"شەیبانی رێككەوتنەكەی تێكدا"
2026-01-11 08:39:40
درەو:
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریکی دەڵێت: کۆبونەوەی ئەم دواییەی حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمەشق بە شکست کۆتایی هات، ئەوەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگەی بۆ ئەو پێكدادانە سەربازییە خۆشکرد کە لە گەڕەکەکانی حەلەب روویدا.
راپۆرتەکە ئاماژەی بە رۆڵی يەكلاكەرەوەى ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا كردووە لە پەكخستنی دانوستانەکان و شكستهێنانی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە "ئەلمۆنیتۆر"، کۆبونەوەکە کە رۆژی 4ی 1 بە سەرپەرشتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو، شاندێکی کوردی بە سەرۆکایەتی مەزڵوم کۆبانی لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا کۆکردەوە و فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت ئامادەی بووە.
هەرچەندە دانوستانەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی دەستیپێکرد، تیایدا لێکتێگەیشتنی سەرەتایی كرا سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوپای سوریا، لە ڕێگەی پێکهێنانی فیرقەو لیوا بە سەرۆکایەتی کورد، کەشوهەوای کۆبونەوەکە لە ناکاو گۆڕا.
سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە: ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لەقۆناغێكی پێشكەوتووی دانیشتنەکاندا چووەتە ژووری کۆبونەوەکەو داوای لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکە و تیمەکەی کردووە بچنە دەرەوە، پاشان لەناکاو کۆتایی دانیشتنەکەی راگەیاندووەو وادەی دانیشتنەکەی بۆ كاتێكی تر دواخستووە.
هەروەك حکومەتی سوریا رەتیکردەوە بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکات و ئەوەی پێیگەیشتوون بەڵگەدار بکرێت، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاماژەیەک داناوە بۆ پاشەکشەی دیمەشق لە لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان.
کاربەدەستانی کورد هەڵسوکەوتی شاندەکەی سوریایان بە تایبەتی دەستێوەردانەکەی شەیبانی بە نامۆ وەسف کردوەو بڕیارەکەی بە كرداری کۆتایی بە پرۆسەی دانوستانەکان هێنا، ئەوەش وایکرد سەرهەڵدانی پێکدادانەکان دوای چەند رۆژێک لە حەلەب پێشبینی كراوبێت.
هەسەدە شەیبانی تۆمەتبار کرد به جوڵانەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی تورکیا، بەتایبەت كە ئەنكەرە هەر دەقێك رەتدەكاتەوە كە هەسەدە وەك قەوارەیەكی رێكخراو بهێڵێتەوە.
راپۆرتی ماڵپەڕە ئەمریكییەكە دەشڵێت: تیۆری زاڵ لای بەرپرسانی کوردی سوریا ئەوەیە کە هێرش بۆ سەر حەلەب چەند مانگێک بوو بە پشتیوانی ئەنكەرە پلانی بۆ دانرابوو، تورکیا لە مێژە داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی سەر بە هەسەدەی كردبوو لەناوچەكانی رۆژئاوای فورات، لەنێویاندا شاری حەلەب.
ئەلمۆنیتۆر بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەستێوەردانی شەیبانی خاڵی یەكلاكەرەوە بوو بۆ لەباربردنی دەرفەتێک كە نزیكبوو بگەنە چارەسەرێكی سیاسی و، سەرلەنوێ دەرگای لەبەردەم بژاردەیەکی سەربازی کردەوە، لەسەر حیسابی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیری.
