Draw Media

موچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرین تا به‌ نیشتمانیكردنی موچه‌ ته‌واو نه‌بێت

موچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرین تا به‌ نیشتمانیكردنی موچه‌ ته‌واو نه‌بێت

2024-03-11 11:44:44


(دره‌و):
"موچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ناكه‌ین تا پرۆسه‌ی به‌ نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌واو نه‌بێت" له‌ نوسراوێكدا بۆ دادگای فیدراڵی، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وا ده‌ڵێ. 
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئه‌مڕۆ فه‌رمانیداوه‌ بڕی زیاتر له‌ 130 ملیار دینار بۆ موچه‌ی خانه‌نشیان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكرێت. 
وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ سێ نوسراوی سێ نوسراوی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌ی سیسته‌می پێدانی پاره‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كردووه‌، له‌ یه‌كێك له‌ نوسراوه‌كاندا داوا ده‌كات به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ره‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕی زیاتر له‌ (10 ملیار) دینار بخاته‌سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی. 
له‌ نوسراوی دووه‌میشدا داوا ده‌كات زیاتر له‌ (119 ملیار) دینار بخاته‌سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو شایسته‌ی خانه‌نشینانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی.

له‌ نوسراوی سێیه‌مدا بری زیاتر له‌ (859 ملیۆن) دیناری ته‌رخانكردووه‌ بۆ شایسته‌ی دارایی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون و گرێبه‌سته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.
وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ ته‌نیا بۆ موچه‌ی مانگی شوباته‌. 
له‌ نوسراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، دادگای فیدراڵی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی، موچه‌ی مانگی شوبات بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی میكانیزمی به‌نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێویستی به‌كاته‌، ئه‌م پاره‌یه‌ ته‌نیا بۆ مانگی شوبات ده‌بێت و موچه‌ی مانگی ئازار بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرێت تا ئه‌وكاته‌ی پێداویستییه‌كانی به‌ نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ته‌واو ده‌كرێت. 
واتا تا ئه‌و كاته‌ی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان ته‌واو ده‌بێت. 
رۆژی 21ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌باره‌ی موچه‌وه‌ تۆماركرابوون، بڕیاریدا به‌وه‌ی له‌مه‌ودوا حكومه‌تی فیدراڵی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی حساب بانكییه‌وه‌ له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، به‌م بڕیاره‌ دادگا ده‌سه‌ڵاتی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرته‌وه‌. 
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌رپرسیارێتیی یاسایی له‌ دروستی زانیاری و تۆماری موچه‌خۆران له‌به‌رده‌م ده‌سته‌كانی چاودێریكردندا، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له‌و نوسراوه‌دا، وه‌زاره‌تی دارایی داوا له‌ كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" ده‌كات زانیاری پێبدات له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هه‌رێمی كوردستان تا چه‌ند پابه‌ندبووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی (11) و (12)ی یاسای بودجه‌، سه‌باره‌ت به‌ بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو و راده‌ستكراو له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌شێوه‌ی مانگانه‌.
به‌پێی یاسای بودجه‌، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ بڕی (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بیفرۆشێت، داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ش راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆسه‌ر ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ بانكی ناوه‌ندیی. 
یاسای بودجه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه‌ كه‌ له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان راوه‌ستاوه‌، بۆیه‌ هه‌رێمی پابه‌ندكردووه‌ به‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستی پێنه‌كرده‌وه‌، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ ئه‌و (400 هه‌زار) به‌رمیله‌ راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ، دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (85) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ش راوه‌ستاو به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی بۆ هه‌رێم دابین نه‌ده‌كرد. 
ده‌قی نوسراوه‌كان: 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand