Draw Media

"بەشی زیاتر لە 300 ملیار دینار ناوی هێزە ئەمنییەكان نەنێردراوە"

"بەشی زیاتر لە 300 ملیار دینار ناوی هێزە ئەمنییەكان نەنێردراوە"

2024-03-11 17:35:22



درەو:
تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەسەر زیاتر لە (130) ملیار دینار داوەو بەپێی تەواوكردنی ووردبینی لە لیستەكاندا موچە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو پارەیەی لەبەغدادەوە دەنێردرێت (623) ملیار دینارەو (320) ملیار دینار دەمێنێت بۆ موچە كە دەبێتە لەداهاتی ناوخۆ دابینبكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت موچەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی،  كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیان رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.
بەپێی نوسراوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق.
بۆ موچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی بڕی: (119 ملیارو 139 ملیۆن) دینار
بۆ موچەی پاراستنی كۆمەڵایەتی: (10 ملیارو 967 ملیۆن) دینار
بۆ موچەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان: (859 ملیار) دینار (دیوانی وەزارەتی شەهیدان)
كۆی گشتی زیاتر لە (130) ملیار دینار دەكات
تا ئێستا ووردبینی ئەو  سێ دامەزراوەیە تەواو بووە بۆیە تەنیا موچەی ئەو سێ دامەزراوەیە رەوانە كراوە، كە لە كۆی (944) ملیار دیناری كۆی موچەخۆرانی هەرێم تەنیا (130) ملیار دینار  رەوانەكراوە، چاوەڕوان دەكرێت ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دەنێردرێت بڕی (623) ملیار دینار دەبێت و بڕی (320) ملیار دیناری تر دەمێنێتەوە دەبێت لە داهاتی ناوخۆ حكومەتی هەرێم خۆی دابینی بكات.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی موچەخۆرانی رەوانەی بەغدادكرد، جگە لە كەرتی ئەمنی و سەربازی، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو لیستەی نەنێردراوە موچەكەی زیاتر لە (300) ملیار دینارە، بەو پێیەی ئەوانەی لە سلكی هێزی ئەمنی هەرێمدا موچە وەردەگرن (433) هەزار كەسەو بڕی موچەی مانگانەكەی (450) ملیار دینارە، بەڵام لەسلكی ئەمنی و سەربازی وەزارەتی دارایی هەرێم كارمەندە مەدەنییەكان و كارمەندانی هاتووچۆو خانەنشینی سەربازی ناردووە بۆ بەغداد، بۆیە ئەوانەی لە سلكی سەربازیدا كاردەكەن و لیستەكانیان رەوانە نەكراوە نزیكەی (300) ملیار دینارە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی لیستەكان موچە دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەو بەشەی تریش پێویستە حكومەتی هرەێم لە داهاتی ناوخۆ دابینی بكات.
"موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج ناكەین تا پرۆسەی بە نیشتمانیكردنی موچەی فەرمانبەران تەواو نەبێت" لە نوسراوێكدا بۆ دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێ.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ فەرمانیداوە بڕی زیاتر لە 130 ملیار دینار بۆ موچەی خانەنشیان و چاودێری كۆمەڵایەتیی لە هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ سێ نوسراوی سێ نوسراوی ئاڕاستەی یەكەی سیستەمی پێدانی پارە لە وەزارەتەكەی كردووە، لە یەكێك لە نوسراوەكاندا داوا دەكات بە فەرمانی سەرۆك وەزیران و بە رەزامەندی وەزیری دارایی و لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕی زیاتر لە (10 ملیار) دینار بخاتەسەر حسابی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.
لە نوسراوی دووەمیشدا داوا دەكات زیاتر لە (119 ملیار) دینار بخاتەسەر حسابی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو شایستەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی.

لە نوسراوی سێیەمدا بری زیاتر لە (859 ملیۆن) دیناری تەرخانكردووە بۆ شایستەی دارایی شەهیدان و ئەنفالكراون و گرێبەستەكان لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بڕە پارانە تەنیا بۆ موچەی مانگی شوباتە.
لە نوسراوەكەدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دادگای فیدراڵی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی، موچەی مانگی شوبات بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی میكانیزمی بەنیشتمانیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بەكاتە، ئەم پارەیە تەنیا بۆ مانگی شوبات دەبێت و موچەی مانگی ئازار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت تا ئەوكاتەی پێداویستییەكانی بە نیشتمانیكردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن هەرێمەوە تەواو دەكرێت.
واتا تا ئەو كاتەی پرۆسەی كردنەوەی حساب بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان تەواو دەبێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand