درەو: دوێنێ لە مەراسیمێكی رەمزیدا (30) گەریلا چەكەكانیان لەناوبرد، بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، ناو و ناسنامەی گروپی “ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” ئەو گەریلایانەی كە چەكەكانیان لەناو برد: 1- بەسێ هۆزات: ناو و پاشناو: هولیا ئۆران ناوی دایک: گەیک ئۆران ناوی باوک: حەسەن ئۆران شوێن و کاتی لەدایکبوون: دێرسیم_هۆزات ١٩٧٨ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٤ *** 2- بەهزاد چارچەل: ناو و پاشناو: نەدیم سەڤەن ناوی دایک: ڕەحیمە ناوی باوک: عەلی شوێن و کاتی لەدایکبوون: جولەمێرگ_١٩٦٨ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٠ *** 3- تێکۆشین ئۆزان: ناو و پاشناو: ئەسمەن ئایاز ناوی دایک: فەخریە ناوی باوک: سەبری شوێن و کاتی لەدایکبوون: میدیات ١٩٧٣ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٢ *** 4- تەکین موش: ناو و پاشناو: محەمەد دەمیرەر ناوی دایک: پەریزادە ناوی باوک: جەمشید شوێن و کاتی لەدایکبوون: موش_بولانک ١٩٦٥ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٨٩ *** 5- شیندا ماردین: ناو و پاشناو: فاتمە یەڵدرم ناوی دایک: حەلیمە ناوی باوک: حوسەین شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئەدەنە ١٩٧٨ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٣ *** 6- شیار دێرسیم: ناو و پاشناو: عادل داشکین ناوی دایک: دلف ناوی باوک: حوسەین شوێن و کاتی لەدایکبوون: دێرسیم ١٩٧٢ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٨ *** 7- ئیرمەک لادین درەن: ناو و پاشناو: بەسیمە گورئارسەلان ناوی دایک: خەدیجە ناوی باوک: حەسەن حەیدەر شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئەلبیستان ١٩٨٥ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠٠١ *** 8- فایەق باران: ناو و پاشناو: موستەفا چاکر ناوی دایک: زولەیخا ناوی باوک: بەرجەس شوێن و کاتی لەدایکبوون: ڕحا_پیرسوس ١٩٨٣ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١١ *** 9- سەردار باوەڕ: ناو و پاشناو: ئەدهەم کیلیچ ناوی دایک: وەسیلە ناوی باوک: عادل شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئامەد_فارقین ١٩٩٦ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٢ *** 10- عادل نەفەل: ناو و پاشناو: ئۆزهان جەیهان ناوی دایک: سونیە ناوی باوک: موهاجیر شوێن و کاتی لەدایکبوون: وان_ئەرجیش ١٩٨٦ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠٠٨ *** 11- خەبات پەنابەر: ناو و پاشناو: حوسەین ناس ناوی دایک: بەسنە ناوی باوک: عەلی شوێن و کاتی لەدایکبوون: سێرت ١٩٩١ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٤ *** 12- چاندا مزگین: ناو و پاشناو: مزگین سۆنمەز ناوی دایک: سەڤە ناوی باوک: ڕەمەزان عەبدوڵا شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئیدل_شەرناخ ١٩٨٨ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٤ *** 13- لیلاڤ ئازادی: ناو و پاشناو: ڕوناهی ئەرۆل ناوی دایک: هەیبەت ناوی باوک: جەودەت شوێن و کاتی لەدایکبوون: وان ٢٠٠٠ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٥ *** 14- زەمەن دەنیز: ناو و پاشناو: کەزبان سەکمەن ناوی دایک: زاهیدە ناوی باوک: محەمەد شوێن و کاتی لەدایکبوون: وان_ئەرجیش ١٩٩٥ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٣ *** 15- ئاخین زانا: ناو و پاشناو: قیمەت کۆرکماز ناوی دایک: فاتمە ناوی باوک: سولەیمان شوێن و کاتی لەدایکبوون: بەدلیس_خیزان ٢٠٠١ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٥ *** 16- بێریتان بۆتان: ناو و پاشناو: زەینەب ئۆز ناوی دایک: ئەلیف ناوی باوک: ئیبراهیم شوێن و کاتی لەدایکبوون: جزیر ١٩٩٩ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٣ *** 17- دلژین ڕووکەن: ناو و پاشناو: شەریفە تەکین ناوی دایک: هەدیە ناوی باوک: محەمەد شوێن و کاتی لەدایکبوون: شەرناخ_هەزەخ ١٩٩٧ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٥ *** 18- جانفیدا باهۆز: ناو و پاشناو: ئاگین تۆپراک ناوی دایک: ئەمینە ناوی باوک: ئەشرەف شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئامەد ١٩٩١ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠٠٩ *** 19- باوەڕ ڕوناهی: ناو و پاشناو: هاکان ئایدن ناوی دایک: گوڵیزار ناوی باوک: ڕەزا شوێن و کاتی لەدایکبوون: موش_کۆپ ١٩٩٢ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠١٢ *** 20- مەهدی عاکیف: ناو و پاشناو: تاجدین ئیشک ناوی دایک: کومرو ناوی باوک: میرزا شوێن و کاتی لەدایکبوون: وان_پایزاوا ١٩٧٨ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ١٩٩٤ *** 21- حەمزە بۆتان ناو و پاشناو: ئەرگین تان ناوی دایک: هەیفهان ناوی باوک: عەبدولکەریم شوین و کاتی لە دایکبوون: وان-میکس ١٩٨٩ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستن: ٢٠١٤ *** 22- عەلیشەر کۆچگری ناو و پاشناو: سەرکان ئۆزگەن ناوی دایک: سرما ناوی باوک: م. سابری شوێن و کاتی لە دایکبوون: ئیمرانلی-سێواس ١٩٨٢ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستن: ١٩٩٩ *** 23- ئامەد سیپان ناو و پاشناو: فورات ئیشلەیەن ناوی دایک: سەرەیی ناوی باوک: موشتاق شوێن و کاتی لە دایکبوون: وان-ئەردیش ١٩٩٤ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستن: ٢٠١٤ *** 24- باوەڕ جیلۆ ناو و پاشناو: ئەرۆڵ داشدەلەن ناوی دایک: گوڵتەن ناوی باوک: عادل شوێن و کاتی لە دایکبوون: جولەمێرگ-گەڤەر ١٩٩٥ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستنی: ٢٠١٩ *** 25- کەنداڵ عەگید ناو و پاشناو: عزەدین ئەرەسۆی ناوی دایک: شەریفە ناوی باوک: حەسەن شوێن و کاتی لە دایکبوون: شەرناخ-هەزەخ ١٩٨٩ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستنی: ٢٠١٣ *** 26- هێڤی ئۆزالپ ناو و پاشناو: یەشیم یاڵچنتاش ناوی دایک: گوڵستان ناوی باوک: قاسم کات و شوێنی لە دایکبوون: وان-قەلقەلیا ٢٠٠٠ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستنی: ٢٠١٤ *** 27- ئارین هەبوون ناو و پاشناو: ئاریا تۆکای ناوی دایک: ڤەسیلە ناوی باوک: ڕێزان شوێن و کاتی لە دایکبوون: نسێبین ٢٠٠٠ کاتی بەشداربوونی ڕێکخستن: ٢٠١٤ *** 28- عەزیمە چیا ناو و پاشناو: بەهار دەلیجی ناوی دایک: عەزیمە ناوی باوک: ڕەفعەت کات و شوێنی لە دایکبوون: موش-ملازگر ١٩٩٣ کاتی بەشداربوون: ٢٠١٤ *** 29- بژی ستێرک ئامەد: ناو و پاشناو: شیندا ئۆیونلو ناوی دایک: دلبەر زەنگین ئۆیونلو ناوی باوک: محەمەد ئۆیونلو شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئامەد_لجێ ٢٠٠٤ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠٢٠ *** 30- بەنگین ڕوناهی: ناو و پاشناو: ئەمینە ئەکین ناوی دایک: دەڤران ناوی باوک: محەمەد شوێن و کاتی لەدایکبوون: ئامەد_کاراز ٢٠٠٠ کاتی بەشداربوون لە ڕێکخستن: ٢٠٢٤”. وەرگیراوە (ڕۆژنیوز)
درەو: ئەمڕۆ (30) گەریلا كە (26) گەریلا و (4) فەرماندەی باڵای پەكەكە كە هاوسەرۆكی كەجەكە لەناویاندابوو، مەراسیمی رەمزی چەكدانانیان بەڕێوەبرد، لە راگەیەندراوی ئەو گروپەی گەریلا كە چەكەكانیان دانا دەڵێن: ستەم و داگیركاری كۆتایی دێت و ئازادی و هاوخهباتی سهردهكهوێت. دەقی راگەیێندراوەکە: بۆ رای گشتی و گهلهكهمان بهناوی گرووپی "ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک"یهوه كه بۆ برەودان به پرۆسهی گۆڕان و وهرچهرخانی دیموكراتیکی پێكهێندراوه؛ سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشكهشی ئامادهبووان و ههموو شاهیدانی ئهم چالاكییه دیموكراتییه مێژووییهمان دهكهین. ئێمهی ژنان و پیاوانی شهڕڤانانی ئازادی كه له مێژوویی جیاجیادا به ئامانجی شهڕكردن له دژی هێرشهكانی نكۆڵیكردن و قڕكردنی كورد بهشداریمان له ریزهكانی پەکەکەدا كردووه، چهكمان ههڵگرتووه و له ههرێم و شوێنی جیاجیا تێكۆشانمان بەڕێوەبردووە، ئهمڕۆ وهك وهڵامێك بۆ بانگهوازییهكهی رێبهری گهلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان كه له راگهیهندراوهكهی ڕێکەوتی ١٩ـی حوزهیرانی ٢٠٢٥ییدا بڵاوی كردبووهوه؛ هاتووین بۆ ئێره. هاتنهكهمان لهسهر بنهمای بانگهوازی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ "ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک"ـی ڕێبەر عهبدوڵا ئۆجالان و بڕیارهكانی ١٢ههمین كۆنگرهی پەکەکەیە كه له رۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا ئهنجامی دا. وهك نیازپاكی و ههنگاوی بڕیارداری له پێناوی بهكرداریی سهركهوتنی پرۆسهی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) و له ئێستاشهوه به ئامانجی بهردهوامیدان به تێكۆشانی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزمیمان به رێبازی سیاسهتی دیموكراتی و یاسایی و هاوكات لهسهر بنهمای دهركردنی یاساكانی ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی؛ له حزوری ئێوهدا به ئیرادهی ئازادی خۆمان، چهكهكهمان لهناو دهبهین. هیوادارین ئهم ههنگاوهمان ببێت به مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلهكهمان به تایبهتی بۆ ژنان و گهنجان و بۆ گهلانی توركیا و ڕۆژههڵاتی ناوین و سهرجهم مرۆڤایهتی و ئاشتی و ئازادی لهگهڵ خۆی بهێنێت. پڕ بهدڵ هاوڕاین لهگهڵ بانگهوازییهكهی ڕێبەر عهبدوڵا ئۆجالان كه دهڵێت: "بڕوام به هێزی سیاسهت و ئاشتی كۆمهڵایهتی ههیه، نهك چهك. بانگهوازی له ئێوهش دهكهم ئهم پرهنسیپه پەیڕەو بكهن" و مایهی شانازی و سهربهرزییهكی گهورهیه كه ههڵدهستین به جێبهجێكردنی بنهماكانی ئهم پرهنسیپه مێژووییه. دهزانین كه تا ئێستا هیچ شتێك به ئاسانی و بێ قوربانی و بهبێ تێكۆشان بهدینههاتووه، بهپێچهوانهوه ههموو شتێك رۆژانه به قوربانی گهوره و به تێكۆشانی بێ وێنه بهدهستخراوه. ههڵبهت له ئێستا بهدوایشهوه ههر به تێكۆشانی سهخت و دژوار بهردهوام دهبێت. زۆر باش لەم ڕاستییه تێگەیشتووین و لهسهر ئهم بنهمایه بۆ بهدهستهێنانی سهركهوتنی گهوره و دهستكهوتی دیموكراتییانه لهناخی دڵمانهوه بڕوامان به فیكر و پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە و متمانهمان به خۆمانە و هاوکات وهكو كۆمهڵهی هاوڕێیانیش متمانهمان بههێزی ههرهوهزیمان ههیه. له ژینگهیهكی وههادا كه گوشار و تاڵانكاری فاشیستی پەرەی سهندووه، ناوچهكهمان؛ ڕۆژههڵاتی ناوین بووه به گۆمی خوێن و گهلهكهمان له ههموو كاتێك زیاتر پێویستی به ژیانی ئاشتهوایی، ئازادی و یهكسانی و دیموكراتییه، گرنگی و ڕاست و پێویستی ههنووكهیی ئهم ههنگاوه مێژووییهمان دهبینین و ههستی پێدهكهین. بهو هیوایهین كه ههموو لایهك لە؛ ژنان، گهنجان، كرێكار و رهنجدهران، هێزه سۆسیالیستی و دیموكراتهكان، واتا سهرجهم گهلان و مرۆڤایهتی؛ درك بە بەها و بایهخی ئهم ههنگاوه ئاشتی و دیموكراتیانهیهمان بكهن، تێیبگهن و ڕێزی بگرن. ههر لهم سۆنگهیهوه بانگ له سهرجهم هێزه هەرێمی و جیهانییهكان دهكهین كه بهرپرسن له ههموو ئێش و ئازارهكانی گهلهكهمان، رێز له مافه ڕهوا و نهتهوهیی و دیموكراتییهكانی گهلهكهمان بگرن و پشتیوانی له پرۆسهی ئاشتی و چارهسهری دیموكراتییانه بكهن. بانگهوازی له گهلان بەگشتی، وە بهتایبهتی ژنان و گهنجان، كرێكار و ڕهنجدهران، هێزه دیموكرات و سۆسیالیستییهكان، ڕۆشنبیر، نوسهر، ئهكادیمیست، مافناس، هونهرمهند و سیاسهتمهداران دهكهین بهشێوهیهكی ڕاست و درووست لهم ههنگاوه مێژووییهمان تێبگهن و لهپاڵ ئێمه و گهلهكهماندا بن. ههروهها داوادهكهین بۆ ئازادی جهستهیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارهسهری سیاسی و دیموكراتییانهی پرسی كورد چالاكانهتر تێبكۆشن و له ئاستی جیهانیدا تێكۆشانی دیموكراتییانه، سۆسیال ئینتهرناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بكهین. بانگهوازیش له گهلهكهمان و سهرجهم هێزه سیاسییهكانی دهكهین، بهشێوهیهكی ڕاست تێبگهن له تایبهتمهندییهكانی ئهم قۆناخه مێژووییهی ئێستا و ئهم پرۆسهی 'ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک'یەیی کە ڕێبهر ئاپۆ دهستی پێكردووه، ئهركهكانیان له ههموو بوارهكانی پهروهردهیی، ڕێكخستنی و چالاكییدا بهسهركهوتوویی جێبهجێ بكهن و پەرە به ژیانی دیموكراتییانه بدهن. ستەم و داگیركاری كۆتایی دێت و ئازادی و هاوخهباتی سهردهكهوێت. پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیکی مسۆگهر سهردهكهوێت. 11ی تهممووزی 2025 گرووپی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی.
درەو: راپۆرتی: تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا: • لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١،٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. • (١،٤٨٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (٥٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە. • بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەک (٣) هاووڵاتی شەهید و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. • لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا (١،٢٣٢) هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران، (٣٩٧) هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (٤٣) هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (٥) هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و (١) هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە. • بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، (٥٥٠) هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە (٥٤١) هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و (٩) هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە. • لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە. تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، گرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە: https://static1.squarespace.com/.../%28Kurdish%29+Turkish...
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: هەڵوەشانەوەی خود و شکۆی کۆتایی لە ئاوێنەیەكی تەڵخ و شكاودا فوئاد سدیق، راوێژكار لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە ماوەی چوار مانگە خانەنشین بووە ئاوازێكی پڕ لە ماتەمینی بۆ ئەو وەزارەتەی بەدەست وەزیرو بریكارەكەی خوێنی كەمئەندام و بێ دەرامەت و نەگبەتەكانی ئەم هەرێمەی لێ دەچۆڕێت. لە چیرۆکی گەورەی هەر نەتەوەیەکدا، بەتایبەت نەتەوەیەکی برینداری وەک کورد کە لەپێناو بوون و ناسنامەدا خوێنی داوە، هەندێک دامەزراوە هەن کە لە ئەرکی سادەی کارگێڕی تێدەپەڕن؛ ئەوان دەبنە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگە و پێوەری ئەخلاقیی گەشتە مێژووییەکەی. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستاندا، دەبوو ببێتە دڵی پڕ لە سۆزی ئەم نیشتمانە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا مرۆڤدۆستی، هاوخەمی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەگاتە لوتکە و ماندوویەتیی شەهید و ئەنفالکراوان بە خزمەت دەسڕێتەوە. بەڵام کاتێک ئەم دڵە نەخۆش دەکەوێت و ئەم ئاوێنەیە دەشکێت یان پڕ لە شوخت دەبێت ، چیتر وێنەیەکی سادە ناگێڕێتەوە. پارچە شکاوەکانی ئاوێنەکە ، هەر یەکەیان گۆشەیەک لە تراژیدیایەکی قووڵترمان نیشان دەدەن؛ وێنەی شێواوی کۆمەڵگەیەکی بریندار و نیشتمانێکی هیلاک. تا زیاتر لەم پارچە شکاوە ورد بیتەوە، قووڵایی برین و تاریکیی خیانەت زیاتر دەبینیت. لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە، ئەم وەزارەتە نوێنەرایەتی "تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی" (Social Safety Net) دەکات. ئەم تۆڕە، دوا قەڵای ئومێدە بۆ ئەو هاونیشتمانیانەی کە بەهۆی هەژاری، نەخۆشی، کەمئەندامی یان هەر قەیرانێکی دیکەوە لە لێواری ژیانەوە دەکەونە خوارەوە. کاتێک ئەم تۆڕە لاواز دەبێت یان بە ئەنقەست دەپچڕێنرێت، دیاردەی کوشندەی "نامۆبوون" (Anomie) وەک ژەهر بە لەشی کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە. خەڵکی هەست دەکەن هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنیان بوونی نییە. هیوا لە دڵیاندا دەمرێت و بڕوایان بە خودی چەمکی "نیشتمان" و "حکومەت" نامێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ لەم وەزارەتەدا ڕوودەدات، تەنها گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پووکانەوەی ئەم چەترە کۆمەڵایەتییەیە. کاتێک بڕیارەکان لەسەر بنەمای میزاج و بەرژەوەندیی شەخسی دەردەچن نەک لەسەر بنەمای پێداویستیی ڕاستەقینەی هاووڵاتی، کاتێک سامانی گشتی کە دەبێت شیفای برینی هەژارێک بێت، دەبێتە کەرەستەی خۆشگوزەرانیی بەرپرسێک، ئەوا ئێمە لەبەردەم هەڵوەشانەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیداین. پەرتەوازەیی و بێسەروبەریی نیشانەی نەمانی ئەو ڕۆحە کۆمەڵایەتییەیە کە دامەزراوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و ئامانجێکی باڵایان پێ دەبەخشێت. کاتێک دەسەڵات لە دەستی تاکێکدا کۆدەبێتەوە کە خاوەنی کەسایەتییەکی "تاکڕەو و میزاجی"یە،(پێیدەڵێن جەنابی وەزیر!) دەرئەنجامە دەروونییەکانی کارەساتبار دەبن. دەروونناسیی دەسەڵات پێماندەڵێت دەسەڵاتی بێسنوور مرۆڤ لە واقیع دادەبڕێت. وەزیرێک کە بڕیارەکانی لە هەڵچوونی چركەساتی و ویستی شەخسییەوە سەرچاوە بگرن، ناتوانێت لە ئازاری کەمئەندامێک، لە چاوەڕوانیی بێوەژنێک، یان لە بێهیوایی گەنجێکی بێکار(كە دڵی پڕە لە هیوا) تێبگات. ئەو لە بورجێکی عاجدا دەژی و خەڵکی تەنها وەک ژمارە یان ئامراز بۆ مانەوەی خۆی دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە، بوونی "بریکارێکی وەزیری نەزان، (تازە زمانی گاگۆلكە دەكات و ناتوانێ لە ئازارەكانی ئەم وەزارەتە تێبگات!!) ئەم تراژیدیایە قووڵتر دەکاتەوە. نەزانی و تێنەگەیشتن لێرەدا تەنها بە مانای کەمیی زانیاری نییە،بەڵكو ئەقڵی بچووك بەڕێوەی دەبات. بەڵکو بە مانای نەبوونی توانای تێگەیشتن لە فەلسەفەی کاری کۆمەڵایەتی و ئەرکی دامەزراوەکەیە. ئەمانە(تاکڕەوی و نەزانی و ئەقڵی بچووك) تێکەڵەیەکی کوشندە پێکدەهێنن کە ژینگەی وەزارەتەکەی تەواو ژەهراوی دەكات، وەك ژەهراوییان كردووە. فەرمانبەران لەبری داهێنان و خزمەتکردن، دەکەونە گەمارۆی دەروونییەوە؛ یان دەبێت ملکەچ و بێدەنگ بن، یان پەراوێز دەخرێن. قوربانیی سەرەکی ئەم دۆخە، لاوازترین و شکۆمەندترین چینی کۆمەڵگەیە. ئەوان دووجار ئازار دەچێژن: جارێک بەدەست قەدەری خۆیانەوە (هەژاری، نەخۆشی، کەمئەندامی) و جارێکیش بەدەست سیستەمێکی بێ سیستەمەوە کە دەبوو فریادڕەسیان بێت و لەناو ئەم هەموو مەینەتییەی ژیان رزگاریان بكات. . ئەمە هەستێکی قووڵی بێچارەیی و تەسلیمبوون (Learned Helplessness) لە ناخیاندا دروستدەکات. وتنی ئەوەی کە "وەزارەتەکە کەوتۆتە دەست قەدەرەوە" ڕستەیەکی پڕ لە ئازارە، بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە مەترسیدارە. کاتێک شکست و کارەساتەکان دەخەینە ئەستۆی "قەدەر"، لە ڕاستیدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە مرۆڤەکان (بەرپرسان و تەنانەت کۆمەڵگەش) هیچ دەسەڵات و ئیرادەیەکیان نییە و لە بەرپرسیارێتی هەڵدێن. ئەمە پاساوێکە بۆ بێدەنگی و دەستەوەستانی. قەدەری ڕاستەقینەی ئەم وەزارەتە لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە نووسرابووەوە کە دەبێت پەناگەی ئومێد بێت. بەڵام، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات "قەدەر" نییە، بەڵکو دەرئەنجامی زنجیرەیەک هەڵبژاردنی مرۆیی هەڵەیە: هەڵبژاردنی کەسی نەشیاو، هەڵبژاردنی بێدەنگی لە ئاست گەندەڵی،هەڵبژاردنی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و شەخسی بەسەر بەرژەوەندیی گشتی و ویژدانی مرۆڤایەتیدا. هەڵلووشینی سامانی ئەم وەزارەتە، دزینی نانی سەر سکی برسییەک و دەرمانی دەستی نەخۆشێکە؛ ئەمە تاوانێکی ئەخلاقییە کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. قەیرانی وەزارەتی کار، تەنها قەیرانێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی ڕۆحی و ئەخلاقیی مرۆیی و نیشتمانییە. چارەسەر تەنها بە گۆڕینی وەزیر و بریکارێک ناکرێت، هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی زۆر بەپەلە و پێویستە. بەڵام چارەسەری ڕیشەیی پێویستی بە بەئاگاهاتنەوەی ویژدانی گشتی هەیە؛ ویژدانێک کە بزانێت ئەم وەزارەتە دڵی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەیە. ئێستا ئەم دڵە بە ئاستەم لێدەدات، لەسەرەمەرگدایە، کەواتە حاڵی جەستەی کۆمەڵایەتی دەبێ چۆن بێت؟ پێویستە جارێکی تر فەلسەفەی بوونی ئەم دامەزراوەیە دابڕێژینەوە؛ لەسەر بنەمای دادپەروەری، شەفافیەت و مرۆڤسالاری. ئەگینا، ئەو برینە قووڵەی لە جەستەی لاوازترین چینەکانی کۆمەڵگەدایە، ڕۆژێک دێت و دەبێتە ژانێکی کوشندە بۆ هەموومان. فریدریک نیچە هۆشداریمان پێدەدات: "ئەوەی شەڕ لەگەڵ دڕندەكان - ئەهریمەنەکان - دەکات، دەبێت ئاگادار بێت نەوەک خۆی ببێتە ئەهریمەن. ئەگەر زۆر چاو لە قووڵایی (Abyss) بکەیت، قووڵاییەکانیش چاوت تێدەبڕنەوە. من چاوم لەم وەزارەتە بڕی و ئێستا هەستدەکەم ئەویش چاوی لە من بڕیوەتەوە و هەڕەشەی قووتدانم لێدەکات. تا نەهاتمە ئەم وەزارەتە، نەمدەزانی پارە چەند شیرینەو گەندەڵی چەند ئاسانە. ئەم ڕستەیە تەنها دانپێدانانێکی سادە نییە، بەڵکو شاهیدییەكی زەقە لەسەر پرۆسەیەکی دەروونیی ترسناک، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی تاوان لە سایکۆلۆژیای دەسەڵاتی ڕەهادا، مرۆڤ وردە وردە لە بەها ئەخلاقییەکانی خۆی دادەماڵرێت. "شیرینیی پارە" لێرەدا تەنها چێژی ماددی نییە، بەڵکو چێژی ئەو هەستەیە کە تۆ لە سەرووی یاساوەیت. "فەرمانێکی نهێنی" دەبێتە گۆچانی جادوویی، کە دەتوانێت سەدان ملیۆن دینار لەبەرچاو بشارێتەوە. ئاسانیی گەندەڵی لەوەدایە کە سیستەمەکە خۆی دەبێتە ئامراز. کاتێک وەزیرێک دەتوانێت بە لیژنەیەکی کارتۆنی، پەردە بەسەر گەورەترین دزیدا دابکێشێت و تاوانباران "ساغلەم" دەربچن، ئیتر خودی چەمکی تاوان و سزا پووچدەبێتەوە. لێرەدا گەندەڵی لە کردەیەکی شەخسییەوە دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەیەکی کارگێڕی. مرۆڤەکان نامێنن، دەبنە ئامراز؛ ئامرازێک بۆ واژۆکردن، بۆ شاردنەوە و بۆ شەرعیەتدان بە ناشەرعییەت. کاتێک وەزیرێک بەرامبەر دەستەی دەستپاکی دەوەستێتەوە و نووسراوەکانیان لای خۆی گل دەداتەوەو بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و وەڵامیان ناداتەوە!!، ئەمە چیتر گەندەڵییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو کودەتایەکی فەلسەفییە بەسەر بنەماکانی دەوڵەتدا. دەستەی دەستپاکی، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، هێمای چاودێری و لێپرسینەوەیە؛ هێمای ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە. کاتێک ئەم هێمایە دەشکێنرێت، پەیامەکە ڕوونە: "من خۆم یاسام. من خۆم دەوڵەتم." ئەمە ترۆپکی "خۆبەزلزانین" (Hubris)ە؛ ئەو لەخۆباییبوونە کوشندەیەی کە لە تراژیدیا یۆنانییەکاندا پاڵەوانەکانی بەرەو هەڵدێر دەبرد. ژوورەکەی دەبێتە گۆڕستانێکی بێدەنگی بەڵگەنامەکان؛ هەر نووسراوێکی گلدراوە، نوکتەیەکی تاڵە بە ڕووی دادپەروەریدا و شیوەنێکە بۆ ڕۆحی سیستەمێکی مردوو. هانا ئارێنت، لە کتێبەکەیدا باسی لە "بەناڵێتیی شەڕ" (The Banality of Evil) دەکرد؛ کە گەورەترین تاوانەکان لەلایەن مرۆڤی ئاساییەوە ئەنجام دەدرێن نەك ئەهریمەنەكان. چونكە كەسانێكی گوناه دەستخۆشی لە وەزیری ئەهریمەن دەكەن. گەندەڵییەکانی ئەم وەزارەتە نموونەی زیندووی ئەم دیاردەیەن. لێخۆشبوون لە غەرامەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، گزییکردن لە تەندەرەکانی چاکسازیی گەوران و دەرکردنی ئەو هەموو نووسراوە نهێنییە، هەمووی لە چوارچێوەی "ڕێکارە کارگێڕییەکاندا" ئەنجام دەدرێن. تاوانبارەکان لێرەدا ڕەنگە قاتیان لەبەردابێت و بۆنی گرانبەها بەکاربهێنن. ئەوان بە زمانی یاسا قسە دەکەن، بەڵام ناوەڕۆکی کارەکانیان دزینی قووتی هەژارێک و خنکاندنی هیواکانی کەمئەندامێکە. وێرانکارییەکە لێرەدایە: گەندەڵی نامرۆڤانەترین کارەکان بە مرۆڤانەترین شێوە ئەنجام دەدات. ئەوەی ئەم وەزارەتەی وێران کردووە، تەنها دزینی پارە نییە، بەڵکو کوشتنی "واتا"یە. کاتێک دامەزراوەیەک کە بۆ "کاروباری کۆمەڵایەتی" دامەزراوە، دەبێتە مەیدانی دژە-کۆمەڵایەتیترین کردارەکان، ئیتر هەموو شتێک بەهای خۆی لەدەستدەدات. پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چەند پارە دزراوە، بەڵکو ئەوەیە کە چەند ڕۆح لەم پرۆسەیەدا ون بوون و چەند ویژدان لەم بازاڕە رەشەدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. ئەم وەزارەتە بووەتە تاقیگەیەک بۆ نیشاندانی ئەوەی کە مرۆڤ چەندە بە ئاسانی دەتوانێت لە بەرزترین ئاستی مرۆڤدۆستییەوە (خزمەتی هەژاران) دابەزێت بۆ نزمترین ئاستی دڕندەیی (دزینی قووتی هەژاران). تراژیدیای ڕاستەقینە لێرەدایە، لەم گۆڕانە بێدەنگ و ترسناکەدا. کاتێک هێماکان دەبنە کەرەستەی تاڵان و خامەی نهێنی دەبێتە نووسینگەیەك بۆ سڕینەوەی ئەخلاق. ئاخر بۆچی وەزیرێک کە ئەرکی دابینکردنی "کاروباری کۆمەڵایەتی"یە، پێویستی بە "هۆبەی خامەی نهێنی" هەبێت؟ ئەمە پارادۆکسێکی کوشندەیە. کاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای شەفافیەت و ئاشکرایی بونیادنراوە. نهێنی، لەم چوارچێوەیەدا، دژەواتای بوونە. "خامەی نهێنی" لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ نووسین، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سڕینەوە؛ سڕینەوەی شوێنپێی گەندەڵی، سڕینەوەی بەڵگە و لە هەمووی ترسناکتر، سڕینەوەی بەرپرسیارێتییە. ئەم هۆبەیە، لە ڕووی دەروونییەوە، ژووری دانپێدانانی بێدەنگی تاوانە؛ دامەزراندنی سیستەمێکی تاریكە لەناو دڵی سیستەمە ڕووناکییەکەدا. کاتێک وەزیر چوار ئۆتۆمبێل لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوەو یەکێکیان تەسلیمی کوڕەکەی دەکات بۆ زانکۆ، ئەمە تەنها بەفیڕۆدانی سامان نییە، بەڵکو وەزیر لە ناوەرۆكە ئاسمانییەكەی دادەماڵێنێت و دەیكات بە بتێكی زەمینی بۆ ئەو دەسەڵاتەی كە بە خۆی بەخشیوە!. ئەو گرێبەستەی ڕۆحی دەسەڵاتدار بە ڕۆحی گەلەوە دەبەستێتەوە، لێرەدا دەبێتە کاغەزێکی سووتاو کە خۆڵەمێشەکەی بەسەر کەرامەتی گشتیدا دەبارێت. كاتێك لەم دیمەنە دەڕوانی، وەزیر وەک کارەکتەرێک دەردەکەوێت کە تووشی "برسێتییەکی میتافیزیکی" بووە. بۆشایی ڕۆحیی ئەو ئەوەندە قووڵە، قەت پڕ نابێتەوە. ئەمە هەر گەندەڵی نییە، بەڵکو گەیشتنە بە لووتکەی پووکانەوەی مرۆیی. سویجی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گیرفانی کوڕەکەیدایە، کلیلی دەرگای زانکۆ نییە، بەڵکو کلیلی ئەو گۆڕستانەیە کە خەونی هەزاران گەنجی تێدا نێژراوە. بێگومان ئەم کردارە، کفرکردنە بە مرۆڤبوون خۆی. کاتێک خزمەتکار دەبێتە جەللادو ڕێکخراوی مرۆیی دەبێتە قووتی لاشخۆر، کۆمەڵگە بەرەو "نامۆبوونێکی گەورە" هەنگاو دەنێت. هاووڵاتی لە یاسا نامۆ دەبێت، لە دەوڵەت نامۆ دەبێت، لە هیوا نامۆ دەبێت. ئاخر ئەو ئۆتۆمبێلە تەنها ئاسن و تایە نییە. دەنگی بزوێنەرەکەی، نووزەی ویژدانێکی لەسەرەمەرگدایە. ڕەنگە ڕەشەکەی، ڕەنگی ئەو چارەنووسەیە کە بۆمان دەنووسرێتەوە. بریقەکەی، بریسکەی فرمێسکی ئەو باوکەیە کە لەبەر بێکاری، شەرم لە چاوی منداڵەکانی دەکات و ئەو فرمێسکە لەسەر بۆنیدی ئۆتۆمبێلەکەدا ڕەنگیداوەتەوە. هۆڕنەکەشی... نا، ئیتر پێکەنین نییە، بەڵکو ئەو بێدەنگییە ترسناکەیە کە لە دوای هەر قاقایەکی شەیتانەوە دێت؛ بێدەنگییەک کە بە زمانی حاڵ دەڵێت: من بوونم هەیە، چونکە ئێوە نرختان نییە. ئارامیی من لەسەر حیسابی ئازاری ئێوەیە. ئەو ئۆتۆمبێلە، کە بە پارەی باجی هەژارترین کەسی ئەم کۆمەڵگەیە کڕدراوە تا ببێتە ئامرازی خزمەتی ئەوان، پەیامێکی ڕوون دەگەیەنێت: "موڵکی گشتی بووەتە موڵکی تایبەتی من. پێداویستیی بنەماڵەی من لە سەرووی مافی ئێوەی گشتییەوەیە." لێرەدا، سنووری نێوان "خزمەتکار" و "گەورە" دەسڕدرێتەوە. وەزیر لە خزمەتکاری گەلەوە دەبێتە ئاغایەک کە سامانی گشتی وەک میراتی باوکی سەیر دەکات. ئەو ئۆتۆمبێلە دەبێتە تابووتێکی گەڕۆک کە لاشەی متمانەی هاووڵاتیی تێدایەو بە شەقامەکانی شاردا دەیسوڕێنێتەوە، وەک گاڵتەجاڕییەک بەبەر چاوی هەموومان.وەزیر هێشتا بەم (4) ئۆتۆمبێلە دڵی ئاو ناخواتەوە، نووسراو بۆ مانگی سوور دەكات كە سێ ئۆتۆمبێلی پێبدەن، ئەمە ریسوابوونێكی بێ قەیدو شەرتی وەزیرو وەزارەتەكەیە. وەزارەتی کار، وەزارەتی بەرگری نییە تا فەرمانەکانی "نهێنی و تایبەت و زۆر بە پەلە" بن. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە، بەکارهێنانی "زمانی حاڵەتی نائاسایی"یە بۆ کاروباری ئاسایی؛ فێڵێکی دەروونییە بۆ ترساندنی فەرمانبەرو بێدەنگکردنی هەر پرسیارێک. بەڵام ترسناکترینیان دەستەواژەی "بەدەر لە ڕێنماییەکان"ە. ئەمە تەنها لە کاتی داگیرکاری و هەڕەشەی وجودیدا ڕەوایەتی پەیدا دەکات، ئەو كاتانەی وڵات دەكەوێتە بەر مەترسی داگیركردنی دوژمنانەوە. ئەی وەزیری گەندەڵ!، فەرمانی (بەدەر لە رێنماییەكان)ت بۆچی دەركردووە.خۆت باش دەیزانی بەکارهێنانی ئەمجۆرە دەستەواژەیە لە دۆخێکی ئاساییدا، مانای ڕاگەیاندنی کودەتایەکی بێدەنگە بەسەر یاسادا. وەزیر بەم ڕستەیە خۆی دەکاتە سەروەری ڕەها؛ ئەو بە کۆمەڵگە دەڵێت: من خۆم یاسام ، من خۆم رێنماییم، هەر خۆشم چاودێری جێبەجێكردنی دەكەم!!. کۆی ئەم بێباکیانە، رێساكانی پووکانەوەیە. رێسایەك کە هەموو وشەیەکی (ئۆتۆمبێل، نووسراو، فەرمان) واتایەکی پێچەوانەی وەرگرتووە. خزمەت بووەتە تاڵانی، شەفافیەت بووەتە نهێنی و، یاسا بووەتە کەرەستەی دەستی تاکەکەسێک. ئەمە ڕۆحی فەرمانبەری ڕاستگۆ وێران دەکات. ئەو فێری بێدەنگی، دووڕوویی و بێهیوایی دەبێت. ئەمە برینێکی ئەخلاقیی قووڵە (Moral Injury) کە چارەسەری نییە. بۆ هەژار و کەمئەندام و لێقەوماوانیش، ئەمە گورزی کۆتاییە. کاتێک دەبینن دوا پەناگەی ئومێدیان بووەتە شانۆی گاڵتەجاڕیی وەزیر و بریکارەکەی، ئیتر بڕوایان بە هیچ نامێنێت. پرسیاری کۆتایی ئەوە نییە کە وەزیر بۆچی ئەم کارانە دەکات، بەڵکو ئەوەیە: کاتێک ویژدانی تاکەکەسێک دەمرێت و ویژدانی کۆمەڵگەیەکیش لە خەوێکی قووڵدا دەبێت، ئایا ئیتر "قەدەر" ناوێکی تر نییە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە هەموومان کردوومانە، ئەویش هەڵبژاردنی بێدەنگییە؟ بێگومان هەر تراژیدیایەک پێویستی بە پەردەی کۆتایی هەیە؛ ئەو ساتەی کە پاڵەوانەکان شانۆکە بەجێدەهێڵن و بینەران لەگەڵ دەرئەنجامی کردارەکانیان تەنها دەمێننەوە. کاتێک وەزیر کورسییەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو سەرەتای خوێندنەوەی میراتێکی ڕەشە: میراتی کاولکاری و بۆنی ئەو ڕۆحانەی کە لە ڕێگادا وشک بوون و مردن. دوای ڕۆیشتنی وەزیر، وەزارەت نامێنێت؛ ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها شوێنەوارێکی بیناسازییە. ڕۆحی دامەزراوەکە کێشراوە. وەزیرێک کە لەسەر بنەمای "من"ی تاکڕەو ژیاوە، "ڕۆحێکی وشکهەڵگەڕاو" لە دوای خۆی جێدەهێڵێت. ئەم ڕۆحە، فەلسەفەی پووچگەراییە (Nihilism) کە لەناو دەروونی فەرمانبەراندا چاندوویەتی. ئەوان فێری ئەوە بوون کە ڕاستگۆیی سزا دەدرێت، دڵسۆزی پەراوێز دەخرێت و گەندەڵی پاداشت دەکرێت. ئەو بێهیواییەی کە لە سەردەمی وەزیری گەندەڵدا باڵی بەسەر وەزارەتدا کێشابوو، دەبێتە "شێرپەنجەی بێدەنگ" کە لەناو جەستەی دامەزراوەکەدا گەشە دەکات. وەزیری نوێ، ئەگەر فریشتەش بێت، دەبێت سەرەتا ئەم تەرمە بۆگەنە بنێژێت پێش ئەوەی بتوانێت تۆوی ژیان بچێنێت. "بۆنی تەرمی مردووەکان شار دەتەنێتەوە." ئەمە تەنها وێناکردنێکی شاعیرانە نییە. بۆنی گەندەڵی، وەک گازی ژەهراوی، لە چوارچێوەی دیوارەکانی وەزارەت دەرناچێت. ئەو بێمتمانەییەی کە لەوێ چەکەرەی کردووە، بەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوەو کاولکارییەکە لە ئیدارییەوە دەکات بە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. وەزیر دەڕوات، بێگومان بە سامانێکی زۆرەوە. وادەزانێت براوە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا گەورەترین دۆڕاوی ئەم یارییەیە. سایکۆلۆژیا پێمان دەڵێت کە ویژدان، کاتێک دەکوژرێت، دەبێتە تارماییەک کە هەرگیز واز لە خاوەنەکەی ناهێنێت. سامانی دزراو دەبێتە قەفەزێکی زێڕین کە تێیدا زیندانی کراوە. دەتوانێت هەموو شتێک بکڕێت، جگە لە ئارامیی ناوەوە. "تا دەمرێت، هەر درۆ دەنووسێتەوە و 'من من من'ێکی بەتاڵ دووبارە دەکاتەوە. ئەمە میکانیزمێکی بەرگریی دەروونییە. "من"ـی گەورەکراو، هەوڵێکە بۆ داپۆشینی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لە ناخیدا دروست بووە. ژیانی دەبێتە شانۆگەرییەکی بێکۆتا کە تێیدا ئەکتەری سەرەکی و تەنها بینەریش هەر خۆیەتی. ئەوانەی لەبەرامبەر وەزیردا وەستانەوە، ئەوانەی پەراوێز خران و وەزیر وەك دوژمنی سەرەكی سەیری دەكردن، راستە لەو ساتەدا لە رێگای خامەی نهێنی و تەلەفۆنی بەردەوامی بۆ سەرووی خۆی، ئەو دڵسۆزانە سەرنەكەوتوو دادەنران،بەڵام فەلسەفەی مێژوو فێرمان دەکات کە ڕاستی، وەک ڕووبار، ڕەنگە بۆ ماوەیەک رێگری لێبکەیت، بەڵام لە کۆتاییدا وەك تاڤگە دەڕژێتە ناو دەریاوە. سەرکەوتنی ڕاستەقینەی پەراوێزخراوەكان و نەیارانی وەزیر لەوەدایە کە "ویژدان"ـیان ئاسوودەیە. ئەوان کاتێک لە ئاوێنەیەكدا سەیری خۆیان دەكەن، مرۆڤێک دەبینن نەک تاوانبارێک. ئەمە گەورەترین سامانە کە هیچ وەزیرێکی گەندەڵ ناتوانێت بیدزێت. کاتێک تۆمارەکانی مێژوو دەنووسرێنەوە، ناوی وەزیر لە سەرەوەی لاپەڕە ڕەشەکاندا دەبێت، بەڵام ناوی ئەو پەراوێزخراوانە بە پیتی زێڕین دەنووسرێتەوە، وەک نموونەی بەرگری لە شەرەفی نیشتمان و کەرامەتی داماوەکانی ئەم کوردستانە. لەکۆتاییدا، کاتێک تۆزی جەنگەکە دەنیشێتەوە، تەنها یەک شت دەمێنێتەوە: ڕاستی. چیرۆکی وەزارەتێکی کاولکراو، وەزیرێکی خاوەن ویژدانێکی مردوو،بریكارێكی جاهیل و نەزان لە مردوو مردووتر، ئەو کەسانەی کە لەناو تاریکییدا مۆمێکیان داگیرساند. وانەی کۆتایی ئەوەیە: ڕەنگە بتوانیت دامەزراوەکان وێران بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن چرپەی ویژدان بۆ هەمیشە کپ بکەن. ئەو چرپەیە لەناو کەلاوەکانیشدا هەر دەمێنێتەوە و گەواهی لەسەر هەموو شتێک دەدەن. هەموو ژیانێک، لە کۆتاییدا، بە کردەیەک یان بڕیارێک کورتدەکرێتەوە کە دەبێتە پوختەی بوونی. بۆ من، ئەو ساتە، ساتی خانەنشینبوون بوو؛ ساتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوا تاقیکردنەوەی فەلسەفیدا: ئایا ڕێگە بدەم کۆتایی چیرۆکی خزمەتم بە قەڵەمێکی ژەنگاوی بنووسرێتەوە، یان دوا دێڕی ئەم چیڕۆكەم(كە دەیان داستانی لەخۆی گرتبوو) بە مەرەکەبی شکۆی خۆم بنووسم؟ من دووەمیانم هەڵبژارد. من ئامادە نەبووم وەزیرێکی گەندەڵ سوپاسم بکات. ئەم ڕستەیە تەنها بڕیارێکی سادە نییە، بەڵکو کردەیەکی قووڵی دەروونناسانەیە بۆ پاراستنی "یەکپارچەیی خود" (Integrity of the Self). ڕێزلێنان، کاتێک لەلایەن کەسێکەوە پێشکەش دەکرێت کە ڕێزی لێناگریت، دەبێتە "ژەهری هێمایی". قبوڵکردنی، واتە داننان بە شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە؛ واتە تۆش دەبیتە بەشێک لەو شانۆگەرییە درۆیینەی کە بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی ستەمکاری ساز کراوە. هەستمدەکرد ئەگەر ئەو خەڵاتە وەربگرم، شکۆم نامێنێت. چونکە "شکۆ" (Dignity) لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە قەڵغانێکی بریقەدارەوە. قبوڵکردنی، وەک ئەوە وابوو دان بەوەدا بنێم کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ خزمەتی من و چەند ساڵێکی گەندەڵی ئەو، لەسەر یەک تەرازوو کێشیان یەکسانە. ئەمە خۆکوشتنێکی مەعنەوی بوو کە ئامادە نەبووم ئەنجامی بدەم. ڕەتکردنەوەکە، هاوارێکی بێدەنگی ڕۆحم بوو کە دەیگوت: من جیاوازم. چیرۆکی من و تۆ هەرگیز یەک نییە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، من بە ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێوڕەسمە، لە ڕاستیدا مەیدانی شەرەف م گواستەوە. "سوپاس و پێزانینی من لەناو منداڵە ڕەش و ڕووتی گەڕەکە هەژارنشینەکان و منداڵانی بێسەرپەرشتاندایە. من کۆمەڵگەی ڕاستەقینەم لە چاوی ئەو منداڵانەدا دەبینی، نەک لە چاوی ئەو وەزیرو دەستوپێوەندانەی کە لە بورجە عاجییەکانیاندا لە ئازاری خەڵک بێئاگا بوون. شانازیی من ئەو پێکەنینە بوو کە لەسەر لێوی منداڵێکی بێناز بێ سەرپەرشت دەمچاند. ئەمانە ئەو میدالیایانەن کە لەسەر سنگی ویژدانم هەڵیان دەواسم و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیانبەخشێت یان لێیان بسەنێتەوە. کردەی من، دەنگدانەوەی هەڵوێستی ئەو ڕۆحە مەزنانەیە کە لە مێژوودا ڕەتیان کردەوە ملکەچی دەسەڵاتی ستەمکار بن. ژان پۆل سارتەر لە ساڵی ١٩٦٤ خەڵاتی نۆبڵی ڕەتکردەوەو گوتی: "نووسەرێک نابێت ڕێگە بدات خۆی بکرێتە دامەزراوە." شێخ ڕەزای تاڵەبانیش، دیاریی دەسەڵاتداری ڕەتکردەوە تا قەڵەمە تیژەکەی ئازاد بێت. ئەم هەڵوێستانە یەک پەیامیان هەیە ئەویش ئەوەیە: شەرەفی مرۆڤ کاڵا نییە تا کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت. ئێستا کە لە ماڵەوە دانیشتووم، هەست بە ئارامییەکی بێوێنە دەکەم.دەیان بەڵگەی گەندەڵی كۆكراوەشم لایە. من لە وەزارەتێکی کاولکراو خانەنشین بووم، بەڵام شانشینێکی ئاوەدانی ویژدانم لەگەڵ خۆمدا هێناوەتەوە. من هیچ بڕوانامەیەکی ڕێزلێنانی درۆینەم لەسەر دیوار هەڵنەواسیوە، بەڵام وێنەی پێکەنینی ئەو منداڵانە لەناو دڵمدا هەڵواسراون. من وای تێگەیشتووم، چیرۆکی هەر مرۆڤێک لەسەر ئەو شتانە هەڵناسەنگێنرێت کە کۆی کردووەتەوە، بەڵکو لەسەر ئەو شتانەی کە ڕەتی کردووەتەوە. من سامانم کۆنەکردەوە، بەڵام شکۆم پاراست. من پۆستم بەدەست نەهێنا، بەڵام ویژدانم نەدۆڕاند. من چیرۆکەکەم نەهێشت بە قەڵەمی ئەو بنووسرێتەوە. کتێبەکەم بە دەستی خۆم داخست و لەسەر دوا لاپەڕەی، تەنها چەند وشەیەکم نووسی: شکۆ، ئەخلاق، نیشتمانپەروەری، ئازایەتی و ئازادی.
(درەو): وەفدی ئیدارەی خۆسەر لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سوریا لەسەر چوار تەوەر گفتوگۆ دەكات، یەكێكیان شێوەی دەوڵەتی نوێی سوریایە، لەپاڵ پرسی پەیوەندی ئایندەی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەت. هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی یەكەم بانگەوازی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجالان لە گرتوخانەی ئیمراڵی توركیاوە، وەفدێكی ئیدارەی خۆسەری باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گەیشتە دیمەشق. وەفدەكە لەلایەن (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و هەریەكە لە خاتوو (ئیلهامم ئەحمەد) سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەرو هەریەكە لە (فەوزە یوسف)و (عەبد حامید هەمباش) هاوسەرۆكەكانی وەفدی دانوستانكاری ئیدارەی خۆسەر. بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرەنسا، دانوستانی ئەمجارەی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق لەسەر (4) تەوەری سەرەكییە؛ كە ئەمانەن: - شێوەی دەوڵەتی نوێی سوریا - پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەت - دۆسیەی ئابوری - دۆسیەی سەربازی لە دیمەشق مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا كۆدەبێتەوە، (تۆم باراك) نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكاش بەشداری كۆبوونەوەكانیان دەكات. پێشتر سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكرد، وەفدی ئیدارەی خۆسەر بە هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكی كە دوو هێلیكۆپتەری تر هاوڕێیەتی كردون، لە بنكەی (وەزیر)ی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە ریفی حەسەكەوە بەرەو دیمەشق بەڕیكەوتوون. سەردانی وەفدی ئیدارەی خۆسەر بۆ دیمەشق دوای دوو رۆژ دێت وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) رایگەیاند، بڕی 130 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی 2026 بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی تر دابینكردووە بەمەبەستی روبەڕووبونەوەی "داعش". سەرچاوەكان لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە)وە باسلەوە دەكات، لە دیمەشق مەزڵوم عەبدی و (تۆم باراك) لەبارەی دۆسیەی روبەڕوبوونەوەی "داعش"و چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، گفتوگۆ دەكەن. سەرچاوەكان دەڵێن پێدەچێت نوێنەرەكەی ئەمریكا هەریەكە لە عەبدو شەرع هان بدات بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەی پێشووی نێوانیان ئەپدەیت بكەنەوە یاخود رێككەوتنێكی نوێ بكەن. مەزڵوم عەبدی و تۆم باراك لەبارەی چەند پرسێكی تری وەكو، بەردەوامیدان بە هاوكاری نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزەكانی سوریای دیموكرات گفتوگۆ دەكەن. رۆژی 10ی ئازاری ئەمساڵ، مەزڵوم عەبدی رێككەوتنێكی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئیمزا كرد، لە بڕگەی یەكەمی رێككەوتنەكەدا هاتووە كە گەرەنتی مافی هەموو هاوڵاتیانی سوریا دەكرێت لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیاندا لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت؛ لەسەر بنەمای لێهاتووییان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی ئاینیی یان رەگەزییان. لە بڕگەی دووەمی رێككەوتنەكەشدا باس لەوە كراوە كە كۆمەڵگای كورد كۆمەڵگایەكی رەسەنە لەناو دەوڵەتی سوریادا، دەوڵەتیش مافی هاوڵاتیبوون و سەرجەم مافەكانی تریان دەپارێزێت. سێیەم بڕگەی رێككەوتنەكە باس لە ئاگربەست دەكات لەسەرتاسەری خاكی سوریا، لە بڕگەی چوارەمیشدا ئاماژە بە یەكخستنی سەرجەم دەزگا مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا دەكات لەناو ئیدارەی نوێی سوریادا، لەناویشیاندا دەروازە سنورییەكان و فرۆكەخانەو كێڵگەكانی نەوت و غاز. هەر لەم رێككەوتنەدا پرسی گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سوریا بۆ وڵاتەكەیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە خراوەتەڕوو، ئەمە لەپاڵ روبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەدو رەتكردنەوەی هەر بانگەوازێك بۆ دابەشكردنی سوریاو گوتاری رق و كینەو هەوڵی بڵاوكردنەوەی فیتنە. رێككەوتنی عەبدی- شەرع، باسی لەدروستكردنی لیژنەیەك كردبوو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە تا كۆتایی ئەمساڵ، ئەم لیژنە دروستكراوەو چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە، بەڵام تائێستا رێككەوتنەكە بەتەواوەتیی جێبەجێ نەكراوە.
درەو: خواستەکانی بەغدا بۆ ڕێککەوتن 🔹 ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتی ئێستای هەرێم (236 هەزار) بەرمیل ڕۆژانە و هەر زیادبوونێک لە داهاتوودا ڕوبدات. 🔹 کەمتر لە (46 هەزار) بەرمیل ڕۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم جێدەهێڵرێت و حکومەتی هەرێم خۆی بەڕێوەی دەبات و تێچووی (16) دۆلاری کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک بدات. 🔹 ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی مانگانە لە (200 ملیار) دینار کەمتر نەبێت. 🔹 تەوتینکردنی مووچە لە ماوەی کەمتر لە (90) ڕۆژدا. 🔹 چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە یاسای بودجە پشتبەست بە خەرجی ڕاستەقینە (دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان) بە ڕێژەی (12.67%). 🔹 دوای ڕێککەوتن موچە ڕەوانە دەکرێت. خواستەکانی هەرێم بۆ ڕێککەوتن 🔹 بەرهەمی ئێستای نەوتی هەرێم (282 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەیە. 🔹 ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان لە نێو ڕێککەوتنەکەدابن بەرهەمی ئێستای نەوتی هەرێم ڕادەست دەکەین "جگە لە بڕی پێداویست بۆ ناوخۆ". 🔹 ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا نەبن ڕۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت ڕادەست دەکەین. 🔹 ڕۆژانە (65 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆبێت و بەڕێوەبردن و خەرجییەکانی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم دەبێت. 🔹 حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی "ڕەسمی گومرگی و باجی داهات" بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ئیتحادی. 🔹 دابینکردنی پشکی هەرێم لە خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و کڕینی غازی سروشتی بۆ دابینکردنی وێستگەکانی کارەبا. 🔹 حکومەتی ئیتحادی دەسبکاتەوە بە خەرجکردنی موچە. 🔹 جێبەجێکردنی یاسای بودجە نابێت ببێت بە هۆکار بۆ خەرجنەکردنی موچە لە کاتی خۆیدا. هەواڵی پەیوەندیدار دەقی هەردوو رەشنوسەكەی هەرێم و بەغداد https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=17117
درەو: 🔻 حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ 🔹 بەرهەمی نەوتی هەرێم ڕۆژانە (282 هەزار) بەرمیلە، ڕۆژانە پێویستی بە (65 هەزار) بەرمیل هەیە بۆ ناوخۆ. 🔹 ئەگەر کۆمپانیاکان بەشداری نێو ڕێککەوتنەکە نەبن دەتوانین (100 هەزار) بەرمیل نەوت ڕادەست بکەین. 🔹 هەرێم بەردەوام دەبێت لە ڕادەستکردنی پشکی گەنجینەی ئیتحادی لە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ئیتحادی (50) لە ڕەسم گومرگی و باجی داهات. 🔹 وەزارەتی دارایی ئیتحادی دەست بکاتەوە بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2025 و مانگەکانی دواتر تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی داهاتوو. 🔻 حکومەتی عێراق دەڵێت؛ 🔹 حکومەتی ئیتحادی پێشنیاری هەناردەکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم کرد، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەرهەمی نەوتی هاوشێوەی باقی عێراق، لەڕێگەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین بکات. بەڵام حکومەتی هەرێم بەو پێشنیازە ڕازی نەبوو 🔹 ڕادەستکردنی دەستبەجێی نەوت بە گەیاندنی تەواوی بڕی بەرهەمی ئێستا و (هەر زیادبوونێکی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا) لەو کێڵگانەی دەکەونە ناو هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی ئیتحادی و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەکردن، لەگەڵ ئەوەی داهاتەکانی بۆ خەزێنەی ئیتحادی دەچێت. 🔹 ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە بڕی (200 ملیار) دینار کەمتر نەبێت لە مانگێکدا (بەپێی باڵانسی وردبینی، داهاتی نانەوت ساڵانە دەگاتە 4.7 ترلیۆن دینار). 🔹 لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت بۆ تەواوکردنی تەوتینکردنی مووچەی هەرێم، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ماوەی زۆرترین ماوەی (90) نەوەد ڕۆژدا. 🔹 دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی هەرێم لەسەر مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ڕادەستکردنی نەوت، گەیاندنی داهاتە نانەوتییەکان، دانانی ئەندامانی لیژنەی تەوتین، دانانی ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەکانیان، دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیەوە دەستبەجێ مووچە ڕەوانە دەکرێت. دەقی پێشنیار کراوی هەرێم بۆ بەغدا (ڕەشنوسی ڕێککەوتن) یەکەم: ڕادەستکردنی نەوت: ا. قۆناغی یەکەم: 1. ڕادەستکردنی نەوت: پێشنیاری یەکەم (لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیاکان) ڕاستەخۆ و دەستبەجێ ڕادەستیکردنی بەرهەمی نەوتی بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق SOMO) ) بۆ مەبەستی هەناردەکردن (لە حاڵەتی ڕێککەوتن لە چوارچێوەی کاری لایەنی ڕاوێژکاری تەکنیکی و هونەری بەپێی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکاندا)، جگە لە بڕێک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی. (ڕوونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا (282 هەزار) بەرمیل بۆ هەر ڕۆژێک، لە نێویدا (65 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانە و هەڵسەنگاندن). پێشنیاری دووەم: (لە ئەگەری بەشداری نەکردنی کۆمپانیاکان) ڕاستەخۆ و دەستبەجێ ڕادەستیکردنی بڕی بەردەست، کە بە (100 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، لە نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێمدا بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق SOMO)) بۆ مەبەستی هەناردەکردن (تا ئەو کاتەی کە لایەنی ڕاوێژکاری تەکنیکی بەپێی بەپێی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کۆمپانیا پەیوەندیدارەکاندا ڕێککەوتن دەکرێت). 2. بەکارهێنانی نەوتی ناوخۆیی: بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمدا بێت بۆ بەڕێوەبردن و دابەشکردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ بڕی (65 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. دووەم: داهاتی نانەوتی 1. هەرێم بەردەوام دەبێت لە ڕادەستکردنی پشکی گەنجینەی ئیتحادی لە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ئیتحادی (50) لە ڕەسم گومرگی و باجی داهات. 2. پاکتاوکردن (مەقاصە)ی گەنجینەی ئیتحادی و پشکەکانی هەرێم لای حکومەتی ئیتحادی (لە تەرخانکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان) و دابینکردنی پابەندبوونە داراییەکانی تر (کڕینی غازی سروشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا) جێگیر دەکرێن. سێیەم: خەرجکردنی موچەی هەرێم وەزارەتی دارایی ئیتحادی دەست دەکاتەوە بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2025 و مانگەکانی دواتر تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی داهاتوو، هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224) و یەکگرتوو /269/ئیحادی (2023)، کە ئاماژەی بەوە داوە ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی بودجەی گشتی ئیتحادی نابێت هۆکاری سەرەکی بێت بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هەرێم لە وادەی خۆیدا، و پێویستی بە بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینە لە نێوان وەرگرانی مووچە و هاوتاکانیان کە لە حکومەتی فیدراڵی هەیە لە ڕووی بڕی مووچە و وادەی دیاریکردنی مووچەکەیەوە. دەقی پێشنیار کراوی بەغدا بۆ ڕێککەوتن پێشنیاری ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی بە هەناردەکردنی نەوت چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکان یەکەم: ڕادەستکردنی نەوت أ. قۆناغی یەکەم 1- ڕادەستکردنی دەستبەجێی نەوت بە گەیاندنی تەواوی بڕی بەرهەمی ئێستا و (هەر زیادبوونێکی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا) لەو کێڵگانەی دەکەونە ناو هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی ئیتحادی و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەکردن، لەگەڵ ئەوەی داهاتەکانی بۆ خەزێنەی ئیتحادی دەچێت بەپێی یاسا {وەک لە مادەی (12/دووەم/آ) لە یاسای بودجەی گشتی ئیتحادی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 هەموارکراودا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئیتحادی، پابەندە بە گواستنەوەی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەڵکەوتوو لە هەرێم بۆ دامەزراوە عەمبارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی (سۆمە) لە بەندەری جەیهانی تورکیا، بە کەمتر نەبێ لە (400 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا} جگە لەو بڕی بەکارهێنانی ناوخۆیی.{حکومەتی ئیتحادی پێشنیاری هەناردەکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم کرد، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەرهەمی نەوتی هاوشێوەی باقی عێراق، لەڕێگەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین بکات. بەڵام حکومەتی هەرێم بەو پێشنیازە ڕازی نەبوو، ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە لە ماوەی مانگێکدا لە قۆناغی دووەمدا (وەک لەم دراسەیەدا هاتووە) لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم بابەتە بکرێت} واتە: ڕادەستکردنی دەستبەجێی (236 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا (ڕوونکردنەوە: بەرهەمی ئێستای (282 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا{بەپێی کۆبوونەوە فەرمییەکان لەگەڵ هەرێم، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەرێم و حکومەتی هەرێم دووپاتیان کردەوە کە کۆی بەرهەمی ئێستا (282 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، هەروەها دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن وردە وردە زیاد دەکات بە بڕی (30-40 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی مانگێکدا. تا ئێستاش حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو 400 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا بەرهەمبهێنێت کە لە یاسای بودجەدا هاتووە} کەمتر لە (46 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی {بەپێی ئەو ڕێژانەی لە ڕاپۆرتەکانی دەستەی باڵای وردبینی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 ئاماژەی پێکراوە، هەروەها بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم}، بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم)، لە ڕێگەی لیژنەی پێوانە و هەڵسەندگاندنی هاوبەشەوە. حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی گەیاندنی تەواوی بڕی (236 هەزار) بەرمیل/ڕۆژانە لە ئەستۆ دەگرێت و پابەندکردنی ئەو کۆمپانیایانە کە لە هەرێمدا کاردەکەن بەو کارە. 2- بەکارهێنانی نەوتی ناوخۆیی: بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرپرسیارێتی هەرێمە لەم قۆناغەدا (بەڕێوەبردن، دابەشکردن، و پێدان (16) دۆلار {هاوتای ئەو پێشینە کاتییەی کە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە و بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2025، یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی ئیتحادی} بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە) تا تەواوبوونی قۆناغی دووەم، بەمەرجێک داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان (بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ هەرێم دابینکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە) بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ئیحادی دوای لێبڕینی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ب. قۆناغی دووەم (دەستبەجێ دەست پێدەکات، هاوتەریب لەگەڵ قۆناغی یەکەم و بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەردەوام دەبێت). بڕی بەکارهێنانی ناوخۆیی پێویست لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئیتحادی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم، شیکردنەوەی پێویستی ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان کە دەبێت بیگرێتەوە، یان لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئیحادییەوە، بەگوێرەی مۆدێلی ئابووری و تەکنیکی وەزارەت، یان لەلایەن هەرێمەوە، بەپێی واقیعی ئێستا و بەپێی یاسا و هاوتا لەگەڵ ئەو بڕی پێشتر باسمان کرد. دووەم: ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی {مادەی (12) / دووەم / (د) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023، وەک هەموار کراوە، تێیدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە گەیاندنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی. دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی لە داتاکانی پەیوەست بەم داهاتانە دەکات} بە بڕی (200 ملیار) دینار کەمتر نەبێت لە مانگێکدا (بەپێی باڵانسی وردبینی، داهاتی نانەوت ساڵانە دەگاتە 4.7 ترلیۆن دینار) {بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی، کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم نزیکەی (4.7 ترلیۆن) دینار بووە بۆ هەریەک لە ساڵەکانی 2023 و 2024}. سێیەم: لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت بۆ تەواوکردنی تەوتینکردنی مووچەی هەرێم، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی {بڕیاری دادگا ژمارە (224) / و یەکگرتوو 269 / فیدراڵی / 2023)، بڕگەی بڕیار، بەندی (یەکەم)}، لە ماوەی زۆرترین ماوەی (90) نەوەد ڕۆژدا. بودجە تەنها بۆ مووچە تەرخان دەکرێت تا کۆتایی ئەو ماوەیەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە. چوارەم: لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت، بەپێی مادەی (13/حەوتەم) یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023ی هەموارکراو، بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە بودجە بە پشتبەستن بە خەرجییە ڕاستەقینەکان {بەپێی دەقی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کارپێکراو و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە هەموو ناوچەکانی عێراق ملکەچی پێوەری (خەرجی ڕاستەقینە)ن. لە کاتی حیسابکردنی پشکەکانی بودجەی گشتیدا، خەرجییە سیادییەکان بەدەر دەکرێن، کە خەرجییەکانیان بە یەکسانی لە ئەستۆی هەموو عێراقییەکاندایە (بۆ نموونە سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وەزارەتی دەرەوە و هتد). پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە دابەش دەکرێت، بەجۆرێک کە پشکی وەزارەتەکان و ئۆرگانەکانی ناسیادی و پارێزگاکان کە لە هەرێمێکدا ڕێکخراو نین (87.33%)ی خەرجییە ڕاستەقینەکان بێت، پشکی هەرێمیش (12.67%)ی خەرجییە ڕاستەقینەکانە}. توێژینەوە یاساییەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتحادی دەکرێت. پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی (یەکەم/قۆناغی یەکەم، یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم) و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست دەکات بە دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی هەرێم. ڕوونکردنەوە: ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی سەرەوە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا دەخرێتەڕوو دوای تەواوبوونی ئەمانەی خوارەوە: 1. وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی هەرێم لەسەر مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە و ناونانی ئەندامانی ئەو لیژنە هاوبەشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە. 2. ڕادەستکردنی نەوت بەپێی ئەو بڕە لە بڕگەی (یەکەم)دا ئاماژەی پێکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور. 3. گەیاندنی داهاتە نانەوتییەکان بەپێی ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێ بدرێت و لە بڕگەی (دووەم)دا ئاماژەی پێکراوە، (یان پاکتاوکردنی بەهاکانیان لە پارەدارکردنی مووچە). 4. دانانی ئەندامانی لیژنەی تەوتین بەپێی بڕگەی (سێیەم). 5. دانانی ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەپێی بڕگەی (چوارەم). 6. دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیەوە دەستبەجێ مووچە ڕەوانە دەکرێت.
درەو: • رەشنوسی حكومەتی عێراق، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و چارەسەركردنی پرسی داهات و مووچەی فەرمانبەران یەكەم رادەستكردنی نەوت أ-قۆناغی یەكەم: 1-رادەستكردنی نەوت: دەستبەجێ دەستكردن بە رادەستكردنی تەواوی ئەو بڕەی ئێستا بەرهەمدەهێنرێت لە هەرێم، لەگەڵ هەر زیادەیەك لە ئایندەدا، بە مەبەستی هەناردەكردن و رەوانەكردنی داهاتەكەی بۆ خەزێنەی فیدراڵی، جگە لەو بڕەی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە. بەواتای رادەستكردنی دەستبەجێی (236) هەزار بەرمیلی رۆژانە، (رونكردنەوە بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە، 46 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ لێدەردەكرێت). 2-بەكارهێنانی ناوخۆی نەوت: بەكارهێنانی ناوخۆ لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هەرێم دەبێت لەم قۆناغەدا ( ئیدارەو دابەشكردن و پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان، لەبری گواستنەوەو بەرهەمهێنان). ب-قۆناغی دووەم (دەستبەجێ دەستپێدەكات هاوشانی قۆناغی یەكەم و بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت): حسابكردنی بڕی بەكارهێنانی پێویست بۆ ناوخۆ، كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، شیكاری بڕی پێویستی هاوڵاتیانی هەرێم دەكات لەبەرهەمە نەوتیەكان. دووەم: رادەستكردنی داهاتە نانەوتیەكان، كە لە بڕی (200) ملیار دیناری مانگانە كەمتر نەبێت (كە بەپێی تەرازوى پێداچونەوە داهاتە ناوتیەكان ساڵانە دەگاتە (4,7) ترلیۆن دینار). سێیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی تەوتیكردنی مووچەی هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگا فیدراڵی، كە وادەكەی (90) رۆژ تێپەڕنەكات، دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەش تەنها مووچەی ئەوانە دەدرێت كە تەوتین كراون. چوارەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی یاسایی و هونەری هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی زیادەڕۆیی پشكی هەرێم لەبودجە لەسەربنەمای خەرجی فیعلی، ئامادەكردنی دیراسیەكی یاسایی و پێشكەشەكردنی بە ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی دوو هەفتەدا. پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستدەكات بە ناردنی مووچەی هەرێم، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (یەكەم/قۆناغی یەكەم،دووەم سێیەم چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە، دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
درەو: لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا تەوەری كۆتایی تەرخانكرا بۆ قسەكردن لەسەر رەشنوسی وەرەقە ئامادەكراوەكەی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و موچە، لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران باسی لە كێشەكە كرد و وتی هەرێمی كوردستان پابەند نیەو دەبێت پابەند بێت. دواتر د. فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران قسەی كردووەو وتوویەتی: پێویستە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت خۆ ئەگەر چارەسەر نەكرێت بومەلەرزەیەكی سیاسی گەورە روو دەدات و زیانی دەبێت بۆ عێراق،ئەم گوزارشتەی فوئاد حسێن خراپ كەوتەوە لە كۆبوونەوەكە، محەمەد شیاع سودانی توڕە دەبێت و دەڵێت: هەڕەشەمان لێدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیران؟ چی دەكەن بیكەن چی روو دەدات با رووبدات، بابزانین ئەو بومەلەرزەیە چیە بڕۆن چیتان هەیە بیكەن. پاشان هەریەك لە خالید شوانی وەزیری دادی عێراق و د. هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عێراق و بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق قسەیان لەسەر بابەتەكە كردووەو داوای ئەوەیان كردووە هەرچۆنێك بێت با موچەیەك بۆ موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت كە (67) رۆژە مویەان وەرنەگرتووە، سودانی وتوویەتی ئەم كێشەیە دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت من چەندین جار لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم موچەمان ناردووە، بۆیە ئەمجارە تا هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندی یاسای بودجەو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەبێت، موچە نانێرم، دواتر خالید شوانی وەزیری دادى پێشنیازی ئەوەی كردووە لیژنە درووست بكەن سودانی رازی بووەو لیژنەیەكی پێنج كەسی درووستكرا و بڕیارە لە ماوەی 48 كاتژمێردا راپۆرتی كۆتایی ئامادەبكەن و بیخەنە بەردەم سەرۆك وەزیران و دواتر كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ بكرێت. لیژنەكە لەم كەسانە پێكدێت: 🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان (سەرۆكی لیژنە) 🔹خالید شوانی- وەزیری داد 🔹ساڵح مەهدی حەسناوی- وەزیری تەندروستی 🔹بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوە 🔹نەعیم عەبودی- خوێندنی باڵا هەرچەندە لیژنەكە لەسەر بنەمای پێكهاتەیی و سیاسی پێكهاتووە: 🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان (سەرۆكی لیژنە) لە پێكهاتەی سونەیەو سەرۆكی لیستە لە كەركوك 🔹خالید شوانی- وەزیری داد لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە 🔹ساڵح مەهدی حەسناوی- وەزیری تەندروستی، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالكیە 🔹بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوە، لە پارتی دیموكراتی كوردستانە 🔹نەعیم عەبودی- خوێندنی باڵا لە عەسایبی ئەهلی هەقی قەیس خەز عەلییە
رەشنوسی حكومەتی هەرێم لەبارەی چارەسەری پرسی نەوت و داهاتە ناوتیەكان و مووچەی فەرمانبەران: یەكەم: رادەستكردنی نەوت قۆناعی یەكەمی رادەستكردنی نەوت: پێشنیازی یەكەم:(لەحاڵەتی بەشداریپێكردنی كۆمپانیاكان) دەستپێكردنی دەستبەجێ رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە كۆمپانیای سۆمۆ ( رونكردنەوە: بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە 65 هەزار بەرمیلی لێدەكرێت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، ئەوەش لەڕێگەی لیژنەی پێوانەی هاوبەش). پێشنیازی دووەم: دەستبەجێ رادەستكردنی بڕی نەوتی بەردەست، كە تێكڕای بە (100) هەزار بەرمیلی رۆژانە دەخەمڵێنرێت، لە نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بۆ كۆمپانیای سۆمۆ، بەمەبەستی هەناردەكردنی. 2-بەكارهێنانی ناوخۆ لە نەوت: بەركارهێنانی ناوخۆ لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتی هەرێمدا بێت (بەڕێوەبەردن و دابەشكردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە). دووەم: داهاتە ناوتیەكان: 1-بەردەوامبونی هەرێم لە رادەستكردنی پشكی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتە ناوتیەكان، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی(50%) لە رسورماتی گومرگ و باجی داهات. 2-مقاسە بكرێت لەنێوان پشكی خەزێنەی فیدراڵی و شایستەكانی هەرێم لای حكومەتی فیدراڵی (لە تەرخانكراوی خەرجی بەكاربردن و وەبەرهێنان) پابەندییە داراییەكانی تر( كڕینی غازی سروشتی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا). سێیەم: خەرجكردنی مووچەی هەرێم: پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستبكاتەوە بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیران و مانگەكانی دواتر، تاكاتی پەسەندكردنی بودجەی داهاتوو، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگایی فیدراڵی.
(درەو): ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی كێشەی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی كرد، بەڵام نەگەیشتە هیچ رێككەوتنێك، بۆیە بریاریدا پرسەكە رادەستی لیژنە بكرێت لە ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەكە لەم كەسانە پێكدێت: 🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان (سەرۆكی لیژنە) 🔹خالید شوانی- وەزیری داد 🔹ساڵح مەهدی حەسناوی- وەزیری تەندروستی 🔹بەنگین رێكانی- وەزیری ئاوەدانكردنەوە 🔹نەعیم عەبودی- خوێندنی باڵا
درەو: ماڵەپەری (بغداد الیوم) پاڵپشت بە چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لەبەغداد بڵاویكردەوە، كە گفتوگۆكانی نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبارەی موچەو نەوتەوە شكستی هێناوە، چاوەڕوان دەكرێت پارتی لە بەغداد بكشێتەوە. بە گوێرەی سەرچاوە سیاسیەكان كە بە ماڵپەرەكەیان راگەیاندووە: وەفدی دانوستانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بەهۆی رەتكردنەوەی رادەستنەكردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێمی كوردستان،لەلایەن وەفدی هەرێمەوە، ئەوەش خاڵی بنەڕەتی كێشەكانە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە وفدەكەی هەرێم دەسەڵاتی تەواوەتی نەبووە كە سازش بكات یان رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكات، هەروەها لە خشتەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە سبەینێ بەرێوە بچێت هیچ بابەتێكی تایبەت بە موچەو رێككەوتنی نێوانیان نەبووە، ئەوەش وای كردووە كە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەران بن. بەوتەی ئەو سەرچاوانە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كشانەوەی وەزیرو بەرپرسەكانی دەدات لە حكومەتی فیدراڵی عێراق، وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بە نەناردنی موچەو رێكنەكەوتنیان بەرامبەر بە بەغداد. ئەم پێشهاتانەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و كە ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو. هەرچەندە هەوڵ و نێوەندگیری بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) زانای دەرونناسی ئەمریکی، ئەبراهام ماسلۆ، لە ساڵی ١٩٤٣ دا تیورە بەناوبانگەکەی دەربارەی پێداویستییەکانی مرۆڤ، بڵاوکردەوە. لەو تیورەدا ماسلۆ پێنج ئاستی جیاوازی پێداویستییەکانی مرۆڤ لەیەکتری جیادەکاتەوە و لە فۆرمی هەرەمێکدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە پلەبەندیان دەکات. لە خواری خوارەوەی هەرەمەکەدا پێداویستییە هەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان دادەنێت و پێداویستییە ئاڵۆز و پێشکەوتوەکانیش لە پلەکانی سەرەوەی هەرمەکەدا. لەم کارەیدا ماسلۆ پێنج ئاستی جیاوازی پێداویستییەکان لەیەکتری جیادەکاتەوە. ئاستی یەکەم، پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤە، کە لە خوارەوەی هەرەمەکەدان، ئەمانە «پێداویستیە فیزیۆلۆژییەکان»ی مرۆڤە. کە بریتین لە بوونی خواردن، ئاو، باو، گەرما، ماڵ و شوێنی پشوودان. مرۆڤ بەبێ دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستییانە توانای مانەوەی نابێت و ژیان لە دەستئەدات. ئاستی دووهەم، لەدوای دابینکردنی پێداویستییە فیزیۆلۆژیانەوە، دابینکردنی پێداویستی ئاسایش و سەلامەتبوونە. مرۆڤ دوای خاوردن و ئاو و نان و شوێنەکی دەبێت، دوای ئەوە پێویستی بە ئاسایش و سەلامەتی هەیە. پاراستنی مرۆڤ لە زیان پێگەیاندن و ئازاردان و دابینکردنی سەقامگیریی و دڵنیایی ئابوریی. بوونی ماڵ و بوونی سەرچاوەی دارایی بۆ هەستکردن بە ئاسایش و دڵنیایی بەشێکی گرنگی تری پێداویستیی هەستکردنن بە ئاسایش. ئاستی سێهەم، پێداویستی مرۆڤە بە خۆشەویستی و سەربەخۆیی. لەم ئاستەدا مرۆڤ پێویستی بە خۆشەویستیی کەسانیتر و بە بوونی جۆرێک لەسەربەخۆیی وەک کەس هەیە. زۆرجار ئەمانەش لە ڕێگای هاوڕێیەتیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و خێزانەوە دابیندەکرێن. ماڵ وەک شوێنی ئینتیمایەکی سۆزدارانە، بۆ شوێن دیسانەوە بەشێکە لە پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم ئاستەشدا. لەپال خۆشەویستیدا مرۆڤ هەست بە جۆرێک لە ئینتیما بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە دەکات کە تیایدا ئامادەیە. هەم ئەو کەسانیتری خۆشدەوێت و هەم کەسانیتر ئەویان خۆشدەوێت. ئەمەش هەستی قبووڵکردنی کەسەکان لەلایەن کەسانی ترەوە تێر و بەهەزدەکات. ئاستی چوارهەم, ئاستی پێداویستییەکانی مرۆڤە بە رێزگرتن و دانپیانانە بە مرۆڤدا وەک کەسێکە کە خاوەن کەسایەتی سەربەخۆی خۆیەتی. کەسێک خاوەنی پێگەی تایبەت و رێزگرتن لەو پێگە تایبەتەش. بەدەمەوەچوونی ئەم پێداویستییە وادەکات کەسەکە هەم رێزی خۆی بگرێت و هەم هەست بەوەبکات کەسانیتر رێزی دەگرن. ئەمەش هەستی بە ئیتیماکردنی لەناودا بەهێزتر دەکات. ئاستی پێنجەم، کە بەرزترین ئاستە، ئاستی پێداویستیی مرۆڤە بەوەدیهێنانی کەسایەتی خۆی، واتە ئاستی ئەوەی کەسەکە ببێت بەو کەسەی کە دەخوازێت ببێت. بتوانێت توانا ناوەکییەکانی خۆی وەدیبهێنێت و لەم ڕێگایەشەوە پەرەی زیاتر بە توانا کەسییەکانی خوی بدات و گەشەکردنی کەسایەتی خۆی مەیسەربکات. بە کورتییەکەی، پێدویستی مرۆڤ بەوەی بتوانێت ببێت بەو کەسەی کە دەخوازێت و دەتوانێت، ببێت. بێگومان ئەم تیورەیەی ئەبراهام ماسلۆ رەخنەی هەمەجۆری لێگیراوە و دەسکاری هەرمیەتی پلەبەندییەکان کراون، بەڵام لە جەوهەردا شتێکی زۆر لە راستی تێدایە و تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان بەناو دابینکردنی ئەو پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکیی و ئالۆزدانەدا تێدەپەرێت. من ئەم تیورەی ماسلۆم بۆیە بەو درێژییە باسکرد بۆ ئەوەی دۆخی بێموچەیی و نادڵنیایی و بێئومێدکردنەی خەڵکی هەرێم لەپاڵ ئەم تیوریەدا لێکبدەمەوە. نەبوونی موچە، واتە نەبوونی بژێوی ژیان، هێما بۆ وەدینەهاتن و دەستەبەرنەکردنی تەنانەت ئاستی یەکەم و دووهەمی پێداویستییەکانی ناو هەرەمەکەی ماسلۆ دەکات. هێما بۆ دروستبوونی دۆخ و ژینگەیەک دەکات تەنانەت دابینکردنی«پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکان»ی مرۆڤی تێدانییە، یان لانیکەم ئەم پێداویستییانە لەژێر فشار و مەترسیی گەورەدان. مەبەستم دابین نەکردن یان زەحمەتبوونی دابینکردنی خواردن، ئاو، گەرما و ماڵ. لە دونیای ئەمرۆدا مرۆڤ کە موچەی نەبوو، ناتوانێت ئەو پێداویستییە سەرەتایی و فیزیۆلۆژیانەی بەردەوامبوونی ژیان دابینبکات، چونکە دابینکردنی هەریەکێکیان پّێویستی بە سەرچاوەی مادیی تایبەت هەیە. ئەم دۆخە لە هەرێمدا هەر هێجگار سەخت و وێرانەکەرە جونکە ژمارەیەکی گەورە لە فەرمانبەر و موچەخۆر هەن، کە ژیانییان لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی پابەستی بوونی موچەی مانگانەیانە. مرۆڤ گەر نەیتوانی پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکانی بەردەوامبوونی ژیانی دابینبکات، یان نادڵنیابوو لە دابینکردنیان، ناتوانێت پێداویستییەکانی تری وەک هەستکردن بە ئاسایش و زیان پێنەگەیشتن و ئازارنەچەشتن دابینبکات. نەمانی سەقامگیریی ئابوریی دەشێت تا ئەو ئاستە بڕوات مرۆڤ نەتوانێت هەست بە مسۆگەرکردنی هەبوونی ماڵ و نان و ئاویشی هەبێت. کە ئەمانەشی نەبوو هەستکردن بە ئاسایش و سەلامەتی بە تەواوی لەدەستدەدا، یان لانیکەم ئەم هەستە بەتەواوی لەلای لاواز دەبێت. مرۆڤ کە لەو ئاستە سەرەتاییانەدا هەستی بە سەلامەتی و سەقامگیریی نەکرد، ناتوانێت لە ئاستەکانی تردا ئەم هەستەی هەبێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەو هەستەی لا دروستدەبێت کە نرخ نە بۆ خۆی و نە بۆ کەسایەتیی و نە بۆ کەرامەتی دانەنراوە، فڕێدراوەتەوە دەرەوەی بەشى هەرزۆری دابینکردنی ئەو پێداویستییانەوە کە مرۆڤ دەکەن بە مرۆڤێکی خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت. کەرامەت ئەو بەها سروشتییە ناوەکییەیە کە هەموو مرۆڤێک تەنها بە هۆی مرۆڤبوونەوە، خاوەنییەتی. بە حوکمی ئەوەیش هەموو مرۆڤێک خاوەنی کەرامەتە، بۆیەن شایەنی ئەوەیە خاوەنی ماف و ڕێز و مامەڵەیەکی ئیسانیی و دادپەروەرانەیە. بەڵام هەموو ئەم شتانە پێویستیان بە دابینکردنی ئەو پێداویستییانەیە کە لەسەرەوە باسمانکرد. ناکرێت کەرامەتی مرۆڤ بپارێزرێت لەکاتێکدا ئەو مرۆڤە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی دابیننەکرابێت. بۆیە ئەو جیاکارییەی لە هەرێمدا لەنێوان موچە و کەرامەتدا دەکرێت، نەک تەنها هێما بۆ بێدەربەستبوون و نابەپرسیاریەتیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورە و کەم نموونە دەکات، بەڵکو بەرجەستەکردنێکی تەواوی عەقڵەیت و سایکۆلۆژیای نرخ دانەنانە بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ زمانی قسەکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەک نییە، نەتوانێت یاخود نەیەوێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوون دەستەبەربکات. ئەم نەتوانینەش بڕیارێکی خودایی یان سروشتیی لەپشت نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسیی و ئابوریی لەپشتە کە نوخبەیەکی حوکمران لە وڵاتەکەدا داویانە و بەردەوامیش دەیدەن. بەر لە هەموو شتێک ئابوری هەرێم ئابورییەکی نائازاد و تەواو قۆرخکراوە، بە تایبەتی کەرتە سەرەکییەکانی، کە لەژێر دەستی نوخبە سیاسیی و کۆمپانیا شەخسیی و حیزبییەکانیاندایە. قۆرخکردن و فشار، گەندەڵیی و هەڕەشەکردن، دزین و ناچاکردن، بەشی دانەبڕاو و سەرەکیی ئەو سیستمە ئابورییەن. سیستمێک لە سەرێکەوە رۆژانە ملیۆنێری سەر بە نوخبە حوکمڕانەکە بەرهەمدەهێنێت، لەسەرێکی دیکەوە کەسانێکی تر کە توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە. لە هەرێمدا دەسەڵاتی ئابوریی و دەسەڵاتی سیاسیی لەیەک جیانین، زۆرینەی ئەوانەی دەسەلاتی سیاسیان هەیە هەمان ئەو کەسانەن کە دەسەلاتی ئابوریشیان هەیە، کۆکردنەوەی ئەم دوو دەسەڵاتەش بەیەکەوە دۆخێکی دروستکردوە بتوانن بەشە سەرەکییەکانی ئابوریی هەرێمەکە قۆرخبکەن و نوخبەیەکی بنەماڵەیی سوڵتانی وەک جێگرەوە بۆ دەوڵەت کاربکات. لەمەشدا یاسای هێز شوێنی یاساکانی بازاڕ و کاری دەزگا ئابورییەکانی گرتۆتەوە. ئەم دۆخە ژینگە دەوڵەتییەکەیان تەواو لاواز و پەراوێز خستوە. بە کورتییەکەی، ئەوەی سیستمە ئابورییەکە ئاراستەدەکات لۆژیکی ئیىشکردنی ئابورییەکی ئازاد و لۆژیکی بازار نییە، بەڵکو لۆژیکی پاراستنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانییەیە کە لەئارادایە و کاردەکات. شانس و دەرفەتە ئابوورییەکان لە ڕێگەی بەیعەتی سیاسیی ناوەکیی و دەرەکییەوە کاردەکەن. کۆی ئەم شتانەش سیستمە ئابوریەکە دەگۆڕێت بۆ ئابوریی تاڵانکاریی، کە تیایدا دەسەڵاتی سیاسیی و دەزگاکانی حوکمرانیی، وەک ئامرازی کەڵەکەکردنی سەرمایە لای ئەو نوخبە حوکمڕانە، کاردەکەن. ئەمەش وادەکات دابینکردنی ئەو پێنج پێداویستییەی لەسەرەوە باسمکرد، بەشێک نەبێت لەو عەقڵیەت و هەڵسوکەوت و میکانیزمانەی لەناو سیستمە ئابورییەکەی هەرێمدا سەروەر کراوە. چۆنیەتی رێکخستن و ئیدارەدانی هەرێم و مۆدێلی حوکمڕانییەکە و چۆنیەتی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابووریی، ئەو دۆخەی دروستکردوە کە خەڵک لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیان دڵنیانەبن. لەناو دۆخێکی لەو بابەتە شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی عەقڵانیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی، بەرامبەر بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک نابێتەوە. ئەوەی لەم سیستمەدا غائیبە هاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و خاوەن بڕیارە. کەسانی خاوەن ماف، بە تایبەتی مافی یاسایی، دەکرێت خۆیان لە بەرامبەر ئەو ناهەقییە گەورانەی بەرامبەریان دەکرێت، لەڕێگای یاساکانەوە بپارێزن. بەڵام ئەمە دۆخی هەرێم و دۆخی کۆمەڵگاکە نییە. بۆیە مەسەلەی پاراستنی کەرامەت مەسەلەی مژدەدان نییە بە ژیان و مردن بەیەکەوە. بەڵکو، بەر لە هەمووشتێک، مەسەلەی یارینەکردنە بە بژێو و سەرچاوە مادییەکانی ژیانی بەشەکی گەورەی خەڵک لە کۆمەڵگاکەدا. کەرامەت کاتێک مانای هەیە کە ئامرازەکانی پاراستن و نرخاندنی ئەو کەرامەتە بوونی هەبێت. دەنا دەگۆڕێت بۆ دەستەواژەیەکی بێمانا کە دوو ئەرکی سەرەکیی دەبینێت: شاردنەوەی ناشیرینیەکانی دۆخەکە و شاردنەوەی بکەرە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو دۆخە.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 فڕێدانی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا یەکسانە بە فڕێدانی 50 هەزار لیتر ئاو، ڕشتنی پەرداخێک شیر یەکسانە بە بەفیڕۆدانی نزیکەی هەزار لیتر ئاو 🔹 کاتێک خۆراک لە زبڵدانەکاندا بەجێدەهێڵرێت لەکاتی شیبوونەوەدا گازی میتانی دەردەدات. میتانی گازی گەرمخانەیی 25 هێندەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهێزترە، ئەو گازە بۆ ماوەی 12 ساڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە. 🔹 ئەگەر سیستەمێکی کارامەی بەڕێوەبردنی پاشماوەی خۆراک جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەتوانێت 11%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی لەناوببرێت. 🔹 توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە یەک لەسەر سێی دەردانی گازی گەرمخانەیی بەهۆی مرۆڤەوەیەوئەویش لە ڕێگەی بەفیڕۆدانی خۆراکەوە. 🔹 ئێمە لە ڕێگەی بەفیڕۆدانی خۆراکەوە نەک هەر دیمەنە جوانەکانمان لەناو دەبەین، بەڵکو زیان بە جۆراوجۆری بایۆلۆجی سروشتیش دەگەیەنین. بەفیڕۆدانی سامانە سروشتییەکان بە چەندین ڕێگە بەفیڕۆدانی خۆراک کاریگەری لەسەر ژینگە جێدەهێڵێت. کاتێک خۆراک بەفیڕۆ دەرێت، بەو مانایە دەێت، ئەو سامانە سروشتیانە بەفیڕۆ دەدەین کە بۆ بەرهەمهێنانی بەکارهێنراون، گرنگترینیشیان وزە و سووتەمەنی و ئاوە. ئاو بۆ هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکە جۆراو جۆرەکان پێویستە، بەتەنها بۆ کشتوکاڵ 70%ی ئاوی بەکاربراوی جیهان بەکاردەهێنرێت. ئەمەش ئاودێری و ڕشاندنی پێویست بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگرێتەوە، هەروەها ئاوی پێویست بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی سەرچاوەی سەرەکین. ئەمەش بەو نایە دێت بە بەفیڕۆدانی خۆراک ئاوی شیرین بەفیڕۆ دەدرێت. بە سەرنجدان بەوەی کە وڵاتان تووشی کەمیی ئاوی توند دەبن و پێشبینی دەکرێت هەندێکی دیکە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا ببنە شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستنی ئاوی شیرین دەبێت ئەولەویەتێکی جیهانی بێت. خۆراک وەک سەوزە و میوە دەوڵەمەندە بە ئاو و بۆ گەشەکردنیش پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاو هەیە. جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک پێویستیان بە بڕی جیاوازی ئاو هەیە بۆ گەشەکردن، هەروەها ئاژەڵەکان پێویستیان بە بڕێکی زۆر ئاو هەیە بۆ گەشەکردن و خۆراکیان، بەرهەمهێنانی گۆشت پێویستی بە ئاوی زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا بەفیڕۆچووترین خۆراکە. فڕێدانی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا یەکسانە بە فڕێدانی 50 هەزار لیتر ئاو، ڕشتنی پەرداخێک شیر یەکسانە بە بەفیڕۆدانی نزیکەی هەزار لیتر ئاو، جگە لەوەش بە لەبەرچاوگرتنی گواستنەوەی خۆراکی جیهانی، بڕێکی بەرچاو لە نەوت و گازۆیل و سووتەمەنی بەردینی دیکە بەکاردەهێنرێت. بەفیڕۆدان و بەشداریکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا کاتێک خۆراک لە زبڵدانەکاندا بەجێدەهێڵرێت لەکاتی شیبوونەوەدا، گازی میتانی دەردەدات.میتانی گازی گەرمخانەیی 25 هێندەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهێزترە، میتانی بۆ ماوەی 12 ساڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە. بەفیڕۆدانی خۆراک بەشدارە لە نزیکەی 20%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی، لەکاتی حسابکردن بۆ دەردانی گازی گەرمخانەیی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانەوە دروست دەبێت. هاوکات بەشداریکردنی لە گۆڕانی کەشوهەوادا سەرسوڕهێنەرە، ئەگەر سیستەمێکی کارامەی بەڕێوەبردنی پاشماوەی خۆراک جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەتوانێت 11%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی لەناوببات. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە یەک لەسەر سێی دەردانی گازی گەرمخانەیی بەهۆی مرۆڤەوەیەوکە لە بەفیڕۆدانی خۆراکەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر بەفیڕۆدانی خۆراک وڵاتێک بووایە، ئەوا دەردانی گازی گەرمخانەیی، سێیەم گەورەترین ئاستی جیهان دەبوو، دوای ئەمریکا و چین. تێکچوونی زەوی بەکارهێنانی نابەرپرسیارانەی بەرهەمە خۆراکییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی زەوی دەبێت، دوو ڕێگا هەیە کە زەوی بەفیڕۆ دەدرێت: ئەو زەویەی کە بەکاری دەهێنین بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک، و ئەو زەویەی کە بەکاری دەهێنین بۆ فڕێدانی. کشتوکاڵ 11.5 ملیۆن هێکتار لە ڕووبەری زەوی جیهان داگیر دەکات، زەوی دوو جۆر هەیە: زەوی کشتوکاڵی (کە بەروبووم تێیدا دەچێنرێت) و زەوییە ناچێنراوەکان (کە بەرهەمی تێدا ناچێنرێت). 900 ملیۆن هێکتار زەوی ناچێنراو بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنیەکان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر گۆشت، زەوییە کشتوکاڵییە زیاتر دەگۆڕدرێن بۆ لەوەڕگەی ئاژەڵان، بەم کارە وردە وردە زەوییە سروشتییەکان بە شێوەیەک لەناو دەبرێت کە ڕێگری لە هەر گەشەیەکی سروشتی بکات. ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە ئێمە زەوی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک زۆر درێژ دەکەینەوە و ئەگەر لە داهاتوودا ئەمە لەبەرچاو نەگرین، بەرهەمهێنانی بە تێپەڕبوونی کات کەم دەبێتەوە لەگەڵ دابەزینی وردە وردە، ئێمە لە ڕێگەی بەفیڕۆدانی خۆراکەوە نەک هەر دیمەنە جوانەکانمان لەناو دەبەین، بەڵکو زیان بە جۆراوجۆری بایۆلۆجی سروشتیش دەگەیەنین. گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ لەوەڕگە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوێنی ژیانی ئاژەڵان و دەتوانێت زنجیرە خۆراکییەکان لە ئیکۆسیستەمدا بە توندی تێکبدات. زیانگەیاندن بە جۆراوجۆری زیندوو جۆراوجۆری زیندوو تەنیا ئاماژەیە بۆ ئەو جۆر و زیندەوەرە جۆراوجۆرانەی کە ئیکۆسیستەمی ژینگەیەک پێکدەهێنن. کشتوکاڵ بە گشتی زیان بە جۆراوجۆری زیندوومان دەگەیەنێت، تاک بەرهەمهێنان و گۆڕینی زەوییە دارستانەکانمان بۆ لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییە گونجاوەکان کارێکی باو و ئاساییە لە نێوان زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمهێنانی ئاژەڵ. دارستانبڕین و گۆڕینی زەوییە سروشتییەکانمان بۆ خاکی نەگونجاو ڕووەک و ئاژەڵە هەبووەکان لەناو دەبات، لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی لەناوچوونیان. هەروەها ژمارەی دانیشتوانی نزیک دەریایی کەمیکردووە، چونکە بڕێکی زۆر ماسی دەگیرێت، ئەمەش ئیکۆسیستەمی دەریایی ئێمەی وێران کردووە. دەوترێت تێکڕای زیادبوونی ساڵانەی بەکارهێنانی ماسی جیهانی لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی وەک ئەوروپا 40-60%ی ئەو ماسییانەی لە مارکێتەکاندا دەفرۆشرێن فڕێدەدەن، چونکە ستانداردە پەسەندکراوەکانی کوالیتی بەدی ناهێنێت. لە کاتێکدا جیهان بەردەوامە لە زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردن و کەمکردنەوەی کۆگاکانی ماسی، ئێمە بە شێوەیەکی جددی ئیکۆسیستەمی دەریایی و زنجیرە خۆراکییەکان تێکدەدەین، ئەمەش هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی ئاوی دەکات. راپۆرتی پەیوەندیدار https://drawmedia.net/environment?page=1
راپۆرتی شیكار: درەو 🔻 پاڵپشت بە بەڵگەنامە فەرمییەکان، لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ؛ 🔹 لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، لەو پڕە پارەیەش بە ڕێژەی (100%) حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە. 🔹 لە ماوەی ناوبراودا داهاتی نانەوتی هەرێم نزیکەی (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 615 ملیۆن) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (94%) ماوەتەوە. 🔹 بە پێی داتا نافەرمییەکان لە ئێستادا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم مانگانە دەگاتە سەروو (297 ملیۆن 507 هەزار) دۆلار، لەو داهاتەش بە تێکڕا بڕی (84 ملیۆن و 82) دۆلاری بە ڕێژەی (28%) پشکی کۆمپانیاکان و بڕی (213 ملیۆن و 425 هەزار) دۆلاری بەڕێژەی (72%)ی پشکی حکومەتی هەرێمەو داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. سەرەتا دوو ساڵ و سێ مانگ بەسەر بڕیارەکەی دادگای پاریس، تایبەت بە فڕۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەی سەربەخۆ تێپەڕی، ئەگەر چی بڕیارەکە بووە هۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم نەتوانێت بە شێوەی فەرمی نەوتەکەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، بەڵام لێکەوتەی بڕیارەکە نەبووە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستبەرداری پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بێت، بەڵکو بەهەمهێنانی نەوت بەردەوام بووەو بەرهەمەکەش بە ڕێگەی قاچاخ و لە ناوخۆدا بە نیوەی نرخ ساغ کراوەتەوە، داهاتەکەشی بەناڕوونی ماوەتەوەو ئێستا بووە بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لە لایەکی دیکەوە بڕیارەکە، حکومەتی عێراقی ناچارکرد پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق جێگیر بکات و شایستەی دارایی هەرێم بەپێی یاسا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، لەو چوارچێوەیەدا بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم لە ماوەی (27) مانگی ڕابردوودا بە گۆژمەو بڕی جیاواز بڕی (19 ترلیۆن و 601 ملیار و 838 ملیۆن و 548 هەزار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێم بکات و حکومەتی هەرێمیش لەو پارەیە (21) موچەی لێدابەشکردووە. ئەوە لە کاتێکدایە هەر بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە ماوەی (چارەکی دووەمی 2023 بۆ کۆتایی نیوەی یەکەمی 2025) داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 614 ملیۆن و 725 هەزار و 909) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 173 هەزار و 377) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن و 552 هەزار و 532) دیناری بەڕێژەی (94%) ماوەتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری تەمویلی بەغدا و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم و شێوازی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان ڕووندەکەینەوە. یەکەم؛ تەمویلی حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس پاڵپشت بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتەکانی دارایی عێراق هەرێم لە لایەک و ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری داریی هەردوولا، لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لە (25/3/2023) بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، لەو پڕە پارەیەش بە ڕێژەی (100%) حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە، بەجۆرێک؛ 1. لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) حکومەتی عێراق بە بڕی؛ - بە دوو گوژمە بڕی (998 ملیار) دیناری وەک شایستەی هەرێم خەرج کردووە. - (ترلیۆنێک و 600 ملیار) دیناری بە قەرز ڕەوانەی هەرێم کردووە. 2. لە نیوەی دووەمی ساڵی (2023) حکومەتی عێراق بە بڕی؛ - بە سێ گۆژەمەی (700 ملیار) دیناری بڕی (2 ترلیۆن و 100 ملیار) دیناری بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران خەرج کردووە. واتا بە کۆی گشتی لە ساڵی (2023) دا بڕی (4 ترلیۆن و 698 ملیار) دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە. 3. ساڵی (2024) حکومەتی عێراق بە بڕی؛ - لە نیوەی یەکەمی (2024) بڕی (5 ترلیۆن و 73 ملیار و 637 ملیۆن و 990 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە. - لە نیوەی دووەمی (2024) بڕی (5 ترلیۆن و 712 ملیار و 714 ملیۆن و 913 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە. واتا بە کۆی گشتی لە ساڵی (2024) دا بڕی (10 ترلیۆن و 786 ملیار و 352 ملیۆن و 903 هەزار) دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە. 4. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) حکومەتی عێراق بە بڕی؛ - لەچوار مانگی یەکەمی (2025) بڕی (4 ترلیۆن و 117 ملیار و 485 ملیۆن و 644 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە. - لەدوو مانگی کۆتایی نیوەی یەکەمی (2025) واتا مانگەکانی (ئایار و حوزەیران)هیچ بڕە پارەیەک وەک شایستەی هەرێم خەرج نەکراوە. خشتەی ژمارە (1) پشتڕاستی ئەوە داتایانە دەکاتەوە. وەک لە خشتەی (1)دا ڕوونکراوەتەوە لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، بە تێکڕای مانگەنە بە بڕی (933 ملیار و 420 ملیۆن و 883 هەزار) دیناری حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە، (6) موچەی مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی (2023) و کانونی یەکەمی (2024) و ئایار و حوزەیرانی (2025)) خەرجنەکراوە، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (2) دا ڕونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (2) دووەم؛ داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 بۆ 30/6/2025) داهاتی نانەوتی هەرێم کە خۆی لە سەرچاوەکانی داهاتی (باج، ڕەسم و گومرگ) دەبینێتەوە، نزیکەی (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 615 ملیۆن) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (94%) ماوەتەوە. بە جۆرێک؛ 1. لە تەواوی ساڵی (2023) کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانەی (388 ملیار و 46 ملیۆن و 206 هەزار و 956) دینارە. بەم پێیە بە نۆ مانگی کۆتایی ساڵی (2023) و لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 492 ملیار و 415 ملیۆن و 862 هەزار و 601) دینار. 2. لە تەواوی ساڵی (2024)دا کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانەی (391 ملیار و 667 ملیۆن و 493 هەزار و 893) دینار. 3. بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە تێکڕا داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2025) مانگانە بۆ (291 ملیار و 531 ملیۆن و 489 هەزار و 433) دینار دابەزیوە، بەم پێیە کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم تا لەسەرەتای ساڵەوە بۆ (30 حوزەیرانی 2025) بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 749 ملیار و 188 ملیۆن و 936 هەزار و 595) دینار. خشتەی ژمارە (3) داهاتی نانەوتی هەرێم لە (25/3/2023 بۆ 30/6/2025) ڕوندەکاتەوە. خشتەی ژمارە (3) سێیەم؛ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە داتاکانی "ڕێکخراوی ڕونین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت" لە ئێستا هەشت کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمیان هەیە، پێکەوە بە تێکڕای ڕۆژانە سەروو (300 هەزار) بەرمیل نەوت و مانگانە نزیکەی (9 ملیۆن) بەرمیل بەرهەم دەهێنن. بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانە هەر بەرمیلێکی لە نێوان (27 بۆ 39) دۆلار و بە تێکڕا بە (34) دۆلار ساغدەکرێنەوە، بەو مانایەی مانگانە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەگاتە سەروو (297 ملیۆن 507 هەزار) دۆلار، لەو داهاتەش بە تێکڕا (72%)ی پشکی حکومەتی هەرێم و (28%) پشکی کۆمپانیاکانە، هیچ بەشێک لەو داهاتەنەش ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەربارەت بە وردەکاری بەرهەم و داهاتی کێڵگەکان بڕوانە خشەتی ژمارە (4). خشتەی ژمارە (4)