Draw Media

هەرێمی كوردستان: زیاتر لە 6 ملیۆن كەس و 2 ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون

هەرێمی كوردستان: زیاتر لە 6 ملیۆن كەس و 2 ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون

2024-11-25 14:07:10


(درەو): 
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە (6,370,668) كەس، ژماره‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بریتییە لە‌ (2,028,937) یه‌كه‌.

دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دەرەنجامەكانی سەرژمێریی گشتیی 2024ی عێراقی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان راگەیاند. دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم: 
دوای كۆتاییهاتنی داتابێسی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق له‌ گشت پارێزگاكان، ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ نیشتیمانییه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕاده‌گه‌ینین. ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌ ورده‌كانی تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیموگرافی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی، و پیشه‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها زانیارییه‌كانی نیشته‌جێبوون و له‌دایكبوون و مردن و باری ئاسته‌نگداری له‌ هه‌رێمی كوردستانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ ڕاپۆرتی كۆتایی و ورد بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان.

یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دانیشتوان
1- دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان 6,370,668 كه‌سه‌، به‌ خه‌ڵكی خۆجێی و بیانییه‌وه‌‌.
(تێبینی: ناوه‌ندی قه‌زای شێخان و ناحیه‌ی زیلكان له‌ قه‌زای شێخان و ناحیه‌ی فایده‌ له‌ قه‌زای سێمێل له‌ پارێزگای دهۆك و  قه‌زای مه‌خمور له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ناحیه‌كانی كۆكس و نه‌وجول و  چه‌ندین گوندی ده‌وروبه‌ری چه‌مچه‌ماڵ له‌ پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ژمار نه‌كراون. هه‌روه‌ها پێویسته‌ تێبینیی ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌سیش گه‌ڕابوونه‌وه‌ كه‌ركوك و مه‌خمور و ناوچه‌كانی تری كێشه‌ له‌سه‌ر).
2- ڕێژه‌ی دانیشتوان له‌ شارنشین و گوندنشین به‌م شیوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌:
- ڕێژه‌ی شارنشین: 84.0%
- ڕێژه‌ی گوندنشین: 16.0%
3- ژماره‌ی خێزانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته‌ 1,379,163 خێزان.
4- تێكڕای قه‌باره‌ی خێزان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌ 4.6 كه‌س.
5- له‌ كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی پیاوان 3,200,506 كه‌سه‌و ئافره‌تان ژماره‌یان 3,170,162 كه‌سه‌. به‌م پێیه‌، ڕێژه‌ی پیاوان 50.24% و ڕێژه‌ی ئافره‌تان‌ 49.76% ده‌بێت.
6- ڕێژه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ ئافرەت سه‌رۆكی خێزانه‌ 11.86% و ئه‌وانه‌ی كه‌پیاو سه‌رۆكی خێزانه‌ بریتییه‌ له‌ 88.14%.
7- دابه‌شبوونی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر گروپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌مه‌ن به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
1- دانیشتوانی ژێر ته‌مه‌نی كاركردن (كه‌متر له‌ 15 ساڵ): 31.9%
2- دانیشتوانی ته‌مه‌نی كاركردن (15-64 ساڵ): 63.7%
3- دانیشتوانی سه‌رووی ته‌مه‌نی كاركردن (65 ساڵ و سه‌رووتر): 4.4%
به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته‌ قۆناغی په‌نجه‌ره‌ی دیموگرافی كه‌ له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ ڕێژه‌ی دانیشتوانی ته‌مه‌نی كاركردن 60% و سه‌رووتر بێت.
8- به‌راورد به‌ ئه‌نجامه‌كانی گه‌مارۆسازی و ژماره‌دانانی ساڵی 2009 كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان 4,389,258 كه‌س بوو، تێكڕای گه‌شه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم كوردستان بریتییه‌ له‌ 2.48%.

دووه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نشینگه‌
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی گه‌مارۆسازی و ژماره‌دانانی ساڵی 2024، ژماره‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته‌ 2,028,937 یه‌كه‌. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand