگا نافەرمییەكانی تر بۆ بەدەستهێنانی دۆلار, ئەوەش بووەتە هۆی زیادبونێكی گەورە لە بەقاچاغبردنی دۆلار لەڕێگای وشكانییەوەو, نرخەكەشی بە بەرزی ماوەتەوە. 🔹ئەندامێكی یەكێتی بانكە تایبەتە عێراقییەكان بۆ (میدل ئیست ئای): گەورە مامەڵەكارەكان نایانەوێت هیچ زانیارییەك سەبارەت بە سەرچاوەی داراییەكانیان, یاخود ناسنامەكانیان ئاشكراببێت بەهۆكاری ئەمنیی و دارایی, ئەو میكانیزمە ئێستا نەماوە, بەوەش ڕویانكردووەتە بازاڕی ڕەش بۆ دابینكردنی دۆلارو ڕەوانەكردنی لەدەروازە نافەرمییەكانەوە. 🔹دوان لەڕاوێژكارەكانی سودانی بۆ سەرچاوەكە: زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە, پرۆسەی بەقاچاغبردن بەم دواییە بەڕێی وشكانی و لەڕێی كوردستانەوە پەرەیسەندووە, لەوێشەوە ڕەوانەی توركیاو دوبەی دەكرێت, بۆ ڕێگەگرتن لەوە, حكومەتی عێراق چەند خالێكی پشكنینی نوێی لەسەر ڕێگای بەغداد كوردستان داناوەو, ئامێری سۆناری لێجێگیركردون. 🔹سەرچاوە بانكییەكان و بەرپرسانی عێراقی بۆ سەرچاوەكە: سەرەڕای ڕێوشوێنەكان, ڕۆژانە نزیكەی (70) ملیۆن دۆلار لەكوردستانەوە بەقاچاغدەبرێت, یەكێك لەخاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە تێوەگلاوە لە پرۆسەی بەقاچاغبردن ڕایگەیاندووە, كارەكەیان پەرەیسەندووە و ئەو ڕێوشوێنانەش لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە گیراوەتەبەر, قەیرانەكەی قوڵكردووەتەوەو كاری ئەوانیشی بوژاندووەتەوە. 🔹مامەڵەكارە بانكییەكانی عێراق بۆ سەرچاوەكە: ئەو قازانجەی لەئێستادا لەدابینكردنی دۆلار بۆ بازرگان و خاوەن سەرمایەكان لەدوبەی و توركیا دەستمان دەكەوێت, دەیان هێندەی قازانجی هەفتەكانی ڕابردووە, ئێمە هیچ پرسیارێك ناكەین لەكڕیارەكانمان, ئەوانیش نایانەوێت وەڵامی هیچ بدەنەوە لەبارەی پارەكانیان, بۆیە پەنا بۆ ئێمە دێنن. 🔹خاوەنی كۆمپانیاكانی دراو و بەرپرسە عێراقییەكان بۆ سەرچاوەكە: كۆمەڵێك بەرپرس و سیاسی لۆكاڵی باڵادەست, دۆلار لەڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ڕەوانەی توركیا دەكەن, خاوەنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن, دەسەڵاتدارانی توركیا لەبەرامبەر هەر (10) هەزار دۆلارێك (5) دۆلار وەك باج وەردەگرن. 🔹"دوای ئەوەی كڕیارەكە دۆلارەكەمان لێدەكڕێت, بڕی هاوتای ئەوە پارەی عێراقیمان ڕادەست دەكات, تا لەڕێی توركیاو دوبەیەوە دۆلارەكەی بەدەست بگات, ئەوەی پێویستییەتی تەنها ئەنجامدانی تەلەفونێكە لەگەڵ كەسێك لەدوبەی یان لەتوركیا, تاپارەكەی بەكاش بگات بەوكەسەی كە كڕیاڕەكە دەیەوێت بگاتە دەستی". 🔹خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ سەرچاوەكە: لەهەفتەی ڕابردودا حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە هێندەو نیو زیادی كردووە, سەرەڕای ئەوەی تێچوی ناردنی زیاتر بووە, كە بەوتەی سەرچاوەكان بۆ ڕەوانەكردنی (1) ملیۆن دۆلار نزیكەی (15) هەزار دۆلار عمولە وەردەگیرێت. 🔹سەرچاوەكە: ئەو كەسانەی هەوڵی ڕەوانەكردنی دۆلار دەدەن لەعێراقەوە, یان وڵاتانی دراوسێن و بەدەست كێشەی نەختینەوە دەناڵێنن, یاخود كەسانێكن پێویستیان بەسپیكردنەوەی پارەكانیانە. 🔹بەرپرسێكی باڵای عێراق: لایەنە ڕاستەقینەكان نادیارن, زۆرینەی ئەوانەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەڕێوەدەبەن ئامرازن, ئەوانە جگە لەكارتێكی ئامادەكراو بۆ سوتان هەركات پێویستی كرد, هیچی تر نین. 🔹"لەڕاستیدا ئەوەی دەكرێت تێكەڵەیەكە لە سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی دۆلار, هەردوو پرۆسەكە خزمەت بەیەكتری دەكەن و, چەندین یاریزانی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەشدارن تیایدا, خاوەنی ئەو پارنە یان بەشدارن لەبانكەتایبەتەكان یاخود بانكی تایبەت بەخۆیان داناوە بۆ سپیكردنەوەی پارە. 🔹بەرپرسێكی دارایی عێراقی بۆ سەرچاوەكە: ئەوەی مایەی پێكەنیە لەو پرسەدا هەردوو پرۆسەی سپیكردنەوەی دینارو بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراق تێكهەڵكێشن, ئەوەی كاردەكات لەو پرسەیە كاردەكات تاكۆتایی, تا ئەمیان ئەوی تریان تەواودەكات, ئەو هەوڵانەشی بۆ بەرتەسكردنەوەیان دەدرێت پێویستی بەساڵانێكی زۆرە. 🔹"بەردەوامبونی ئەو دۆخەی ئێستا مانای داڕمانی ئابوری عێراق بەمنزیكانەو, دەستەوسان بوونی حكومەت لەدابینكردنی موچەی مانگانەو دابینكردنی پارە پرۆژەكانی بەكاربردن".
راپۆرت: درەو بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندیی عێراقو قسەی سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانەوە ئاماژە بەوە دەكەن، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە دەستكاری نرخی فەرمی دراو بكاتو هەر 100 دۆلارێك لەبەرامبەر 135 هەزار دیناردا جێگیر بكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سودانیو قەیرانی دراو حكومەتی نوێی عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات (100) رۆژی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو كرد، لەم ماوە كەمەدا كابینەكە دوو بومەلەرزەی گەورەی بەركەوتووە، یەكەمیان "دزی سەدە" كە دزینی بڕی نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی گلدراوەی باجەكان بوو، بومەلەرزەی دووەمیش كە تائێستا بەردەوامە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دیناری عێراقی. بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدا رویدا، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق، پێشبینی ئەوە دەكرا بەهای دۆلار كەمبكرێتەوەو بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 هەزار) دیناری عێراقی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق قۆناغی مەترسیداری داتەپینی داهاتەكانی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت تێپەڕاندو ئێستا سەرڕێژی داهاتی هەیە، یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عێراق كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا دانراوە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، عێراق ناتوانێت مامەڵە بەم ژمارە زۆرەوە بكاتو "ئەمریكا مانگانە تەنیا رێگە بە هاتنی پێنج بار پارە دەدات بۆ ناو عێراقەوە" ئەمە بەپێی قسەی مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقو نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی. لەماوەی سێ مانگی رابردوودا كابینەی سودانی نەیتوانیوە قەیرانی نرخی دراو لە بازاڕەكاندا كۆنترۆڵ بكات. پارەی داهاتی نەوتی عێراق لە بانكی فیدراڵی ئەمریكادا هەڵگیراوە، ئەمە یەدەگی قورسی عێراقەو بۆ پاراستنی داهاتەكانی عێراقە لە سزاكانو ئەو قەرەبووانەی كە وڵاتان بەهۆی جەنگەكانەوە داوای دەكەن، ئەمریكییەكان چەند مانگ جارێك بە فڕۆكە بڕێك لە پارەی داهاتی نەوت بۆ عێراق دەگەڕێننەوە. بازاڕی دراو لە عێراق یەكێكە لەو بوارە ئابورییانەی كە زۆرترین لێڵی تێدایە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانو سیاسەتمەدارانی عێراقیش لەسەر ئەوە هاوڕان ئەم بازاڕە بووەتە هۆی بەهەدەردانی دراوی قورسی عێراقو یەكێك لە دەرگاكانی ئاودیوكردنی پارە دزراوەكانو ئەو پارانەی كە بە گەندەڵی كۆدەكرێنەوە. چەند ساڵێكە ئەمریكییەكان نیگەرانن لەوەی دۆلار لە عێراقەوە دەچێت بۆ ئێران، ئێران لەژێر سزای ئەمریكادایە، بەڵام عێراق بەشێكی زۆری غازو پێداویستییەكانی تری خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، چەند ساڵێك ئەمریكییەكان بواردنیان بۆ عێراق كرد لە هاوردەكردنی غازی ئێرانیدا. ئەمریكییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆلار لە بازاڕی عێراقداو رێگریكردن لە رۆشتنی بۆ ئێران، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، عێراقیان پابەندكرد بە رێوشوێنەكانی سیستمی حەوڵەی جیهانی بانكییەوە كە پێی دەوترێت "سویفت"، بەگوێرەی ئەم سیستەمە نوێیە، ئەو بازرگانانەی كە كاڵا هاوردە دەكەن، دەبێت سەرەتا لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە زانیاری تەواوەتی ناو و ناونیشانی خۆیو ئەو كاڵایانەی كە هاوردەی دەكات، تۆمار بكات، ئەمە بەمەبەستی وردبینیكردنو زانینی ئەو شوێنەیە كە حەواڵەكەی بۆ دەكرێت. لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەم سیستمە نوێیە، لەبازاڕەكانی عێراقدا بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی، بەجۆرێك بەهای هەر 100 دۆلارێك لە (146 هەزار) دینارەوە كە تائێستا نرخی فەرمی بانكی ناوەندییە بەرزبووەوە بۆ (178 هەزار) دینارو نرخی ئەمڕۆ لە دەوربەری (166 هەزار) دیناردایە. سودانی بەهای دۆلار دادەبەزێنێت ؟ حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، كابینەی لایەنە بەشداربووەكانی "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"ە، سەرۆك وەزیران كاندیدی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەم لایەنە شیعانە كۆتایی ساڵی 2020 كاتێك حكومەتی مستەفا كازمی بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوە ناچار بوو دەستكاری نرخی دۆلار بكات، ئەوان دژی دەستكاریكردنەكە بوون، بەڵام كازمی دواجار بە پشتیوانی هەموو لایەنەكانی نرخی هەر (100) دۆلارێكی لەبەرامبەر (146 هەزار) دیناردا جێگرد. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی 2021دا زۆرینەی لایەنە شیعەكان بۆ راكێشانی سەرەنجی شەقامو دەنگدەران، بانگەشەی گەڕاندنەوەی بەهای دۆلاریان دەكرد بۆ بەر لە دەستكاریكردنەكەی مستەفا كازمی، واتە بەهای هەر (100) دۆلارێك بەرامبەر بە (119 هەزار) دینار. دوێنێ شەو بانكی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی نرخی دراو بڵاوكردەوە، لە یەكێك لە خاڵەكانی راگەیەندراوەكەدا باسی لەوەكردووە" بانكی ناوەندی چەند سیناریۆو پێشنیازێكی جیاواز تاوتوێ دەكات سەبارەت بە نرخی فەرمی"، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە. سەرچاوەكان لەناو شیعەكانەوە باسلەوە دەكەن، لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار دەستكاری بكرێت، بەجۆرێك بەهای هەر (100) دۆلارێك لەبانكی ناوەندیی بەرامبەر بێت بە (135 هەزار) دینار، مالیكی وەكو یەكێكە لە كارەكتەرە بەهێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات كەمكردنەوەكە لەو بڕەش زیاتر بێتو لە دەوروبەری (130 هەزار) دیناردا بێت. ئەگەر سودانی نرخی فەرمی دۆلار بۆ (135 هەزار) دینار كەمبكاتەوە، ئەوە وەكو جێبەجێكردنی بەڵێنێكی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لێكدەدرێتەوە لەبەرامبەر بانگەشەكانی موقتەدا سەدردا لەوبارەیەوە، هەرچەند دابەزاندنەكە ناگاتە ئاستی پێشووی بەهای دۆلار بەر لە دەستكاریكردنی لەلایەن مستەفا كازمییەوە كە بەهاكەی (100) دۆلارە بەرامبەر بە (119 هەزار) دینار. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد، دوێنێ لەبەرەنجامی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە توركیا چاوی كەوت بە (براین نیڵسۆن) یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریكا، ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەبارەی میكانیزمەكانی سەقامگیركردنی نرخی دراو لە عێراق. هاوكات لەگەڵ ئەم كۆبونەوەدا، بانكی ناوەندیی عێراق چەند رێوشوێنێكی نوێی ئاسانكاریی بۆ خستنەڕووی دۆلار راگەیاند، لەوانە: • زیادكردنی سەقفی فرۆشتنی كاش بۆ مەبەستی گەشتكردن بۆ بڕی (7 هەزار) دۆلاری مانگانە بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە. • فرۆشتنی دۆلار بۆ مەبەستی حەواڵەی تایبەتی لەڕێگەی بریكاری كۆمپانیاكانی حەواڵەی داراییەوە دەبێت (ویسترن یونین- مونی گرام) بە نرخی فەرمی (1470 دینار) بەرامبەر بە دۆلار. • فراوانكردنی بازنەی مامەڵە رێگەپێدراوەكان بە دراوی بیانی (هێنانی كاڵا- كڕینی خزمەتگوزارییەكان...). • فراوانكردنو ئاسانكردنی رێوشوێنەكانی حەواڵەی دەرەكی بۆ چەند توێژێك.... • بەمزوانە ژمارەیەك رێوشوێنی گرنگی تر دەردەچێت بۆ سەقامگیركردنی نرخی دراو. دۆلاری ئەمریكاو دیناری بریمەر ! لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو. ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتە دەست بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو. سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیتو كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەنو دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشتو لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو. لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرتو دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا. دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دەستبەكاربوو، ئەوكات هێشتا بریمەر دەستكاری دراوی عێراقی نەكردبوو، واتە لە عێراق بە دوو دراو مامەڵە دەكرا، دینارەكەی سەددامو دینارە سویسرییەكە لە كوردستان، رۆژی 29ی حوزەیرانی ساڵی 2003 مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی لەبارەی سەردانێكی بریمەر بۆ سلێمانی نامەیەكی بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" لەسەر مەسەلەی دراو بریمەر گوتی: وەزعی تایبەتی كوردستان رەچاو دەكەین، بەڵام پسپۆڕە ئابورییەكەی بریمەر گوتی: دۆلار بە دەوروبەری 20 دینار دەبێت، بە هی سویسری". لەبەشێكی تری نامەكەیدا مام جەلال باسلەوە دەكات لە كاتی بەرێكردنی بریمەردا جارێكی تر باس لە بابەتی نرخی دۆلار كراوەو نوسیویەتی" بەرهەم داوای لێكرد، گەر دۆلار نرخیان بە 20 دینار دانا، ئێمە دێین داوا دەكەین بۆمان بكەنە (15) دینار، گوتی باشە". ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامی لە عێراقو دیناری سویسری لە كوردستان هێناو دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێتو پێی دەڵێن "دیناری بریمەر". ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (1146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (1166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (1820) دینار. دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوتو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد. حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (1460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران. عێراق وڵاتێكی رەیعیە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارەو ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوەو زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت. چارەسەركردنی پرسی كورتهێنانی داهاتی نەوت بە دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا هەر لەسەرەتاوە وەكو بۆمبێك تەماشا دەكرا كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بتەقێتەوە، كابینەیەك كە سەرباری ئەوەی هێشتا رەزامەندی تەواوەتی ئەمریكای وەكو دەسەڵاتی باڵای ئابوری جیهانی وەرنەگرتووە، لەناوخۆشدا بۆمبێكی تەوقیتكراو (سەدرییەكان) لەژێری پێیدا دانراوەو دەكرێت لە هەر ساتێكدا پێیدا بتەقێتەوە.
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم هەرێمی كوردستان لە مانگی كانونی دووەمی رابردوودا بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە، تێکڕایی بەرمیلی بە (70) دۆلار فرۆشتووە كۆی داهاتەكەی (832 ملیۆن و 953 هەزار) دۆلار بووە، (466 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجی بووە، (366 ملیۆن ) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت ماوەتەوە. پوختە تێبینی؛ نرخی (1) دۆلار بەرامبەر بە (1,450) دینار هەژمار کراوە، بەو نرخەی بانکی ناوەندی عێراق دیاری کردووە. داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی دووەم = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (ههناردهی دهرهکی به بۆری) • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی دووەم (82.44) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (70.44) دۆلار فرۆشتووە (هەرچەند باس لەوە دەكرێت بەهای نەوتی هەرێم نزیكەی 20 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێت، بەڵام بەرەسمی یان لە لایەن دیلۆیتەوە رانەگەیەندراوە). کەواتە: (11 ملیۆن و 825 هەزار) بەرمیل X (70.44) دۆلار = (832 ملیۆن و 953 هەزار) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (832 ملیۆن و 953 هەزار) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 207 ملیار و 781 ملیۆن و 850 هەزار) دینار. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (832 ملیۆن و 953 هەزار) دۆلار X (56%) = (466 ملیۆن و 453 هەزارو 680) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (466 ملیۆن و 453 هەزارو 680) دۆلار X ((1450 دینار = (676 ملیار و 357 ملیۆن و 836 هەزار) دینار خەرجی نەوتە. - (832 ملیۆن و 953 هەزار) دۆلار X (44%) = (366 ملیۆن و 499 هەزارو 320) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: ( 366ملیۆن و 499 هەزارو 320) دۆلار X (1450) دینار= (531 ملیار و 424 ملیۆن و 14 هەزار) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی دووەم 2023 (دینار) (531 ملیار و 424 ملیۆن و 14 هەزار) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (849 ملیار و 924 ملیۆن و 14 هەزار) دینار ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی کانونی دووەمی 2023
شێكاری: درەو لە ماوەی (2020-2023 بە تێکڕا؛ نرخی شمەک، دراوی بیانی، زێڕ، خۆراک و سوتەمەنی بە ڕێژەی (50%) بەرزبوونەتەوە، بەجۆرێک؛ # لە ساڵی (2020)وە (100) دۆلاری ئەمریکی (42 هەزاو 600) دیناری چووتە سەر و بە ڕێژەی (34%) بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. # لیترێک بەنزینی موحەسەن لە (700) دینارەوە بووە بە (هەزار و 200) دینار و بە ڕێژەی (71%) بەرزبووەتەوە. # مسقاڵێک زێڕی عەیار (21) بڕی (151 هەزار)ی چووتەسەر و بە ڕێژەی (51%) نرخەکەی زیادی کردووە. # (50) کیلۆ ئاردی بایەعی بڕی (15 هەزار و 750) دیناری چووەتە سەر بەڕێژەی (119%) بەهاکەی زیادی کردووە. # لە کارتۆنێک هێلکەدا بڕی (25 هەزار) دینار چووەتە سەر نرخەکەی و بەڕێژەی (69%) بەهاکەی زیادی کردووە. # لە کیلۆیەک مریشکی سەربڕاو (هەزار و 150) دیناری چووەتە سەرر و بەڕێژەی (46%) بەهاکەی زیادی کردووە. # کیلۆیەک ڕۆنی زەیتی بایەعی لە (هەزار و 500) دینارەوە بووە بە (3 هەزار) دینار و بەڕێژەی (100%) نرخەکەی بەرز بوەتەوە. # کیلۆیەک ڕۆنی تکسان لە (2 هەزار و 750) دینارەوە بووە بە (5 هەزار) دینار و بەڕێژەی (82%) نرخەکەی بەرز بووەتەوە. # کیلۆیەک چای بڕی (3 هەزار) دیناری چووەتە سەر و بەڕێژەی (33%) نرخەکەی بەرز بووەتەوە. # کیلۆیەک شەکر لە (850) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (هەزار و 250) دینار و بەڕێژەی (47%) نرخەکەی بەرز بووەتەوە. # کیلۆیەک گۆشت لە (16 هەزار) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (18 هەزار) دینار و بەڕێژەی (13%) نرخەکەی بەرز بووەتەوە. بەرزبونەوەی نرخی شمەک، دراوی بیانی، زێڕ، خۆراک و سوتەمەنی لە (2020 - 2023) پاڵپشت بەو داتاو زانیارییانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، ڕۆژانە نرخی دراوو خۆراک لەبازاڕەکانی سلێمانی تۆمار دەکات، ( درەو) سێ تۆماری جیاوازی بەڕێوەبەرایتییەکەی بەراورد کردووە کە لە (21/5/2020) و (13/6/2022) و (30/1/2023) تۆماری کردوون (بڕوانە (هاوپێچی یەکەم و دووەم و سێیەم))، بەپێی ئامارەکە؛ نرخی سەرجەم کەل و پەل و دراوەکان بەڕێژەی جیاواز بەرز بوونەتەوە. ئامارەکان بە جۆرێکە بە تێکڕای ئەو نمونانەی درەو وەریگرتوون لە (2020 - 2022) بە ڕێژەی (32%) بەزبوونەتەوە، بەڵام لە (2020 - 2023) ڕێژەی بەرزبوونەوەکە گەیشتووە بە (49%). بەرزبونەوەی نرخی شمەک، دراوی بیانی، زێڕ، خۆراک و سوتەمەنی لە (21/5/2020 – 13/6/2022) بەپێی داتاکانی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، نرخی شمەک و زێڕ و لە ماوەی نێوان (2020 - 2022) بە تێکڕا ئەو نمونەنانەی وەرگيراون بەهاکەیان بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە. (بڕوانە چارت و خشتەی ژمارە (1)) - (100) دۆلاری ئەمریکی لە (123 هەزاو 650) دینارەوە بووە بە (148 هەزار و 550) دینار و بە ڕێژەی (20%) بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. - لیترێک بەنزینی موحەسەن لە (700) دینارەوە بووە بە (هەزار و 375) دینار و بە ڕێژەی (96%) بەرزبووتەوە. - مسقاڵێک زێڕی عەیار (21) لە (299 هەزار)ەوە بووە بە (389 هەزار) بە ڕێژەی (30%) نرخەکەی زیادی کردووە. - (50) کیلۆ ئاردی بوشلەری تورکی لە (29 هەزار) دینارەوە بووە بە (49 هەزار) و بەڕێژەی (69%) بەهاکەی زیادی کردووە. - (50) کیلۆ ئاردی بایەعی لە (13 هەزار و 250) دینارەوە بووە بە (33 هەزار) و بەڕێژەی (149%) بەهاکەی زیادی کردووە. - کارتۆنێک هێلکە لە (36 هەزار) دینارەوە بووە بە (45 هەزار) و بەڕێژەی (25%) بەهاکەی زیادی کردووە. - کیلۆیەک مریشکی سەربڕاو لە (2 هەزار و 500) دینارەوە بووە بە (5 هەزار) و بەڕێژەی (100%) نرخەکەی زیادی کردووە. - کیلۆیەک ڕۆنی زەیتی بایەعی لە (هەزار و 500) دینارەوە بووە بە (3 هەزار و 250) دینار و بەڕێژەی (117%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک ڕۆنی تکسان لە (2 هەزار و 750) دینارەوە بووە بە (4 هەزار و 750) دینار و بەڕێژەی (73%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک چای لە (9 هەزار) دینارەوە بووە بە (10 هەزار) دینار و بەڕێژەی (11%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک شەکر لە (850) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (هەزار و 250) دینار و بەڕێژەی (47%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک گۆشت لە (16 هەزار) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (17 هەزار) دینار و بەڕێژەی (6%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. چارتی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (1) بەرزبونەوەی نرخی شمەک، دراوی بیانی، زێڕ، خۆراک و سوتەمەنی لە (21/5/2020 – 30/1/2023) بەپێی داتاکانی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، نرخی شمەک و زێڕ و لە ماوەی نێوان (2020 - 2023) بە تێکڕا ئەو نمونەنانەی وەرگراون بەهاکەیان بە ڕێژەی (49%) زیادی کردووە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە. (بڕوانە چارت و خشتەی ژمارە (2)) - (100) دۆلاری ئەمریکی لە (123 هەزاو 650) دینارەوە بووە بە (166 هەزار و 250) دینار و بە ڕێژەی (34%) بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. - لیترێک بەنزینی موحەسەن لە (700) دینارەوە بووە بە (هەزار و 200) دینار و بە ڕێژەی (71%) بەرزبووتەوە. - مسقاڵێک زێڕی عەیار (21) لە (299 هەزار)ەوە بووە بە (450 هەزار) دینار و بە ڕێژەی (51%) نرخەکەی زیادی کردووە. - (50) کیلۆ ئاردی بوشلەری تورکی لە (29 هەزار) دینارەوە بووە بە (46 هەزار و 500) دینار و بەڕێژەی (60%) بەهاکەی زیادی کردووە. - (50) کیلۆ ئاردی بایەعی لە (13 هەزار و 250) دینارەوە بووە بە (29 هەزار) و بەڕێژەی (119%) بەهاکەی زیادی کردووە. - کارتۆنێک هێلکە لە (36 هەزار) دینارەوە بووە بە (61 هەزار) و بەڕێژەی (69%) بەهاکەی زیادی کردووە. - کیلۆیەک مریشکی سەربڕاو لە (2 هەزار و 500) دینارەوە بووە بە (3 هەزار و 650) و بەڕێژەی (46%) نرخەکەی زیادی کردووە. - کیلۆیەک ڕۆنی زەیتی بایەعی لە (هەزار و 500) دینارەوە بووە بە (3 هەزار) دینار و بەڕێژەی (100%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک ڕۆنی تکسان لە (2 هەزار و 750) دینارەوە بووە بە (5 هەزار) دینار و بەڕێژەی (82%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک چای لە (9 هەزار) دینارەوە بووە بە (12 هەزار) دینار و بەڕێژەی (33%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک شەکر لە (850) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (هەزار و 250) دینار و بەڕێژەی (47%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. - کیلۆیەک گۆشت لە (16 هەزار) دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ (18 هەزار) دینار و بەڕێژەی (13%) نرخەکەی بەرز بووتەوە. چارتی ژمارە (2) خەرجی و داهاتی مانگانەی تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/10/2021) دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی زینجیرەیەک ئاماری لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند؛ "پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (30) سی ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە. لە بەشێکی ئامارەکانیدا ئاماژە دراوە بە "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی (2012) لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم (عەلی سندی -وەزیری پلاندانانی هەرێم) ڕایگەیاند داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان (4 هەزار) دۆلاری تێپەڕاندووە، واتە مانگانە (333) دۆلاری مانگانە، لەو کاتەدا بەهای (1) دۆلاری ئەمریکی (هەزار و 166) دینار بووە، واتە داهاتی مانگانەی تاک بە دینار بریتی بووە لە (388 هەزار و 666) دینار بووە. بەم پێیەش داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان لەساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2012) بڕی (201 هەزار و 466) دینار و بەڕێژەی (52%) کەمی کردووە. (بڕوانە خشەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم هاوپێچی سێیەم
درەو: لە دەقی بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك(بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)، لە رێگەی ئەم نوسراوەوە لاهور شێخ جەنگی تانەی داوە لە نوسراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق كە یەكێتی هاوسەرۆكی هەڵوەشاندووەتەوەو ئێستا لەلایەن (بافڵ تاڵەبانی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. دادگای لێكۆڵینەوەی ئاساییشی هەولێری سەربە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانە بڕیارێكی دەركردووەو بە نوسراوێك كە لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد (فارس عیسا) ئاراستەی فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كردووە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت: • هیچ بەراییەكی كۆنگرەی چواری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیك وردستان بوونی نیە، سەرباری ئەوەی نوسراویان ئاراستەكراوە لە 17/10/2022 دا بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوە، • سەبارەت بەو نوسراوەی كە ئاراستەی دادگای بەرایی سلێمانی كراوە لە 6/10/2022دا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، نوسراوەكە ئیمزای هەڵۆ سەعید محەمەد ئەمینی لەسەرە كە ئێستا تۆمەتبارەو لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش داواكراوە بە گوێرەی مادەی (231) ی یاسای سزادانی عێراقی بەهۆی ئەوەی لە دەركردنی ئەم نوسراوەدا زیادە رۆیی لە دەسەڵاتی خۆی و ئەركەكەی كردووەب ە پێچەوانەی یاساوە، • بەڵگەی لێكۆڵینەوەی پێشكەشكراو بەم دادگایەو ئەو نوسراوەی كە لە رۆژی 21/1/2023 لەلایەن یەكێتیەوە هاوپێچ لەگەڵ كۆنوسی كۆنگرەی چواری حزبەكەدا پێشكەشكراوە، یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت كە بریتین لە هەریەكە لە هاوسەرۆك ( بافڵ جەلال حیسامەدین) و هاوسەرۆك (لاهور جەنگی بورهان) . • ئەو نوسراوەی لەدادگای بەرایی سلێمانیەوە دەرچووە پێچەوانەی واقیع و یاسایەو ناكرێت لەیەكلاكردنەوەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتیدا پشتی پێببەسترێت.
درەو: وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بە بڕیارەكەی دادگای هەولێر، یەكێتی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پارتی هەڵوەشاندەوە "بڕۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆببنەوە" سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند: یەكێتی بەرەسمی هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكەی رۆژی شەممەیان بە تیمی دانوستانی پارتی راگەیاندووە، یەكێتی پێی وایە پارتی لە هەندێك هەڵوێستدا پشتیوانی لە لاهور شێخ جەنگی دەكات، ئەویش لە پێناو تێكدانی ئارامی سلێمانی و دژ بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان. ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی ئەوەشی بە د(درەو) راگەیاند: كە تیمی دانوستانی پارتی با بچن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆببنەوە. سەرچاوەیەكی پارتیش بە (درەو)ی راگەیاند: ئەو بڕیارەی دادگا كە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی دەرچووە، پەیوەندی بە بڕیاری دادگاوە هەیەو پەیوەندی بە پارتیەوە نیە. دوێنێ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا و مافی هاوسەرۆكی بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاندەوە، لە بڕیارەكەی دادگای هەولێردا هاتووە یەكێتی بەناوی "بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)یەوەیەو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیە. ئەم بڕیارە سەرۆكی بەرپرسانی یەكێتی توڕەو نیگەران كردووە لە پارتی و پێیان وایە پارتی ئەو بڕیارەی دەركردووەو پشتیوانی لە لاهور شێخ جەنگی دەكات، لە دژی بافڵ تاڵەبانی.
(درەو): كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا، پشتبەست بە بڕیارێكی دادگای سلێمانی، دادگای هەولێریش لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییە. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، دوێنێ ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی و لە دژی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریانداوەو ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سكاڵاو داواكاریەكانی لاهور شێخ جەنگیان رەتكردووەتەوە سەبارەت بە ناپەیڕەوی و نایاسایبوونی بڕیارەكانی بافڵ تاڵًەبانی. سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بە (درەو) وت"بڕیارەكەی كۆمسیۆنی بەغداد لەژێر فشارێكی توندو هەوڵێكی توندی بافڵ تاڵەبانیدا بووە، بڕیارەكە تانەی لێدەدرێت، چونكە ئەو بڕیارە پشتی بەبڕیارێكی دادگای سلێمانی بەستووە، دادگای سلێمانی پشتی بە نوسراوێكی ساختەی بەڕێوەبەرێكی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بەستووە، ئێستا دادگای هەولێر بڕیاریدا ئەو نوسراوە ساختەیە". سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد" دادگاكە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە بەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییە.. دادگای هەولێر نوسراوێكی كردووە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لەوێ تەسدیق كراوەو دادگای هەولێر لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە كە یەكێتی بەناوی "بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)یەوەیەو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییە".
(درەو): لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (12 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە، لەم پارەیە بڕی نزیكەی (8 ملیار) دۆلاریان لەرێگەی (بانكی هەولێر)ەوە بووە. عەلی فازل ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە لە ئەمریكا نیشتەجێیەو ساڵی رابردوو تۆمارە دەنگییەكەی نوری مالیكی بڵاوكردەوە، ئێستا تۆمارێكی دەنگی نوێی ئاشكراكردووە كە هی (ئەحمەد چەلەبی)ی سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە. مێژووی تۆمارەكە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، واتە بۆ ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی ئەحمەد چەلەبی. یەو چەلەبی ئەم قسانەی بە ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی كردووەو قسەكانی لەدانیشتنێكدا بووە لەگەڵ هەریەكە لە (عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندییو لیوا حسێن شەمەری بەڕێوەبەری روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق. عەلی عەلاق كە دەوترێت نزیكە لە نوری مالیكییەوە، ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2020 بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی بوو، هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دوای دورخستنەوەی مستەفا غالب (كە دەوترێت نزیك بووە لە سەدرییەكانەوە) بەهۆی قەیرانی نرخی دۆلارەوە، جارێكی تر عەلی عەلاقی كردەوە بە پارێزگاری بانكی ناوەندیی. لەم تۆمارە دەنگییەدا، چەلەبی باس لەوە دەكات چەندین ساڵە كێشە لە بابەتی مەزادی دۆلاردا هەیە، چەلەبی ناوی ئەو بانكو كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكات كە كاری حەواڵەی دۆلاریان كردووەو لە كاری شتنەوەی پارەدا تێوەگلاون، بەپێی قسەی لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (12 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەناو ئەو بانكو كۆمپانیایانەی كە لە كاری ئاودیوكردنی دۆلاردا تێوەگلاون، چەلەبی باس لە بانكی هەولێر دەكاتو دەڵێ: • زیاتر لە 12 ملیار دۆلار ئاودیوی دەرەوەی عێراق كراوە. • تەنیا بانكی هەولێر بڕی (7ملیارو 923 ملیۆن) دۆلاری ناردوەتە دەرەوە. • بانكی هەولێر بڕی (ملیارێكو 712 ملیۆنو 500 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (الراوی). • بۆ نمونە بانكی هەولێر لە رۆژی 31ی ئایاردا بڕی (52 ملیۆن) دۆلاری لەبانكی ناوەندیی كڕیوە. هەر لەم تۆمارەداو لە بەشی دووەمدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو بە بەڵگەوە باس لە تێوەگلانی میلیشیاكان دەكات لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەو ئاودیوكردنی دۆلاردا.
(درەو): لە كتێبی (میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی رۆمو عەجەم دا)، لە نوسینی (نەوشیروان مستەفا ئەمین): ساڵی (1761) سلێمان پاشای وەزیر (وەزیری عوسمانییەكان لە بەغداد) مرد، لەجێگەی ئەو عەلی پاشا دانرا بە وەزیر، عەلی پاشا گێچەڵی بە سلێمان پاشای بابان ئەكرد. سلێمان پاشای ئەبولەیلە كاتی خۆی سلێمان پاشای بابانی لە هەندێك باج بەخشی بو، بۆ ئەوەی ئەو دەرامەتە تەرخان بكا بۆ سازدانی لەشكرو ژیاندنو چەكداركردنیان. عەلی پاشای تازە وەزیر، سلێمان پاشای هەڵپێچا بو بۆ بژاردنی باجی كەڵەكەبوی دوانزە ساڵی رابردوو. چەندی هەوڵدا لە وەزیری تازەی بگەیەنێ كە وەزیری كۆچكردو، كاتی خۆی، لەم باجە بەخشیوێتی، كەڵكی نەبو. عەلی پاشا لەشكرێكی گەورەی بۆسەر سلێمان سازدا، سلێمان كە بەمەی زانی ئەویش لە قەڵاچۆلانەوە بەڕێ كەوتو، هێزەكانی خۆی كۆكردەوە. پێنج شەش هەزار سوارەو، حەوت تا هەشت هەزار پیادەی كۆكردەوە. تۆپو كەرەستەی تەواوی جەنگیی ئامادە كرد. لە جەبەل حەمرین دامەزراو لە دامێنی هەردەكانی "صقال توتان" سەنگەری لێ دا. رێگای هاتوچۆی بڕی. لەشكری وەزیری گەیشتە دەلی عەبباس، لەشكری بابان خۆی پێ نەگیرا بە چەمی نارین دا بەرەو دواوە كشایەوە. وەزیر كەوتە دویان. هێزی بابان چوە كفری لەنێوان كفریو دوانزە ئیمام دا لە شوێنێك دا بەناوی "كۆشكی زەنگی" هەردوو لەشكر لێكیان دا. لەشكری بابان شكا. زۆری گیراو كوژرا. سلێمان بە زەحمەت خۆی دەرباز كرد. بارگەو بنەو خێوەتو تۆپەكانی كەوتە دەست لەشكری مەمالیك- رۆم. لەم لەشكركێشییەدا ئەحمەد بەگی برای سلێمان پاشا هاوڕێ ی سەفەری وەزیرو میوانداری هێزەكەی بو. وەزیر "خەلعەتی" میرایەتی كردە بەر ئەحمەدو بە پلەی پاشا لە جێگای سلێمانی برای داینا (1762 ز). سلێمان هەڵات بۆ ئێران... وەزیری بەغدا لەشكری سازدابو بۆ شەڕی ئێلی كەعب. هێزی بابانی بەسەركردایەتی ئەحمەد پاشا لەگەڵا خۆی برد بو. محەمەد پاشای بەهێزێكی كەمەوە لە قەلاچوالان دانا بو. سلێمان ئەمەی بەهەل زانی پەلاماری قەڵاچوالانی دا گرتیەوە. بەڵام وەزیر كە شەڕی كەعبی تەواو كرد رێگای بە ئەحمەد پاشا دا بگەڕێتەوە بۆ قەڵاچوالان. هێزێكی گەورەشی بۆ یارمەتیدانی لەگەڵ نارد. سلێمان خۆی پێ نەگیرا. زستانێكی سەخت بو. قەڵاچوالانی بەجێ هێشت بەڵام لەگەڵ خۆی هەمو وەستاو سنعەتكارەكانی برد بۆ سنە.
(درەو): دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی سێ شەممەی داھاتووی بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، دیاریکرد. دواجار ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵاکانی دژ بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی کوردستان لەرێگەی نامەیەکەوە دادگایان ئاگادار کرد لەوەی، بەھۆی خراپی دۆخی کەشوھەوای ئەمڕۆوە نەیانتوانیوە بەشداری دانیشتنەکە بکەن، بەوھۆیەوە دادگا بڕیاریدا رۆژی ٧ی مانگی داھاتوو واتە سێ شەممەی داھاتوو دواین کۆبونەوە بەشێوەی ئاشکرا بەڕێوەبچێت و حوکمی کۆتایی لەبارەی سکاڵاکانەوە دەربچێت. ھەریەکە لە (یوسف محەمەد سادق، سروە عەبدولواحید، شاسوار عەبدولواحید، کاوە عەبدولقادر) لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووەو بە نادەستوریی ناوی دەبەن. دادگای فیدراڵی کە کێشمەکێشەکان لەبارەی ماددەکانی دەستور لێکدەداتەوەو بڕیارەکانی تانەی لێنادرێت، لە شوباتی ساڵی رابردووەوە دوو بڕیاری قورسی دژی ھەرێم دەرکردووە، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێم و بەمدواییەش بڕیاری راگرتنی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بۆ ھەرێم، ئەگەر سکاڵاکان دژی ھەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات، گورزێکی بەھێزتر لە دامەزراوەی ھەرێمی کوردستان دەدات. یەکلاکردنەوەی سکاڵا دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دەستیان بە گفتوگۆکی نوێ کردووە سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن، بەو ئومێدەی لەمساڵدا ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن پێویستی بە مانەوەی شەرعیەتی پەرلەمانی ماوەدرێژکراوەی ھەرێم ھەیە. ئەگەر دادگای فیدراڵی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان حوکمی خۆی دەربکات، رەنگە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ناچار ببن بۆ سازدانی ھەڵبژاردن بگەڕێنەوە بۆ سەر یاسا کۆنەکەو بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکەش بسپێرن بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، چونکە پابەندنەبوونی ھەرێم بەبڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی ناوەند ناچار دەکات مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی داھاتووی ھەرێمدا نەکات، ھەڵبەت لەحاڵێکدا بەر لەم رووداوانە چارەسەر بۆ تێکڕای ئەو بڕیارانە نەدۆزرێتەوە کە دادگای فیدراڵی لە دژی ھەرێم دەریکردوون، دادگایەک کە حکومەتی ھەرێم بە ناشەرعی و سیاسی ناودەبات.
درەو: بە پێی ئەنجامی راپرسیەك 53%ی بەشداربووان پێیان وایە ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی هۆكاری دەرچوونی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵین لە دژی هەرێم، 80%ی بەشداربوان پێیان وایە نوێنەرانی كورد لاوازن لە بەغداد، 50.7%ی بەشداربووان لەگەڵ گەڕانەوەن بۆسەر بەغداو هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمن لە زۆنی زەرد 42% لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمن و لە زۆنی سەوز 64% لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمن، 59%ی بەشداربوان ئامادەنین لە دژی بەغداد خۆپیشاندان بكەن لەو رێژەیە 72%یان لە زۆنی سەوزن. راپرسیەكە لەلایەن كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوەو راپرسی ئەنجامدراوە كە لە ساڵی 2010 دامەزراوە لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و ئەكادیمی و بنكەی سەرەكی لە شاری هەولێرە، ئەوان پێشتر چەندین راپرسیان ئەنجامداوە، لەم راپرسیەدا كە (1000) كەس بە شێوازێكی تایبەت بەشداربوونە لە راپرسیەكە (42%)ی بەشداربووان لە زۆنی سەوزو (58%)یان لە زۆنی زەردبوون، زۆرترین بەشداربوو فەرمانبەری حكومەت بوون، كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوەو راپرسی سەرەتا دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە ٢٣\١\٢٠٢٣ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی لەسەردەمی کابینەی موستەفا کازمی درابوون بۆ ناردنی بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوکاری بۆ دابینکردنی مۆچەی فەرمانبەران. چیدی چاوەڕوانی ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە و هیچ بڕە پارەیەکی دیکە ناکرێت. ئەمەش بەیاننامەو لێدوانی توندی بەرپرسانی هەرێمی لێ کەوتەوە تا ئەو رادەیەی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە کاریگەرترین سەرکردەی هەرێمی کوردستانە ئەو دادگایە بە دادگای شۆڕشی سەردەمی بەعس بچوێنیت. هەروەها ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان زیادی کرد لەوەی دیسان هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببیتەوە و پاشەکەوت و لێبڕین و دواکەوتنی مۆچە سەرهەڵدەنەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە راستەوخۆ دوای ئەوە دادگای پاریسیش کەیسی نەفتی هەرێمی کوردستانی بە قازانجی عێراق یەکلایی کردەوە و کورتهێنانی دۆلاریش رۆژ دوای رۆژ بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێنێت و کەلوپەلیش نرخیان دەچێتە سەرەوە. بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق زیاتریش لەو رووەوە مەترسیدارە کە بڕیارەکانی تانەیان لێنادرێت و پێداچوونەوەیان بۆ ناکرێت، بەڵکو ناچارین و پێویستە جێبەجێ بکرێن، پارساڵیش بڕیاری لە نادەستوریبوونی فروشتنی نەفتی هەرێم دا هەروەها چەند کەیسێکی دیکەش لە سەر مێزی ئەو دادگایەن و چاوەڕێی بڕیاردانن کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نین. ئەگەر واز لەوە بهێنین کە چەندە یاسایین یان یاسایی نین (ئەمە کاری یاساناسەکانە)، هەروەها ئەوەش فەرامۆش بکەین کە کێ لە پشت ئەم بڕیارانەوەیە، ئێمە وەکو کۆمپانیایەکی راپرسی و توێژینەوە لە ئێستادا بۆمان گرنگ بوو رای هاوڵاتییانی هەرێم لەو بارەوە بزانین و پێوانە بکەین، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ سەعاتدا کۆمپانیای شیکار راپرسی لە رێگەی پانێلە ئۆنلاینەکەیەوە (پانێلی پرسیار) پرسیارنامەیەکی بڵاوکردەوە، زیاتر لە ١٠٠٠ وەڵامی دەستکەوت. میتۆدۆلۆجیا پرسیارنامەکانی شیکار راپرسی لەلایەن کەسانێکی پسپۆر لە بواری راپرسییەوە ئامادەدەکرێن و بە گرتنەبەری رێوشوێنی زانستی و پشت ئەستوور بە میتۆدۆلۆجیا پرسیارەکان دادەڕێژرێن، هەروەها لە نموونە وەرگرتنیش بۆ ئەوەی پەڕاوێزی هەلە کەمبکەینەوە و خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرین قەبارەی نموونەکە گەورەدەکەین، کە ئەوەش بواری بەرواردی زیاترمان بۆ دەڕەخسێنێت لە نێوان ناوچەکان، رەگەزەکان و گروپە تەمەنییەکان. هەروەها خاڵێکی دیکەی گرنگی ئەو راپرسیانە ئەوەیە کە هەوڵدەدەین خەڵک لە گوند و ناحیەکانیش وەرگرین نەک تەنیا لە سەنتەری شارە گەورەکان. کۆمپانیای شیکار بە هەرسێ سیستەمی (تابلێت، تەلەفۆن و ئۆنلاین) پرسیارنامە پڕدەکاتەوە. بۆ ئەم راپرسییە سیستەمی ئۆنلاین بەکارهات لەبەرئەوەی زۆرترین پرسیارنامە لە کورتترین کاتدا پڕدەبنەوە، سیستەمی ئۆنلاینی شیکار راپرسی بریتییە لە پلاتفۆرمێک کە ئەپی پرسیار تێیدا بەکاردێت، ئەم ئەپە کە لەسەر مۆبایلی زیرەک دادەگیرێت، نزیکەی ٨٠٠٠٠ ئەندامی هەیە لە هەموو هەرێمی کوردستان. ئەندامەکان هەر یەکەو پرۆفایلێکی تێروتەسەڵی هەیە کە بەپێی تایبەتمەندییە گشتییەکانی کەسەکان وەک رەگەز، تەمەن، پیشە، شوێنی نیشتەجێبوون، ئاستی خوێندن و باری ئابووری پۆلین کراون و پرسیارنامە لەسەر ئەو بنەمایە بۆیان دەچیت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کە دەستی ستافی کۆمپانیای تێدا نییە. بۆ نموونە تو ٥٠ کەست لە قەزایەک دەوێت یان ١٠٠ کەس لە گروپێکی تەمەنی، سیستەمەکە بەپێی ئەو پرۆفایلانە بۆیان دەنێریت. لەم راپرسییەدا بۆمان گرنگ بوو خەڵکی هەموو قەزایەکان، لە گروپی تەمەنی جیاواز، پیشەی جۆراوجۆر و ئاستەکانی خوێندنی جیاجیای تێدا بێت. هەروەکو لە ئەنجامەکانیشدا دەردەکەوێت بەو شێوەیەیە. ئەنجامەکانی راپرسی - دوای چەند رۆژێک لە بڕیارەکە هێشتا تەنیا ٥٤% خەڵک بەتەواوی ئاگادارە کە بڕیارێکی لەو جۆرە دەرچووە و ٢٥% هەر ئاگادار نییە. رەگەزی نێر زیاتر لە رەگەزی مێ ئاگادارە، گەنجەکان کەمتر لە بەتەمەنەکان ئاگادارن. - کەمتر لە نیوەی نموونەکە (٤٩%) بەتەواوی ئاگاداری ئەوەن کە پار ساڵیش هەمان دادگا بڕیاری نایاساییبوونی مامەڵەکردن بە نەفتی هەرێمی دەرکردووە. - کەمتر لە نیوەی خەڵکی هەرێم کە دەکاتە ٤٧% هەستی تۆڕەییان بەرامبەر بڕیاری نەناردنی پارە بۆ هەرێم هەیە، تەنانەت ١٠% خەڵک دەڵێن دڵمان خۆشە بەو بڕیارە. لە زۆنی سەوز ئەوانەی هەستی تۆڕەییان هەیە رێژەکە زۆرکەمترە ٣٣% و ئەوانەش دڵیان بەو بڕیارە خۆشە رێژەیان بەرزترە (١٧%). - نزیکەی ٢١% هاوڵاتییان بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە دژی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری یاسایی و بێلایەن لەقەڵەم دەدەن لە بەرامبەریشدا نزیکەی ٤٦% بڕیارەکانیان بەلایانەوە نایاسایین و پێیانوایە بەمەبەستی دژایەتی هەرێم دەردەکرێن. جیاوازییەکی بەرچاو لەو بارەوە لە نێوان خەڵکی هەردوو زۆنەکەدا هەیە و - نموونەکە بەڕێژەی بەرز لەو باوەڕەدان کە ئەو بڕیارانە لە دژی هەرێمی کوردستانن و زۆر کەمتر پێیانوایە بە زیانی دەسەڵاتن، رێژەیەکی کەمیش پێیوایە ئەم بڕیارانەی دادگا نەک زیانیان نییە بەڵکو لە قازانجی خەڵکن. - زیاتر لە نیوەی نموونەکە ٥٣% پێیانوایە ناکوکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هۆکارێکی دەرچوونی ئەو بڕیارانەن لە دژی هەرێم، ئەوانەی کە پێیانوایە ناکوکییەکان هۆکار نین تەنیا ١٣% هاوڵاتییانن. ئەوەی جێگەی سەرنجە رای خەڵکی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز وەک یەکە لەبارەی ناکوکی نێوان پارتی و یەکێتی. - سەبارەت بەوەی کە کێ لە پشت ئەو جۆرە بڕیارانەی دادگایە، جگە لە ٢٠.٥% نموونەکە کە پێیان وانییە کەسی لە پشت بیت، ئەوانی دیکە زۆرتر پەنجە بۆ هێزە شیعییەکان و ئێران رادەکێشن. - ٨٠% نموونەکە پێیانوایە کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا (ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان) لاوازن، لەو رێژەیەش ٤٥% پێیانوایە زۆر لاوازن، ئەوانەی پێیانوایە بەهێزن کەمتر لە ١٠% نموونەکە پێکدەهێنن. - خەڵکی جگە لەوەی کە بەرێژەی نزیکەی ٢١% پێیانوایە پارتی و یەکێتی پێکەوە هۆکاری لاوازی کوردن لە بەغدا، ئەوا نزیکەی ٤٧% نموونەکە هەموو حزبە کوردستانییەکان (دەسەڵات و ئوپۆزیسیۆن) بە هۆکاری ئەو لاوازییە دەزانن. - زیاتر لە نیوەی نموونەکە ٥٠.٧% پێیانوایە بۆ ئەوان باشترە قەوارەی هەرێم هەڵوەشێتەوە و بگەڕێنەوە سەر بەغدا لەو رێژەیە (56%)یان گەنجانن، لەو بارەوە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان هەردوو زۆندا هەیە، زۆنی زەرد بە رێژەی نزیکەی ٤٢% لەگەڵ نەمانی قەوارەی هەرێم و زۆنی سەوز بە رێژەی نزیکەی ٦٤%. - ئەوانەی کە نیگەرانی ئەوەن ئەم بڕیارانە ببنە هۆی نەمانی قەوارەی هەرێم زیاتر لە نیوەی نموونەکەن بە رێژەی ٥٣%. - ٥٩% نموونەکە هیچ کات بە بیریاندا نەهاتووە کە خۆپیشاندان دژی بەغدا بکەن. زۆنی سەوز کە مەڵبەندی خۆپیشاندانەکان بووە لە ساڵانی رابردوودا ٧٢% خەڵکی ئەو زۆنە هیچ کات بیریان لەوە نەکردووتەوە کە دژی بەغدا خۆپیشاندان بکەن. - تەنیا ٧.٥% نموونەکە بەغدا بە خەتابار دەزانن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، لە بەرامبەردا ٢٧% هەرێم بەخەتابار دەزانن. ئەنجامگیری 1. خەڵک و شەقام لە حکومەتی خۆیان نامۆن، مەترسیەکانیش بۆ سەر ئەم قەوارەیە نەک هەر بە هەند وەرناگرن، بەڵکو هەندێکجار پێی دڵخۆشن؛ نمونەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق! ئەوەش نیشانەی ناکارایی نوخبەی سیاسی کوردستانییە کە نەیانتوانیوە خاوەنی گوتارێک بن، هەروەها ئەوە پیشانی خەڵک بدەن کە دەسەڵات بۆ خەڵکە و لە پێناو خەڵکە، بەڵکو پەیامەکەیان بە پێچەوانەوە لە خەڵک گەیاندووە کە خەڵک بۆ دەسەڵات و لە پێناو دەسەڵاتن. 2. خەڵک یان لایەنگرن، یان بێلایەن؛ زۆرینە بەجۆرێک هاوسۆز و پاڵپشتی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، چونکە زۆرینە، ئەمە وەک سزادانی پارتە دەسەڵاتدارەکان دەبینن. 3. پرسی مووچە و بژێوی ژیان کاریگەرترین ئاراستەی پشت مەیلی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە لە نیگەرانیەکانیان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و مەیلی گەڕانەوە بۆ سەر بەغدا و لاوازکردن یان هەر نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان. 4. دابڕان و بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئینتیما بۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارە هەستی پێ دەکرێ. خەڵک هاتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەوەی لە هەرێم هەیە، تەنها بریتیە لە ئیدارەی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و بنەماڵەکانیان. لەلای خەڵک کوردایەتی و هەستکردن بە شانازی نەتەوەیی، ئیتر یەکسان نیە بە ئینتیما و دڵسۆزی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان. 5. دابڕانێکی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو زۆن لەبارەی پرسە سیاسی و نەتەوەییەکان. ئەوەی جێگەی هەڵوەستەشە خەریکە ناڕەزایەتی لە دەسەڵات و بێباکی لە پرسە نەتەوەییەکان لە زۆنی زەرد زۆر زیاد دەکات. 6. خەڵکی رۆژ لە دوای رۆژ بێهیواترن لە دەسەڵات. دەسەڵاتیش رۆژ دوای رۆژ بێ مۆبالاتترە لەوەی لە شەقام دەگوزەرێ. کۆمپانیای شیکار بۆ توێژینەوە و راپرسی. کۆمپانیای شیکار بۆ توێژینەوە و راپرسی ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێرە و لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا تیمی راپرسی و کۆکردنەوەی داتای (چەندێتی و چۆنیەتی) هەیە کە بەشێوەیەکی پیشەییانە لە بواری توێژینەوەی مەیدانیدا راهێنراون. شیکار لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوارەکانی (کۆمەڵناسی، سیاسەت و ئامار) دامەزراوە و بەڕێوەدەبردرێ. خاوەنی یەکەم پانێڵی راپرسی ئۆنلاینە بەشێوەی ئەپلیکەیشن بەناوی (پرسیار)، هەرەوەها خاوەنی سەنتەری تایبەت بە توێژینەوە و راپرسی تەلەفۆنی CATI یە کە لەسەرجەم شارەکانی عێراقدا توانایی کۆکردنەوەی داتا و ئەنجامدانی راپرسی هەیە. کۆمپانیای شیکار جگە لە چالاکیەکانی لەبواری توێژینەوەی بازاڕدا Market Research، وەک بەشێک کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی سەرشانی خۆی، هەمیشە بە پێشکەشکردنی داتا و زانیاری و راپرسی فرەچەشن لە بوارەکانی ( هەڵبژاردن، متمانەی سیاسی، کۆچی گەنجان بۆ هەندەران و پەروەردە و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا) لەسەر ئەرکی خۆی توێژینەوەی بەردەوامی ئەنجامداوە و پێشکەش بە رای گشتی و ناوەندە ئەکادیمیەکان و ناوەندەکانی بڕیار کردووە، بۆ ئەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی سوودی لێ ببینن.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) کێشەی حوکمڕانیی خراپ کێشەی ژمارە یەکی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە لەژێر ناوی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست»دا کۆکراونەتەوە. ئەمەش ئەو سەرزەمینە جوگرافییە دەگرێتەوە کە لە تورکیاوە دەستپێدەکات و بە ئێران و وڵاتە عەربییەکان کۆتایی دێت. هەندێک کەس ئەم سەرزەمینە بچوکتر دەکەنەوەو لە میسردا کۆتایی بە سنورەکانی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» دەهێنن، واتە لیبیاو تونس و جەزائیرو مەغریب وەک باکوری ئەفریقا ماماڵە دەکەن نەک وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەم وڵاتانەدا کۆمەڵێک نوخبەی حوکمڕان هەن، کە دەوڵەت و دەزگاکانی، ئابوریی و کەرەستە خاوەکانی وڵاتەکە، تەنانەت خودی دانیشتوانەکانیشیان، بە پلەی جیاواز، بە موڵکی شەخسی خۆیان و نەوەکان و پارتە سیاسییەکانیان دەزانن و پێیانوایە ئازادن مافی ئەوەیان هەیە چۆن ئەو شتانە بەکاربهێنن و بۆ چ مەبەست و ئامانجێکیش، بەکاریبهێنن. ئەوەی لەم وڵاتانەدا بوونی نییە دەوڵەتە بەمانا مۆدێرنەکەی دەوڵەت، دەوڵەتە وەک هاوبەشێکی کۆمەڵایەتیی بێلایەن، کە توانای قۆرخکردنی مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی هەبێت و وەک چوارچێوەیەکی گشتیی قبوڵکراو ئامادەبێت کە هێزە جیاوازەکان لە هەناویدا کۆببنەوە. کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم چوارچێوە هاوبەشەش بریتییە لە بوونی «پەیمان» یان «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی» کە ئیرادەی کۆیی و خواستی گشتیی ئەو کۆمەڵگایە بەرجەستە بکات، پەیمانێک تیایدا هەر هاوڵاتییەک لە بەشتێک لە مافەکانی خۆشدەبێت بەمەبەستی ئەوەی دەوڵەت بتوانێت بیانپارێزەت و لانی کەمی هێمنیی و ئاسایشی گشتییان بۆ دەستەبەر بکات. ڕێ لەوەبگرێت لایەن و هێزێک هەموو ئەوانیتر بتۆقێنێت و مافەکانیان زەوتبکات و ڕێ لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان بگرێت. بەم مانایە دەوڵەت ئامرازی پاراستنی کۆمەڵاگەیە لە خودی کۆمەڵگا خۆی، ئامرازی پاراستنی مرۆڤەکانە لە یەکتریی، میکانیزمی سنوردانانە بۆ ئەو گروپانەی دەیانەوێت هەموو کۆمهڵگا قووتبدەن. هەندێک تیوریستی سیاسیی تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن دەوڵەت ئامرازی پاراستنی مرۆڤە لە «دۆخی سروشتیی»، ئەو دۆخەی تیایدا بەهێز لاواز بچەوسێنێتەوەو ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت. ڕەوایەتیی ئەم دەوڵەتە نە ڕەوایەتیەکی کۆمەڵایەتییە، واتە لە پێگەی کۆمەڵایهتیی ئەم یان ئهو گروپەوە نایت، نە ڕەوایەتییەکی دینییە، نە ڕەوایەتییەکی خێزانیی و بنەماڵەییە، نە رەوایەتییەکی ئەخلاقیی و نە ڕەوایەتیی خۆسەپاندنە لە ڕێگای هێزەوە، ئەوەی ڕەوایەتی بە دەولەتی مۆدێرن دەبەخشێت بوونی ڕێکكەوتن و «گرێبەستێکی کۆمەڵایهتیی»ە کە هاوڵاتیان لەسەری ڕێکدەکەون و لەگەڵ یەکتریدا دەیبەستن، گرێبەستێک تەعبیر لە ئیرادەو خواستی گشتیی ئەوان بەیەکەوە، دەکات. لەناو ئەم مۆدێلەدا لە دەوڵەت، بۆ نموونە، «بکەری نادەوڵەتیی» بوونی نییە، کە، خاوەنی هێزی چەکدارو میدیای سەربەخۆی خۆی بێت، بەشی زۆری لە ئابوریی وڵاتەکەی قۆرخکردبێت، خاوەنی میکانیزمەکانی ئیشکردنی دەوڵەت بێت و لەباتی دەڵەت کۆمەڵێک لە کارە سەرەکییەکان ئەنجامبدات. بە کورتییەکەی لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا، دەولەتی تەریب بە دەوڵەت، «دەوڵەتی سێبەر»، یان «دەوڵەتی قوڵ» بوونی نییە، کە تەعبیر بێت لە هێزو مەسڵەحەتی گروپێکی دیاریکراو. لەسەرو هەموو ئەمانەوە له دەوڵەتی مۆدێرندا شتێک هەیە ناوی یاسایەو خودی دەوڵەتەکە خۆیشی «دەوڵەتی یاسا»یە. یاسا لە شوێنی ویست و خواست و زەوق و حەزو قازانجی شەخیسی و خێزانیی حوکمڕانەکان کاردەکات. بەسەر هەمووانیشدا پیادە دەبێت، لە کەسی یەکەمی ناو حوکمڕانییەکەوە تا ئەو منداڵانەی ڕۆژانە لەدایکدەبن. ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەو لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا غائیبە ئەم ڕوانین و دیدگایە بۆ دەوڵەت. نوخبە حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە، بە عەلمانیی و ئیسلامییەکانەوە، نوخبەیەکی خێزانیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی داخراون، کە دەوڵەت بە موڵکی شەخسیی خۆیان و دەوروبەرەکەیان دەزانن و وەک ئامرازێکیش دەیبینن بۆ سەپاندنی دیدو خەون و ویست و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکەی خۆیان. واتە دەوڵەت بەتایبەتیی دەکەن. شێوازی حوکمڕانیی لەم جۆرە ئەزمونانەدا زۆرجار یان دەسەڵاتگەرێتی نوخبەیەکی نادینیی عەلمانییە، بەسەر میلەتێکی بە ئیسلامیکراوی سەلەفییەوە، وەک حوکمڕانییەکەی موبارەک لە میسر. یاخود حوکمڕانیی نوخبەیەکی ئیسلامییە بەسەر میلەتێکی عەلمانی بێزار لە حوکمی دینیی و بکەرە دینییەکان، وەک ئەزمونی ئێران. لە هەردوو دۆخەکەدا ئێمە لەبەردەم دوو نوخبەداین کە تێگەیشتنیان بۆ حوکمڕانیی و دەوڵەت لە دەرەوەی پێدراوە هەرە سادەکانی حوکمرانیی قوڵ لە دونیای ئەمڕۆدا. ئەوەی پێویستە ڕووبدات دەسکاریکردن و گۆڕانی تێگەیشتنە بۆ حوکمڕانیی و دەوڵەت لە ناوچەکەدا. وێناکردنی دەوڵەتە وەک هاوبەشێکی بێلایەن لەنێوان هەموواندا، بێگومان بێلانەییەکی ڕێژەیی، دەوڵەتە وەک دەوڵەتی هەمووان، نەک دەولەتی ئەم یان ئەو زۆرینەی سیاسیی یان دینیی لە کۆمەڵگاکەدا. ئەمەش بەبێ داڕشتنی پەیمانێکی کۆمەڵایتی نوێ مەحاڵە. پەیمانێک بتوانێت ئەو ناکۆکیی و جیاوازییە گەورانە تێپەڕێنێت کە لەنێوان حوکمڕانان و زۆرینەی کۆمەڵگادا دروستبووە. ئینجا دانان بەو جیاوازیی و فرەڕەنگییەی لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی ئەم سەردەمەدا هەن. وێناکردنی ئەو سەرزەمینە جوگرافییە هاوبەشەش کە کۆمەڵگاکە لەسەری دەژین وەک نیشتیمانێکی هاوبەش، نیشتیمانی هەمووان، نەک موڵکی ئەم یان ئەو هێزو گروپی سیاسیی، یاخود موڵکی ئەم یان ئەو دین، یان موڵی ئەم یان ئەو بنەماڵەو خێزانی تایبەت. ئەوەی پێویستە دروستکردنی «منێکی کۆییە» کە ئینتیمای بۆ دەوڵەت و نیشتیمان، ئینتیمای سەرەکیی بێت و خودی ئەو ئینتیمایەش مانا بە بەبشێک لە مرۆڤبوون و تاکەکەسبوونی ببەخشێت. کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە وێناکردنی مرۆڤە وەک هاوڵاتییەکی ئازادو خاوەن ماف، داننان بە پێگەی هاوڵاتیبووندا وەک پێگەی تاکەکەسێکی ئازادو سەربەخۆ، یەکسان لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە لەگەڵیاندا دەژیی. ئەوەی دەبێت بسڕێتەوە کۆی ئەو هەڵاوێردە جیاوازانەیە کە لەسەر بنەمای دین و مەزهەب و ئەتنیەت و رەگەز، هتد... لەنێوان خەڵکدا دروستکراون و دروستدەکرێن. بە زمانێکی تیوری تر بدوێین گۆڕینی ئەو خەڵکە جیاوازەیە کە لە سەرزەمینێکی جواگرافی دیاریکراودا دەژین بۆ نەتەوەیەکی هاوبەش، بۆ گروپێکی سیاسیی خەیاڵکرد کە باوەڕیان بە بەیەکەوەژیانێکی ڕاستەقینەی ئازادو مافدار لەگەڵ یەکتردا هەبێت. وەکچۆن پرۆژەی نوخبە عەلمانیەکانی ناوچەکە فەشەلێکی گەورەی هێنا لە دروستکردنی «نەتەوە»یەکی هاوبەش و دەوڵەتێکی بێلایەن و ناوبژیوان و پارێزەری ژیانی گشتی لەسەر بنەمای ڕەکەوتنێکی کۆمەڵایەتی هاوبەش کە ماف و ئازادیی و سەربەخۆبوونی تاکەکەسەکان دەستەبەربکات، پرۆژەی ئیسلامییەکانیش هەڵگری هەمان فەشەلە، ئەگەر زۆر فاشیلتریش نەبێت. ئەوەی تائێستا هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نیشانیانداوە، چ ئەوانەی توانیویانە حوکمران بن و چ ئەوانەش کە لە دەرەوەی حوکمرانیدان، پەکخستنی تەواوەتی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیی و دروستکردنی نەتەوەو دەوەڵەته، کە باسمکرد، واتە دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوەیەکی مۆدێرن. ئەوەی ئیسلامییەکان دەیکەن دابەشکردنی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای دین، دابەشکردنی خەڵکە لەسەر بنەمای ئیسلام و نائیسلام، کە لە پشتییەوە وێرانکردنی تەواوەتی بیرۆکەی هاوڵاتیی یەکسان کاردەکات، هەروەها ڕێگرتن لە دروستبوونی ئەو لانیکەمی ئیجماعە کە بۆ دروستکردنی نەتەوەو نیشتیمان پێویستن. واتە فەشەلی وێناکردنی کۆمەڵگا وەک دۆخی کۆبوونەوەی خەڵکانێکی زۆرو جیاواز بەیەکەوە، وەک هاوڵاتیی ئازادو یەکسان لەبەردەم یاساو لەبەردەم دەوڵەتدا. کێشەی دووهەمی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و ئەو تەوژمە سەلەفییەی ئەمڕۆکە ئامادەیە، قسەکردنە بەناوی ئەو «زۆرینە موسڵمان»ەوە کە گوایە لە کۆمەڵگادا دەژین و ئەوان نوێنەرایەتییان دەکەن. ئەم خۆ بە نوێنەر زانینەی ئەو زۆرینە موسڵمانە، جگە لەوەی لە واقیعدا ناڕاست و خورافییە، لە دۆخی راستبوون و روودانیشیدا، ئەزموونە سیاسییەکان و خودی دەوڵەت خۆیشی دەگۆڕێت بۆ سەپاندنی سیستمێک لە فیکری سیاسیی تیوریدا ناوی «دیکاتۆریەتی زۆرینە»ی لێنراوە. ئەم هێزانە پێیان وایە ئەگەر زۆرینە دەنگی پێدان ئیتر مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەت و دەزگاکانی بۆ خۆیان ببەن و چۆنیان ویست بەوشێوەیە و بەناوی ئەو زۆرینەیەوە، داییڕێژن. بەناوی ئەو زۆرینەیەشەوە ئەو یاساو بەها دینیانەی ئەوان بە راستی دەزانن بەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگادا، بسەپێنن. هەموو ڕەخنەکردنێکی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە لە دەوڵەت و کۆمەڵگاو سیاسەت، یەکساندەکەن بە دژایەتیکردن و بەگژاچونەوەو پیلاندانان دژ بە ئیسلام. بە کورتییەکەی، ئەوەی هەیەو ئامادەیە کورتهێنان و خەلەلێکی فیکریی و سیاسیی گەورەیە لە چۆنیەتی وێناکردنی دوو دروستکراوی گەورەی ناو دونیای مۆدێرن. یەکەمیان دەوڵەتی مۆدێرنە. دووهەمیان کۆمەڵگای مۆدێرنە.
شیكاری: درەو بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، لە ساڵی (2022)دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرز دابەزیوە بەراورد بە ساڵی (2021)، بە جۆرێک؛ # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی سارتا (26%) دابەزیوە. # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی تەق تەق (18%) دابەزیوە. # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (1%) دابەزیوە. # تا ئێستا کێڵگەی قەرەداغ نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان کە کۆمپانیا تورکییەکە (40%)ی پشکەکانی تێدایە. گهنێڵ ئەنێرجی له کێڵگه نهوتییهکانی ههرێمی کوردستان حکومهتی ههرێمی کوردستان گرێبهستی لهگهڵ کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی ههیه له ههر یهک کێڵگهکانی (تاوکێ، تهق تهق، سارتا و قهرهداغ)، سێ کێڵگەی یەکەمیان لە بەرهەمهێناندان، بەپێی داواین ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی" لە تەواوی ساڵی (2022)دا، ئاستی بەرهەمی گشتی هەر سێ کێڵگەی (تاوکێ، تهق تهق و سارتا) ڕووی لە دابەزین کردووە، بە جۆرێک لە هەرسێ کێڵگەی ناوبراودا لە ئەمساڵدا بەرهەمی ڕۆژانە بە تێکڕا بریتی بووە لە (116 هەزار و 290) بەرمیل نەوتی خاو. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای بەرهەمی هەرسێ کێڵگەکە لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (120 هەزار و 600) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. بهم پێیه ئاستی بهرههمی ڕۆژانهی کێڵگەکانی (تاوکێ، تهق تهق و سارتا) به گشتی له ساڵی (2022)دا بهراورد به ساڵی (2021)، بڕی (4 ههزار و 310) بهرمیل نهوتی ڕۆژانە به ڕێژهی (4%) دابهزیوه. سەبارەت بە وردە کاری هەر کێڵگەیەک، زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ یەکەم؛ کێڵگهی تاوکێ هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی (DNO)ی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی (Genel Energy) تورکی لە کێڵگەی تاوکێ خاوەن پشکن. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ(DNO) خاوەنی (75%)ی پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە پارێزگای دهۆکە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەنێڵ ئەنێرجی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی تاوکێ بە تێکڕا لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (107 ههزار و 90) بەرمیلی ڕۆژانە. ئەویش بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (106 ههزار و 470) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (106 ههزار و 910) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بەزبووەتەوە بۆ (108 ههزار و 500) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (106 ههزار و 480) بەرمیلی ڕۆژانە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاکە ناوچهی گرێبهستهکه له ساڵی (2021)دا تێکڕای بهرههمی ڕۆژانهی بریتی بووه له (108 ههزار و 710) بهرمیل. بهم پێیه ئاستی بهرههمی ڕۆژانهی ناوچهی گرێبهستهکه به گشتی له ساڵی (2022) دا بهراورد بهساڵی (2021) بە تێکڕا بڕی (ههزار و 620) بهرمیل نهوتی ڕۆژانە به ڕێژهی (1%) دابهزیوه. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) دووەم؛ کێڵگەی تەق تەق ئەم کێڵگەیە دهكهوێته ناحیهی "تهق تهق"ەوە لە قهزای كۆیه، ڕووبهرهكهی (951) كیلۆمهتر دووجایه، پشكهكانی کێڵگەی ناوبراو دابەشبوون بەسەر كۆمپانیای "ئەداکس پیترۆلیۆم" کە (36%)ی پشکەکان و "گهنێڵ ئەنێرجی" توركی (44%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای "گەنێڵ ئەنێرجی" بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی "تەق تەق" بە تێکڕا لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (4 ههزار و 490) بەرمیلی ڕۆژانە. ئەویش بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (5 ههزار و 70) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (4 ههزار و 640) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (4 ههزار و 280) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (3 ههزار و 970) بەرمیلی ڕۆژانە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان ناوچهی گرێبهستهکه له ساڵی (2021)دا بە تێکڕا بهرههمی ڕۆژانهی بریتی بووه له (5 ههزار و 490) بهرمیل. بهم پێیه ئاستی بهرههمی ڕۆژانهی ناوچهی گرێبهستهکه به گشتی له ساڵی (2022)دا بهراورد به ساڵی (2021)، بڕی (1000) بهرمیل نهوتی ڕۆژانە به ڕێژهی (18%) دابهزیوه.(بڕوانە چارتی ژمارە (4)) چارتی ژمارە (4) سێیەم؛ کێڵگەی سارتا کێڵگەی سارتا دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمەریکی پشکی (50%) و "گنێڵ ئەنێرجی" (30%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای "گنێڵ ئەنێرجی" بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی "سارتا" بە تێکڕا لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (4 ههزار و 710) بەرمیلی ڕۆژانە. ئەویش بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (5 ههزار و 590) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (5 ههزار و 330) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە دابەزیوە بۆ (3 ههزار و 960) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (3 ههزار و 960) بەرمیلی ڕۆژانە. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای ناوبراو ناوچهی گرێبهستهکه له ساڵی (2021)دا تێکڕای بهرههمی ڕۆژانهی بریتی بووه له (6 ههزار و 400) بهرمیل. کەواتە ئاستی بهرههمی ڕۆژانهی ناوچهی گرێبهستهکه به گشتی له ساڵی (2022) دا بهراورد به ساڵی (2021)، بڕی (ههزار و 690) بهرمیل نهوتی ڕۆژانە به ڕێژهی (26%) دابهزیوه. (بڕوانە چارتی ژمارە (6)) چارتی ژمارە (6) چوارەم؛ کێڵگەی قهرهداغ دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە لە ناوچهی قهرهداغ و خۆرههڵاتی چیای سهگرمه و ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان دهگرێتهوه تا دهگاته دهربهندیخان و ڕووبهری ئهم بلۆكه (846) كیلۆمهتر دووجایه، پێشتر (80%)ی پشكهكانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئهمریكی و (20%)ی پشكەکانی بۆ (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان مایەوە. بەڵام دوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە (40%)ی پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێڵگەیە نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان و کۆمپانیا تورکییەکە بەردەوامە لە کارکردن تێیدا. کەواتە تێکڕای ئاستی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوچەی گرێبەستی "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی پێکەوە كه بریتین له كێڵگهكانی (تاوکێ، تهق تهق و سارتا) بە ڕێژەی (4%) و بڕی (4 هەزارو 310) بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵی (2021) کەمی کردووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (7)) چارتی ژمارە (7) سەرچاوە: - راپۆرتهكانه كۆمپانیای گهنێڵ ئەنێرجی دهرباری ئهنجامی كاری كۆمپانیاكه له كێڵگه نهوتییهكانی ههرێمی كوردستان له ساڵی 2021 و 2022. https://genelenergy.com/media/press-releases/
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم - ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشەکی بانک مەکینەی سیستەمی ئابوریەو دەزگایەکی داراییە (Financial Institution) ئەو شوێنەیە کە کە پارە وەردەگرێت لە هاوبەشەکانی و ئەو پارەیە دەداتەوە بە بیزنسەکان بە قەرزو کریدت دەدات بە هاو بەشەکانی وە پارە پاشەکەوتکراوەکانیش دەپارێزێت. مەبەست لەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە خستنەڕووی پارە کەمە لە عێراقدا، هۆکارەکەی نەبوونی ژمارەی بانکی پێویستە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و لاوازی سیستەمی بانکییە، کە ناتوانێت خزمەت بە حکومەتی عێراق بکات لە کۆکردنەوەی داهاتدا، بەهۆی کەمی ژمارەی بانکەوە نەتوانراوە ڕێگە بگیرێت لە گەندەڵی، کە پارەیەکی زۆر براوەتە دەرەوەی عێراق ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە لەئەنجامی لاوازی سیستەمی بانکی عێراقەوەیەوە، هاوکات بوونی هەزاران کارمەندی بندیوار کە چەندین ساڵە بوون بەئەرک بەسەر بودجەی گشتیەوە بە هۆی نەبوونی سیستمی بانکی پێشکەوتوە، پاشەکەوت نەکردنی پارە لە لایەن هاوڵاتیاناوە، بۆتە هۆی زیادنەکردنی وەبەرهێنان، ئەمەش زیانی لە ئابوریداوە هۆکارەکەشی کەمی بانکی پێشکەوتووە، کە کار ئاسانی لە بەڕێکردنی کاری هاووڵاتیان گرتوە. بەمەش کاتێکی زۆری هاوڵاتیان بەفیڕۆ دەڕوات و کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیانی بەسوڕی ئابوری گەیاندوە. لێرەدا مەبەست لەم توێژینەوەیە ئەوەیە کەپارەدارکردن زیاتربێت لە ناو عێراقدا لە ڕێگای کردنەوەی بانکی زیاتر و کلتوری پارە پاشەکەوتنکردن دروستببێت لە ناو خەڵکدا بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان، ببێتە هۆی کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی خێراتر بۆ حکومەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی. هەر ووڵاتێک بیەوێت پێشبکەوێت ئەبێت لە (STFM) دا پێشبکەوێت واتە (زانست، تەکنلۆژیاو، فاینەنس و ماتماتیك) واتە کاروباری دارایی کۆڵەکەی پێشکەوتنی وڵاتە ئەوەش لە ڕێگەی بانکی پێشکەوتوو بە تەکنلۆژیای دارایی پێشکەوتووە. جۆرەکانی بانک بە گشتی بانکەکان جۆریان زۆرە هەر لە بانکی پیشەسازیەوە تا بانکی کشتوکاڵی و بانکی بازرگانی و بانکی وەبەرهێنان وبانکی قەرزدانی خانووبەرە. بەگشتی ئەم بانکانە ڕێکخراون بە چەند یاسایەک بانکی ناوەندی وڵات سەرپەرشتییان دەکات و دەتوانێت لێیان بپرسێتەوە. هەموو بانکێک سەرمایە گەورەکەی متمانەیە ((Trust، واتە متانە لە پەرتوکی هەژمارەکەیدا لە هەمووجۆرەکانی سەرمایە بەهێزترە، متمانەیە وا دەکات هاوڵاتیان پاشەکەوتەکەیان لە بانقدا دابنێن، هەموو بانکەکان بەگشتی پارێزراون لە لایەن بانکی ناوەندی ووڵاتەوە، لە ئەمریکاو ئەوروپاو ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا بۆ پاراستنی پاشەکەوتی پاشەکەوتکەران لەکاتی ڕوودانی قەیراندا کە بانکێک مایەپووچ دەبێت، بانک بە گشتی لەجیهاندا کارەکانی باش بەڕێوەدەبات و داهات دروستدەکات بۆ پشکهەڵگرەکان و یارمەتی بیزنسەکان ئەدەن و ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە سووڕی ئابوریدا، پێویستە بانکەکان کاری باشتر بکەن و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگادا باشترو گەورەتر بێت و پشتیوانی لە تەکنلۆجیای ووزە پاکەکان بکەن، لە ساڵانی داهاتوودا قەرزبدەن بە پڕۆژەکانی ووزە نوێیەکان، زیاتر لەوەی قەرزبدەن بە پڕۆژە کانی ووزەی ئێستا، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە گۆڕینی کەش و هەوادا کە ئیستا بۆتە جێگای بایەخی مرۆڤایەتی و حکومەتەکان. هەموو بانكێک بە بڕێکی دیاریکراو بە پێی یاساکانی بانکی ناوەندی، بڕێک لەو پارەیە دەپارێزیت کەبە یاسای بانکی ناوەندی دانراوە لە خەزینەی بانکەکەیدا، هەندێ دەزگای دارایی تر هەیە کە ڕۆڵی بانک دەبینین تەنها بۆ کەسە تایبەتە خاوەن سامانەکان، بەڵام کاری سەرەکیان بریتییە لە وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکانی ئابوریدا، بەڵام بانکی ناوەندی بڕی زیاتری پاشەکەوتی سەپاندوە بەسەر ئەم دەزگایانەدا کە بڕی پاشەکەوتی زیاتر هەڵبگرن وەک لە بانکەکانی تر، چونکە زۆر جار ئەمانە سەرکێشی زیاتر دەکەن لە بیزنسدا. کاتێک کەسێک پارە پاشەکەوت دەکات لە بانک، واتە ئەو کەسە حسابی بانکی بۆ کراوەتەوە لەو بانکە، ئیتر بانکەکە پارە پاشەکەوتکراوەکان دەخاتە سوڕی کارکردنەوە، هەندێ جار هاوبەشەکانی بانک پارە دادەنێن لە بانک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەوەی رێژەی سوودی بانکی لەسەر وەربگرن، بەڵام ئەو پارەیە ناتوانرێت ڕابکێشرێتەوە تا ماوەکە تەواو نەبێت، بەپێی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ بانکەکەدا، پارەی ئەم بانکانە لە هەندێ شتومەکدا وەبەرهێنانی پێوەدەکرێت وەک بۆندەکان یان دڵنیایی خەزێنەی وڵاتان بەگشتی کە ئەمانە مسۆگەرن و دەستهاتی جێگیریان هەیە لە هەموو دۆخێکی ئابوریدا بۆ بانکەکە. سیستەمی دارایی جیهانی بە شۆرشی چوارهەم دەژمێرێت، دوای شۆرشی تەکنەلۆجیا لەساڵاکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووە، بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە، بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی دارایی (Financial Revolution) ڕێگا ئاسان بوو بۆ بانکەکان كە چۆن پڕۆژەو خەڵک پارەدار بکەن. ئەمەش کاریگەری تەواوی هەبووە لەسەر گەشەی ئابوری جیهان. بۆ ئەوەی لە سیستەمی بانکی بگەیین چۆن کار دەکات؟ پێویستە دوو سیاسات بزانین یەکەمیان سیاساتی نەختینەی (Monetary Policy) وەFiscal Policy)) واتە سایاسەتی ساڵانە، کە دۆخی ماکڕۆئیکۆنۆمی و کەرتە خزمەتگوزاریەکانی ناو کەرتی ئابورییە و ڕیژەی بێ کاری و هەڵئاوسان وتێکڕای گەشەی ناوخۆی ووڵات دەگرێتەوە. کارەکانی بانکی ناوەندی 1. چاپکردنی پارە. 2. پشتیوانی کردنی بەهای دراوی ووڵاتەکە بۆ ئەوەی بەهاکەی پارێزراوبێت لە ناوەوەو دەرەوەی ووڵات. 3. زیادکردنی پارەی نەختی و بەڕێوەبردنی یەدەکی بیانی ناو بانکەکە. 4. ئیدارەدانی ووڵات بۆ ئەوەی نرخی کاڵاو شتومەک جێگیر بێت. 5. پشتیوانیکردنی گەشەکردنی سیستەمی دارایی ووڵات بۆ ئەوەی گەشەبکات و تووشی قەیران نەبێت. 6. چاودێری بانکە بازرگانیەکان بکات بۆ ئەوەی ڕیسک بە پاشەکەوتی پاشەکەوتکراوەکان نەکەن. 7. بڕیار لەسەر ڕێژەی سوودی بانکەکان دەردەکات، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی هەڵئاوسان بکات و یارمەتی کەمکردنەوەی بەتاڵە بدات لە ووڵاتدا. 8. پاراستنی بەهای دراوی ووڵاتەکە و بتوانێت خوێندنەوە بۆ دراوەکانی تر بکات. 9. سیاسەتی نەختینەی ووڵات دابڕێژێت، کە بە هۆیەوە بەهای دراوی ووڵاتەکە چۆنبێت بەرامبەر دراوی بیانی. ئەگەر ووردبینەوە لە بانکی ناوەندی عێراق هیچ یەکێک لەم خاڵانەی پەیڕەو نەکردوە بۆ یە دۆخی بەهای دیناری عێراقی لەم دۆخەدایە، کاری سەرەکیەکەی سیاساتی نەختینەیە (MONETARY POLICY) دەبوایە ئەم بانکە هەڵبستایە بە دیاریکردنی ڕیژەی سوودی بانکی بە پێی دۆخی (ماکرۆ ئیکۆنۆمی) ووڵات، بەڵام هاتووە رێژەی سوودی بانکی ناوەندی کە لە ئێستادا (٤%) بەمەش بانکەکانی عێراق قۆرخی ڕیژەی سوودی بانکیان لە ئەنجامی ئازادکردنیان کردوە لە نزمترین کاتدا لە (12%) بووە، لە بانکە بازرگانیەکان و تەنانەت بانکەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی عێراق قەرزیان بە زیاتر لە (12%) داوە، لە بانکەکانی کەرتی تایبەت تەنانەت زیاتر بووە، لەو کاتانەدا لە ئەمریکاو ئەوروپادا پێش شەری ئۆکرانیا ڕیژەی سوودی بانکی نزیک بووە لە (0.25%) بۆیە ئەمە شکستی گەورەی بانکی ناوەندی عێراقە و نەبۆتە هۆی گەشەکردنی ئابوری، کەمکردنەوەی ڕیژەی بەتاڵە، نەهێنانی سەرمایەی بیانی بێجگە لە کەرتی نەوت و گاز. سیستەمی دارایی عێراق بە هیچ شێوەیەک پێش نەکەوتوە.، لە ئەنجامی نەهێنانی بانکە پێشکەوتوەکان بۆ عێراق. ئەمەش وایکردوە ووڵاتەکە نەبێت بە ئەلەکترۆنی لە ڕووی داراییەوە، زۆربەی هاوڵاتیانی عێراق بە بێ هەژماری بانکیبن. بانکی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە پارێزگاری لە یەدەکی پارەکەی خۆی بکات، ئەوە بوو ماوەیەک لە مەوبەر بڕی (3.7) تریلیۆن دینار دزرا کە بە(دزی سەدە) ناسراوە، ئەمە زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە. عێراق بۆ ساڵی 2021 لە ئیندێکسی شەفافیەت ژمارە 169 بووە تەنها 21 پۆینتی بەدەستهیناوە. لە ئەنجامی ئەو گەندەڵی و ناشەفافیەتەی کە لە عێراقدا هەیە. بانکی ناوەندی ڕێگای داوە پارەیەکی زۆر لە عێراقدا بڕواتە دەرەوە بەهۆی حەواڵەوە، لە ڕێگای کۆمەڵی بانکی عێراقیەوە کە کاریان تەنها زیان بوە بە ئابوری نیشتمانی. کە ئێستا تاوانبار دەکرێت بەوەی گروپە تیرۆریستییەکان سوودیان لێبینوەو دەوڵاتانی (ئێران، سوریا، لوبنان، تورکیا و یەمەن) هەروەها سیاسییەکانی عێراق پارەی زۆریان بردۆتە دەرەوە بە هۆی شکستی ئەم بانکەوە، ئەمەش بە هەدەردانی سامانی نیشتمانییەو زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە، بە بێ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ کەسدا بکرێت. لە ئەنجامی شكستەکانی بانکی ناوەندی عێراقەوەیە، کە بوە بەدەزگایەی وابەستە بە میلیشیا عێراقیەکانەوە. نەیتوانیوە کارە سەرەکیەکانی خۆی بکات. پێویستە بانکی ناوەندی وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاربکات بۆ ئەوەی ئەم شکستانەی سەرەوە ڕاستبکاتەوەو کاری تەنها کارکردن بێت لە سەر دۆخی ماکرۆ ئیکۆنۆمی و وەبەرهێنان. تا دراوی عێراقی نەچیتە دەرەوە، لە ڕێگای هاوردەکردنی كاڵاو شتومەک کە بە پێی داتاکان عێراق ساڵانە بە بەهای (90) مـلیار دۆلار هاوردەی هەیە لە ووڵاتانی جیهانەوە. بانکی ناوەندی ئەگەر سەرنجی کارکردنی بدەین سێ کاری سەرەکی کردوە؛ 1. فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە بانکەکان. 2. کردنەوەی نامەی گەرەنتی پاڵپشتی دارایی (letter of credit). 3. حەواڵەی بانکی. بۆیە ئەم کارانە زۆر زۆر کەمن بۆ بانکی ناوەندی ووڵاتێک. ئەوەی لە عێراقدا لەم ڕۆژانە ڕوودەدات قەیرانی دارایی نیە، چونکە عێراق یەدەکی دراوی بیانی نزیک بۆتەوە لە (100) ملیار دۆلاری ئەمریکی، وە گەشەی ناوخۆی عێراق بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی (8%) تێکڕای گەشەی ناوخۆ بووە، لە ئەنجامی زیادکردنی بەرهەمهینانی نەوتەوە بە ڕێژەی(12%) بەپێی داتاکانی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی. تەنها قەیرانێکی سیاسیە، کە لە نێوان ئەمریکاو عێراقدا. بەرپرسی ئەم قەیرانەش بانکی ناوەندی عێراقە. چونکە بانکی ناوەندی عێراق ڕێگای داوە بە کردنەوەی کۆمەڵێ بانک کە کارەکایان تەنها کڕینی دۆلاربێت لەعێراقدا و دوای ڕەوانەی بکەن بۆ دەرەوەی ووڵات و لە ئێستا ئەم دۆخە بخولقێنێت. بانکی ناوەندی عێڕاق دەیتوانی؛ 1. ئەگەر بانکی ناوەندی لەساڵی 2015 دا کە 1 دۆلار یەکسان بووە بە 1116 دینار ئەو کاتە ئەم ڕیگایەی بگرتایە بەر بانکی ناوەندی ببەستیاتەوە بە سیستەمی ( SWIFT) جیهانیەوە دۆلار ئەوەندە بەرز نەدەبووە ئەم دۆ خەی ئیستای نەدەخولقاند . کە بۆتە هۆی ئەوەی لەدەستدانی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێژەی لە 30% لەساڵی2015 وە هەتا ئەم بڕە نرخە ی ئیێستا ، بۆیە ئەم بانکە زیانی گەورەی گەیاندوە بە دانیشتوانی عێراق و نەتیتوانیوە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاربکات زیاتر وابەستەبوە بە پارتە سیاسیەکانەوە. 2. ئەوکاتە ڕێژەی هەڵئاوسان زۆر کەمبوو لە جیهاندا ئەوەندە کاریگەری نەدەبوو لەسەر توێژەکانی ناو کۆمەڵگا ئەگەر کارەکەی زووتر بکردایە 3. ئەوەندە سامانی بەرپرسەکانی عێراق سپی نەدەکرایەوە ڕەوانەی وولاتان نەدەکرا . 4. ئەگەر کاری وردی بکردایە لەسەر بانکەکان ئەو بانکانە ئەوەندە پارەی عێڕاقیان ئاودیوی سنورەکانی دەرەوە نەدەکرد . 5. بانکەکان بەئارەزاوی خۆیان تەزویری پسوڵەی بازرگانیان کردوە . بونەتە هۆی ڕاکێشانی پارەیەکی زۆر لە عێراقدا وە بە شیوەیەکی نایاسای دەوڵەمەند بوون .بە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە یان لە گەڵدا بکرێت لە لایەن بانکی ناوەندیەوە. بانکی ناوەندو یاساکانی بە یاسا، بانکی ناوەندی عێراق ژمارە 56 لەساڵی 2004 وە Banking Act رێژەی سوودی بانکی (Liberalized) واتە ئازاد کرد، ئەمەش کارێکی خراپە، چونکە بانکەکان دەتوان لە نێوان خۆیاندا ڕێکبکەون لەسەر ڕێژەکەو بازاڕ قۆرخ بکەن، بۆیە بەردەوام ڕیژەی سوودی بانکی لە (12%) کەمتر نەبوە لە عێڕاق و هەرێمدا. هەروەها سیاساتی نەختینە بەم شێوەیە کاردەکات یان (Expansionary policy) واتە سیاساتی کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت وەک دروستکردنی پڕۆژە لە لایەن حکومەتەوە، یان سیاساتی سک هەڵگوشین (Austerity Measure) کەمانای زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت. هەروەها جۆرێکی تر هەیە کە پێیدەوترێت. (Deflationary Policy) ئەمەش واتە (پۆڵیسی داکشانی نرخ و ناهەڵئاوسان) واتە ڕاکیشانەوەی پارە بۆلای حکومەت لە لایەن حکومەتەوە. بەمەش نرخ و خزمەتگوزاریەکان دادەبەزن، کاتێک ڕوودەدات کە رێژەی سوودی بانکی لە خوار (سفر %)وە بێت یان نزیک بێت لە سفر. تاپێش شەری ئۆکرانیا و ڕووسیا ئەو رێژەی سوودە لە ئەمریکاو ئەوروپادا هەیوو. هەندێ جار بە هۆی زۆری بەرهەم و کەمبونەوەی خواست ڕوودەدات یان قەبارەی کریدت لە ئابوریدا کەمدەبێتەوە، ئەمەش لە ئابوریدا زۆر خراپە، چونکە قازانجی کارگەکان کەمدەبێەوەو دەبێتە هۆی ئەوەی کارگەکان کرێکارەکان دەربکەن زۆربەی بەڕێوبەری بانکە ناوەندیەکان هەتا بتوانن خۆیان دوور دەخەنەوە لەم سیاساتە. بۆ ئەوەی لە (Fiscal policy) بگەین واتە پێوەری ساڵانەکە حکومەت دایدەنێت بۆ جێگیرکردنی ئابوری لە ساڵەکەدا وەک خەرجیەکانی حکومەت و پلانی کۆکردنەوەی داهات، ئەوەش لە ڕێگای کۆکردنەوەی باجەکانەوە، واتە بودجەی ووڵات کە ساڵانە دەبێت دابنرێت. سیستەمی بانکی عێراق بانکەکانی عێراق لە (54) بانک پێکهاتوە کە (7) بانکیان دەزگای دارایی عێراقین و (23) بانکی بازرگانی و (9) بانکی ئیسلامی و (15) لقی بانکی بیانی و (1) ئۆفیسی نمایندەی بانکێکی بیانی. (34) کۆمپانیای حەواڵەکردنی پارە و (2000) ئۆفیسی گۆڕینەوەی دراو، کە پەیوەندیان بە بانکەکانەوە هەیە و (2) کۆمپانیا بۆ خزمەتگوزاری ئەلکترۆنی بانکی و کارتی زیرەک، هەروەها (800) لقی بانکی کە بەناو هەموو عێراقدا بڵاوبۆتەوە. بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی کە بۆ بانکە بچوکەکانی عێراقی دەرکرد، هەر بانکێک کە سەرمایەکەی لە (250) ملیار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت دەتوانێت بانک دابمەزرێنێت،، بەمەش ئەو بانکانەی کە دامەزراون زۆربەیان بازرگانانی کڕین و فرۆشتنی دۆلار بوون، خەڵكانی سیاسی لە پشت ئەم بانکانەوە بون، یان دەوڵەتانی ئەقلیمی لە پشتکردنەوەی بانکەکان بوون. کۆمەڵی خەڵک بوون بە ئەندامی بۆردی بانکەکان کە شارەزایان لە کاروباری دارایی و ئەرکەکانی بانکدا نەبووە، ئەوەیان بیر نەبوو کە دەبێت کار بۆ پشک هەڵگرەکانیان بکەن و بەشێکبن لە قازانجی بانکەکە، و یارمەتی تێکڕایی گەشەی ئابوری بدەن، کە کاری بانک ئەوەیە بەشێکی گرنگ و بنچینەییبن لە جێگیرکردنی گەشەی ئابوری ووڵات و ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و هەلی کار بڕەخسێنن، ئەم بانکانە ڕۆڵیان ئەوە بوو کە قازانج لەو میکانیزمی ئۆکشنی بانکی عێراقی بکەن بۆ گۆڕینەوەی ڕۆژانە نزیکی (200) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ دراوی عێراقی، کە جیاوازی لە نرخدا هەبوو تەنها بیریان لەوە دەکردەوە قازانجی بەپەلە بکەن، ئەوە بووە بەکاری سەرەکیان. هەر چەندە بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت بۆ (10 هەزار) کەس بانکێک هەبێت، بەڵام ژمارەی ئەوە بانکانە زۆر کەمترن، ئێستا بۆ هەر (32 هەزار) کەسێک بانکێک هەیە تا ساڵی 2016 بە دڵنیایەوە ئێستا ژمارەکە گەیشتۆتە نزیکی (40 هەزار) کەس چونکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق (41 ملیۆن) کەسی تێپەڕاندوە، ئەمەش لە گەڵ ڕێنمایە جیهانیەکاندا ناگونجێت. لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیج بۆ بانکی چالاک و ووردەکاری پلانی ساڵانە، بە پێی یاسای ژمارە 26ی بانک، ئەمەش پڕ بەوە نیە کە بتوانێت ئەو داواکاریانەی ئابوری عێراق و ئابوری بازاڕ پڕ بکاتەوە، بە پێی کارکردنی یاسای ژمارە 27 دەبێت هەر بانكیک زیاتر لە 50 خزمەتگوزاری پێشکەشبکات، بەڵام بانکەکانی عێراق تەنها (20) خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوون و لاوازی تەکنلۆژیای بانکی، بۆ نموونە (Home Banking Services) واتە ئەو خزمەتگوزاریانەی کە دەتوانرێت لە ماڵەوە هاوبەشەکانیان خۆیان جیبەجێی بکەن، وە ک چۆن پارەی پسوڵەی (ئاو، کارەبا و غاز) دەدرێت. بانکی ناوەندی عێراق بەم شێوانە خستنە ڕووی پارەی پێناسەکردوە 1. پارەی دەرچوو، واتە ئەو پارەیەی بانکی ناوەندی چاپی دەکات لای جەماوەر و لەسندوقەکانی بانکەکاندایە. 2. پارەی یەدەک. بڕی پارەی چاپکراوە لەگەڵ راسپارەدەکانی بانکە بازرگانیەکان بە دیناری عێراقی لە سندوقی بانکی ناوەندیدایە. 3. خستنە ڕووی بەرتەسکی پارە M1، ئەو بڕە پارەیە کە بەدەستی خەڵکی ووڵاتەکەوەیە، هەروەها ڕاسپاردەی دراوی بیانی، دراوی ناوخۆ، کە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە هەیە، لەگەڵ ئەو دەزگا دارایانەی کە سەر بە حکومەت نین. 4. بڕی خسنە رووی پارەی (M1) گەیشتۆتە (45 ملیار و 30 ملیۆن) دیناری عێراقی. 5. خستنە ڕووی فراوانی پارە M2، بریتیە لە خسستنەڕووی بەرتەسکی پارە لەگەڵ هاوشێوەی پارە واتە ئەو سپاردانەی کە (نەگۆڕن و جێگیرن) وەک سپاردەی (رسوم و دڵنیای). 6. خستنە ڕووی (M2) لە عێراقدا گە یشتۆتە(157 ملیار و 418 ملیۆن) دیناری عێراقی. 7. بڕی پارەی MO)) لە عیراقدا (129 ملیار و 339 ملیۆن) دیناری عێراقیە. عێراق پێویستی بە چ جۆرە بانکێکە عێراق پێویستی بە بانکی وەبەرهێنانی بیانی گەورەی پڕسەرمایە هەیە، کە تەنها کارەکەی وەبەرهێنان بێت بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەی پشتیوانی لە وەبەرهێنان بکات لە عێراقدا و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەری بیانی بکات لە رێگای ئەو خزمەتگوزاریانە کە بانکەکە پێشکەشی دەکات، چونکە بانکەکانی عێراق سەرماییەی گەورەیان نیەو هەروەها ڕێژەی سوودی بانکی لە عێراقدا بەرزەو زۆر جار (12%)ەو بەرزییەکەی گەیشتۆتە (20%) ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە بۆ کەسێک بیەوێت وەبەرهێنان و بازرگانی بکات، ئەمەش وا دەکات کە خاوەنکارەکان نەتوانن قەرزی گەورە بکەن، بۆ (کورت، مامناوەند و درێژخایەن) ببێتە هۆی پاشەکشەی وەبەرهێنان. لەبەرئەوەی بانکەکانی عێراق لە ڕووی سیستمەوە لە دواوەن بە بەراورد بە بانکە پێشکەوتوەکانی جیهان، بۆیە کارەکان جێبەجیناکرێن وەک بانکە پێشکەتوە پڕخزمەتگوزاریەکان خێرانین. ئەمە لەکاتێکدایە بانکی بیانی بە رێژەی سوودی بانکی نزمتر قەرزدەدات بە بیزنسەکان، کە لە ئیستا ریژەی سوودی بانکی نزیکە لە سفرەوە لە ئەمریکاو ئەوروپادا هەتا پێش شەڕی ئۆکرانیاو ڕووسیا، ئەو بانکانە دۆلار قەرز دەکەن لە ئەمریکا زۆر دەگمەنە رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکاو ئەوروپادا بگاتە رێژەی سوودی بانکی لە عێراق، بۆیە زۆر پێویستە هاتنی بانکی بیانی بەسەرمایەی گەورەو خزمەتگوزاری پێشکەوتووە بۆ عێراق. حکومەتی عێراق پێویستە ئەو دۆخە بگونجێنیت بۆ هێنانی بانکە گەورە پڕ سەرمایەکان، تا بتوانێت بەشداری بکات لە گەشەی ئابوری ووڵات. بانکەکانی عێراق چۆن کاردەکەن زۆربەی بانکەکانی عێراق کارەکانیان سنوردارە، وەک پاشەکەوتکردنی پارەی پاشەکەوتکەران و فرۆشتنی پارەی بیانی، دەرکردنی نامەی گەرەنتی (Letter of Credit)، بۆیە ئەم بانکانەی عێراق لە بەر ئەوەی سەرمایەی گەورەیان نیە، نەیانتوانیوە خواستی وەبەرهێنەران پڕ بکەنەوە، لەبەر نەبوونی وەبەرهێنان وەک پێویست لە کەرتەکانی تری ئابوریدا بێجگە لە کەرتی ووزە زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە بۆ گەشەنەکردنی ئابوریەکەی. "موفەق حسن محمد" کە شارەزای بانکیە، کۆمەڵی هۆکاری داناوە بۆ شکستی سیستەمی بانکی لە عێراقدا دەڵیت؛ "لاوازی ڕێنمایەکان و سەرلێشواندن لە رێنمایەکاندا و زۆری ڕێنمای کە دەردەچن لە بانکی ناوەندی، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک یان ئاسانتری دەکەن یان ڕێنمایەکە لادەبەن"، ئەمەش نیشانەی نا پڕۆفیشناڵی و دنیا نەبینیە و کاریگەری تەواوی هەبوە لەسەر چالاکیە بازرگانیەکان، هەروەها جدینین لە کارکردندا، سەرپەرشتیارانی بانکەکان لەگەڵ گەشەی بانکی ناوەندی و بانکەکانی جیهاندا نین زۆر لەدواوەن. و کۆنتڕۆڵ نەکردنی بانکەکان و نەبوونی یاساکانی بانکی بۆ کۆمپانیا هاوبەشەکان تا بتوانیت چاودێری ووردی بەرپرسەکانی بانکەکان بکات، یاساکان زۆرن و کۆنن، زۆربەی بەڕێوەبەرانی بانکەکان و ئەندامانی بۆردی بانکەکان خەڵکانێکن کە نەشارەزان لە بواری بانکیدا وەنەیان خوێندوە لەو بوارەدا، بەهۆی سامانەکەیانەوە کە لەماوەیەکی کەمدا دروستیانکردوە بۆ ئەوەی گومان لەسەر سەرچاوە دارایەکەیان نەکرێت، یان بانکیان دامەزراندوە یان بوون بە ئەندامی بۆردی بانکەکان. ئابوریناسی عێراقی "ئەحمەد ئەلوبراها" دەڵێت؛ "حکومەت ناتوانێت یاساکان بسەپێنێت، بانکی ناوەندیش ناتوانێیت یاساکان بسەپێنێت بەسەر بانکەکاندا". پڕۆسەی دروستکردنی پارە لەلایەن بانکەکانەوە زۆربەی ئەو پارەیەی کە لە ئابوریدا دەسوڕیتەوە کە (97%) ئەو پارەیەی کە لە لایەن بانکی ناوەندیەوە خراوەتە ناو بازاڕەوە. (3%)ی ئەو پارەیە کە دەسوڕێتەوە لە ئەنجامی پاشەکەوتی پاشەکەوتکەرانەوەیە. ئەو پارەیەی کە لە گیرفانی هاوڵاتیدایە ئەوە ئەو پارەیە کە بانکی ناوەندی ووڵات چاپیکردوە، واتە ئەوە ئەو پارەیە نیە کە بانک دروستیکردوە. ئەو پارەیەی کە بانک دروستیدەکات ئەو پارەیە نیە کە لۆگۆی بانکی ناوەندی پێوەیە تەنها پاشەکەوتە، کە بە ژمارەی ئەلەکترۆنیە دەردەکەوێت لە کاتی بەکارهێنانی مەکینەی پارەدەرهێناندا، Cash Machine. ئەم ژمارەیە کە لەسەر مەکینەکەدا دەبینرێت تەنها بەرپرسیاریەتیە (Liability) بەڵام لە هەمانکاتدا دەتوانرێت بە هۆی کارتەوە بەکاریبهێنیت یان بە (ئۆن لاین) ئەو پارەیە خەرج بکرێت یان ڕابکێشرێت، کاتێک کە فەرمانبەرێک لە بانکێکدا دانیشتووە چاوەڕێی ئەوەیە کەسێک یان بیزنسێک بێت پارەکەی پاشەکەوت بکات بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەو پاشەکەوتەوە پارە دروستبکەن، بانکەکان پارە دروست دەکەن لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەوە کە پێدەوترێت Fraction banking Reserves لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا Sheets Balance بانکەکان گەورەدەبن و Fund دەچێتە سەر حسابی ئەو هاوبەشەی بانکەکە، هەندێک جار کە بانکەکان گەشبین دەبن، دەزانن ئابوری بەرەو گەشەکردن دەڕوات، تەنانەت چاوەڕێی پاشەکەوت ناکەن خۆیان پارە دروست دەکەن وەک چۆن دەوترێت لە هەوادا واتە (On the thin air) ئەو کاتە بانک دەست دەکات بەقەرزدانی پارە. مێرڤین کینگ (Mervin king) پارێزگاری بانکی ناوەندی بەرتیانیا لە ساڵی 2003-2013 لە کۆنفراسێکدا کە قسەی دەکرد بۆ پیاوانی خاوەنکارو بازرگانەکان ووتی؛ "لە کاتیکدا کە بانک قەرزەکانی درێژ دەکاتەوە بۆ بەشداربوەکانیان، ئەوەیە کە کریدیت دەخرێتە سەر حسابە بانکیەکانیان". بەو شێوەیەی کە بانکەکان پارەیان دروستکردوە، بانکەکان ڕیژەی پارەیان بە (11.5%) لە ماوەی (40) ساڵی رابردوودا دروستکردوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی بەرتیانیا ووتی؛ "بەڵام دیوەکەی تری ئەم پارە دروستکردنە ئەوەیە، بۆ هەموو (قەرزێک کە دەدرێت کەسێک قەرزار دەبێت)، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە قەرزەکانی سەر خەڵک بەتەواوی کەڵەکەبن، چونکە ئەم پارەیە لە پاشەکەوتی پاشەکەوتکراوانەوە قەرزکراوە". لە کۆتایدا باری قەرزەکان قورس دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی نەدانەوەی قەرزەکان و دواتر بانکەکان ناتوانن قەرزبدەن و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی. لەسیستەمی کریدتدا لە کاتێکدا کە هەموو پارە دانێک حەواڵە دەکرێت لە رێگای Bank Book وە، واتە بانک دەتوانێت هەرچەندە پارەی بوێت بۆ ئەوەی بەقەرز بدات و دروستی بکات لە هەر چرکەیەکدا کە بیەوێت بەڕێژەی ئەو سوودەی کە دەیەوێت، ژمارەی ئەو قەرزانەی کە فەرمانبەرانی بانک دەیدەن وەک لاستیک وایە، بانکەکان توانای کڕینی گەورەیان هەیە و توانای قەرزدانی گەورەشیان هەیە. پارە بەم شیوەیە دروستدەکرێت بانک پارە وەدەگرێت لە بەشداربوەکانی بە ناوی پاشەکەوتەوە، بانک ئەگەر هەموو پارەی پا شەکەوتکراو پاشەکەوتبکات ئەو کاتە ناتوانرێت، پڕۆسەی قەرزدان دروستبکرێت و بانکە کە ناتوانێت پارە پەیدا بکات، لە جیاتی ئەوە پارەی پاشەکەوتکراوان بەکاردەهێنیت و بە شی هەرە زۆری پارەکە بەکار دەهێنیت دەیدات بەخەڵک کە پێویستیان بە پارەیە، بۆ ڕایکردنی کارەکانی ڕۆژانەیان، بانک تەنها بەشێکی پارەکە پاشەکەوت دەکات چونکە ڕۆژانە خەڵک و بیزنسەکان دەچن بۆ بانک تا بەشێک پارەی پێویست دەربهێنن. ئەگەر بێت و بانک پارەی تیانەبێت ئەوا بانکەکە نەتوانێ لەکاتی خۆیدا پارەی خەڵک بداتەوە واتە بانکەکە (Default) کردوە، ئەوا خەڵک بە پەلە کۆدەبنەوە، داوای پارەکانیان دەکەن لە بانک دەیانەوێت پارەکەیان دەربهێنن. ئەمەش واتای خراپ بەڕێوەبردنی بانکەکەیە. هەموو ووڵاتێک یاسایەکی هەیە کە لە بانکی ناوەەندیەوە دەردەچێت کە دەبێت بانکەکان ((Required Reserves) بە یەدەکی داواکراو پابەندبن. بۆ یەدەکی داواکراو زۆربەی کات بە ڕێژەی (10%) لە پارەی پاشەکەوتکراوان. کە ئەمە کەمترین بڕی پارە پاشەکەوتکراوەکەیە، کە بە یاسا سەپێنراوە، بانکی ناوەندی دەتوانێت بەرزی بکاتەوە بۆ (20%) بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێکی بانک بڕوات (100) دۆلار پاشەکەوت بکات لە بانکدا ئەوا بانک بە پێی یاسا بۆ نمونە ئەگەر بڕی یەدەکی داواکراو بڕی (10%) ئەوا رێژەی پاشەکەوتەکە (Reserve Ratio) دەبێت (10) دۆلار بێت، (90) دۆلار دەدرێت بە قەرز لەو پاشەکەوتە. ئەو (90) دۆلارە کە خەرجدەکرێت جارێکی تر دەچیتەوە بانک وەک پاشەکەوت دادانرێتەوە لێرەدا جارێکی تر بانک بڕی (9) دۆلار پاشەکەوت دەکات لەم پارەیە واتە (81) دۆلاری تر دەدرێتەوە بە قەرزیکی تر پیدەوتریت (Money Supply) ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت لە قەرزدان، ئەو پڕۆسەیە پێدەوترێت پارە (چەند جارە) کردن. بەڵام کاتێک کە هاووڵاتیان پارە لە گیرفانیاندایە، ئەوە ئەو پارەیەیە کە بە لۆگۆی بانکی ناوەندیەوەیە و پارەی چاپکراوی بانکی ناوەندیە، پارە چەند جارە دەکرێت بە پێی ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە؛ رێژەی یەدەکی Money Multiplier = 1/ Reserves Ratio Money Multiplier= 1/0.1=10 (پارە چەند جارکردن) لەبەرئەوەی 90 دۆلار بە کارهاتوە بۆ قەرز،کەواتە؛ پارەی دروستکراو = 10X90= 900 دۆلار کەواتە لەو (100) دۆلارەی پاشەکەوتکرا، بڕی (900) دۆلار دروستکراوە. بەم شێوەیە بانکەکان پارە دروستدەکەن لە ئابوریدا، خستنە ڕووی پارە زیاد دەکرێت. کەواتە بۆ چی خستنە ڕووی پارە کەمە لە عێراقدا 1. لەبەر نەبوونی حسابی بانکی لەلایەن هاوڵاتیانەوەو نەبوونی بانکی زۆر لە عیراقدا، بۆیە هەمیشە خستنە ڕووی پارە کەمە، چونکە وەک دەرکەوت بانکەکان چۆن دەتوانن پارە دروستبکەن لە ئەنجامی پارەی پاشەکەوتکەرانەوە. 2. بوونی قەیرانی دارایی و کێشە ناوخۆیەکان وایانکردوە، کە خەڵک نەتوانێت پارە پاشەکەوت بکات ئەمەش یارمەتی دروستنەکردنی پارە دەدات. 3. تا ئێستا سیستمی کاش پەیڕەو دەکرێت لە عیراقدا، ئەمەش وایکردوە خەڵک لە بانک دوور بکەوێتەوە زیاتر پیویستیان بە بانک نەبێت. 4. حکومەتی عێراق زۆر بە پێویستی نەزانیوە سیستەمی بانکی پەرەپێبدات، بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەندەڵی نەگیرێت، بە هۆی نەبوونی سیستمی بانکی پێشکەوتوە زیانی زۆری گەیاندوە، بەوەی کە نەتوانرێت باج کۆبکرێتەوە لە کۆمپانیاکان، چونکە چاودێری وورد نەبوە لەسەر حسابی کۆمپانیا بازرگانیەکان، هەروەها پارەیەکی زۆر لە ڕێگای حەواڵەوە نێردراوەتە دەرەوە ی ووڵات. لەبەر چاودێری نەکردنی بانکەکان وەک پێویست لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، پارەیەکی زۆر براوەتە دەرەوەی ووڵات کە مەزندە دەکرێت بە زیاتر لە (100) ملیار دۆلار کە پارەی سیاسیەکانی عێراق و کوردستانە، لەزۆر بۆنەدا، ئەمە دووبارە کراوەتەوە کە لەلایەن بەرپرسە گەورەکانی عێراقەوە ئاماژەی پێدراوە. ئەمەش گەندەڵیەکی لە ڕادە بەدەرە، بۆیە عێراق کەوتۆتە ئەم دۆخەوە، ئەگەر بێت و بەشێکی کەم لەم 100 ملیار دۆلارە پاشەکەوتبکرایە لە بانکەکانی عێراقدا، ئەوا نزیکەی 10 ئەوەندە خستنەڕووی پارە زیاتر دەبوو لە عێراقدا، دەبووە زیادکردنی بەکاربردن و وەبەرهێنان و یارمەتی سووڕی ئابوری دەدا، عێڕاق تووشی پاشەکشەی ئابوری نەدەبوو لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا و دەتوانرا ئابوری فرە سەرچاوە بکرێت و رێژەی بەتاڵە زیادی نەدەکرد بۆ ڕێژەی (25%) بە پێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانای عێراق، ئاسایشی عێراق زۆر باشتر دەبوو، خەڵک نەدەچوە پاڵ گروپە تێرۆرتیستەکان، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی نەخستنەڕووی پارە کەم نەبێتەوە، گەشەی ئابوری عێراق پاشەکشەی گەورەی نەدەکرد لە لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا. هەڵەکانی بانک چین کاتێک بانکەکان قەرزی خراپ دەدەن و کردیتی زۆر دەدەن بە هاوبەشەکانیان ئەمەش زۆر جار لە توانای هاوبەشەکانیان زیاترە بۆ دانەوەی قەرزەکە و بەمەش دەوترێت قەرزی خراپ (Bad Loan)، بۆیە بانکەکان زۆر جار ووردنین لە قەرز پێدان و چاوپۆشی دەکەن، لە هەندێ مەرجی قەرزدان. ئەمەش زۆر جار کێشە دروستدەکەن بۆ بانکەکان. دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە قازانجی بانکەکان، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە بەتایبەتی قەرزدانیان زۆر زیاتر لە وەرگرتنی پاشەکەوتەکانیان (Deposits) کە بەقەرزی خراپ دادەنرێت و دەبێتە هۆی کەمدەکردنەوەی داهاتیان و زیانی گەورە بە بانکەکە دەگەیەنێت، هەندێ جار دەبێتە هۆی مایەپووچ بوونی بانکەکە، یان حكومەت بە ناچاری دێتە ناو پڕۆسەکەوە بۆ ئەوەی پارەی پاشەکەوتکراون زیانیان پێنەگات، بانکەکان زۆر جار زیانی گەورەیان پێدەگات لەکاتی قەیرانی دارایدا، بەتایبەتی لەکاتی دابەزینی نرخی خانووبەرەدا. بانک بۆ چی تووشی قەیران دەبێت؟ زۆربەی جار بانکەکان تووشی قەیران دەبن بەهۆی نەبوونی بەردەوامی پۆڵیسی ماکڕۆ ئیکۆنۆمی واتە پۆڵیسی (ڕێژەی سوود و هەڵئاوسان و ڕێژەی بەتاڵە و تێكرای گەشەی بەرهەمی نیشتمانی) و کورتهێنانی گەورە لە حسابی بانکدا، قەرزدان و کریدتی زۆر بە خەڵک، نەبوونی باڵانسی بەهێزی بانک، یان سەرمایە گوزاریەکی زۆر لەشتێکدا کراوە (Large Capital Inflows) ئەمەش بە هۆی پۆڵیسی سیاسی و ئابورییەوە، وەک بانکی ((Subprime لە ئەمریکدا کەسەرمایە گوزاری زۆری کردبوو لە کەرتی خانووبەرەدا لە ئەمریکادا، بەمەش قەیرانی بانکی دروستبوو و بە دروستبوونی قەیرانی بانکی ئەو کاتە ووڵات بەتەواوی تووشی قەیرانی دارایی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی ئابوری ئەوە بوو کە لە کۆتایی ساڵێ 2008 وە ڕووویدا لە ئەمریکاو دوای ئەوروپای گرتەوە. دەرئەنجام بەهۆی ئەو کێشانەی سەرەوە دەرکەوتوە خستنە ڕووی پارە کەمە لە عێراقدا و زۆر جار خەڵکی عێراق لە و کاتانەی کە پێویستیان بە پارەیە پەنا دەبات بۆ قەرزکردن لە یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەی، یان خزمێکی یان هاورێیەکی ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو مرۆڤە هەست بەلاوازی دەرونی بکات، لە بەر چاوی قەرزدەرەکە، یان هەندی جار کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەبێتەوە، لە ئەنجامی پابەندنەبوونی قەرزکەرەکە بە کاتی دیاریکراوە کە بڕیارە قەرزەکەی بداتەوە، بۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناخۆشی لە نێوانیاندا، بەڵام چارەسەری ئەم کێشانە ئەوەیە کە حکومەت دەستبکات بەم هەنگاوانەی خوارەوە. 1. ڕێگا ئاسانکردن بۆ کردنەوەی بانک، بەو ڕێژەیەی پێویستی هاوڵاتیان پڕدەکاتەوە، تا هاوڵاتیان بتوانن هەژماری بانکی بکەنەوە، بانکەکان رێکبخرێن لە بانکی ناوەندیەوە دەسەڵاتی تەوای هەبێت بۆ لێپێچینەوە لە گەڵیاندا لەکاتی سەرپێچیکردندا، داوا لە هاوڵاتیان بکرێت بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و پارەکانیان پاشەکەوت بکەن لە بانکەکاندا. 2. بانکی ناوەندی بڕیاردەری رێژەی سوودی بانکی بێت. دەسەڵاتی ئازادکردنی ڕیژەکە لاببرێت. بڕیاری ڕیژەی سوودی تەنها لە دەستی بانکی ناوەندیدا بێت. ئەو رێژەیەش لەگەڵ سوڕی ئابوریدا گۆڕانکاری پێوە دەکرێت، بانکە بازرگانیەکان پابەندبکرێن بەو بڕیارەوە. دیارە بانکە بازرگانیاکان خۆیان بڕێک سوودی زیاتر دەخەنەسەر ڕێژەکەی بانکی ناوەندی تا قازانج بکەن چونکە بانکەکان بۆ قەرزکردن پەنا دەبەنە بەر بانکی ناوەندی ووڵاتەکەیان. 3. بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەت و هاوڵاتی و وەزارەتەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکرێت بۆ پێدانی (باج، رسومات و گومرک) و خزمەتگوزاریەکانی تر، تا حکومەت زووتر داهاتەکەی کۆبکاتەوە، ئەمەش رێگە دەگرێت لە بردنە دەرەوەی پارە لە ووڵاتداو دەبێتە هۆی کەمبونەوەی گەندەڵی. ئەگەر بێتوو ئەو هەنگاوانەی سەرەوە لە لایەن حکومەتەوە جێبەجیدەکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خستنە ڕووی پارە زیاتر بێت و یارمەتی ڕێگەگرتن لە بردنە دەروەی پارە دەگرێت بۆ دەرەوەی ووڵات. چونکە هەر پارەیەک ببرێتە دەرەوە دەتوانرێت بە ئاسانی شوێن پێی ئەو پارەیە هەڵبگیرێت، کێ ناردەیەتیە دەرەوە و بۆ كی پارەکە نێردراوە. بۆیە ئەم دۆخەی کە لە ئیستادا ئەخولقێت لە عیراقدا لە ئەنجامی کەمتەرخەمی بانکی ناوەندی عێراقەوەیە ، سەرچاوەکان 1. HOW BANKS CREATE MONEY; https://positivemoney.org/how-money-%20works/how-banks-%20create-money/ 2. The reality of the banking system in Iraq; https://rawabetcenter.com/en/?p=1434 3. Banking crisis; https://www.worldbank.org/en/publication/gfdr/gfdr-2016/background/banking-crisis#:~:text=Among%20the%20many%20causes%20of,variety%20of%20https:// 4. Impact banking can this generation of leaders change banking for good; www.euromoney.com/article/b19y3bjz4pvygj/impact-banking-can-this-generation-of-leaders-change-banking-for-good 5. Iraq Money Supply M0; https://tradingeconomics.com/iraq/money-supply-m0 6. Iraq Interest Rate; https://tradingeconomics.com/iraq/interest-rate