دۆسیەی دارایی و نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا 2023 – 2025
2026-01-05 15:09:29
درەو:
ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
🔹 لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق (622 ترلیۆن و 632 ملیار و 967 ملیۆن) دینار بووە، لەو ژمارەیە پشکی هەرێمی کوردستان (58 ترلیۆن و 368 ملیار و 697 ملیۆن) دینار بوو بەڵام لەو بڕە تەنها (24 ترلیۆن و 324 ملیار و 514 ملیۆن) دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە بە رێژەی (%41.6)ی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان و (%3.9)ی کۆی بودجەی عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا.
🔹 ڕاگرتنی هەناردەی نەوت (25 ملیار) دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە. لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم نیازپاکیی خۆی سەلماندووە بە ناردنی (19.5 ملیۆن) بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە.
پوختە بە ژمارە:
• بەپێی ژمارەکان، قەبارەی "کەلێنی دارایی" هەیە و تەنها (41%)ی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم خەرجکراوە و (0%) بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
• جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرجکراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەرووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" بووەتەوە.
• ژمارەکان دەریانخستووە، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە (58.3 ترلیۆن) دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە (24.3 ترلیۆن) دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە.
• داتاکان ڕوونیانکردووەتەوە، سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی (165 ترلیۆن) دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم (0%) بووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان.
• لە دۆسیەی نەوتدا، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت (25 ملیار) دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە. لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم نیازپاکیی خۆی سەلماندووە بە ناردنی (19.5 ملیۆن) بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە.
• حکومەتی فیدراڵ لە ساڵەکانی (2025-2024-2023)، مووچەی ساڵێکی تەواوی (12 مانگ)ی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ.
• حکومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشانداوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2025دا بڕی (919 ملیار) دیناری لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی عێراق
لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) لەخۆ گرتبوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، ئەم یاسایە پەسەند کرا، لە یاساکە پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە بە مەرجی ناردنی داهاتی نانەوتی بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و پێدانی نەوتی بەرهەمهێندراو بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ، لەبەرامبەر ئەمەشدا حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکات بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، بەڵام لە تەواوی ئەو سێ ساڵەدا ئەو بڕەپارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە کە لە یاسای بودجە دیاری کرابوو. (خشتەی1)
لە سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق (622,632,967,000,000) دینار بووە، لەو ژمارەیە پشکی هەرێمی کوردستان (58,368,697,000,000) دینار بوو بەڵام لەو بڕە تەنها (24,324,514,000,000) دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە کە دەکاتە رێژەی %41.6ـی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان و %3.9ـی کۆی بودجەی عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا.
خشتەی 1

بودجەی وەبەرهێنان سەرەڕای دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، هاوکات بەگوێرەی یاساکە، پێویست بوو هەرێمی کوردستان لەو بڕەپارەیەی کە وەك بودجەی وەبەرهێنان دیاری کراوە، پشکی هەبێت؛ بەڵام لە کۆی 12.5 تریلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان، هەرێمی کوردستان بۆ هەر سێ ساڵی دارایی 2023-2024-2025، تەنانەت یەك دیناریش لەو بودجەی وەبەرهێنانە بۆ هەرێم نەنێردراوە. (خشتەی2).
خشتەی 2

وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023
لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، بریتی بوو لە 16,497,871,089,000 دینار، بەڵام لەو ساڵەدا پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە 4,698,000,000,000دینار کە بەشی زۆری بەشێوەی قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەمەش تیکڕای ئەو پارانە دەکاتە پارەی مووچەی پێنج مانگ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا نۆ مووچەی دابەش کرد کە ئەو چوار مووچەیەی دیکە، لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی سێ مانگی یەکەمی 2023ـەوە تەرخان کرا و پارەی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردسیان ساڵی 2023ـش لەلای حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ ماوە.
وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024
لە ساڵی 2024ـدا پشکی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، بریتی بوو لە 20,910,463,950,000 دینار، بەڵام کۆی گشتیی پارەی دابینکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 2024ـدا بریتی بووە 10,709,736,357,000 دینار (دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج)، 10,026,445,000,000 دینار لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە نێردراوە و 683,291,000,000 دیناریش لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاریی مووچە خەرج کراوە. ئەو پارەیەی کە حکومەتی فیدڕاڵی ناردبووی، پارەی مووچەی تەنها 10 مانگ بوو، مووچەی مانگێکی دیکەش لە داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کرا، بەمەش مووچەی مانگێكی ساڵی 2024 لای حکومەتی فیدڕاڵی ماوە و خەرج نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2024، دوای ئەوەی ڕێککەوتن و لیکتێگەیشتن لەسەر ناردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، لە ناوەڕاستی ساڵەکەوە بۆ ماوەی 5 مانگ، بڕی 399,168,961,500 دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025
حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، لە ساڵی 2025، بڕی 9.6 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و سەرجەم ئەو پارەیەی کە نێردراویشە بۆ دابەشکردنی مووچە خەرج کراوە، ناردنی ئەو بڕەپارەیە لە کاتێکدایە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە 20.9 تریلیۆن دینار، ئەو بڕەپارەیەی کە نێردراوە، کەمترە لە 50%ـی پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق.
لە ساڵی 2025ـدا، کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بریتی بووە لە 10,414,555,154,731 دینار. لەم بڕەدا، دوای لێدەرکردنی لێبڕینی بڕی 814,486,145,690 دینار (لێبڕینی خانەنشینی، باجی لێبڕینی مووچە، ڕەسمی پوول، کردنەوەی ژمارەی وەزیفی و گەڕاندنەوەی قەرزی لە %3ـی خانەنشینان)، کۆی پارەی نێردراوی ماوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 9,599,971,607,631 دینار بووە بۆ 10 مانگ. هەروەها بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، بڕی تەرخانکراوی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتی بووە لە 13,334,587,000,000 دینار، کە وەزیری داراییی عێراقی فیدڕاڵ لە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەرخان کرد، بەڵام لەمساڵدا تەنها بڕی 9.6 تریلیۆن دینار بۆ حکومەتی هەرێم نێردراوە. ئەمە لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتییە لە 20,910,463,950,000 دینار، بەمەش حکومەتی فیدڕاڵی لە ماوەی ئەمساڵەدا تەنها 45%ـی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە. بەمەش لە کۆی 12 مووچەی ساڵی 2025، تەنها پارەی 10 مووچەی خەرج کردووە و ناردوویەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (خشتەی3)
خشتەی
.jpeg)
وردەکاریی ناردنی پارە (داهاتی نانەوتی) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە ساڵی 2025
بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی، لەسەر بنەمای یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ڕادەستی گەنجینەی گشتیی عێراق بکات، بەمەش پێویستە مانگانە 50%ـی داهاتە فیدڕاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی گشتیی حکومەتی فیدڕاڵی بنێردرێت، وەك یەکێك لە بەندەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، ئەمەی خوارەوەش خشتەی ناردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق. (خشتەی4)
.jpeg)
بیانووەکانی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان سـاڵی 2024
سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەردەوام بوو لە دۆزینەوەی بیانوو بۆ نەناردنی پشکی کوردستان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ حکومەت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لێرە بیانووەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و چارەسەرکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەخەینە ڕوو:
• کێشەی لیستی مووچە
لە ساڵی 2024 حکومەتی فیدڕاڵی کۆمەڵێك بیانووی هەبوو لەبارەی لیستی مووچە و داوای دەکرد لیستەکە بە زمانی عەرەبی بۆ بەغدا بنێردرێت و دواتر داوای ناوی چواریی مووچەخۆران و ناوی دایکی مووچەخۆرانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەرجەم ئەم بیانووانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەهێڵدران و داواکارییەکانی بەغدا چارەسەر کران.
کێشەی UPN و بایۆمەتری
دوای ئەوەی بەغدا داوای گۆڕانکاریی لە لیستی مووچە کرد و بەوجۆرەی کە لە خاڵی (کێشەی لیستی مووچە) هاتووە، ئەمجارە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد دەبێت کۆدی تایبەت بە زانیاریی فەرمانبەران UPN و بایۆمەتریی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرین، ئەمەش بیانوویەکی دیکە بوو بۆ دواخستن و نەناردنی مووچە دروست کرابوو، وەزارەتی دارایی بە چەند قۆناغێک و لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆدی UPN و بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ نارد، لە ئێستادا نزیکەی 600 فەرمانبەر و مووچەخۆر UPN و بایۆمەتریان نەکردووە، بەوهۆیەوە مووچەکانیان ڕاگیراوە، ئەمەش ئەو کەسانەن کە مۆڵەتی بێمووچەی درێژخایەنیان هەیە و بەشی زۆریان دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن.
• راپۆرتی داراییی تەرازووی پێداچوونەوە
دوای هەردوو بابەتی لیستی مووچە و کێشەی UPN و بایۆمەتری، ئەمجارە وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، داوای ناردنی ڕاپۆرتی داراییی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی کرد، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ وەزارەتی داراییی عێراقی فیدڕاڵ ناردووە و سەرجەم داتا و زانیاریی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، هەموو وەرزێکیش لە لایەن تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەی مەیدانی وردبینیی بۆ کراوە.
• ناردنی تیمەکانی چاودێریی داراییی عێراق
دوای هەریەك لە بابەتەکانی لیستی مووچە، کێشەی UPN، بایۆمەتری و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، ئەمجارە حکومەتی عێراق داوای کرد تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بێنە هەولێر و بە مەبەستی وردبینکردن لە ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەرگای بۆ کردنەوە و ئاسانکاریی تەواوی بۆ کردن، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
• کێشەی تەرخان
دوای هەموو ئەم بیانوو و داواکارییانەی بەغدا، لە بابەتی کێشەی تەرخان لە ساڵی 2024، جارێکی تر وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ، کێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا تەمویلی مووچەی بەتەواوی نەنارد و بە کۆی ساڵەکەش، تەنها 10 مووچەی بەتەواوی نارد؛ حکومەتی هەرێم لەو ساڵەدا 11 مووچەی دابەش کرد کە مووچەیەکیان لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو.
ساڵی 2025
لەدوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە ساڵی 2024، هەر لە دەستپێکی ساڵی 2025ـدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ کرد کە کێشەی تەرخان دووبارە نەبێتەوە، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، لە خشتەکانی بودجە، تەرخانی پێویستی بۆ جێگیر بکرێت، دوای ئەمەش بڕی 13,334,587,000,000 دیناری لە خشتەکانی بودجە وەك تەرخانی دارایی بۆ مووچە جێگیر کرا.
بەپێی کۆنووسی نێوان وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵ و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 1ـی شوباتی 2025 کۆنووسەکە لەلایەن خودی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پەسەند کراوە، بەپێی ئەو کۆنووسە، هەردوولا ڕێک کەوتن مووچەی هەر 12 مانگ، تەرخانی پێویستی هەیە و کێشەی تەرخان چارەسەر کرا، بەڵام لە ساڵی 2025، دووبارە گەڕێکی دیکەی بیانووەکانی بەغدا بۆ پرسی مووچە دەستی پێکردەوە، کە ئەمانە بوون:
• جێبەجێەکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو
وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو جێبەجێ دەکەن و دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، پابەندی ئەم جێبەجێکردنە بێت، بەهۆی ئەم هەنگاوە، مووچەخۆرانی لەدایکبووی ساڵەکانی 1962-1963-1964 کە ژمارەیان 30 هەزار فەرمانبەر بوو، پێکەوە خانەنشین کران.
• ڕاگرتنی سەرەمووچە، گواستنەوە و دامەزراندن
هەرچەندە لە ساڵی 2013ەوە، حکومەتی فیدڕاڵی یەک فەرمانبەریشی بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە، ئەوەش ستەمێکە لە هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، سەدان هەزار فەرمانبەری نوێی دامەزراندووە، بەڵام میلاکی هەرێمی کوردستان لە 2013وە پەسەند کراوە و هیچ گۆڕانکاریی تیادا نەکراوە، لە سەرەتای ساڵی 2025ـیش، بە بیانووی دروستنەبوونی پابەندیی دارایی، وەزارەتی داراییی عێراق، گواستنەوە و سەرەمووچە و هەموو جۆرە دامەزراندنێکی ڕاگرت، تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026.
• نەمانی تەرخانی دارایی
لە مانگی ئایار 2025، جارێکی دیکە حکومەتی عێراق، بە بیانووی فرۆشتنی نەوت و نەمانی تەرخانی دارایی، گرفتی بۆ ناردنی مووچە دروست کرد و دواتر بە ڕێککەوتنێك ئەم بابەتەش چارەسەر کرا.
• داهاتی نانەوتی
لە دوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمجارە پرسی داهاتی ناوخۆ خرایەوە بەرباس و بەغدا داوای 100٪ـی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و کردی بە مەرجێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی 2024ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی داراییی عێراق، پشکی حکومەتی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی دەخستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵ، بەڵام لە دوای ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەمانی تەرخانی دارایی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2025، بابەتی داهاتی نانەوتییان وەک کێشەیەکی نوێ هێنایەوە بەرباس، هەرچەندە هیچ بنەمایەکی یاساییی نەبوو، بەڵام حکومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە قووتی خەڵکە، لەو پێناوەدا نەرمیی زیاتری نواند و ڕەزامەندیی دا مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بکات. هەرچەندە ئەو پابەندبوونە فشارێکی زۆری لەسەر خەرجیی بەکارخستن و پارەدارکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
• هەناردەی نەوت
لە دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەمجارە پرسی نەوت جوڵێندرا و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە دەبێت سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بکرێت، دوای ڕێککەوتن لەنێوان هەرسێ لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێکردەوە و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کرا.
• پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
یەکێکی تر لە کێشە و بیانووەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی داراییی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرسی بەبانکیکردنی مووچە بوو، هەرچەندە ساڵێک پێش ئەو داواکارییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە دەستی بە پرۆسەکە کردبوو، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی وردەکاریی پرۆژەکە بۆ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کە خزمەتگوزارییەکانی بەراورد بە پرۆسەی تەوتین زۆر زیاتر و پێشکەوتووترە و تێچووی مانگانەشی زۆر لەو سیستمەی عێراق کەمترە، ئەو بیانووەش نەما و لە ئێستادا زیاتر لە %90ـی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمار کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە.
دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا
لە 25ـی ئاداری ساڵی 2023، بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، دوای ساڵێك لە وەستانی هەناردەی نەوت، گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکرد و لە نیسانی 2024، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێك بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردەوە، پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا، هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیاران دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە.
ئەو بڕەپارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ـی نەوتی هەرێم تەرخان كرابوو، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان نەدەگونجا، حکومەتی هەرێم لە سۆنگەی نیازپاکی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بەڵام بەرامبەر ئەو ڕادەستکردنە، یەک دیناری وەرنەگرت، بۆ ئەوەی بتوانێ لایەنی کەم شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بدات.
پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، بووبە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەڵام دواتر، هەرسێ لایەن دوای گفتوگۆیەکی قوڵ و ورد، ڕێک کەوتن، کاتژمێری 7ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە، سەرکەوتووانە دەستی پێکرد و 190 هەزار بەرمیل بە بۆڕییەکە ڕەوانەی بەندەری جەیهان کرا.
لەو ماوەیەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوت، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا، زیاتر لە 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە کراوە. (خشتەی5)
خشتەی 5
وەك لە خشتەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ماوەی 95 ڕۆژی کۆتایی ساڵی 2025ـدا، بە تێکڕا، ڕۆژانە زیاتر لە 206 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە کراوە.
*- ئەم ڕاپۆرتە بە هاوکاریی تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادە کراوە.
