Draw Media

بەر لە دروستبوونی نیشتیمان و نەتەوە

 بەر لە دروستبوونی نیشتیمان و نەتەوە

2026-01-06 08:39:50


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەوەی لە ماوەی پێشوودا ئاگای لە شێوازی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەغداد بووبێت، ئەو راستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت، کە شتێک لە دونیای ئێمەدا بەناوی «چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»ەوە بوونی نییە. هاوکات نە هۆشیارییەکی بان-بنەماڵەیی و بان-حیزبیی بوونی هەیە، نە هیچ میکانیزم و هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەو چوارچێوە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە. تاقە یەک بکەری سیاسییش بوونی نییە کە دروستکردنی ئەو چوارچێوانە بنەمای بیرکردنەوە و ژێرخانی سایکۆلۆژیا سیاییەکەی، بێت. ئەوەی هەیە سەرجەمی یەکە سیاسیی و فەرهەنگیی و سایکۆلۆژییەکانی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمانە.

بێگومان ئەمە یەکەمینجار نییە ئەم راستییە سادانە ببیندرێن و باسبکرێن، یەکەمجار نییە کۆمەڵگای ئێمە ڕووی  بەڕووی ئەم راستییە سادانەدا بتەقێتەوە، هاوکات دروستنەبوونی ئەو چوارچێوانە  راستییەکی تریشمان نیشانئەدات، کە نەبوونی توانای بیستن و بینینە لای ئەم بکەرانە و نیشتەجێبوونیانە لەناو دەیان چاڵ و قۆرت و تەڵەی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییدا، کە هاتنە دەرەوە لێیان، لەناو ئەو سیستمانەدا کە سەروەر کراون، لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە. 

هۆکاری سەرەکیی ئەم ئیفلیجبوونە سیاسییەش پەیوەندیی بەو ڕاستییەوە هەیە کە «هۆشیاریی نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»، تەنها سەر بە بزاوتێکی ئایدیۆلۆژیی نین، تەنها بەرهەمی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە، هەرگیز پروپاگەندەی بەتاڵ و زمانێکی رەمزیی بێناوەرۆکیش ناتوانێت دروستیانبکات، بەڵکو ئەو جۆرە هۆشیاریە شێوازێکی تایبەتە لە ژیان، جۆرێکە لە تاکەکەسبوون و سیاسەتێکی تایبەتی خودسازیی دروستیدەکات. بەشێکە لە ژیانی رۆژانە و لەو بڕیار و وێنە و رەمزانەی لە ژیانی رۆژانەدا دروستدەکرێن. «هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» هۆشیاریەک نییە لە ساتەوەختی دروستبوونی تەماحی سیاسییدا پەنای بۆبرێت، یان ویستی دەرکەوتنی ئەم یان ئەو سیاسیی و یان ئەم یان ئەو بکەر دروستیبکات، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگا و خودی کۆمەڵگاکەش بە بەردەوامیی لەناو تەفاسیلەکانی ئەو ژیانەدا، دەژیی و کاردەکات. لەم دۆخەدا ئەو هۆشیارییە کاریگەریی هەمەلایەن لەسەر شێوازی وێناکردنی خود بۆ خۆی و وێناکردنی بۆ ئەوانیتر و بۆ جیهان، جێدەهێڵێت. دەستنیشانی ئەوەدەکات مرۆڤەکان چۆن ئەزموونی شوناسی خۆیان و جۆری ژیان و شێوازی پەیوەندییەکانیان لەناو جیهاندا دەکەن. «هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» کاتێک دەتوانێت وەک هۆشیارییەکی باڵادەست کاربکات، کە لەوەکەوتبێت وەک ئیادیۆلۆژیا و بزاوتێکی سیاسیی سەیربکرێت و بووبێت بۆ دیاردەیەکی «سروشتیی» ناو ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان. 

ئەم جۆرە هۆشیارییە سەر بە دروستبوونی دونیای مۆدێرنە، دونیایەک لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە لە دروستبووندایە. تەنهاش کورتنەبۆتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکان، بەڵکو بەشێکە لە «هەبیتۆسی» تاکەکەسەکان لە کۆمەڵگادا. چەمکی «هەبیتۆس» یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو کارەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیار بۆردیۆ. هێما بۆ ئەو مەیلە ناوەکییە قووڵ و ریشەدارە دەکات کە لەناو تاکەکەسەکاندا دروستدەبێت و کاریگەریی لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەستکردن و کار و کاردانەوەکان، بەجێدەهێڵێت. بە مانایەک لە ماناکان «هەبیتوس»  ئەو غەریزە کۆمەڵایەتییەیە کە ڕێنمایی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان دەکات. 

ئەگەر هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک «هەبیتوس» ببینین، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم هۆشیارییە تەنها بیرۆکە و قەناعەتێکی سیاسیی نییە، بەڵکو دیدگا و هەست و جۆرێک لە ئامادەگیی ناوەکیشە، کە کەسەکان وەک بەشێک لە خودی خۆیان و لە کەسایەتییان لەناویدا، دەژین. ئەم هۆشیارییە رۆڵ دەبینێت لە جۆری ئەو زمانەدا کە کەسەکان بەکاریدەهێنن، لەو دروستبوونی ئەو جۆرە هەست و باوەڕانەدا کە هەڵگرین، پەیوەندیی بە هیوا و ترس و گومانەکانیانەوە هەیە، لەناو جۆری خەمبارییە دەستەجەمعییەکانییاندا ئامادەیە. لەپێش هەمووانیشەوە پەیوەندیی بە جۆر و توانای شەرمکردنی نیشتیمانیی و سیاسییانەوە هەیە. هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی جۆرێک لە شەرمی سیاسیی دروستدەکات کە وەک حەرام و سنوورێکي قايم کاردەکات، کە هیچ کەس و لایەن و هێزەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، نەتوانێت لێی لابدات و حەرامەکانی پێشێل بکات.  لە ئاستی سیاسیشدا ئەم شێوازە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، جۆرێک لە کەسایەتی سیاسی دروستدەکات، کە بەر لە هەمووشتێک، بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی کراوەیە، نەک نارسیستێکی رقاویی داخراو. 

لەم ڕوانینەدا بۆ هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە دونیای ئێمە، بە تایبەتی ناوەندە سیاسییەکەی، تەواو خاڵییە لەم جۆرە هۆشیارییە. ئەوەی هەیە و کاردەکات تێکەڵێکی بیمارە لە رق و بوغز و نارسیزم و داخران، لە تەماح و سایکۆلۆژیایەکی کۆنترۆڵنەکراو. ئەوەی غائیبە نیشتیمانە وەک نیشتیمان و نەتەوەشە وەک نەتەوە. ئەوەی سڕاوەتەوە یاداوەریی گشتیی کۆمەڵگاکەیە، وەک یاداوەرییەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی. نەبوونی شوناسێکیشە کە شوێنی بەشی هەرەزۆری ئەندامانی کۆمەڵگاکەی، تێداببەتەوە. ئەم هۆشیارییە هەڵگری دیدگایەکە بۆ مرۆڤ کە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەیبینێت و ئەم ماف و کەرامەتەش لەناو کۆی دەزگا سیاسیی و کۆمەلایەتیی و بیرۆکراسییەکاندا ئامادەدەکات و دەیخاتەگەڕ. 

هۆشیاریی نیشتیمانیی ونەتەوەیی چوارچێوەیەک دروستدەکات تیایدا هەستکردن بە خەمباری دەستەجەمعیی، شانازیی کۆیی، هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی هاوبەش، دروستببێت. وێنەی مرۆڤەکان وەک هاوڵاتیی یەکسانی ناو یەک نیشتیمان سەروەردەکات. لە هەمانکاتدا چوارچێوەکی هاوبەشیش بۆ شەرمکردن، شەرمکردنێکی دەستەجەمعیی و تاکەکەسیی، دروستدەکات کە بتوانێت سنوورێک بۆ ناشیرینییەکانی ناو کۆمەڵگاکە و بۆ توانای پیادەکردنی حەرامی سیاسیی و تێپەراندنی حەرامە نیشتیمانییەکان، دابنێت. هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، هۆشیاریی دانانی چەندان سنووری ئەخلاقییە کە نەهێڵێت ناشیرینییەکان بە ئاستێک بگەن، مرۆڤ شەرم لە ئینتیمای بۆ نیشثیمان و بۆ نەتەوەکەی، بکاتەوە. 

ئەوەی لە دونیای ئێمەدا پێویستە دروستببێت، بەر لە هەر شوێنێک لە ناوەندە سیاسیی و میدیایەکەدا، کە پرن لە سیاسیی رقاوی و بوغزاوی و لە میدیاکارنێکیش کە ئەو رق و بوغزەیان بەناوەکیکراوە. دەڵێم ئەوەی پێویستە دروستببێت، تێگەیشتنە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک شێوازێک لە ژیان. وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی تێگەیشتن و هەست و ئەخلاق و شوناسەکان. لە ڕێگای سیاسەتێکی تایبتیشەوە بۆ شەرمکردن سنوورێک بۆ ناشیرینییەکان دابنێت. لەم ئاستەدا ئەوەی دونیای ئێمە پێویستی پێیەتی دوو شتە. یەکەمیان، تاکەکەسێکی سەربەخۆیە، کە بوێریی و ئازادبوون دروستکردنی شوناس و شێوازی بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆی هەبێت. دووهەمیان "ئێمە"یەکی نیشتمانیی بەکۆمەڵە، کە شوێنی بۆ کۆی تاکە سەربەخۆ و خاوەن بڕیارەکانی تێداببێتەوە. ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی پێیەتی ئاسۆیەکی ئەخلاقیی گشتییە لە چوارچێوەیدا مرۆڤەکان مێژو و ئازار و تەحەدا و پێشکەوتن و خەون و چاوەڕوانییەکانیان، نیشتەجێبکەن و مانایان پێببەخشن.

لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نەبۆتە بەشێک لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان. زۆربەی هێزە سیاسییەکان بە لۆژیکی بەر لە لەدایکبوونی نەتەوە و نیشتیمان بیردەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن.  بە هەمان لۆژیک کاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیرۆکراسیی و تەنانەت مەدەنی خۆیشیان ئەنجامئەدەن.
ئەوەی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی پەرلەماندا بینیمان و ئەوەی دەشێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا بیبینین، سەدبارەبوونەوەی ئەم بیمارییە سیاسییە و ئەو باڵادەستییە گەورەیەی لۆژیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتمان، بێت. سیاسەت لە هەرێمدا بووە بە چالاکیی پڕکردنی دەخیلە تایبەتەکان، نەک چالاکییەک لە هەوڵی دروستکردنی ژیانێکی گشتی هاوبەش و پێکەوەیی باشتردابێت. 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand