یەكێتیی لەرێگەی جێگری پارێزگارەوە داوای "تەوتین"ی موچەی سلێمانی دەكات
2024-11-17 13:33:08
(درەو):
یەكێتیی لەرێگەی جێگری پارێزگاری سلێمانییەوە، بەفەرمی داوای لە بانكی ناوەندیی عێراق كردووە رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ "تەوتینكردنی" موچەی هەموو فەرمانبەرانی سلێمانی، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا دادگای (كەرخ) قسەی كۆتایی خۆی نەكردووە سەبارەت بە چارەنوسی (هەژماری من).
شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی رۆژی 4ی ئەم مانگە نوسراوێكی ئاڕاستەی نوسینگەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كردووە. لەو نوسراوەكەدا، جێگری پارێزگاری سلێمانی كە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، پاڵپشت بە بڕیاری شوباتی 2024ی دادگای باڵای فیدراڵی داوا لە بانكی ناوەندی عێراق دەكات، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكات.
جێگری پارێزگاری سلێمانی بەدیاریكراوی داوای ئەوەی لە پارێزگاری بانكی ناوەندیی كردووە "بانكە پەیوەندیدارەكان راسپێرێت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ تەوتینكردنی موچە هەموو فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی".
شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێم، بڕیاریدا بە "تەوتین"كردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بانكە فیدراڵییەكانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی هەرێم، ئەم بڕیارە لە كاتێكدا بوو پێشتر حكومەتی هەرێم پرۆسەیەكی بۆ بە بانكیكردنی موچە دەستپێكردبوو بەناوی "هەژماری من".
جیاوازی "تەوتین" لەگەڵ "هەژماری من" ئەوەیە لە تەوتیندا موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە دەخرێتە بانكەكان و موچەخۆران لە بانكەكان وەریدەگرن، بەڵام لە (هەژماری من)دا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەدات بە حكومەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم لە هەولێرەوە موچەی موچەخۆران دەخاتە سەر حسابەكانیان لە بانكەكان.
بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، میدیاكانی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نوسراوێكیان بڵاوكردەوە كە دادوەر (جاسم عمێری) سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی ئیمزای لەسەر كردووەو تێیدا ئەوەی روونكردوەتەوە (ئەو بانكانەشی كە دەكەونە هەرێمی كوردستان و مۆڵەتی بانكی ناوەندییان هەیە، دەتوانن تەوتینی موچە بكەن).
ئەم نوسراوە لەلایەن میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وا لێكدانەوەی بۆ كرا كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەی شوباتی خۆی پاشگەزبووەتەوەو پرۆژەی (هەژماری من)یش هەر (تەوتین)ەكەی بەغدادە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، نوسراوەكەی حاكم جاسم تائێستا لەسەر سایتی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاونەبووەتەوە.
سەرباری ئەمە، ئەوانەی شارەزای یاسان دەڵێن ئەو رونكردنەوەی كە حاكم جاسم دەریكردووە بەواتای "پاشگەزبوونەوە" لە بڕیارەكەی شوبات نییە، چونكە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی هەر جۆرە پاشگەزبوونەوەیەكی دادگا لە هەر بڕیارێكی خۆی دەبێت زۆرینەی دادوەرەكانی دادگا رەزامەندی لەسەر بدەن، نەك سەرۆكی دادگا بەناوی خۆیەوە نوسراو دەربكات.
رۆژی 31ی ئۆكتۆبەری رابردوو، یەكێتیی بە فەرمی و لەرێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگای لێكۆڵینەوەی (كەرخ) لە بەغداد سكاڵای دژی پرۆژەی (هەژماری من) تۆماركردو داوایكرد "تەوتین"ی موچە وەكو ئەوەی لە بڕیاری شوباتی دادگای فیدراڵیدا هاتووە جێبەجێ بكرێت.
بۆ ئەم سكاڵایە، فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ+ یەكگرتووی ئیسلامی+ كۆمەڵی دادگەریی) بەفەرمی پشتیوانی لە یەكێتیی نیشتمانی دەكەن، ئەمەش لە دۆخێكدا كە ئەم رۆژانە پارتی و یەكێتیی لە كێبركێی تونددان سەبارەت بە راكێشانی دەنگی لایەنەكانی بەلای خۆیانداو هەریەكەیان دەیەوێت بەر لە ئەوەی تر (50+1)ی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان كۆبكاتەوە.
جگە لە سكاڵاكەی لە دادگای (كەرخ)، لەسەر ئاستێكی تر بەرپرسانی یەكێتیی سەرقاڵی ئەوەن لقی بانكە فیدراڵییەكانی عێراق لە سلێمانی بكرێتەوە، بۆ ئەمەش هەندێك هەنگاویان هەڵگرتووە.
ناكۆكی پارتی و یەكێتیی لەبارەی (تەوتین)و (هەژماری من)ەوە گەیشتوەتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی چەند رۆژی رابردوو كە سەردانی هەولێری و سلێمانی كرد یەكێك لە تەوەری گفتوگۆكانی لەگەڵ هەردوو حزبەكە بابەتی موچە بوو، ئەویش داوای كردبوو بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكرێت، بەڵام باسی لەوە نەكردبوو كام بڕیار، ئەوەی شوبات یاخود رونكردنەوەكەی رۆژی (3ی تەموز)ی سەرۆكی دادگای فیدراڵی كە (هەژماری من) هەر بە (تەوتین) حساب دەكات.
ئێستا ئەوەی یەكلای دەكاتەوە ئایا بڕیاری شوباتی دادگای فیدراڵی لەبارەی (تەوتین)ی موچە وەكو خۆی ماوە یاخود سەرۆكی دادگا گۆڕیویەتی، تەنیا دادگای (كەرخ)ە كە یەكێتیی سكاڵای تێدا تۆماركردووە، تا یەكلابوونەوەی ئەم سكاڵایەش پارتی و یەكێتیی بەردەوام دەبن لەسەر كێشمەكێشەكەیان لەبارەی چارەنوسی پرۆسەی بە بانكیكردنی موچەوە.
ناكۆكی پارتی و یەكێتیی لەبارەی پرۆسەی بەبانكیكردنی موچەوە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوت، لەو كەمپەینەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی وتی:" داوا لە فەرمانبەران دەكەم هەژماری من نەكەن، تەوتین بكەن، چونكە هەژماری من هەژماری مەسرورە".
پارتی لە وەڵامی بانگەشەكانی سەرۆكی یەكێتیدا جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆژەی (هەژماری من) كردو رایگەیاند، بڕیاری پرۆژەی (هەماری من) لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووەو قوباد تاڵەبانیش كە جێگری سەرۆكی حكومەتە رەزامەند بووە لەسەری، بەڵام سەرۆكی یەكێتیی دواترو پاش هەڵبژاردن رایگەیاند، پرۆژەی (هەژماری من) لە ئەنجومەنی وەزیران نەخراوەتە دەنگدانەوە.
ئەگەر دادگای كەرخ جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری شوباتی دادگای فیدراڵی بكاتەوە، دەبێت پرۆسەی تەوتینی موچە هەر لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق بێت و پرۆژەی (هەژماری من) شكستی دەهێنێت، یاخود لانی كەم یەكێتیی دەتوانێت لە سنوری سلێمانی جێبەجێی نەكات، چونكە بڕیارەكەی شوبات رێگەی بەوە داوە هەر فەرمانگەیەك لە پارێزگاكان خۆیان لیستی موچەخۆرەكانی خۆیان ئامادە بكەن و رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بكەن بەمەبەستی خەرجكردنی موچەكانیان.
ئەم ناكۆكییە كە لەبارەی موچەی موچەخۆرانەوە لەنێوان پارتی و یەكێتیی دروستبووە لەكاتێكدایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانی كوردستان ئیتر دەبێت ئامادەكاری بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خۆی بكات و دواتریش رێوشوێن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە كوردستان بگرێتەبەر.
پارتی و یەكێتیی وەكو براوەی یەكەم و دووەم، هێشتا تای هەڵبژاردن بەری نەداون و لەدوای 20ی ئۆكتۆبەرەوە نەیانتوانیوە لەسەر مێزێك دابنیشن بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی دەیەم، هەردووكیان لە دوورەوەو لە میدیاكانەوە پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ یەكتر دەنێرن، سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتە كوردستان بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەكێتیی بە پلەی یەكەم و دواتر لایەنە براوەكانی تری هەڵبژاردن بكاتەوە بەمەبەستی پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هێشتا دۆخەكە وەكو خۆی ماوەتەوە.