"سەرەتای ساڵی داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە"
2024-11-19 10:06:11
درەو:
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکان رایدەگەیەنێت: هەولێر و بەغداد لەسەر زیادکردنی تێچوی نەوت بۆ نزیکەی (20.6) دۆلار ڕێککەوتون، سەرەتای ساڵی داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم بە وەکالەت بۆ کوردستان (24):
🔹پێشبینی دەکەین سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.
🔹لە قۆناغی یەکەمدا(16) دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت خەرج دەکرێت.
🔹لە ماوەی ڕابردوودا وەک حکومەتی هەرێم چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
🔹بەڵام خاڵێکی ناو یاسای بودجەی گشتی عێراق کە تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
🔹هەولێر و بەغداد لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادکردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی (20.6) دۆلار ڕێککەوتون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی (16) دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.
🔹لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتوین، دوای هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بکات.
🔹بە دوری دەزانین لە پەرلەمانی عێراق ڕێگریی لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی خاڵی تایبەت بە تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کراوە.
🔹پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو (2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
🔹نەوتەکە لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرێتەوە، چونکە عێراق دوو بۆری نەوتی ئوردن و سووریای هەیە، بەڵام کار ناکەن، ڕێککەوتن کراوە هەر لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەکردنەکە بکرێت.