درەو: ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست کۆبوەوەو بەپێی راگەیەندراوی رەوتی هەڵوێست لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوخۆی ڕەوتەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی تاووتوێکرا، هاوکات دەستەی بەڕێوەبردن لەگەڵ فراکسیۆنی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوەو کاری داهاتووی فراکسیۆنەکە و ڕەوتەکە بەئامانجی بەرژەوەندی گشتی بڕیاری لەسەردرا. بەپێی وێنەی كۆبوونەوەكە دیار موفتی كاندیدی رەوتی هەڵوێست لە هەولێر لەناو كۆبوونەوەی فراكسیۆنی هەڵبژێردراوی رەوتی هەڵوێستەو بڕیارە لە شوێنی عەلی حەمەساڵح بچێتە بەغداد. لەو بارەیەوە عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بە (درەو)ی راگەیاند: ڕاستە بەرژەوەندی من بۆ پارێزپەندی و هەندێک بابەتی دیکە لەگەڵ چونمە بۆ بەغدا، بەڵام بۆ بەرژەوەندی گشتی پێموایە لە کوردستان بمێنمەوەو ئەم گۆڕەپانەی ئێرە چۆڵ نەکەم بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچون و ڕێکخستنەوەو بە دامەزراوەییکردنی هەڵوێست و ئامادەکردنی دۆسیەکان بۆ ئەو هاوڕێیانەی دەچنە بەغدا، پێموایە ئەو هاوڕێیانە دەتوانن ئەوە بکەن لە بەغدا کە من دەتوانم بیکەم. رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی 11/11/2025ی پەرلەمانی عێراق (5) كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت و بۆ پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندام و (156 هەزارو 987) دەنگی بەدەستهێناوە.
پارتی، پاكێجی هەرێم و بەغدادی جیاكردەوە درەو: پارتی بە دوو پاكێجی جیا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات و دوو وەفدی جیای بۆ درووستكردووە، فازڵ میرانی بۆ عێراق و هۆشیار زێباری بۆ هەرێمی كوردستان. كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ لە پیرمام كۆبووەوە، پرسی سەرەكی گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی بوو، كە بڕیاریدا بە دوو پاكێجی جیا مامەڵەی لەگەڵدا بكات و بۆ هەر لایەك وەفدێكی پێكهێنا: یەكەم: وەفدێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق پێكهێنا، وەفدەكە بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی و فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئومێد سەباح ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فارس عیسا نوێنەری حكومەتیه ەرێمی كوردستان لە بەغداد، وەفدەكە بۆ گفتوگۆكردن سەردانی بەغداد دەكەن. دووەم: سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمان وەفدی پێشوو دانوستانەكان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا كەسێك دەخرێتە شوێنی د. ئومێد سەباح، واتا وەفدەكەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پێكهاتووە كە سەرۆكی وەفدەكە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی و كەسێكی دیكە لە شوێنی ئومێد سەباح دادەنرێت. پێكهێنانی دوو وەفد لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بەواتا پارتی وەك دوو پرسی جیا مامەڵە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات و لای پارتی دوو فایلی جیایە. لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، وەفدی پارتی رایان گەیاندبوو كە جارێ گفتوگۆ لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكەین پاشان فایلی عێراق، بەڵام وەفدی یەكێتی رایانگەیاندبوو پێویستە بەیەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا پارتی بەڕوونی رایانگەیاندووە كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كورسی یەكەم و دەنگی یەكەمی لایەنە كوردستانیەكانی هەرێمی كوردستانن و سازش لەسەر هیچ پۆستێك ناكەن بۆ لایەنەكانی ترو پۆستی سەرۆككۆمار مافی كوردەو بۆ هیچ لایەنێكی دیاریكراو یەكلا نەكراوەتەوە، بۆیە وەك پاكێجی جیا مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. سەبارەت بە پاكێجی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارتی بەروونی ئەوەیان وتووە، گفتوگۆكردن لەگەڵ وەفدی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم جیاواز دەبێت وەك لە پێش هەڵبژاردنی عێراق، شێوازی گفتوگۆكردن لەگەڵ وەفدی یەكێتی جیاواز دەبێت و سازش لەسەر هیچ پۆست و بەركەوتەیەكی پارتی ناكات لەبەرامبەر بە یەكێتی.
شێركۆ وەهبی - ماستەر لە بواری ژینگە - سوید لەم ساڵانەی دواییدا لافاو بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراقی بە تایبەتی گرتۆتەوە. وەک لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان لافاوێکی زۆر ڕێگاوبانەکانی خاپورکرد و زۆر شوێنی نیشتەجێبوون پڕ بوون لە قوڕاو زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی لێکەوتەوە. لە هەرێمێکدا کە بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەندی بە وشکەساڵی و کەمیی ئاوەوە هەیە، دووبارەبوونەوەی بارانبارینی بەخوڕ پرسیارێک دەوروژێنێت: بۆچی ئێستا ئەمە ڕوودەدات؟ گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچە شاخاوییەکاندا گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی بەرچاو بووەتە دیاردەی ڕۆژانە لە ناوچەکانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مەرج نییە بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا بە گشتی زیادی کردبێت، بەڵکو چڕتر و توندتر بووە. بارانێک کە پێشتر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەباری، ئێستا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەخوڕ دەبارێت. هەتا هەوا گەرمتر بێت زیاتر دەریا، دەریاچەو ڕووبارەکان هەڵمی ئاویان لێ بەرزدەبێتەوە بۆ ئاسمان. کاتێک بارستە هەوای شێدار لە دەریای ناوەڕاست یان کەنداوی فارسەوە پاڵیان پێوەدەنرێت و دەگەنە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس بە خێرایی سارد دەبنەوە و لە ناکاودا لێزمە بارانی بەخوڕیان بە هێزێکی توندەوە لێ پەیدا دەبێت، کە لە ئەنجامدا لافاوی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. هۆکارە ناوخۆییەکان دۆخەکە خراپتر دەکەن تا ئێستاش لە زۆر شوێنی هەرێمی کوردستانی عیڕاقدا کارەبا بە سوتەمەنی بەردین (فۆسێل) بەرهەم دەهێنرێت. سەرباری ئەوەش تەواوی موەلیدەکان بە دیزڵ و بەنزین کاردەکەن، ماڵەکان بەنەوت گەرم دەکرێن، زیادبوونی قەبارەی هاتوچۆ هەم پلەی گەرمی ناو شار و هەم دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات. بڕێکی یەجگار زۆر دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەکرێنە بەرگەهەواوە، کە دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی بەهێزتر دەکەن. ئەمەش دوورگەیەکی گەرمی لە ناو شاردا دروست دەکات، کە شارەکان چەند پلەیەک گەرمتر دەبن لە لادێکانی دەوروبەری. وەک ئاماژەمان پێکرد، گەرمای زۆریش بارانبارینی بەخوڕ چڕتردەکاتەوە. زەوی وشک کە ناتوانێت ئاو هەڵبمژێت لەم ساڵانەی دواییدا ئاگری دارستان و خاک لە کوردستان زیاتر بووە. کاتێک ڕووەک دەسوتێت، خاک توانای سروشتی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئاو لەدەست دەدات. دوای هاوینێکی زۆر و گەرم، زەوی و کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا وشک و ڕەق دەبنەوە. کاتێک باران زۆر بە خوڕێ دەبارێت، خاک ناتوانێت ئاوەکە هەڵبمژێت. بەڵکو بەخێرایی بە لێوارەکاندا دەڕوات و لە دۆڵ ، گوند، شار و شارۆچکەکاندا کۆدەبێتەوە. ئەو دۆڵانەی چەم و ڕووبارەکانی لە هاویندا وشک دەکەن، لە چەند خولەکێکدا دەگۆڕدرێن بۆ ڕوبار و چەمی بەخوڕ. ئەو خانووبەرانەی لە نزیک ئەم کەناڵە ئاوەڕۆ سروشتیانەوە دروستکراون لافاو دەیانبات یان مەترسی جدیان دەکەوێتە سەر. ئەو شارانەی کە زۆر خێراتر لە ژێرخانەکانیان گەشەیان کردووە شارەکانی وەک هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و تێکڕای شارۆچکەکانی تر ژمارەی دانیشتووانیان بە خێرایی زیادی کردووە و ڕووبەرەکانیان پەرەی سەندووە. زۆربەی کات شار و شارۆچکەکان بەبێ پلانی درێژخایەن فراوانبوون. لە زۆربەی ناوچەکاندا جادەی قیر و کۆنکرێت و یەکەکانی نیشتەجێبوون و خانوبەرە بە چڕوپڕی جێگەی زەوی کشتوکاڵی و سیستەمی ئاوەڕۆی سروشتی گرتۆتەوە، بەڵام تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و سیستەمی ئاوی بۆ کەشوهەوایەک داڕێژراون کە ئیتر بوونیان نییە. جا کاتێک بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەو سیستەمە کۆنانە ناتوانن بەرگەی قەبارەی ئەو ئاوە بەخوڕو زۆرە بگرن، بۆیە شەقامەکان دەبنە ڕووبار و ژێرزەمینەکان پڕ دەبن لە ئاو، ئەو ناوچە نزمانەی شوێنی نیشتەنیان تیادا دروستکراوە دەبنە دەریاچەی کاتی. ململانێ و پشتگوێخستنی بەڕێوەبردنی ئاو هەرێمی کوردستانی عیڕاق دەیان ساڵە بەدەست ململانێی حیزبییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش دامەزراوەکانی دەوڵەتی لاواز کردووە. بەنداو، کەناڵ و سیستەمی ئاگادارکردنەوە نە پارێزراون و نە مۆدێرن کراون. لە هەمان کاتدا گرژییە سیاسییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ بەدرێژایی ڕوبارەکانی دیجلە فورات، بەڕێوەبردنی ئاوی ناوچەکەی قورس کردووە. هەروەها لە ڕۆژئاوای ئێران، شارەزایان ئاماژە بە دروستکردنی بەرفراوانی چەندین بەنداو و لادانی تیراسای ڕووبارەکان کردووە، ئەمەش کاریگەری لە ڕێبازی ئاوی سروشتی کردووە و هەندێک ناوچە زیاتر ڕووبەڕووی لافاوێی مەترسیدا بوونەتەوە. ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ داهاتوو زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەمە تەنها سەرەتایەکە. مۆدێلەکانی کەشوهەوا دەریدەخەن کە ناوچەکە کەمتر ڕۆژانی باراناوی دەبێت، بەڵام ڕووداوی بارانبارینی توندتر تا دێت ڕوو لە زیاتربوون دەکات. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ماوەی وشکەساڵی درێژتر دەبێت و ناوە ناوە بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو ناوچەکان دەگرێتەوە. چیدی بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری ئەم کارەساتە سروشتیانە دیاردەی نامۆ نین، بەڵکو ئەوە شێوازێکی نوێیە لە کەشوهەوا. بەبێ وەبەرهێنان لە پلاندانانی شارستانی بەردەوام، سیستەمی هۆشداری باشتر و هاوکاری ناوچەیی، مەترسی لافاوەکان هەم زۆرتر و هەم کوشندەتر دەبن. ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی مەترسییەکانی لافاو لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە بەرامبەر زیادبوونی مەترسییەکانی لافاو، وڵاتە پێشکەوتووەکان لە چەند ڕوویەکەوە ئامادەکاریی خۆیان بەهێزتر کردووە. بە بەردەوامی زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە سیستەمی دژە زریانی تەیاردەکرێن، بۆ نموونە لە سوید زۆربەی بۆری ئاوی باراناویان گۆڕی بە سیستمێکی نوێ کە بەرگەی تێپەربوونی ئاوی زیاتر دەگرێت و ڕاستەوخۆ دەیگوازێتەوە بۆ ناو دەریا. شارەکان پلانی تۆکمە وتوندتریان بۆ داڕێژراوە، هەوڵێکی زۆری بە یاسا دراوە کە بیناسازی لە ناوچە لاوازەکاندا قەدەغەکرێت. چەندین کەناڵی نوێ ئامادەدەکرێت بۆ گواستنەوەی ئاوی لافاو بۆ ناوچە سەوزەکان کە بۆ هەڵمژینی بڕێکی زۆری ئاو بەکاردەهێنرێت. لە هەمان کاتدا سیستەمی ئاگادارکردنەوە و ئامادەکاری بۆ باری نائاسایی باشتر کراوە بۆ ئەوەی بە خێرایی بگاتە خەڵک. سەرباری ئەوانەش چۆنیەتی یاسادانان بەبەردەوامی لەگەڵ مەترسییەکانی کەشوهەوا لە داهاتوودا دەگونجێنرێن، هەروەها توێژینەوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە م بوارەدا دەگێڕن. قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ڕێسایەکی تایبەتیان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان، بۆنموونە لە لافاوەکەی دۆڵی ئەهر (The Ahr Valley) ساڵی 2021 لە ئەڵمانیا، لە میانەی کارەساتەکەدا حکومەتی فیدڕاڵی بە هاوکارییەکی بەرفراوانەوە هاتە ناوەوە بۆ فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی درێژخایەن. سەرەتا کابینەی فیدراڵی پاکێجێکی فریاگوزاری بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن یۆرۆ پەسەند کرد تاکو بە خێرایی پارە بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، ماڵ و ژێرخانی وێرانبوو دابین بکات، کە لەلایەن هەرێمە فیدراڵییەکانەوە بە هاوبەشی ئامادەکرا. دوای ماوەیەکی کەم، سندوقێکی نیشتمانی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی 30 ملیار یۆرۆ دامەزرێنا، کە ئیتر شارەوانییەکان، ماڵ و کۆمپانیاکان دەتوانن داوای پشتگیری لەو سندوقە بکەن بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆر لە تێچووی چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوە بۆ بژاردنی نزیکەی 80% ی زیانەکان لە داهاتوودا. هەروەها حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ وڵاتانی تر کەوتنەکار بۆ خێراکردنی پارەدان و بەکارهێنانی سندوقەکانی هاوپشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ بوژانەوەی ناوچەکە. بەڵام بەداخەوە لای خۆمان لە ناوچەیەکدا کە لە مێژە کەم ئاو بووە، ئێستا بەهۆی لافاوەوە ئاوەکەشی بەفیڕۆ دەڕوات.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ئەو شتەی هەر چاودێرێکی ئاسایی لە پەیوەندیدا بە رووداوە گەورە و بچوکەکانی کوردستانەوە، تێبینی دەکات، لەناویشیاندا رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ، کە بە هەموو مانایەک رووداوێکی تراژیدییە، وونبوونی تەواوەتی مانا «گشتیی» و «دەستەجەمی»ەکانی رووداوەکەیە لەناو بەشێکی گەورەی ئەو روانین و نمایشکردنانەدا کە دوای رووداوەکە هاتونەتەکایەوە. ئەوەی غائیبە ئەو رەهەندە گشتیی و پێکەوەییە کە مانایەکی دەستەجەمعیی بە کارەساتەکە دەبەخشێت و سیاسەت خۆیشی دەکات بەو چالاکییە سەرەکیی و هاوبەشەی مرۆڤەکان لە ڕێگایەوە ژیانێکی گشتیی و هاوبەش دروستدەکەن. ئەو زمانی قسەکردنەی ناوەندە سیاسییەکە و حاشییە گەورەکەیان، لە میدیاکار و وتەبێژ و هەوادارانیان، لەسەر رووداوەکە قسەی پێدەکەن و ئەو هەڵسوکەوتانەی لەسەر زەویش پیادەیدەکەن، هەرچییەکیان نیشاندابێت، ئەو رەهەندە گشتیی و پێکەوەییان نیشاننەداوە کە کۆمەڵگایەک دوای هەر کارەساتێکی گەورە، لە فۆرمی هاوخەمییەکی گشثیدا، پێویستی پێیەتی. لەناو ئەم زمان و هەڵسوکەوتە سیاسیانەدا کە گوێمان لێیاندەبێت و دەیانبینین، کارەساتەکەی چەمچەماڵ، لە کۆستێکی دەستەجەمعیی تراژیدییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێک بۆ موزایەدەی سیاسیی و خۆنمایشکردنێکی شانۆکارانە و نارسیزمێکی سیاسیی کوشندە. کە هەر یەکێکیان وەک بکوژ و وێرانکەری هەر ئیجماعێکی سیاسیی بەرپرسیار و هەر کۆگیرییەکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی کاردەکەن. کە باس لە نارسیزمی سیاسیی دەکەم، هێما بۆ ئەو دۆخە بیمارە دەکەم کە تیایدا بکەرە سیاسییەکان، ویستی بەرپرسیارێتیی و خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەیان تەڵاق داوە و لە شوێنی ئەودا خواستی دروستکردنی وێنەیەکی فریادڕەسیان بۆ خۆیان، ئەکتیڤ و چالاککردوە. ئەوان دەخوازن وێنەی سەرۆکێکی دڵسۆز و خەمخۆر و بێوێنە، بۆ خۆیان دروستبکەن و لە ڕێگای ئەم وێنەیەشەوە رکابەر و کەسانی لەخۆیان نەچوو، بخەنە خانەی ناپاک و بێباک و خائین و خۆفرۆشەوە. ئەوەی بەبەرچاومانەوە روودەدا بەکارهێنان و خستەنگەڕی پێگە جیاوازەکانی دەسەڵاتە، نەک بۆ نیشاندانی هاودەردیی و هاوخەمیی و خزمەتکردنێکی بەرپرسیار و ڕاستەقینەی هاوڵاتیان، بەڵکو بۆ دروستکردن و سەپاندنی وێنەی خۆیان وەک فریادڕەسێکی بێرکابەر کە وڵاتەکە و کۆمەڵگاکە و مرۆڤەکانی ناویان، بە موڵکی شەخی خۆیان دەزانن. ئەم نارسیزمە سیاسییە، سەرجەمی دامەزراوەکانی ئەم دەسەڵاتدارییە و سەرچاوە مادییەکانی خستۆتە خزمەتکردنی وێنەی نمایشکراوی دەسەڵاتدارەکانەوە، کراون بە ئامرازێک بۆ نیشاندانی شکۆمەندیی دروستکراوی ئەوان و ئەو بنماڵە و پارتە سیاسییەی ئەوان لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتیدا، دانیشتون. سەرجەمی پلان و شێوازی بەدەمەوەچونی قوربانییەکانی کارەساتەکە، گۆڕاون بۆ شانۆی خۆنمایشکردنی ئەوان و دەرکەوتنیان وەک فریادرەسێکی بێوێنە. یان وەک پاڵەوانێکی دڵسۆز و خەمخۆری خاوەن ویژدان. لەم نمایشە شانۆییەشدا هەم کۆمەڵگا و هەم هاوڵاتییان لەوەدەکەون کۆمەڵگا و هاوڵاتیی بن بە مانا راستەقینەکەی خۆیان، واتە شتێک بن خاوەن ماف و خواست و ئیرادەی سەربەخۆ، بەشداربن لە دروستکردنی بڕیارەکاندا، خزمەتکردنیان وەک ئەرکی دەوڵەت و حوکمڕانییەکە ببینن، بەڵکو گۆڕاون بۆ تەماشەکەرێکی پاسیڤ و بێچارە، بۆ لێقەوماوانێکی بێدەرەتان کە چاوەروانی مەکرەمە و خێری دەستی فریادڕەسە سیاسییەکان بن. ئەم نارسیزمە سیاسییە تا ئەو شوێنە دەڕوات حەزی سەرسامبوون بە فەرمانڕەوابوون و نمایشکردنیان وەک شکۆمەندێک تێپەرێنێت بۆ ئاستی کردنیان بە بووەوەرێکی پیرۆز و ئاسمانی. سەرجەمی ئەم دیمەنە، لە ئاستە فەلسەفییەکەیەدا، مانای کۆتاییهێنانە بە سیاسەت وەک پەیوەندیی نێوان مرۆڤە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بۆ دروستکردنی ژیانێکی هاوبەشی متمانەپێکراو. مانای گۆڕینی دەسەڵاتی گشتیشە بۆ ئامرازی نمایشکردنی «من»ی فوتێکراوی سەرکردە سیاسییەکان. بریتییە لە داماڵینی تەواوەتی سیاسەت لە هەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیارێتی و ڕاستیگوتن و مانای هاوبەش. ئەوەی روودەدات وێرانکردنی هەر دیدگا و تێگەیشتنێکە، جیهان هەم بە دیوە کارەساتاویی و هەم بە دیوە خۆشگوزەرانییەکەیدا، وەک مەسەلە و واقیعێکی هاوبەش ببینێت کە مرۆڤەکان بەیەکەوە خاوەنی بن. واقعێک لە پشتییەوە کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگا و کارەساتەکانی وەک کارەساتی هاوبەش ئامادەبێت، نەک وەک سەرزەمینی خۆنمایشکردنی ئەم یان ئەو فەرمانڕەوا و ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیی. ئەوەی لەم نارسیزمە سیاسییەدا غائیبە، بوونی هاوسۆزیی راستەقینەیە بۆ کەسانیتر، بەتایبەتی کەسانی لە خود جیاواز. کردنی خود خۆشیەتی بە سێنتەری هەموو شتەکان و فریادرەسیی ناوە کارەساتەکان. ئەم نارسیزمە سیاسییە ئامرازی بێنرخکردنی تەواوی مەسەلە گشتییەکانی کۆمەڵگایە، دوورکەوتنەوەیە لە خەم و خواستە گشتییەکان، سڕینەوەی بەردەوامی چاوەڕوانییە گشتییەکانە. ئەوەی لە شوێنی ئەم شتانە کاردەکات خۆبەگەورەزانینێکی بیمارە، کە لەناو تەفاسیلەکانیدا واقیع وەک واقیع سڕدراوەتەوە، تەحەدا گشتییەکان نابیناکراون و هاوبەشە کۆمەلایەتیی و ئینسانییەکانیش بەتایبەتکراون. نارسیست بە مانا ئەفلاتونییەکەی کەسێکە نەک توانای حوکمڕانییکردنی کۆمەڵگای نییە، چونکە حوکمران پێویستیی بەوەیە بتوانێت رەهەندە گشتیی و پێکەوەییەکانی دەرەوەی خودە نارسیستییەکەی خۆی ببینێت، بەڵکو توانای حوکمڕانییکردنێکی عەقلانیانەی خودی خۆیشی نییە. لەم دۆخەدا خواست و پێداویستی بە سەرسامبوون و بە بەرزراگرتی وێنەی خود وەک کەسێکی بێوێنە، شوێنی سەرجەمی ئەو رەهەندە گشتییانە دەگرێتەوە کە حوکمڕانیکردن پەویستیپێیانە. خاڵێکی دیکە کە پێویستە جەختێکی تایبەتی لەسەر بکەین، ئەو راستییەیە کە نارسیزمی سیاسیی بەردەوام پێویستیی بە دروستکردنی دوژمن و ناحەزی هەمەجۆرە. نارسیزم تەنها دوژمنیش دروستناکات، بەڵکو پێویستییەکی گەورەشی بە بوونی دوژمنان هەیە. لە نارسیزمی سیاسیدا دوژمن بەشێکی ناوەکیی خەیاڵێکی سیاسیی نارسیستییانەیە. لە ڕێگای دوژمنەوە، نارسیزمی سیاسیی، هەم پارێزگاری لە وێنەی خۆی وەک فریادرەسێکی پاکژ و بێگوناه دەکات، هەم پارێزگاریش لە هەستی خۆبەگەورەزانینی خۆیشی. سیاسەتی نارسیستی، وەک سیاسەتی دینیی، جیهان بۆ باش و خراپ، پاک و پیس، دڵسۆز و ناپاک دابەشدەکات. بەشە باش و پاک و دڵسۆەزەکە خود خۆیەتی، و دەرەوەی ئەو خودەیش بەشە خراپ و پۆخڵ و خائین و ناحەز و دوژمنەکەیە. بۆئەوەی خۆیشی وەک بوونەوەرێکی بێگوناه و پاکژ رابگرێت، دوژمنە دروستکراوەکانی وەک تاوانبار و توندوتیژ و هێرشبەر و پیلانگێر وێنادەکات. ئەو دابەشکردنەی کارل شمیت لە سیاسەتدا لە نێوان دۆست و دوژمندا دەیکات، لە سیاسەتی نارسیستیدا تەواو پەرگیر و هەمەلایەن دەبێت و پێداویستیی بوونی دوژمن تا ئاستی خۆکوژیی بەرزدەبێتەوە. سیاسەتی حیزبە کوردییە باڵادەستەکان لەدوای کارەساتەکەی چەمچەماڵەوە سیاسەتێکی دروستکردن و داتاشینی دوژمنە بەمانا پەڕگیر و خۆکوژییەکەی. ئەم نارسیزمە سیاسییە، هێما بۆ شکستێکی ئەخلاقیی گەورە دەکات کە تیایدا ئازارە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکان دەگۆڕدرێن بۆ سەرزەمینی خودئەڤینیەکی بیمار و موزایەدەکردنێکی هەمەلایەن و فوتێکراو. ئەوەی گوێی لە زمانی بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی دوای رووداوەکەی چەمچەماڵ بێت بە ئاسانی باڵادەستی لۆژیکی فریادڕەس و لە دەستدانی لانی هەرەکەمی عەقلانیەتی سیاسیی دەبیستێت. کردەوەکانیش بە ئاسانی گەشە بە لۆژیکی دابەشکردنی دوژمنکارانەی کۆمەڵگاکە دەدەن بۆ ئیمارەتی سیاسیی سنوورداخراو و دوژمن بەیەک. کارەساتەکەی چەمچەماڵ لەباتی شتێک لە کۆگیریی و پێکەوەبوونی نیشتیمانیی و ئینسانی دروست و نیشانبدات، ناوەندێکی سیاسیی تەواو نارسیستی داڕزاومان نیشانئەدات، کە دابڕاوە لە لانی هەرەکەمی بەرپرسیاریەت. تەنانەت کارەساتە گەورە و وێرانەکەرەکانیش ناتوانن سنوورێک بۆ ئەم نارسیزمە سیاسییە و ئەم خۆنمایشکردنە هەرزانە دابنێنن.
درەو: لە كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی لە پیرمام هیچ رێككەوتنێك نەكراوەو باسی هیچ پۆست و پلەو دابەشكارییەك نەكرا، كۆبوونەوەكە باش نەبووە، گەڕانەوەبووە بۆ خاڵی سەرەتا، ئەگەری دروستبوونی وەفدی دانوستانكاری نوێ هەیە. سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی كە ئەمڕۆ لە پیرمام بەڕێوەچوو ووردەكاری كۆبوونەوەكەی بۆ (درەو)ئاشكراكرد: كۆبوونەوەكەی نێوانیان هیچ بەرەو پێشچونێكی نوێی بەخۆوە نەبینیوەو هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەسەر پۆست و پرسەكان نەبووەو ئەتوانین بڵێین كۆبوونەوەیەكی باش نەبووەو گەڕانەوەبووە بۆ خاڵی سەرەتا. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی رونكردەوە كە لەسەرەتای كۆبوونەوەكە وەفدی یەكێتی پرسیارێكیان لە وەفدی پارتی كردووە: گفتوگۆكان لەو شوێنەوە دەستپێدەكەین كە پێش هەڵبژاردن راگیرا، یاخود لە شوێنی دیكەوە، وەفدی پارتی بەڕونی بە وەفدی یەكێتیان راگەیاندووە ئەوەی پێش هەڵبژاردن گفتوگۆی لەسەركراوە شتێك بوو ئێستا دوای هەڵبژاردنەو شتێكی ترە كەواتا دەبێت لە شوێنێكی ترەوە دەستپێبكەینەوە، بۆیە وەفدی یەكێتی بە وەفدەكەی پارتیان راگەیاندووە ئێمە بە گونجاوی نازانین لەم قۆناغەدا بەم شێوە بەردەوام بین و دەگەڕێینەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و لەوێ بڕیار دەدەین كە ئەم وەفدە بەردەوام بێت یان وەفدەكە دەگۆردرێت، چونكە ئەوەی وەفدی پارتی دەیەوێت جیاوازە لەوەی پێشتر گفتوگۆی لەسەركراوە، كەواتا گفتوگۆكان گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. كۆبوونەوەكە كاتێكی كەمی خایاندووەو كۆتایی هاتووەو وەفدی پارتی و یەكێتی دەگەڕێنەوە مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان بڕیار دەدەن. ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا باسی هیچ پۆستێكی حكومەتی هەرێم نەكراو لە كۆبونەوەكەدا وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون كە لە ئێستادا گفتوگۆكان تەرخانبكرێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و ئەو پرسە یەكلابكرێتەوە و حكومەتی هەرێم پێكبهێندرێت ئێنجا گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی بەغداد بكرێت. بەڵام وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە لە ئێستادا هەردوو پرسەكە لەرووی كاتەوە نزیكن لەیەكەوە پێویستە وەك یەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئێستا شیعەو سونە پۆستەكانی خۆیان یەكلا دەكەنەوە، بۆیە پێویستە كوردیش خۆی ئامادەبكات و گفتوگۆكانی بە ئاراستەی یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆككۆمار چڕبكاتەوەو ئەو پۆستە یەكلا بكاتەوە، كە یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بە شایستەی خۆی دەزانێت، بۆیە پێویستە لەسەر كاندیدێكی یەكێتی رێكبكەوین، واتا یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوون هەردوو پرسەكە بكرێنە یەك پاكێج بەڵام وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوەبوون كە پۆستەكانی هەرێم و حكومەتی هەرێم یەكلا بكرێتەوە ئینجا بەغداد. لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی پارتی بەتایبەت پشتیوانی سادق گلەییەكانی پارتی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە بەتایبەت گلەیی لە یەكێتی كردووە كە بۆچی پێشنیازی پارتی قبوڵناكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێش هەڵبژاردن رێككەوتنیان دواخست و ئێستاش ناتانەوێت ئەو پرسە یەكلابكەینەوە، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە دەبێت پۆست و پرسەكان بكرێنە یەك پاكێج و بەیەكەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و یەكلا بكرێنەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد لە كۆبوونەوەكەدا بەهیچ شێوەیەك باسی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و دابەشكاری پۆستەكان نەكراوە بەتایبەت پۆستی وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی و یەكێتی. بۆیە وەفدەكەی یەكێتی و پارتی بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێك كۆتاییان بە كۆبوونەوەكەی پیرمام هێناو هەریەكەیان گەڕانەوەو بڕیارە ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان بگەیەننەوە مەكتەبی سیاسی حزبەكانیان زیاتر لە ساڵێك و یەك مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، پارتی و یەكێتیی لە دانوستانەكانی دوای هەڵبژاردندا لەسەر (كارنامە)ی حكومەت رێككەوتنیان كرد، بەڵام لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان نەگەیشتنە رێككەوتن . لە دواین هەڵبژاردندا، لە كۆی 100 كورسی پەرلەمان؛ پارتی (39) كورسی و یەكێتیی (23) كورسیان بەدەستهێناوەو براوەی یەكەمی و دووەمی هەڵبژاردنن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (15) كورسی لە پلەی سێیەمدایە.
راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بۆ ساڵی 2024؛ 🔹 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن و 519 هەزار و 129) کەسەو (2 ملیۆن و 841 هەزار و 634) کەسیان بە ڕێژەی (43.59%) لە قەزای ناوەندی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) نیشتەجێن و (3 ملیۆن و 677 هەزار و 495) کەسیان بە ڕێژەی (56.41%) لە سنوری کارگێڕی قەزاو ناحیەو گوندەکان چڕبوونەتەوە. لەسەر ئاستی قەزاکانیش سنوری کارگێڕی قەزای (زاخۆ) لە پارێزگای دهۆک بە (398 هەزار و 876) کەس زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایە، سنوری کارگێڕی قەزای (ماوەت) لە پارێزگای سلێمانی بە (3 هەزار و 843) کەس کەمترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایە. 🔹 ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر (2 ملیۆن و 517 هەزار و 534) کەسەو (ملیۆنێک و 288 هەزار و 538) کەسیان بە ڕێژەی (51.2%) لە قەزای ناوەندی پارێزگاکە نیشتەجێن و (ملیۆنێک و 228 هەزار و 996) کەسیان بە ڕێژەی (48.8%) لە سنوری کارگێڕی قەزاو ناحیەو گوندەکانی سنوری پارێزگاکە چڕبوونەتەوە. سنوری کارگێڕی قەزای (بنەسڵاوە) زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایەو بە ڕێژەی (12.5%)ی دانیشتوانی پارێزگاکەو قەزای (سیدەکان)یش بە ڕێژەی (0.76%) کەمترین ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن. 🔹 ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی (2 ملیۆن و 401 هەزار و 724) کەسەو (ملیۆنێک و 56 هەزار و 67) کەسیان بە ڕێژەی (44%) لە قەزای ناوەندی پارێزگاکە نیشتەجێن و (ملیۆنێک و 345 هەزار و 657) کەسیان بە ڕێژەی (56%) لە سنوری کارگێڕی قەزاو ناحیەو گوندەکانی سنوری پارێزگاکە چڕبوونەتەوە. سنوری کارگێڕی قەزای (کەلار) زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایەو (8.9%)ی دانیشتوانی پارێزگاکەو قەزای (ماوەت)یش بە ڕێژەی (0.16%) کەمترین ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن. 🔹 ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک (ملیۆنێک و 599 هەزار و 871) کەسەو (497 هەزار و 29) کەسیان بە ڕێژەی (31.1%) لە قەزای ناوەندی پارێزگاکە نیشتەجێن و (ملیۆنێک و 102 هەزار و 842) کەسیان بە ڕێژەی (68.9%) لە سنوری کارگێڕی قەزاو ناحیەو گوندەکانی سنوری پارێزگاکە چڕبوونەتەوە. سنوری کارگێڕی قەزای (زاخۆ) زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایەو بە (24.9%)ی دانیشتوانی پارێزگاکەو قەزای (باتیفیا)یش بە (19 هەزار) دانیشتوو و ڕێژەی (1.2%)ی کەمترین ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن. خشتەکانی خوارەوە شێوازی دابەشبوونی ژمارەو ڕێژەی دانیشتووان لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) ڕووندەکاتەوە.
خالید سلێمان بەگوێرەی ئەو ژمارانەی بڵاوبوونەتەوە، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ شاری چەمچەماڵ و زیان لێکەوتوانی، لە حەوت ملیار دنیار زیاترە. جگە لە قەرەبوو کردنەوەی ئەو خێزانانەی زیانی زۆرو ڕاستەوخۆیان لێکەوتووە، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە چۆن و لە چیدا خەرجبکرێت؟ ئەمە پرسیاری هەر کەسێک دەبێت کە لە دوورو نزیکەوە ئاگای لە دۆخی شارەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکێ و دەورووبەریان بێت. وەڵامەکەش لای ئیدارەی شارەکەیە، هەروەها پارێزگای سلێمانی و حکومەتیش، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا دووبارە بیرکردنەوە لە دۆخی ژێرخان و بووژانەوەی شارەکە دووای لافاوێکی وێرانکەر، پێداویستی سەرکەوتنی هەر هەنگاوێکە لە پێناو بووژانەوەو بنیادنانەوەدا. بە دڵنیاییەوە، یەکەم هەنگاو نۆژەنکردنەوەی موڵک و ماڵی زیان لێکەوتووەکان دەبێت. بەڵام، هەنگاوی گرنگتر لەوە، دروستکردنی ژێرخانێکە، گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە بدات، هەروەها دوو هەنگاو شارەکەش بباتە پێشەوە. هەر لێرەوە، هەنگاوی دووای ئەوە، نۆژەنکردنەوەی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ دەبێت، بەشێوەیەک لەگەڵ ئەو دۆخە ژینگەیەدا بگونجێت کە وابەستەی دوو فاکتەری گرنگن: یەکەمیان نشوونمای دانیشتوان و فراوانبوونی ڕووبەری شارە، دووەمیشیان ئەو مەرجانەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا سەپاندونێتی و دەبێ لە بنیادنان و دیزانی نوێی شوێنی نیشتەجێبووندا ڕەچاو بکرێن. ئەمڕۆش لە ئاستی هەموو دنیادا، کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ژێرخانی شارەکان لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا چاک و پتەو بکرێن و توانای بەرگەگرتنی کارەساتە سروشتییەکانیان هەبێت، چونکە داڕمان و هەرەسهێنانی ژێرخان (ئاو و ئاوەڕۆ، تەندروستی، خوێندن و فێرکردن و وزە)، دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئابووری. دەکرێ هەنگاوی سێیەم، ستاندارد کردنی بنیادنان و فراوانکردنی ڕووبەری شار بێت، بەشێوەی لەگەڵ مەرجە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوادا بگونجێت. یەکێک لەو گرفتانەی ئەمڕۆ تووشی شارەکانی کوردستان بووە ئەوەیە، کە فراوانبوونی بێپلان و هەڕەمەکی، ئاوڕێژە سروشتییەکانی لەناوبردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لێزمە بارانێک ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو. چوارەم، دەکرێ دووبارە بیر لە هەڵکەوتەی جوگرافی و تۆبۆگرافی ناوچەکە بکرێتەوەو لە ڕووی زانستییەوە هەڵبسەنگێنرێت، ئایا دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی باراناو چارەسەرە، یان گۆڕینی ئاراستەی ئاوڕێژەکان بەرەو شوێنی گونجاو؟ بۆ ئەوەی هەر گۆڕانێک لە ئاراستەی ئاوڕێژەکاندا، زیان نەگەنێتە زەوی کشتوکاڵی و ئیکۆسیستمی ناوچەکە، دەکرێ بیر لە دانانی بۆڕی گەورەو فراوان لە ژێر زەویدا بکرێتەوە بۆ ئاراستەکردنەوەی لافاو، یان پۆندو بەنداوی بچووکی نیوە سەرگیراو. پێنجەم و کۆتایی، دروستکردنی پلاتفۆرمێکی فراوان لە پێناو بەشداری پێکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە بنیادنانەوەو چاککردنەوەی ژێرخاندا، چونکە ئەزموونی خۆڕسکیی دانیشتوانی ناوچەکە لەگەڵ جوگرافیاو تۆبۆگرافیای ناوچەکەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی هەر هەنگاوێکی زانستیی و ئەندازیارییە.
درەو: ئەمڕۆ لە بازگەی كۆیە رێگری لە چەند بەرپرس و پاسەوانێكی پارتی كرا بچنە سلێمانی، لەبەرامبەردا لە دێگەڵەو سماقولی رێگری لە وەزیر و مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی كرا بچنە هەولێرەوە. بەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی كۆیە (یەكێتی) رێگری كراوە لە چەند بەرپرس و پاسەوان و هێزی ئەمنی پارتی كە داخڵی سنوری كۆیە – سلێمانی ببن، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی – هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت: ئەمڕۆ دووشەممە لە بازگەی سنووری کۆیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیەوە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی، ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێم ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە. لە بەرانبەر ئەو کردارەدا ڕێکارەکان لە بازگەکان توند کرا و هاتوچۆکان سنووردار کران، بەڵام دوای ئەوەی ڕوونکردنەوە درا کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە، دۆخی بازگەکان ئاسایی بوویەوە.داواکارین ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە دوای رووداوەكەی بازگەی كۆیە رێگری كراوە لە فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (بەپلەی وەزیر) و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە سلێمانیەوە بەرەو هەولێر رۆیشتوون، رێگریان لێكراوە بچنە هەولێر و گەڕاندویانەتەوە، لە بازگەی سماقولیش رێگری لە لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كراوە بچێتە هەولێر و گەڕاندوویانەتەوە.
درەو: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاد: چوار بەرپرسی سنوری چەمچەماڵ داوای بەخشیان كردووە لە پۆستەكانیان ئەو بەرپرسانەی بەهۆی لافاوەكەی چەمچەماڵەوە لە پۆستەكانیان بەخشران رەمك رەمەزان – قایمقامی چەمچەماڵ ئارام نەجات - سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ هاوتا عەزیز حمید بەڕێوەبەری ناحیە شۆڕش عەبدوڵا حەمە كاكە بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ
درەو: دوای ئەوەی ئەندازیار ووریا عەبدولخالق لە گروپی را لە چەمچەماڵ بابەتێكی بەناوی (هۆكاری زانستی لافاوەكەی چەمچەماڵ) بڵاوكردەوەو لە چەند بڕگەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە" چەند شیوێك پڕكراونەتەوە كە بە ئاراستەی پرۆژەی چەۆمۆ سیتی كۆمپانیای بەڕێز بوونەو ساتریخۆڵ لێدراوە لە قازانجی كۆمپانیای بەڕێز و یەكێك لە هۆكارەكانی لافاوەكەی چەمچەماڵبوون" بۆیە كۆمپانیای بەڕێز لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت" بە هیچ شێوەیەک ئاراستە و ڕێڕەوی شیوی ژمارە (٢) بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە و دوورە لە راستیەوە، تۆمەتی دروستکردنی ساتر و پڕکردنەوەی شیوەکان و لێدانی خەندەقی داوەتە پاڵ کۆمپانیاکەمان. لێرە دەقی نوسینەكەی ئەندازیار ووریا عەبدولخالق و كۆمپانیا بەڕێز بڵاو دەكەینەوە. وەڵامێک لە گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێزەوە بۆ چەواشەکارییەکانی (وریا عەبدولخالق) لەکاتێکدا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی خەمبار و دڵگرانن بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی کە لە قەزای چەمچەماڵی خۆشەویست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا، دەستبەجێ کەسانێک بەبێ زانیاری و بەتایبەت پێش ئەوەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو لیژنانەی کە پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان هیچ ڕاپۆرت و دەرەنجامێک بڵاو بکەنەوە، جارێکی تر (وریا عەبدولخالق) پەنجەی تۆمەتی بۆ کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی (چەرموو سیتی) لە چەمچەماڵ درێژ کرد، و ئێمەی دەستنیشان کردووە بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوودانی لافاوەکە. لەکاتێکدا واقیعی حاڵ و زانستی تۆپۆگرافی زەویی ناوچەکە و بارانبارینی ساڵانی ڕابردوو بەتەواوەتی وتەکانی ناوبراو بەدرۆ دەخاتەوە. پڕۆژەی چەرموو سیتی -کە خۆی دەبینێتەوە لە نزیکی ١٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بەسەرجەم خزمەتگوزارییەکانیەوە و سوپاس بۆ خودا لەم کارەساتەدا خۆی و دانیشتووانەکەی سەلامەت بوون، لەسەر بنەمای توێژینەوەی ورد و بەگوێرەی پێوەرە ئەندازیارییەکان جێبەجێ کراوە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پڕۆژەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژینگە و سیستەمی ئاوەڕۆ و سروشتی ناوچەکە نەبێت، هەموو قۆناغەکانی پڕۆژەکە لەژێر چاودێریی وردی ئەندازیارانی شارەزا و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بووە. کۆمپانیاکەمان زۆر باش دەزانێت کە پاڵنەری بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە و وتەکانی ناوبراو لەم کاتەدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و مەبەستی چییە! ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم بەڕێزە بانگەشەی خراپ و تۆمەتی ناڕەوا و تەشهیر ئاراستەی کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی چەرموو سیتی دەکات، لێرەوە بە پێویستی دەزانین کە خوێنەری ئەم ڕوونکردنەوەیە بزانێت کە لە ڕابردوودا هەستاوین بە تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی بە ژمارە (٧٩٩/ب/٢٠٢٥) لە دادگای بەرایی سلێمانی/٣ لەسەر ناوبراو و چەند کەسێکی تر لە (گرووپی ڕا)، چونکە ناوبراوان لەو کەیسەدا بە هەمان شێوە کۆمەڵێک بانگەشە و تۆمەتی ناڕەوایان ئاراستەی کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی چەرموو سیتی کردووە. بۆیە هەر زوو لە مەرام و مەبەستی ناوبراو تێگەیشتین، و لە ڕووی لۆژیک و ژیرییەوە ئاشکرایە کاتێک کەسێک کێشەیەکی هەبێت لەگەڵ لایەنێکی تردا و داوای لەسەر تۆمار کرابێت، بەدڵنیاییەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تاوەکو بە هەر شێوازێک بێت تۆمەتی ناڕاستی بداتەپاڵ و تۆڵەی لێ بکاتەوە. بەدڵنیاییەوە هەرچۆن لە ماوەی ڕابردوودا بە بەڵگە و یاسا ڕووبەڕوویان بووینەتەوە، بۆ ئەم بابەتەش پشت بە خودای گەورە هەروا دەکەین و ئەمڕۆ یان سبەی ڕاستییە زانستی و واقیعییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و قەزای (چەمچەماڵ)ی کارەساتبار یەکلادەبنەوە، ئەوانەش کە چاویان بە ئێمە و پڕۆژەکانمان هەڵنایەت و هەڵگری کۆنەقینن لەگەڵماندا، هیچیان بۆ نامێنێتەوە. لە خوارەوە بە چەند خاڵێک ڕوونی دەکەینەوە کە ئەوەی (وریا عەبدولخالق) وتوویەتی و باسی کردووە ڕاست نییە و نازانستییە و پێچەوانەی واقیعی حاڵ و تۆپۆگرافی زەویی ناوچەکەیە: ١/ زەویی تۆپۆگرافی ناوچەکە: ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی "شیوی ژمارە ٣" دەکات، لەکاتێکدا بەپێی وێنەی مانگی دەستکرد و واقیعی حاڵی شوێنەکە، شیوێک نییە بە ناوی شیوی ژمارە ٣، بەڵکو ئەوەی ئەو بە شیوی ژمارە ٣ دیاری کردووە بریتییە لە بەرزی. لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت: لە کوێی دونیادا هەبووە شوێنێک گرد بێت و بە شیو ناوی بهێنێت؟؟؟ و بۆ بەڵگەش هەر کەس بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە ئەو وێنانە تەماشا بکات کە پێش ڕووداوەکە بوون. لەگەڵ ئەم خاڵەدا و بۆ پشتڕاستکردنەوەی وتەکانمان وێنەی ژمارە (١)مان داناوە. (وێنەی ١: شوێنی چەمی ژمارە ٣ کە بریتییە لە بەرزی). ٢/ شیوی ژمارە (٢): یەکێکی دیکە لەو شیوانەی کە ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێداوە کە گوایە بە ئاراستەی چەرموو سیتییە و پڕکراوەتەوە، ئەمەش بەهەمان شێوە لە ڕووی واقیعی حاڵ و وێنەی مانگی دەستکردەوە دەردەکەوێت کە وتەکانی ناوبراو ناڕاستن بەم بەڵگانەی خوارەوە: • أ- بە هیچ شێوەیەک ئاراستە و ڕێڕەوی شیوی ژمارە (٢) بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە، بەڵکو ئەو شیوە بە تەنیشت پڕۆژەکەدا تێدەپەڕێت، و بە دیاریکراوی شیوی ٢ دەکەوێتە نێوان پڕۆژەی چەرموو سیتی و گەڕەکی شۆڕش. وێنەکانی مانگی دەستکرد و واقیعی حاڵ ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و دەریدەخەن کە وریا عەبدولخالق بەمەبەست ئەم چەواشەکارییانەی باس کردووە. ئەگەر نا، دانیشتووانی چەمچەماڵ بەگشتی و بەدیاریکراوی نیشتەجێبووانی پڕۆژەکە باش دەزانن کە ئاراستەی ئەو شیوی (٢)ە بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە و ئەم قسەیە دوورە لە ڕاستییەوە. بۆ زانیاری زیاتر دەکرێت سەرنجی وێنەی ژمارە (٢) بدرێت. • ب- شیوی ژمارە ٢ پڕ نەکراوەتەوە و لە کاتی کارەساتی لافاوەکەدا ئاوی باراناو پێیدا تێپەڕ بووە. (وێنەی ٢: شوێنی چەمی ژمارە ٢ کە ئاراستەکەی بە تەنیشت چەرموو سیتییە). ٣/ دروستکردنی ساتر و لێدانی خەندەق: ئەم برادەرە تۆمەتی دروستکردنی ساتر و پڕکردنەوەی شیوەکان و لێدانی خەندەقی داوەتە پاڵ کۆمپانیاکەمان. لەگەڵ ئەوەی کە کۆمپانیاکەمان لە کۆنەقینی ناوبراو تێدەگات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بانگی دەکەینە بەردەم دادگا و دەبێت بیسەلمێنێت بە دیاریکراوی کە کۆمپانیای بەڕێز ساتر و خەندەقی لێداوە و شیوەکەی پڕکردووەتەوە، و ئەگەر نا دەبێت سزای یاسایی خۆی لەو بارەیەوە وەربگرێت، چونکە کۆمپانیاکەمان دوور و نزیک ئەو بابەتە ڕەت دەکاتەوە. وە بەپێی یاساش ئەو کەسەی کە بانگەشەی شتێک دەکات پێویستە بەڵگە بۆ بانگەشەکەی بهێنێتەوە، ئەگەر نا قسە و بانگەشەکانی بە پووچەڵ و بێبەها سەیر دەکرێت. لە کۆتاییدا بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە کە کۆمپانیاکەمان پڕۆژەی چەرموو سیتی جێبەجێ کردووە بەپێی "سایت پلان"ی پەسەندکراو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، کە تێیدا ڕەچاوی لایەنی ئەندازیاری و هونەری و ئاو و ئاوەڕۆ بەگشتی کراوە لە هەموو ڕوویەکەوە. وە کۆمپانیاکەمان هیچ بڕگەیەکی جێبەجێ نەکردووە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە. هۆکاری زانستی لافاوەکەی چەمچەماڵ وریا عەبدولخالق خەندەق و بەربەست بەڕووی ڕێڕەوی سروشتی ئاودا دروستکراوە وەبەرهێنەرێک ۹۰۰ مەتر خەندەق و بەربەستی دروست کردوە لەکۆی چوار شیوی سروشتی کۆتای بە سێ شیو هێنراوە زیادەڕۆی و پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاو کارەساتەکەی گەورەتر کرد لافاوەکەی ڕۆژی ۹ی ئەم مانگەی چەمچەماڵ هۆکارەکەی شێواندنی سروشت و تێکدانی ڕێڕەوی سروشتی ئاو بوو و بۆ یەکەمجار لافاو پێچەوانەی واقیع و سروشت سێ بەرزترین گەڕەکی چەمچەماڵی گرتەوە و ئاوی هاتوو بۆ ئەو گەڕەکانە لە سەرەوە نەهاتووە بەڵکو لەلاوە هاتوە . لە کۆنەوە لەبناری مەقان چوار شیو و ڕێڕەوی ئاوی هەبووە شیوی یەکەم سەرڕێژی بەنداوەکەی مەقانی خراوەتە سەر لە سەروی ناحیەی شۆڕشەوە بۆ نزیک گۆڕستانی وەسمان غەزال ڕۆیشتووە. شیوی دووەم و سێیەم بە ئاڕاستەی کۆمپانیای بەڕێز هاتووە شیوی چوارەم ئەو ڕێڕەوەیە بەنداوەکەی لەسەر دروستکراوە و لە پشتی مۆنۆمێنتی ئەنفال هاتووە و لە لێواری ڕێگای کەرکوک سلێمانی درێژ دەبێتەوە تا پردی نێوان چەمچەماڵ شۆڕش . بڕوانە وێنەی (1) ماوەی چەند ساڵێکە شیوی یەکەم زیادە ڕۆی دەکرێتە سەری و لە چەند شوێنێک قەنتەرەو ڕێگای لەسەر دروستکراوەو ڕێگای ئاو گیراوە و لە ڕۆژی لافاوەکە لە شوێنێکدا بەهۆی حەسر بوونی ڕێڕەوەکە ئاڕاستەکەی بۆ ناو شیوی چوارەم گۆڕاوە . بڕوانە وێنەی (2) شیوی دووەم و سێیەم چەند ساڵێکە هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێ و تاڕادەیەک کۆتاییان پێ هێنراوە لە پێناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بەردەوام هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێت و ساتر لەسەروی ماڵەکانی کۆمپانیای بەڕێز دروستکراوە و قورسای ئاو بۆ شیوی یەکەم گۆڕدراوە . بڕوانە وێنەی (3) و(4) شیوی دووەم جگە لە بەربەست کردنی بەساتری خۆڵ بەردەوام پڕ دەکرێتەوە و لە ئێستادا بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرێت و بە سەدان گەڵابە خۆڵ پڕ کراوەتەوە. بڕوانە وێنەی (5) و (6) ئاڕاستەی شیوی دووەم وابووە بۆ نێوان کۆمپانیای بەڕێز و ناحیەی شۆڕش چووە و دوای پڕ کردنەوەی ساتری خۆڵ لە پشت و سەروی کۆمپانیای بەڕێز دروست کراوە . وێنەی (7)و(8 شیوی سێیەم کە ڕووی لە خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز دەکردبەهەمان شێوەی شیوی دووەم پڕ کراوەتەوەو ساتر دروست کراوە . وێنەی (9) شیوی چوارەم درێژکراوەی ئەو دۆڵە سەرەکیەیە کە بەنداوی مەقانی لەسەر دروستکراوە و ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی دەرهێنانی تێکەڵە لە سەروی بەنداوەکە و دروستکردنی باخ و خانو لە تەنیشت و خوار بەنداوەکە پڕ دەکرێتەوە بەجۆرێک هەر خۆڵ و کۆنکرێت و پاشماوەی ڕوخاندنی هەر بینایەک لە چەمچەماڵ هەبێت دەبرێت بۆ ئەو دۆڵەو ڕێڕەوی دۆڵەکەی پێ پڕ دەکرێتەوە و دەکرێتە زەوی و دەکرێتە باخ و خانوو . وێنەی (10) و (11) و (12) لە نێوان خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز و گەڕەکی مۆفەریەکانی ناحیەی شۆڕش بەدرێژای ۹۰۰ مەتر خەندەق و ساتر لێدراوە بەهێڵی ڕاست و بووەتە بەربەست و شێواندنی ڕێڕەوی سروشتی و خەندەقەکە جیاکردنەوەی زەویەکە بۆ وەبەر هێنەرێک بەناوی مەلایاسین و بۆڕی ئاوی دوکان چەمچەماڵ دەداتە ناو زەویەکەدا و لە پێناو سەرمایەدارێک کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی پڕ کەم وکوڕی هەیە بە درێژای نزیکەی کیلۆمەترێک ڕێگای سروشتی ئاو شێوێنراوە بۆ پڕۆژەی دووەمی. وێنەی (13) و(14)و (15) شیوی چوارەم کە بەو هۆکارانەی سەرەوە ئاوی سێ شیوەکەی تری بۆ زیاد بووە لە خوار مۆنۆمێنتی ئەنفال تا پردی شۆڕش دوو بەنزینخانەو سێ ڕێگا بۆ خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ڕێڕەوەیەکەیان تەسک کردوەتەوە وێنەی (16) و (17) دەرئەنجام زۆرینەی ئەو ئاوەی ڕووی لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ کردوە لە ڕێگای سلێمانی کەرکوک سەرکەوتووە و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بۆ گەڕەکی ئاسودە و ڕووی لە ئاسایشی ڕۆژئاوا کردوەو دیواری گەراجەکەی ئاسایشی لە هەردوو دیو ڕوخاندوە و ئاو بۆ لای مزگەوتی سالار فەقێ لەگەڕەکی ئاسودە و دواتر بۆ گەڕەکی ٤٨ مامۆستایان ڕۆیشتووە. وێنەی (18) لەخوار مۆنۆمێنت و لە بەرامبەر خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ئاو بەسەر ڕێگای کەرکوک سلێمانیدا پەڕیوەتەوە و بەرەو کۆگای ئامەد لەگەڕەکی سێگۆسەکە و دواتر هاتوەتە سەر دووسایدی پشتی دادگا و ڕوو لە کتێبخانە و ناوبازاڕ . وێنەی (19) لە دووسایدی ڕۆیشتوو بۆ کۆمپانیای بەڕێز جارێکی تر ئاو سەر ڕێگای کەرکوک سلێمانی کەوتووە و لای نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی و مەکۆی گۆڕان ڕووەو گەڕەکی ڕاپەڕین ڕۆیشتووە . وێنەی (20) شیوی یەکەم لە چەند شوێنێک بەهۆی ڕێگا گرتنەوە ئاوەکەی ڕوەو گەڕەکی مۆفەریەکان ڕۆیشتووە و بەردەوام بووە تا گەڕەکی پیریادیەکان . وێنەی (21) بەنداوی مەقان و شیوی سەرەکی مۆفەر توشی کارەساتی گەورە بوون و دەریاچەی بەنداوەکە ئەوەندە بەرتەسک بوەتەوە بەشی ئەوەندە ئاو ناگرێت هەموی بەردەیتەوە بگاتە ناو چەمچەماڵ و لە پشتی بەنداو بەدوری ۷۰ مەتر خانو هەیە . وێنەی (22)و(23) ئەگەر بەپەلە ڕێڕەوی ئاوەکان چاک نەکرێنەوە هەمان کارەسات لە زستان و بەهار ڕوودەداتەوە و پێویستە بەزوویی لێپرسینەوە بکرێت و ڕێڕەوی ئاوەکان چاک بکرێنەوەو ئاو بەسروشتی خۆی بڕوات . تێبینی: ئەم نوسینە لەسەر بنەمای ئەندازیاری و زانستی نوسراوە و هەرکەس و لایەنێک ویستی دەتوانرێت مەیدانی ڕاستیەکانی پیشان بدەین. بەهیوام ڕاستیەکان نەشێوێنرێن و لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەن بکرێت و بەپەلە چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت و سزای ئەوانە بدرێت کە هۆکارن و مانەوەی دۆخی ئێستا مەترسیەکی گەورەیە لە زستان و بەهاری ئەمساڵ
🔸 ئامادەکردن و نوسینی: ئەندازیار لوقمان حەوێز 🔸 تێبینی: پێم وایە زۆر گرنگە بۆ هەموو بەرپرسان لە یەکە ئیداریەکانی حکومەت لە هەموو ناحیەکان و قەزاکان و شارە گەورەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە بخوێننەوە و ئاشنا بن بەو زانیاری و ڕێنمایی و پێشنیارانەی لێرە دەیانخەمەڕوو. 🔸 لەگەڵ ئەوەی بەهاناوەچوون و قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی لافاوەکانی ئەم دواییە ئەرکێک و کارێکی هەنوکەیی و گرنگی حکومەتە، بەڵام لەوەش گرنگتر پەیڕەویکردنی هەندێک ڕێنمایی و جێبەجێکردنی هەندێک پێشنیار و پڕۆژەیە لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن کە لەم بابەتە تیشک دەخەمە سەر هەندێکیان، ئەویش لەبەر ئەوەیە ئەو لافاوانەی کە لە هەفتەی پێشوو ڕوویاندا ڕەنگە مانگێکی تر یان چەند مانگێکی تر دوبارەبێتەوە لە هەمان شوێن و ناوچە یان هەر شوێنێکی تری باشوری کوردستان، بە دڵنیاییەوە لەمەودوا ساڵانە دۆخە توندەکانی کەش لە شەپۆلەکانی گەرما و سەرما و وشکی و لافاوەکان دوبارە دەبنەوە و زەقتریش دەبنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ناوچەیەی ئێمەش بە گوێرەی هەموو لێکۆڵینەوە زانستیەکان. 🔸 چەند ساڵێکە لە ڕێگەی چەندەها کەناڵی تەلەفزیۆنی و میدیایی بەپشت بەستن بە لێکۆڵینەوە زانستیەکان و بەو لێکۆڵینەوانەی کە خۆم ئەنجامم داوە یان بەدواداچوونم بۆ کردوە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی لافاو لە ویلایەتی تێکساس چەند جارێک وتوومە و ڕوونم کردۆتەوە کە یەکێک لە دیاردە هەرە زەقەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی هەسارەکەمان بریتیە لە توندبوونی دیاردەکانی کەش و هەوا، ئەویش بەو مانایەی کە چەندەها ساڵە شەپۆڵەکانی وشکی لەجاران توندتر و درێژتر بوون، شەپۆڵەکانی گەرما و سەرما کە ساڵانە بەرجەستە دەبن وردە وردە درێژتر و توندتر بن لە پێشووتر، دابارینە بە لێزمە و بەخوڕەکانیش توندتر و خێراتر دەبن نەوەک هەر لەلای ئێمە بەڵکو لە هەموو وڵاتی عێراق و نیوەی باکوری سعودیە و ئێران و باکور و ڕۆژئاوای کوردستانیش چاوەڕوان دەکرێت پتر لە نیوەی ئەو بارانەی ساڵانە دەبارێت بەشێوەی بارانی بەخوڕ و بە لێزمە و بەهەورەترشیقە و تەرزە بن لەگەڵ با و ڕەشەبای بەهێز، واتە ئەگەر گریمان لە شارێکی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا 400 میللیمەتر باری ئەوا پتر لە نیوەی ئەو بڕە بەشێوەی بارانی توند و بەخوڕ دەبن، هۆکارە سەرەکیەکەش هاتنی ڕێژەیەکی زۆرترە لە شێ لەکاتی گەیشتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکان بۆ سەر عێراق و ناوچەکەشمان بەتایبەتی لە دەریای سورەوە، نوێترین لێکۆڵینەوەش دەریخستوە کە بڕی شێ لەنێو هەموو ئەتمۆسفیری هەسارەی زەوی بەبڕی 4٪ زۆربووە بەبەراورد بە پەنجا ساڵ پێش ئێستا بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوی. 🔴 چی بکرێت باشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی لافاو لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون هەروەها بۆ پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان..؟ 🔸 یەکەم: لەبەر ئەوەی چارەسەرە بنەڕەتیان کە لە خاڵەکانی خوارەوە باسم کردون کات و پلان و بودجەی دەوێت کە بەپێی شوێن لەوانەیە چەند ساڵێکی بووێت تا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە پێویستە لەماوەی کورتخایەن هەندێک هەنگاو بنرێت، گرنگترینیان پێویستە بەردەوام فەرمانگە ئیداریەکان لەڕێگەی هۆبەیەکی بچوک زانیاری ورد و دروست و هەنوکەییان هەبێت لەسەر دۆخی کەش و هەوا، هەموو کاتێک لایەنی کەم بۆ دۆخی تا حەوت ڕۆژ یان دە ڕۆژ دوای ئەوە، تاوەکو سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی حکومی سەرتاسەری بەرجەستە دەکرێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان هەروەکو لەخاڵی دووەم ئاماژەم پێداوە تا ئەو کاتە دەکرێت ئەو هۆبەیە زانیاری ورد لە بەڕێوەبەرایەتیە سەرەکیەکانی کەشناسی وەربگرێت یان لە سەرچاوەی متمانە پێکراوی تر. 🔸 دووەم: بەرجەستەکردنی سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی حکومی سەرتاسەری تایبەت بە سەرهەڵدانی دۆخی کەشی توند severe.weather هەروەها بە دۆخە کتوپڕەکانی تریشەوە وەک بومەلەرزە و ئاگرە سروشتیەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەو سیستەمە دەتوانێت زیانی گیانی زۆر کەم بکاتەوە بەتایبەتی لەکاتی ڕوودانی دۆخە توندەکانی کەش و هەوا، بۆ نمونە بوونی ئەو سیستەمە کە دەیەها ساڵە لە ئەمەریکا هەیە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتەمە و لەسەر ئاستی ویلایەتەکان ئەو گرنگیەی سەلماندوە، تەنیا بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری و ئاگاداری کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کەشناسی لە کوردستان بڵاویان دەکاتەوە لە ڕێگەی کەناڵە میدیاییەکان بەس نیە، دەزگاکانی کەشناسی و بومەلەرزە لە هەرێم دەبێت کەناڵی سەرەکی پێدانی زانیاری بن بەو سیستەمە، دەکرێت وەکو وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕێگەی ئەو سیستەمی ئاگادارکردنەوە هاوڵاتیان بە کۆمەڵێک ڕێگە ئاگادار بکاتەوە لەوانە کورتەنامە، کەناڵە سەرەکیەکانی سۆشیاڵ میدیاکان و کەناڵە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنیەکان، دەکرێت ئەو سیستەمە ببێتە سەرچاوەی سەرەکی متمانەپێکراو بۆ هۆشداری پێدان و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان و یەکە ئیداریەکانیش سەبارەت بە دۆخە توندەکانی کەش و هەوا و دۆخە نەخوازراوەکانی تریش، لەسەر ئەو بنەمایەش هاووڵاتیان و فەرمانگە ئیداریەکان و پەروەردەکانیش بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆیان بدەن سەبارەت بە پشوو وەرگرتن بە پشت بەستن بەو هۆشداریدان و ئاگادارکردنەوانە سەبارەت بە زانیاریەکان دەربارەی دۆخەکانی کەشی توند و ئاڵۆز دەبێت دەزگاکانی کەشناسی هەرێم ژمارەی وێستگەکانی کەشناسی زۆرتر بکەن کە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کاردەکات و ڕاستەخۆ داتایەکانی کەش و هەوا بە زیندویی دەگوازێتەوە بۆ یەک سەنتەری کەشناسی لە هەرێم بەجۆرێک ئەو وێستگانە هەموو ڕووبەرەکانی سەر بە هەموو ناحیەکان و قەزایەکانیش بگرێتەوە نەوەک تەنیا شارە گەورەکان و دەوروبەریان، بوون و جێگیرکردنی ئامێری doppler.radar کە دەتوانێت بەشێوەیەکی زیندو دۆخی هەموو دابارینێک بە باران و تەرزە و کڕێوە و بەفرەوە ڕاستەوخۆ ببینێت و بیخاتە سەر نەخشەیەکی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی زیندو و ڕاستەوخۆ بەردەوام نوێ دەبێتەوە، ئەوە دۆپلەر ڕادارە پێویستە لەهەموو فڕۆکەخانەکان هەبێت، جگە لە فڕۆکەخانەکان لایەنی کەم لە پانزە بۆ بیست و پێنج جێگەی تریش لە هەموو ڕووبەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت، بەو جۆرە دەتوانرێت زانیاری ڕاستەوخۆی دابارینی هەموو هەرێم لەیەک نەخشە و یەک شاشە بەیەکجار بخرێتە بەردەست بۆ گشت هاووڵاتیان بەخۆڕایی، بە بەستنەوەی ئەو زانیاریە بە زانیاریەکانی وێستگەکانی کەشناسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەبەستنەوەی ئەوانیش بە داتا جیهانیەکان دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا نەخشە و داتای وردی کەش و هەوامان هەبێت بە دابارینی ڕاستەوخۆوە، واتە forecast ێکی ورد یان پێشبینیەکی ورد و زانستی بۆ لایەنی کەم هەفتەیەک تا دە ڕۆژی دواتر. 🔸 سێیەم: ڕێگەگرتنی فیعلی لە لافاو پلانی دەوێت، هەروەها جێبەجێکردنی پلانەکەشی دەوێت لەسەر ئەرزی واقیع لەڕێگەی کۆمەڵێک ستڕاتیژ و پڕۆژە و ئەمانە خاڵە هەرە گرنگەکانن: 🔻 پێشەکی هەروەکو لە زانستی هایدرۆلۆجی کە بەشێکە لە ئەندازیاری شارستانی دەخوێندرێت ئاوی باران بە درێژایی سەدەها و هەزارەها ساڵ لە هەموو ڕووبەرێکی ئەم زەویە ڕێڕەوی سروشتی خۆی دروستکردوە، کوردستانیش بەهەمان شێوەیە هەر بۆیەش چەمەکان و کەندەکان و ڕووبارەکان هەن، زۆر پێویستە و گرنگە هەموو بەرپرسە شارەوانی و ئیداریەکان بزانن ڕێڕەوە سروشتیەکانی ئاو لە ناوچەکانی خۆیان لەکاتی دابارینی بەخوڕ کامانەن و لە کوێن، زۆر گرنگە ڕێگە نەدرێت سەر ڕێڕەوەکان یان نزیکیان بکرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون، دەبێت لەکاتی داڕشتنی ماستەرپلان ڕەچاوی ئەو خاڵە گرنگە بکرێت، پێویستە خانوو و گەڕەک و باڵەخانە لەسەر یان نزیک ئەو ڕێڕەوانە دروست نەکرابن و نەکرێن بۆ پاراستنی گیان و سامان، ئەگەر بویسترێت دروست بکرێن دەبێت پێش ئەوە ڕێڕەوەکە کۆنتڕۆڵ کرابێت، دەبێت کرابێت بە کەناڵێکی ڕووکەشکراو بە کۆنکریت کە توانای دەربازکردنی ئاوی بەخوڕی بارانی هەبێت کە لەو ناوچەیە چەندەها ساڵ جارێک ڕوودەدات بەپێی ئەو تۆمارانەی کە هەن کە دەکرێت هی پەنجا یان سەد ساڵ بن، هەروەها دەکرێت بەربەستی ئاوی تۆکمە و بەنداو دروستبکرێن لەسەر ڕێڕەوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی flow ی ئاو لەسەر ئەو ڕێڕەوە لەکاتی بارانی بەخوڕ دەکرێت ئەمە باشترین بژاردە بێت بەڵام تێچووی زۆرترە، ئەگەر ئەوەش نەکرابوو و خانوو و باڵەخانەش دروستکرابوو ئەوا دەبێت ئەو ڕێڕەوە سروستیە بگۆڕدرێت بەهەر جۆرێک بێت بۆ لایەکی تر بۆ ئەوەی لەکاتی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەو شوێنە ڕانەماڵێت، ئەگەر هیچ نەکرا پێویستە ئەو خانووانە و ئەو گەڕەکە هەڵبگیرێت لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاوەکو کارەسات و زیانەکان دوبارەنەبنەوە، ئەوانە ڕێڕەوی سروشتی ئاون لەکاتی دابارینە وەرزیەکان شیاو نین بۆ نیشتەجێبوون بەبێ بوونی هیچ چارەسەریەک، لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 لەسەر ڕێڕەوی ئاوی کۆرنیش لەهەولێر لافاو ڕوویدا و زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەوتەوە لەبەر ئەو هۆکارە چونکە خانوو و گەڕەک لە نزیک و لەناو ڕێڕەوەکە دروستکرابوون بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوە و پێش ئەوەی هیچ بەربەستێک دروستکرابێت، لەم ڕۆژانەی ڕابردوش هەمان دۆخ دوبارە بۆوە لە هەندێک شوێنی چەمچەماڵ و گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە، چەندەها جاریش لە کوردستان بینراوە لە گەلێک لە گوندەکان گوندنشینەکان ئەو ڕێڕەوە ئاویانەیان گرتووە و بەکاریان هێناون بۆ مەبەستێک بەڵام لەکاتی لافاو ئاو زیانی زۆری لێداون، نمونەیەک بۆ ئەوە دەهێنمەوە لە ساڵی 2017 دوای ڕوودانی لافاوێکی مێژوویی و بێ وێنە لە شاری هیوستن لە تێکساس بەهۆی هاریکانی هارڤی بەپرسە ئیداریەکانی شارەکە بڕیاری هەڵگرتنی کۆمەڵێک گەڕەکیان دا کە تێکڕای ژمارەی خانووەکان نزیکەی 300 هەزار خانوو بوون، دەرکەوت ئیدارەی شارەکە بەهۆی ئەوەی پێشبینیان بۆ گۆڕانکاریەکان لە ئاو و هەوا و توندتربوونی هێزی زریانەکان نەکردوە لە ڕابردودا لەکاتی دروستکردنی ئەو گەڕەکانە، بۆیە ئەو بڕیارەیان دەرکرد چونکە ئێستا دۆخەکانی ئاو و هەوا لە تێکساسیش گۆڕاون ئەو لافاوەی پەنجا ساڵ یان سەد ساڵ جارێک ڕوویدەدا لە تێکساس ئێستا لە پێنج ساڵ جارێک یان دە ساڵ جارێک ڕوودەدات، دەشێت ئەمە ڕاست بێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە فریکوێنسی ڕووداونی لافاوە بەهێزەکان لە مەودوا. 🔻 چاوخشاندنەوە بە هەموو چەمەکان و ڕووبارە بچوکەکان لە سەرتاسەری هەرێم و ئەنجامدانی هەندێک پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەریان بۆ ئەوەی بزانرێت لەکوێدا دەتوانرێت بەربەستی ئاوی و بەنداوی بچوک و مامناوەندی دروست بکرێت، ئەم قسەیە بۆ ڕووبار و زێیە گەورەکانیش ڕاستە، پێویستە هەر بەرپرسێکی ئیداری لەناوچەکەی خۆی ئەوە بکات و بەرزی بکاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی دروستکردنی ئەو بەربەست و بەنداوانە لایەنی کەم بخرێنە پلانەوە و لەداهاتووی نزیک دەست بکرێت بە دروستکردنی لایەنی کەم هەندێکیان، بوونی ئەو بەربەستە ئاوی و بەنداوانە یەکەم: دەبێتە ڕێگایەکی ستراتیژی بۆ هەڵگرتنی ئاو دووەم: ڕێگایەکیش دەبن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکان، لە ویلایەتی تێکساس 15 ڕووبار و چەمی گەورە و سەرەکی هەیە، پتر لە 7000 بەربەستی ئاوی و بەنداوی بچوک و مامناوەندی و گەورە لەسەر ئەو ڕووبار و چەمانە دروستکراون کە لە کاتی ئاسایی هەموویان بەیەکەوە پتر لە 30 ملیار مەتر سێجا ئاویان عەمبارکردوە، هەر بەو ڕێگایەش تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆریش کۆنتڕۆلی لافاوەکان کراوە لە تێکساس. 🔻 لەماوەی نزیک و درێژخایەن زۆر زۆر پێویستە ڕێگە بگیرێت لە فراوانبوونی هەڕەمەکی ناحیە و قەزایەکان هەروەها شارە گەورەکانیش، پێویستە هەریەکەیان ماستەرپلانێکی خۆی هەبێت کە بۆ 10 ساڵ تاوەکو 30 ساڵ بێت و لەو ماستەر پلانە ڕەچاوی ئەو خاڵانەی سەرەوە بکرێت. 🔻 پێویستە زێرابی ئاوەڕۆ و زێرابی باران لەناو شارە گەورەکان و قەزا و شارۆچکەکان لەیەکتری جیابکرێنەوە، بۆ زێرابی بارانیش پەیڕەوی دیزاینێکی تر بکرێت بۆ دەرچەی زێرابەکان کە لەسەر شەقامەکان هەن، دەبێت ئەو دەرچەیە ستونی بێت لەجیاتی ئاسۆیی و لەتەنیشت شۆستەکان بێت وەک ئەوەی لێرە کراوە و هەیە، ئەو جۆرەی لەشێوەی mesh دروستکراوە و لەکاتی باران دەکرێت بەئاسانی بە مقەبا و خاشاک بگیرێن و ئاو کۆببێتەوە، لەگەڵ ئەوەش پاککردنەوە و کردنەوەی کونی ئەو دەرچانەی ئێستاش هەن لە کوردستان زۆر گرنگە بەتایبەتی کاتێک دەزانرێت شەپۆڵێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە.
ماڵپەڕی عالەم ئەلجەدید 🔹 داهاتی ساڵانەی دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە نزیکەی (ملیارێک) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنێت. 🔹 نرخی مارکە نێودەوڵەتییەکانی جگەرە زۆر بەرزە. بە نموونە کارتۆنێک جگەرەی ESSE""ی کۆری لە بازاڕی جوملەدا نزیکەی (410) دۆلارە، لە کاتێکدا کارتۆنێک لە وەشانی ساختە، کە لە کوردستان دروستکراوە، تەنها نزیکەی (150) دۆلارە. نرخی کارتۆنێک جگەرە مارلبۆرۆی مارکە (هەزار و١٠٠) دۆلارە، جگەرەی ساختەی مارلبۆرۆ تەنها بە (١٠٠) دۆلار دەفرۆشرێت. 🔹 سێ کارگەی جگەرەی ساختە لە پارێزگای سلێمانین، کە بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشبوون، یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی "پیرە مەگرون" لە قەزای دوکان، کارگەی دووەم دەکەوێتە قەزای "ماوەت"ەوە لە ناوچەی شارباژێڕ و سێیەمیان دەکەوێتە قەزای کۆیەوە، جگەرەی "ئۆسکار" لە کۆیە بەرهەم دەهێنرێت و براندە کۆرییەکانی وەک (پاین، ئی سی، ماک، ئەسپێن، مارلیبۆرۆ، هاڤانا) لە ماوەت و پیرە مەگرون بەرهەم دەهێنرێن. 🔹 لە پارێزگای هەولێریش چەند کارگەیەک هەن کە جگەرە دروست دەکەن، بەرهەمەکانیش مارکەی جیهانییان لەسەرەو ساختەن. ئەم کارگانە لە ناوچە پیشەسازییەکان لە جەرگەی هەولێر هەڵکەوتوون. هەروەها لە پارێزگای دهۆک، لە ناوچەی کواشی چەند کارگەیەک هەیە. 🔹 کارگەکانی جگەرەی ساختە، لە ژێر پەردەی پیشەی دیکەدا کاردەکەن. لە یەکێک لە ناوچەکانی قەزای ڕانیە، کە جگەرەی ساختەی لێ دروست دەکرێت، وا دەرکەوت ڕووکاری کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی بزوێنەرە. یەکێکی دیکەیان پێدەچوو بۆ دروستکردنی مەڕمەڕ بێت، لەکاتێکدا لەناوەوە جگەرەی ساختە بەرهەمدەهێنرا، کە مارکەی نێودەوڵەتی لەسەر بوو. 🔹 لە ھەولێر و دهۆک جگەرەی ساختە ھەندێک جار لە دامەزراوەی گواستراوە (کەرەڤانە) دروست دەکرێت. کە دەکەوێتە ناو کارگەکانی بەرھەمھێنانی کەلوپەلی بەکارھێنانی تر، وەک پلاستیک، یان لەناو کۆگا گەورەکان کە بۆ ھەڵگرتنی کاڵای جۆراوجۆر بەکاردێت. 🔹 هاوردەکردنی جگەرەی مارکە بڕی باجەکەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بە نزیکەی (18) دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کارتۆنێک جگەرە دەخەمڵێندرێت کە دەچێتە خەزێنەی دارایی لایەنە سیاسییەکانەوە، لەبری ئەوەی باجی فەرمی بدرێت. لە کاتێکدا بڕیار بوو (32) دۆلار باج بۆ هەر کارتۆنێک بچێتە سەر خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە داهاتی باجی جگەرە بۆ نزیکەی سفر دابەزیوە. 🔹 هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی نێوان پارێزگا کوردییەکان ڕێنمایی کراون کە ڕێگە نەدەن هاوڵاتییان لەکاتی گەشتکردن لەنێوانیاندا زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئیدیعایە، هەوڵماندا سێ پارچە جگەرە کە هەریەکەیان 10 پاکەتیان تێدابوو، لە سلێمانییەوە لە ڕێگەی بازگەیەکی ناوچەی کۆیە بە قاچاخ بگەیەنینە هەولێر. بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لەم کارە کرد و ڕێگەیان پێداین تەنها سێ پاکەت بهێنینە ژوورەوە. ڕاپۆرت؛ ماڵپەڕی عالەم ئەجەدید سەرەتا جۆرەها جگەرە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بەردەستە. هەندێکیان مارکە ناسراوەکانن کە لە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانەوە هاوردە دەکرێن، هەندێکی تریان جگەرەی ساختەی دروستکراوی ناوخۆیین و لەدەرەوەی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و کوالیتی یان مەرجەکانی گواستنەوە و هەڵگرتن. ئەو جگەرانەی کە بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێدەپەڕن و ڕەزامەندی هاتنە ژوورەوەی دروستیان هەیە، تێکەڵ بە جگەرەکانی دیکە دەکرێن کە پشکنینی کوالیتییان بۆ ناکرێ و لەڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخەوە بە قاچاخ لە سنوورەکانەوە دەگوازرێنەوە، ئەمەش مەترسییەکی زیاتر بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست دەکات لەنەبوونی چاودێری حکومەتدا. بە سەردانێک بۆ بەشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و سنگ لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بە تایبەتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش ڕوو لەو بەشە دەکەن، کە بەدەست نەخۆشییە سەختەکانەوە دەناڵێنن، کە بە تێپەڕبوونی کات جگەرەی هەرزان و کوالیتی نزمیان کێشاوە. هەندێک پێیان وایە قوربانیی ئەو بازرگان و بەرهەمهێنەر و قاچاخچیانەی ئەم جگەرە ناستانداردانەن کە بە پاڵپشتی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان و ئاسانکاری دەزگا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. جگەرەیەک کاریگەری مەترسیدارتری هەیە لە جگەی ئاسایی کرێکارانی ناو بازاڕی ئەو بازرگانییە گەشەسەندووە، چ لە بواری گواستنەوە بێت یان بە بازاڕکردن، بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت، دەڵێن؛ هەموو جۆرەکانی جگەرە لە ڕووی پزیشکییەوە بە مەترسیدار ناسراون. بەڵام ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا سەریان هەڵداوە بە تایبەتی مەترسیدارن، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ چاودێری بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش وایکردووە پێکهاتەو و ناوڕۆک و کەرەستە خاوەکانیان بە هیچ شێوەیەک نەزانرێت. بازرگانانی ئەم جۆرە جگەرانە، لەنێویاندا بازرگانێکی جگەرە بە ناوی (ج.م.)، ئەوەی درکاندووە کە کەسایەتییە باڵادەستەکان کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ئەم جۆرە جگەرانەیان کردووە. پەنا دەبەنە بەر شێوازی فریودەر و چەواشەکارانە بۆ دروستکردنی جگەرەی ساختە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە شوێنی چاوەڕواننەکراوی وەک کارگەی کەرەستەی بیناسازی یان بینای گەڕۆک لەناو کۆگاکانی دوور لە چاوی گشتی بەرهەمی دەهێنن. زۆرێک لەو کەسانەی کە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم بازرگانییەن، پەیوەندیمان پێوەکردوون، دەزگا ئەمنییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئاسانکاری بۆ "بەرهەمهێنەرانی جگەرەی ساختە" دەکەن لەڕێگەی ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی لیژنەکانی پشکنین بۆ شوێنەکانیان. هەروەها جگەرە لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکان بەبێ ئەوەی باجی لێبسەنرێت، جۆرو مارکە ساختەکانیش بە قاچاخ دەگوازێنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەم زانیاریانە پشتڕاست دەکەنەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێم بووەتە ناوەندێک بۆ "چالاکی بازرگانی نایاسایی"، وەک قاچاخکردنی شمەک و کاڵا، لەوانە جگەرە و خۆراک، لە سنوورەکان و هەندێکجار لە ڕێگەی هاوتەریب بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوە هاوردە دەکرێن، ئەمە جگە لە دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی کوالیتی نزم کە مارکەی نێودەوڵەتییان لەسەرە. پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی دەڵێت لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ "لایەنە دەسەڵاتدارەکان شێوازی جۆراوجۆر بۆ هێنانی کەلوپەل لە دەروازە سنورییەکانەوە بەبێ پێدانی باج هاوردە دەکەن، جگە لە دروستکردنی جگەرە". ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بازرگانییە "بە ئاسانکاری دەزگا ئەمنییەکان" ئەنجام دەدرێت، بە وتەی خۆی "خزمەت بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان" دەکەن و "خەزێنەی حکومەت لەو داهاتانە بێبەش دەکەن کە ڕێگەی هاوردەکردنی یاساییەوە کۆدەکرایەوە". بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕادەی ئەو زیانانەی هەرێم لە ئەنجامی کاری قاچاخچێتی جگەرەدا بەری کەوتووە، حەمەساڵح ڕایدەگەیەنێت، بەهای داهاتی باج لە هاوردەکردنی جگەرەی بیانی کە چووەتە گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا (9 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی بووە، لەو بڕەش تەنها لە دەروازەی سنووری باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٨ مانگانە (700 هەزار) دۆلاری لێ تەرخان دەکرا بۆ نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان. دەشڵێت؛ "ڕەنگە لەو ماوەیەدا لە دەروازە و خاڵە سنوورییەکانی دیکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئەو ئامارانە زیاتریش بووبێت، بەڵام ئێستا چەند مانگێکە باج لەسەر جگەرە بەتەواوی بوونی نییە- سفر- چونکە بەردەوام جگەرەی بیانی بە قاچاخ هاوردە دەکرێت بەبێ ئەوەی بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکاندا تێپەڕێت". هەروەها بەهۆی بەرهەمهێنانی جگەرە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە پارێزگای سلێمانی لەژێر چاودێری لایەنێکی باڵادەستدا _بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە بهێنێت_. ئەو پەرلەمانتارە میکانیزمی هاوردەکردنی جگەرەی بەبێ پێدانی باج ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگایەک هەیە کە لە ناوخۆدا بە رێگای هەماهەنگی "طريق التنسيق" ناسراوە، کە لە ڕێگەیەوە جگەرە بە قاچاخ بە ئاسانکاریی دەزگا ئەمنییەکان دەگوازرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بازرگانان "باجێکی کەمتریان لەسەرە لەوەی کە حکومەتی هەرێم لەسەر هەر کارتۆنێکی جگەرەی هاوردەکراوی مارکەیەکی نێودەوڵەتی دەیسەپێنێت". زانیاریمان دەستکەوت، کە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی "ڕێگای هەماهەنگی" لە ڕێگەی ئۆفیسێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت کە دەکەوێتە نهۆمی دووەمی بازاڕی سەرەکی جگەرەکەی سلێمانی، کە بە "بۆرسە"کە ناسراوە. لەلایەن گەنجێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە نوێنەرایەتی "ئیدارەی گشتی" قەوارەیەکی سیاسی دەکات کە بەشێکی سەرەکی حکومەتە، لەگەڵ جوملە فرۆشێک. ئەم گەنجە تاکە کەسەر ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی نێودەوڵەتی دەکات، لە ڕێگەی ئەم "ڕێگای هەماهەنگی"ەوە لە بەرامبەر باجێکی نافەرمی، بە پسوڵەی دەرچوو بەناوی ئەو فەرمانگەیەی کە بەڕێوەی دەبات. پرۆسەکە بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەزگا ئەمنییە باڵادەستەکانی دەروازەو خاڵە سنورییەکان ئەنجام دەدرێت. بڕی باج ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بە نزیکەی (18) دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کارتۆنێک جگەرە دەخەمڵێندرێت کە دەچێتە خەزێنەی دارایی ئەو لایەنەوە، لەبری ئەوەی باجی فەرمی بدرێت. لە کاتێکدا بڕیار بوو (32) دۆلار باج بۆ هەر کارتۆنێک بچێتە سەر خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داهاتی کۆکراوەی باجی هاوردەکردنی جگەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بگاتە سفر. پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، و چەند سەرچاوەیەک کە پەیوەندیمان پێوەکرد، پشتڕاستی ئەوەیان کردەوە، کە کارگەی ئەهلی لە پارێزگاکانی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) جگەرەی ساختەی مارکە نێودەوڵەتییەکان بەبێ مۆڵەتی فەرمی دروست دەکەن، واتە کوالیتی خراپە یان کۆپی کراوە. هۆشداری ئەوەشیاندا کە ئەمە چەندین لێکەوتەی نەرێنی دارایی و تەندروستیی هەیە. وەزیری دارایی پشتڕاستی قاچاخچێتی دەکاتەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە هاوینی 2025 بوونی پرۆسەی قاچاخچێتی کە جگەرە و کەلوپەلی دیکەی تێدایە بۆ ناو کوردستان پشتڕاستکردەوە. بەڵام ڕەتیکردەوە ئەم پرۆسەیە "لە ئاستێکی بەرفراواندا بێت، وەک هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی بانگەشەی بۆ دەکەن". وەزیرەکە وەک خۆی وەسفی کردووە، هۆکاری "کەمبوونەوەی" داهاتی باج لە هاوردەکردنی جگەرە بۆ دروستکردنی جگەرەی ساختە لە ناوخۆی هەرێمدا گەڕاندەوە. بەڵام پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئاماژە بەوە دەکات، "بازگە ئەمنییەکان" کە لە نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیدا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکجار ڕێگە بە هاووڵاتیان نادەن زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن، کە هەر پاکەتێک 20 جگەرەی تێدایە، لەکاتی گەشتکردن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمدا. دەشڵێت "گواستنەوەی ڕێژەیەکی زیاتری جگەرە (چەند پاکەتێک) لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر لەناو هەرێمی کوردستان تەنها دوای پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی ئەمنی، وەک چۆن لە زۆرێک لە کەلوپەلی تردا دەکرێت”، بە وتەی ئەو. ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕەخنە لە ئەدای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەگرێت و بە ئاماژەدان بە "بێدەنگی سەبارەت بە پرۆسەی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکانی کوردستان و نەناردنی داهاتی زۆرێک لە کاڵاکان بۆ خەزێنەی وەزارەت". وەزیر تۆمەتبار دەکات بەوەی "هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر هاوردەکردنی سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا نییە، هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی وەردەگرێت بەبێ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەت". دەشڵێت، "داهاتی مانگانەی سلێمانی لە سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان پێشتر دەگەیشتە نزیکەی 150 ملیار دیناری عێراقی، بەڵام لەم دواییانەدا بۆ نزیکەی چارەکێک لەو بڕە کەمبووەتەوە". بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ئیدیعایانەی پەرلەمانتاران و شۆفێران سەبارەت بە قەدەغەکردنی گواستنەوەی جگەرە لە نێوان پارێزگاکانی کوردستان، هەوڵماندا سێ پارچە جگەرە کە هەریەکەیان 10 پاکەتیان تێدابوو، لە سلێمانییەوە لە ڕێگەی بازگەیەکی ناوچەی کۆیە بە قاچاخ بگەیەنینە هەولێر. بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لەم کارە کرد و ڕێگەیان پێداین تەنها سێ پاکەت بهێنینە ژوورەوە. ئەمەش ناچاری کردین نرخێکی کەم بیفرۆشین بە خاوەن دوکانێک لە نزیک بازگەکە. نەخشەی دابەشبوونی کارگەکان سەرچاوەیەکی دیاری ئەمنی، کە ئاشنایە بە بازرگانی جگەرە، بەهۆی هەستیاری کارەکەیەوە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بوونی سێ کارگەی جگەرەی ساختە لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات، کە بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشکراون. یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی "پیرە مەگرون" لە قەزای دوکان، کارگەی دووەم دەکەوێتە قەزای "ماوەت"ەوە لە ناوچەی شارباژێڕ و سێیەمیان دەکەوێتە قەزای کۆیەوە لە سنوری پارێزگای هەولێر، بەڵام دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی و ئیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەو پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژی و گرنگی هەیەو دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگاری سلێمانی، کەرکوک و هەولێرەوە. سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات جگەرەی "ئۆسکار" لە شاری کۆیە بەرهەم دەهێنرێت و براندە کۆرییەکانی وەک (پاین، ئی سی، ماک، ئەسپێن، مارلیبۆرۆ، هاڤانا) لە ماوەت و پیرە مەگرون بەرهەم دەهێنرێن. هەموو ئەم براندانە بە شێوەیەکی نافەرمی و بە شێوەی ساختە لەم سێ کارگەیەدا دروست دەکرێن. بەرهەمەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و هەروەها دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق. سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێکردووە پشتڕاست دەکاتەوە: کە نزیکەی دوو ساڵە هیچ باجێک لەسەر جگەرە لە سلێمانی وەرنەگیراوە "چونکە زۆرتر بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو وڵات"، ئەو پارەیەش دەچێت بۆ خەزێنەی هێزێکی باڵادەست. ئەو سەرچاوەیە هەروەها قەدەغەکردنی گواستنەوەی جگەرە لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر پشتڕاستکردەوە. هەر پارێزگایەک بەجیا جگەرە بەرهەم دەهێنێت و دابەشی دەکات بەسەر جوملەفرۆشان و فرۆشیارانی تاکەکەسیدا، هاوردەکردنیشی لە دەرەوەی پارێزگا قەدەغەیە. ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە قازانجەکان دەچێتە دەستی کەسایەتییە باڵادەستەکانی هەر پارێزگایەک. هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی نێوان پارێزگا کوردییەکان ڕێنمایی کراون کە ڕێگە نەدەن هاوڵاتییان لەکاتی گەشتکردن لەنێوانیاندا زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن. لە پارێزگای هەولێریش چەند کارگەیەک هەن کە جگەرە دروست دەکەن، بەرهەمەکانیش مارکەی جیهانییان لەسەرە، بەڵام ئەمانەش ساختەن. ئەم کارگانە لە ناوچە پیشەسازییەکان لە جەرگەی هەولێر هەڵکەوتوون. هەروەها لە پارێزگای دهۆک، لە ناوچەی کاواشی چەند کارگەیەک هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی کە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵیت؛ بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن "کۆمپانیا بازرگانییەکان"ی" سەر بە لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانی هەرێم سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم کارگانە کەرەستەی خاو کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێنن. کارگەکانی شاری سلێمانی کاغەزی جگەرە و تووتن لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، کە تێچوونەکانی کەمترە لەچاو سەرچاوەکانی تری هاوردەکردن، کارگەکانی هەولێر و دهۆک کەرەستەی خاو لە تورکیاوە هاوردە دەکەن. ساڵانە یەک ملیار دۆلار هێڤیدار شەعبان پسپۆڕی ئابووری، داهاتی ساڵانەی دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە نزیکەی (ملیارێک) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنێت. باس لەوەش دەکات کە ئەو پارەیە لە ناوخۆدا وەبەرهێنراوە و بەشێکی لە بانکەکانی تورکیا دادەنرێت بەهۆی پەیوەندی پتەوی تورکیا لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. دەشڵێت، "چەند کۆمپانیایەک، کە بە ناوی جیاواز کاردەکەن، جگەرە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دروست دەکەنەوە، لەنێویاندا براندە نێودەوڵەتییەکانی وەک مارلبۆرۆ، ئی سی، چروت، ڕۆسمەن، و ئەوانی تر". دەشڵێت، نرخی پارچەیەک (10 پاکەت) جگەرەی ساختە کە لە سلێمانی دروستکراو لە نێوان (2 هەزار و 250) دینار بۆ (4 هەزار) دیناری عێراقی (نزیکەی 1.6 – 2.8 دۆلاری ئەمریکی) مەزەندە دەکرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرچاوەکانی دیکە باسیان کردووە: بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لەلایەن کەسایەتییە باڵادەستەکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لای خۆیەوە غالب محمد ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەپشت بازرگانیکردن بە جگەرەی ساختە و قاچاخەوەن، هەروەها قازانج لەو بڕە پارە زەبەلاحەی کە بەدەستی دەهێنێت. داوای چالاککردنی چاودێری "یاسایی و حکومی" و سەپاندنی کۆنترۆڵی توند بەسەر جۆرەکانی جگەرەی بەردەست لە بازاڕ و ئەوانەی ڕێگەپێدراون بۆ هاوردەکردن دەکات، "بۆ بڕینی ڕێگەی قاچاخچێتی و بازرگانانی مارکەی ساختە"، ڕوونیکردەوە: "ئەم جگەرە دروستکراوانەی ناوخۆ کوالیتییان خراپە و زیانێکی گەورە بە جگەرەکێشان دەگەیەنن". لە کاتی سەردانی مەیدانیدا بۆ پشکنینی کارگەکانی جگەرەی ساختە، چاودێری بەکارهێنانی ڕێگەی فریودەرمان کرد بۆ شاردنەوەی سروشتی ڕاستەقینەی پرۆسەکان. هەندێک لەو دامەزراوانە لە ژێر پەردەی پیشەی دیکەدا کاردەکەن. لە یەکێک لە ناوچەکانی قەزای ڕانیە، کە جگەرەی ساختەی لێ دروست دەکرێت، وا دەرکەوت ڕووکاری کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی بزوێنەرە. یەکێکی دیکەیان پێدەچوو بۆ دروستکردنی مەڕمەڕ بێت، لەکاتێکدا لەناوەوە جگەرەی ساختە بەرهەمدەهێنرا، کە مارکەی نێودەوڵەتی لەسەر بوو. لە ھەولێر و دهۆک جگەرەی ساختە ھەندێک جار لە دامەزراوەی گواستراوە (کەرەڤانە) دروست دەکرێت کە دەکەوێتە ناو کارگەکانی بەرھەمھێنانی کەلوپەلی بەکارھێنانی تر، وەک پلاستیک، یان لەناو کۆگا گەورەکان کە بۆ ھەڵگرتنی کاڵای جۆراوجۆر بەکاردێت. قاچاخچێتی جگەرە بۆ دەرەوەی کوردستان فراوانبوونی بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە هەرێمی کوردستان وایکردووە بەرهەمهێنەران هەماهەنگی لەگەڵ کەسایەتییە باڵادەستەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکەن بۆ بەقاچاخبردنی جگەرە، بەمەش بە نرخێکی کەمتر لە نرخە نێودەوڵەتییەکان بەدەست دەکەوێت. سەرچاوەیەکی ئەمنی بەپرس (که ناوی ئاشکرا نەکراوە) رایگەیاند کە "جگەرەی ساختەی دروستکراوی پارێزگای سلێمانی به جوملە فرۆشانی پارێزگای نەینەوا دەفرۆشرێن و بەزۆری بەشێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی، ڕێگای سلێمانی- کەرکوک- مەخموور- موسڵەوە دەگوازرێنەوە". (ە.ا.)، بازرگانێکی جگەرەی خەڵکی موسڵ، خاوەنی فرۆشگایەکی گەورەیە لە لێواری ڕاستی شارەکە، دووپاتی دەکاتەوە کە جگەرەی ساختەی مارکە نێودەوڵەتییەکان لە پارێزگای سلێمانی دەکڕێت، بەتایبەتی براندەکانی وەک ئۆسکار، ماک، و ئەکتیمار، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەیان بکات و تێچووی زیاتر بدات بەهۆی باجەوە. دەشڵێت، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، نرخی یەک پاکەت لەو مارکانە نزیکەی (5 هەزار) دیناری عێراقییە، واتە یەک پاکەت (500 دینار)ی عێراقییە. "بەگشتی کوالیتی نزمتر لە ئەسڵیەکان دروستکراون، هەربۆیە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانن کێشەی تەندروستی دروستبکەن." دانپێدانانی (ە.ا.) بە مەترسییە ئەگەرییەکانی ئەو جگەرانەی کە دەیفرۆشێت، نەبووەتە هۆی ئەوەی کە کارەکەی لەسەر ئەو بەرهەمانە بێت، نەک براندە ڕاستەقینەکان، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی نرخەکانیان کە زۆر زیاترە. ئەو بەم شێوەیە پاساو بۆ پیشەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێت "ئەمە کاری منە؛ ئەگەر نەیکەم کەسێکی تر دەیکات". ئاماژە بەوە دەکات کە دوو شوێن لە موسڵ هەیە کە جگەرەی ساختەی تێدا دەفرۆشرێن: یەکێکیان لە ناوچەی "ئەلفەیسەلییە"یە لە کەناری چەپی شارەکە کە بازاڕی سەرەکی جگەرەی لێیە و ئەوی دیکەشیان لە بەری ڕاست لە بازاڕی بۆرسەدا. ئەو پێی وایە قەبارەی ئەم بازرگانییە مامناوەندە بەڵام لە گەشەکردندایە، مەزەندە دەکات مانگانە نزیکەی (10 هەزار) کارتۆن بێت (هەر کارتۆنێک 50 پارچە و هەر پارچەیەک 10 پاکەت لەخۆدەگرێت) جگەرەی ساختە لە نەینەوا دەفرۆشرێت، کە سەرچاوەکەی هەرێمی کوردستانە. بازرگانێکی دیکە کە خاوەنی وەکالەتێکی گشتی دابەشکردنی جگەرەیە لە موسڵ ، دەڵێت، نرخی مارکە نێودەوڵەتییەکانی جگەرە زۆر بەرزە. نموونە بۆ بەراوردکردن دەهێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە کارتۆنێک جگەرەی ESSE""ی کۆری لە بازاڕی جوملەدا نزیکەی 410 دۆلارە، لە کاتێکدا کارتۆنێک لە وەشانی ساختە، کە لە کوردستان دروستکراوە و لە نەینەوا دەفرۆشرێت، تەنها نزیکەی 150 دۆلارە. دەشڵێت، "مارکەی تریش هەیە، وەکو ماک ئیتاڵی، کارتۆنی ئەسڵی نرخی 130 دۆلارە، لە کاتێکدا وەشانی ساختە، کە لە کوردستان و بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، نرخی 80 دۆلارە". نرخی کارتۆنێک جگەرەی ئەسڵی مارلبۆرۆ ١١٠٠ دۆلارە، جگەرەی ساختەی مارلبۆرۆ تەنها بە ١٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت. ئەم جگەرانە بە ڕێژەیەکی زۆر لە نەینەوا دەفرۆشرێن، بە گوتەی بازرگانێکی دیکەی جگەرە لە موسڵ کە زیاتر لە ١٥ ساڵە لەو پیشەیەدا کاردەکات. دەڵێت، "بازرگانی و پەرەپێدانی جگەرەی ساختە لە پارێزگای نەینەوا، بازرگانی ئاسایی پەیوەست بە هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی لەناوبردووە، بەهۆی ئەو جیاوازییە بەرچاوەی نرخ کە لە ئەنجامی خراپی کوالێتی ئەو بەرهەمانەی لە کوردستان دروستدەکرێن و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن". دەشڵێت "کێشەکە ئەوەیە کە زۆر کەس بەزەحمەت جیاوازی لە نێوان ئەسڵی و ساختە دەکەن، دەتوانرێت ئەو ساختەیە بە نرخی ئەسڵی بە کڕیاران بفرۆشرێت، ئەمەش مەترسییەکی زیادە دروست دەکات". ئەفسەرێکی باڵا کە لە دەزگایەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا کاردەکات- بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین لە پارێزگای نەینەوا- ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە بازگەیەکی قەزای مەخمور لە ڕۆژهەڵاتی نەینەوا دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی گەورەدا گرتووە کە جگەرەی ساختەیان تێدابووە، بارهەڵگرەکە کە لە پارێزگای هەولێرەوە هاتووە، ٧٠٠ کارتۆنی جگەرەی ساختەی تێدابووە. ئێران: مەی بەرامبەر بە تووتن کاسبکارێکی ئێرانی (٤٥ ساڵ) کە کەلوپەل لە نێوان کوردستانی عێراق و ئێران دەگوازێتەوە، لەوانەش کەلوپەلی ساختە و قاچاخ، بە تایبەتی لە دەروازەی سنووری "تەوێلە" لە پارێزگای سلێمانی، سوودمەند دەبێت لە پەیوەندی و نزیکی خێزانی لەگەڵ ئەفسەرێکی پلە باڵای دەزگا ئەمنییەکانی ئێران کە سەرپەرشتی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵت، "بازاڕی ئێران بووەتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕەکانی قاچاخ و کارگە نایاساییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و پاکستان کاردەکەن". ئەو کاسبکارە کە ئامادە نەبوو ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، پیشەسازی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە "دڕکاوی و ئاڵۆز، بەڵام دەرفەتێکە بۆ قازانجی خێرا بۆ چەند لایەنێک" ناودەبات. ڕوونیشی دەکاتەوە، ئەم بازرگانییە "لایەنە کوردییەکانی عێراق و ئێرانی تێوەگلاوە، جگە لە کاسبکارانی وڵاتانی دیکە، نەک هەر لە عێراق نافرۆشرێت بەڵکو دەگاتە ئێرانیش". لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "هەموو شتێک لەم پیشەیەدا بە وردی ساختە دەکرێت، بۆ نموونە کارگەیەک لە کوردستان جگەرەی ساختە بەرهەم دەهێنێت کە ناوی مارکە نێودەوڵەتییەکانی لەسەرە و لە ئەسڵیەکان جیا ناکرێنەوە، تەنانەت لۆگۆ و پەیامە تەندروستییەکانی پەیوەست بەو براندانەش بە وردی کۆپی دەکرێن". لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەموو ئەمانە بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە لەلایەن بەرپرسانەوە دەڵێت: "کارگەکان لەژێر هەلومەرجێکی زۆر پارێزراودا بە پاسەوانی بەردەوام و قورس کاردەکەن، پارێزراون، پاسەوانەکانیش، کە سەر بە حزبە سیاسییەکانن، چەکی سووک و مامناوەندیان پێیە، بێگومان ئەمەش ڕێگری دەکات لە نزیکبوونەوەی هەرکەسێک و دڵنیابوون لە سروشت و کوالیتی ئەو شتانەی کە بەرهەمی دەهێنن". ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارگانە تووتن، کاغەز و کەرەستەی سەرەکیی دیکەی پیشەسازی لە کاسبکارانی ئێرانی بەدەست دەهێنن، کە زۆربەیان لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخەوە. دوای بەرهەمهێنان، بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا دەفرۆشرێن و تەنانەت هەندێکیان لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمییەکانەوە دەفرۆشرێنەوە بە ئێران، ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن ڕکابەری هەردوو بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردە بکەن. سەرەڕای بارودۆخی ناتەندروستی و نایاسایی بەرهەمهێنان، نەبوونی ستانداردی تەندروستی و پشتبەستن بە کەرەستەی خاوی کوالیتی نزم- وەک هەمووان دەزانن- بازرگانەکە دەڵێت، "کەس ئەم بازرگانییە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی قازانجێکی گەورە بۆ لایەنە جیاوازەکان بەدەستبهێنێت". ئەو ئێرانییە ڕوونی دەکاتەوە: "بازاڕێکی گەورەی ناوخۆیی لە ئێران هەیە، ساڵانە ئەو وڵاتە زیاتر لە ٦٠ ملیار جگەرە بەکاردەهێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین بازاڕە ئامانجدارەکان بۆ هەردوو دابینکەری یاسایی و قاچاخچی". لێهاتوویی لە ساختەکردن عەبدولمەجید ئیجتهادی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو لە ڕێکخراوی سزادانی حکوومەتی ئێران، باس لەوە دەکات کە ئەو بەرهەمانە بە لێهاتوویی زۆرەوە ساختە دەکرێن. پاکەت و وردەکارییەکانی دیکە بە وردی جێبەجێ دەکرێن، هەرچەندە بەرهەمەکان لە کەرەستەی خاو دروستکراون کە کوالیتی نزمن و لەگەڵ ستانداردە پێویستەکان ناگونجێت، و پرۆسەی بەرهەمهێنان بە گشتی لە ژێر بارودۆخێکی خراپدا ئەنجام دەدرێت. دەشڵێت، "بڕی بەرهەم هێنراو زۆرە و چەندین براند لەخۆدەگرێت، تەنانەت بەرهەمی ساختەی کۆمپانیای تووتنی ئێرانی دروست دەکەن و پەیامی تەندروستی بە زمانی فارسی لەسەر دادەنێن بۆ ئەوەی وەک بەرهەمی ڕاستەقینە بانگەشەیان بۆ بکەن". سەبارەت بەڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی جۆراو جۆرەکانی تووتنی ئێرانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان که بۆ دروستکردنی ئەو جگەره ساختانه بەکاردەهێنرێت، ناوبراو دەڵێت هەوڵەکانی ڕێکخراوی سزادانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیه بەردەوامن، و له ماوەی ڕابردوودا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لەو براندانەی گرتووه پێش ئەوەی بتوانرێت دابەش بکرێن. بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنان و قاچاخ تەنها لە هەرێمی کوردستاندا سنوردار نییە. هەروەها بەرهەمهێنەرانیش لە پاکستان هەن کە وەشانی ساختەی براندە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر بارودۆخی بەرهەمهێنانی زۆر خراپدا بەرهەم دەهێنن، کە دواتر بە قاچاخ دەیانخەنە ناو ئێرانەوە. ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی خەڵکی پارێزگایەکی کوردستانی ئێران، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بازرگانی جگەرە لە نێوان هەردوو وڵات دەکات، دەڵێت ئەم بازرگانییە "شایەتی فراوانبوون و گۆڕانکارییە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە". ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بەهۆی کارەکەی لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناسراودا داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، دەشڵێت: "تۆڕێکی تایبەتمەندم لە بەقاچاخبردنی تووتن لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ناسیوە، ئەو تۆڕە تووتن دەهێننە ناوچەکە و لە بەرامبەردا خواردنەوە کحولییەکان (بەتەواوی قەدەغەکراو) دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران". لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران قەدەغەکردنی یاسایییان لەسەر هەموو جۆرە خواردنەوە کحولیەکان سەپاندووە و هاوردەکردنیان قەدەغە کردووە. کاربەدەستانی حکومەتی ئێران مەزەندە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی (٨٠ ملیۆن) لیتر خواردنەوە کحولیەکان کە بەهای (٧٣٠ ملیۆن) دۆلارە، بە قاچاخ بهێنرێتە ناو وڵاتەکەوە. قازانجی مافیاکان فایق ئێزیدی، چالاکی سیاسی، پێی وایە، دووبەرەکیی ئیداری و ڕکابەریی حزبی، لەگەڵ نەبوونی شەفافیەت لە کەرتی پیشەسازی، بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە کوردستان. بە گوتەی ئێزیدی، بوونی ئەم بەرهەمە نایاساییە پێویستی بە ئاشکراکردنی شوێن و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی نییە بۆ سەلماندنی. جیاوازی نرخ بۆ بەکارهێنەران بەسە بۆ ئەوەی ئەو پرسە ئاشکرا بکات. ڕوونیشی دەکاتەوە، "لە وڵاتانی دراوسێدا پاکەتێک جگەرەی مارلبۆرۆ نزیکەی (8 هەزار) دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا لە کوردستان نرخەکەی لەنێوان (1500 بۆ 3000 دینار)دایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم جگەرەیە مارکەی نێودەوڵەتی یان کوالێتی ڕاستەقینە نین؛ بەڵکو ساختەکراون، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت بە نرخی ئەو بەرهەمە ئەسڵییە بۆ بەرهەمهێنەران و هاوردەکراو باجی سەپێنراو لە کوردستان". پێدەچێت "تۆرە ئابوورییە ڕێکخراوەکان لەپشت ئەم بازرگانییە گەندەڵەوەبن"، ڕوونی دەکاتەوە کە قاچاخچێتی جگەرە لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان ڕوودەدات، ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنیاندا بەکاردەهێنرێن کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی کوالیتی و ڕێژەی تووتنیش کەمترینە. ئەو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە بە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر ئەم تۆڕانەدا وەسفی دەکات، "سەرەڕای ئەو مەترسییە تەندروستییەی کە لەسەر ژیانی جگەرەکێشان دروستی دەکەن، هەروەها زیانە ئابوورییەکانیش بۆ وڵات". دەڵێت "بەهۆی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی پشت ئەم پیشەسازییە و ئەو قازانجە گەورەیەی کە بەدەستی دەهێنێت، بێبایەخکردن بۆ چاودێریکردن هەیە و لە ئەنجامدا خەڵکی ئەم هەرێمە ئەوانەن کە بە تەندروستی خۆیان و پارەکانیان باجەکەی دەدەن". سەرچاوە؛ العالم الجدید، جهات نافذة في كردستان تصنع السجائر بعلامات تجارية مغشوشة وتصدرها لأنحاء العراق، 2025-12-09تقاريرنا؛ https://shorturl.at/NXwWJ
درەو: زیانی لافاوەكەی چەمچەماڵ و تەكیەو شۆڕش زۆر لەوە زیاترە باس دەكرێت، زیاتر لە (2) هەزار ماڵ زیانیان پێگەیشتووە، نزیكەی (500) ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە، ئاوی چەمچەماڵ بەتەواوی بڕاوە، بەشێك لە شەقام و زەویەكان رۆچوون، مەنهۆڵ و زێرابەكان گیراون، مەترسی گەورە درووست دەبێت ئەگەر بارانی بەخۆڕ ببارێت. زیانەكان: بەپێ راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان (LCC) زیانەكان بەم شێوەیەیە: زیانەكان: - 2 كەس گیانیان لەدەستداوە - 12 كەس بریندار - 1607 خانو زیانیان بەركەوتووە - 200 ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە - 115 دوكان و ماركێت زیانیان بەركەوتووە - 450 پرۆژە زیانیان بەركەوتووە بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) زیانەكان زۆر زیاترە لەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە: تەنیا لە ناحیەی شۆڕش بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش: - زیاتر لە (700) ماڵ تەنیا لە ناحیەی شۆڕش زیانیان بەركەوتووە. - زیاتر لە (250) ئۆتۆمبێل تەنیا لە ناحیەی شۆرش زیانیان بەركەوتووە. - زیاتر لە (50) دووكان و كۆگا زیانیان بەركەوتووە - لە ناحیەی تەكیە: - نزیكەی (100) ماڵ زیانیان بەركەوتووە - نزیكەی (50) ئۆتۆمبێلە زیانیان بەركەوتووە لە شاری چەمچەماڵ - زیاتر لە (هەزار) ماڵ زیانیار بەركەوتوووە. - زیاتر لە (150) دوكان و كۆگا زیانیان بەركەتووە - زیاتر لە (200) ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەتووە - زیاتر لە (12) فەرمانگە ئاوی تێچووەو باخچەكان: لە چەمچەماڵ كۆی (25) باخچە (5) باخچەی گەورە بەتەواوی تێكچووە (باخچەی بەردەم باخی گشتی، باخچەی بەردەم بەنزینخانەی حەمید جاف، باخچەی تەنیشت بەنزینخانەی حەمید جاف، باخچەی شەهید نازم، باخچەی نەورۆز) سەرجەمیان زیانیان بەركەوتووەو لەناو چوون. فەرمانگەكان - هۆڵێ رۆشنبیری بەتەواوی لافاو دایپۆشیوە - كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ - فەرمانگەی پاسپۆرت - بینای قایمقامیەت - بەڕێوەبەری پۆلیسی نزیك بینای قایمقامییەت - بنكەی ئاسایشی تەنیشت رۆشنبیری لافاو چەمچەماڵی تینیوتركردووە - بۆری ئاوی چەمچەماڵ لە دەربەندی بازیان و تەكیەوە بۆ چەمچەماڵ دەرۆیشت لەكاركەوتووەو ئاو بۆ چەمچەماڵ ناچێت - بەشێك لە بۆرییەكانی ئاوی بانی مەقان بۆ چەمچەماڵ لەكاركەوتووە - لەدوای لافاوەكەوە ئاوی چەمچەماڵ لەكاركەوتووەو چەمچەماڵ و شۆڕش بێ ئاوە رۆچونی شەقامەكان - بەشێك لە شەقامەكان رۆچوون و بەشێك لە شەقامەكان تێكچوون وەك شەقامی بەردەم هۆڵی رۆشنبیری و كتێبخانەی گشتی و شەقامە سەرەكییەكەی كەركوك – سلێمانی. - بەشێكی زۆری زێراب و مەنهۆڵەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەكیە تێكچوون و پڕبوونەتەوەو بارانی ترو لافاوی تر زیانی زیاتر دەكات. - ژمارەیەكی زۆری مەڕو رەشە وڵاخ و مریشك و جوجەڵە لەناو چوون. شارەوانی چەمچەماڵ چیان هەیە: سەرچاوەیەك لە شارەوانی چەمچەماڵ بە (درەو)ی راگەیاند شارەوانی چەمچەماڵ پەراوزترین شارەوانیە: - نەسریەی شارەوانی چەمچەماڵ و بە حەوت شارەوانیەوە پێشتر (4) ملیۆن دیناربووەو لەم دواییە كراوە بە (8) ملیۆن دینار، - بەڵام مانگانە بۆ نمونە مانگی ئاب ( 4 ملیۆن و 796 هەزار) دینار تەنیا بۆ گاز و رۆنی تانكەرەكانی نەوت خەرجكراوە بۆ ئاودانی باخچەكان. - بەشێكی تری بۆ خەرجییەكانی ئۆتۆمبێلەكانی ترە و چاككردنەوەیانە و هیچ نامێنێتەوە ئامێرەکانی شارەوانی چەمچەماڵ - پیک ئاب ٣ دانە - گڵابە ٥ دانە ٢ دانەیان لەبێ تاییدا لەكاركەوتوون - تانکەری ئاوهێنان ٥ دانە بۆ ئاودانی باخچەكانە - تانکەری سەحبی پیسایی ١ دانە - تانکەری کردنەوەی زێراب ١ دانە - تراکتۆر ٢ دانە - گرێدەر ١ دانە - شۆفڵ وحفارە مشترک ١ دانە - حفارە زنجیر خراپ لەکار كەتووە ١ دا - بەشی زۆری ئامێرەكان لەكار كەوتووە. - هیچ بڕە پارەیەك بۆ پاكردنەوەی مەنهۆڵەكان و راستكردنەوەی رێڕەوە ئاوییەكان خەرجنەكراوە. بەڕێوەبەری رێگاوبانی چەمچەماڵ دەڵێت بە (450) گوند و (7) ناحیە تەنیا یەك شۆفڵمان هەیە.
درەو: وریا عەبدولخالق خەندەق و بەربەست بەڕووی ڕێڕەوی سروشتی ئاودا دروستکراوە وەبەرهێنەرێک ۹۰۰ مەتر خەندەق و بەربەستی دروست کردوە لەکۆی چوار شیوی سروشتی کۆتای بە سێ شیو هێنراوە زیادەڕۆی و پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاو کارەساتەکەی گەورەتر کرد لافاوەکەی ڕۆژی ۹ی ئەم مانگەی چەمچەماڵ هۆکارەکەی شێواندنی سروشت و تێکدانی ڕێڕەوی سروشتی ئاو بوو و بۆ یەکەمجار لافاو پێچەوانەی واقیع و سروشت سێ بەرزترین گەڕەکی چەمچەماڵی گرتەوە و ئاوی هاتوو بۆ ئەو گەڕەکانە لە سەرەوە نەهاتووە بەڵکو لەلاوە هاتوە . لە کۆنەوە لەبناری مەقان چوار شیو و ڕێڕەوی ئاوی هەبووە شیوی یەکەم سەرڕێژی بەنداوەکەی مەقانی خراوەتە سەر لە سەروی ناحیەی شۆڕشەوە بۆ نزیک گۆڕستانی وەسمان غەزال ڕۆیشتووە. شیوی دووەم و سێیەم بە ئاڕاستەی کۆمپانیای بەڕێز هاتووە شیوی چوارەم ئەو ڕێڕەوەیە بەنداوەکەی لەسەر دروستکراوە و لە پشتی مۆنۆمێنتی ئەنفال هاتووە و لە لێواری ڕێگای کەرکوک سلێمانی درێژ دەبێتەوە تا پردی نێوان چەمچەماڵ شۆڕش . بڕوانە وێنەی (1) ماوەی چەند ساڵێکە شیوی یەکەم زیادە ڕۆی دەکرێتە سەری و لە چەند شوێنێک قەنتەرەو ڕێگای لەسەر دروستکراوەو ڕێگای ئاو گیراوە و لە ڕۆژی لافاوەکە لە شوێنێکدا بەهۆی حەسر بوونی ڕێڕەوەکە ئاڕاستەکەی بۆ ناو شیوی چوارەم گۆڕاوە . بڕوانە وێنەی (2) شیوی دووەم و سێیەم چەند ساڵێکە هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێ و تاڕادەیەک کۆتاییان پێ هێنراوە لە پێناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بەردەوام هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێت و ساتر لەسەروی ماڵەکانی کۆمپانیای بەڕێز دروستکراوە و قورسای ئاو بۆ شیوی یەکەم گۆڕدراوە . بڕوانە وێنەی (3) و(4) شیوی دووەم جگە لە بەربەست کردنی بەساتری خۆڵ بەردەوام پڕ دەکرێتەوە و لە ئێستادا بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرێت و بە سەدان گەڵابە خۆڵ پڕ کراوەتەوە. بڕوانە وێنەی (5) و (6) ئاڕاستەی شیوی دووەم وابووە بۆ نێوان کۆمپانیای بەڕێز و ناحیەی شۆڕش چووە و دوای پڕ کردنەوەی ساتری خۆڵ لە پشت و سەروی کۆمپانیای بەڕێز دروست کراوە . وێنەی (7)و(8 شیوی سێیەم کە ڕووی لە خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز دەکردبەهەمان شێوەی شیوی دووەم پڕ کراوەتەوەو ساتر دروست کراوە . وێنەی (9) شیوی چوارەم درێژکراوەی ئەو دۆڵە سەرەکیەیە کە بەنداوی مەقانی لەسەر دروستکراوە و ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی دەرهێنانی تێکەڵە لە سەروی بەنداوەکە و دروستکردنی باخ و خانو لە تەنیشت و خوار بەنداوەکە پڕ دەکرێتەوە بەجۆرێک هەر خۆڵ و کۆنکرێت و پاشماوەی ڕوخاندنی هەر بینایەک لە چەمچەماڵ هەبێت دەبرێت بۆ ئەو دۆڵەو ڕێڕەوی دۆڵەکەی پێ پڕ دەکرێتەوە و دەکرێتە زەوی و دەکرێتە باخ و خانوو . وێنەی (10) و (11) و (12) لە نێوان خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز و گەڕەکی مۆفەریەکانی ناحیەی شۆڕش بەدرێژای ۹۰۰ مەتر خەندەق و ساتر لێدراوە بەهێڵی ڕاست و بووەتە بەربەست و شێواندنی ڕێڕەوی سروشتی و خەندەقەکە جیاکردنەوەی زەویەکە بۆ وەبەر هێنەرێک بەناوی مەلایاسین و بۆڕی ئاوی دوکان چەمچەماڵ دەداتە ناو زەویەکەدا و لە پێناو سەرمایەدارێک کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی پڕ کەم وکوڕی هەیە بە درێژای نزیکەی کیلۆمەترێک ڕێگای سروشتی ئاو شێوێنراوە بۆ پڕۆژەی دووەمی. وێنەی (13) و(14)و (15) شیوی چوارەم کە بەو هۆکارانەی سەرەوە ئاوی سێ شیوەکەی تری بۆ زیاد بووە لە خوار مۆنۆمێنتی ئەنفال تا پردی شۆڕش دوو بەنزینخانەو سێ ڕێگا بۆ خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ڕێڕەوەیەکەیان تەسک کردوەتەوە وێنەی (16) و (17) دەرئەنجام زۆرینەی ئەو ئاوەی ڕووی لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ کردوە لە ڕێگای سلێمانی کەرکوک سەرکەوتووە و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بۆ گەڕەکی ئاسودە و ڕووی لە ئاسایشی ڕۆژئاوا کردوەو دیواری گەراجەکەی ئاسایشی لە هەردوو دیو ڕوخاندوە و ئاو بۆ لای مزگەوتی سالار فەقێ لەگەڕەکی ئاسودە و دواتر بۆ گەڕەکی ٤٨ مامۆستایان ڕۆیشتووە. وێنەی (18) لەخوار مۆنۆمێنت و لە بەرامبەر خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ئاو بەسەر ڕێگای کەرکوک سلێمانیدا پەڕیوەتەوە و بەرەو کۆگای ئامەد لەگەڕەکی سێگۆسەکە و دواتر هاتوەتە سەر دووسایدی پشتی دادگا و ڕوو لە کتێبخانە و ناوبازاڕ . وێنەی (19) لە دووسایدی ڕۆیشتوو بۆ کۆمپانیای بەڕێز جارێکی تر ئاو سەر ڕێگای کەرکوک سلێمانی کەوتووە و لای نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی و مەکۆی گۆڕان ڕووەو گەڕەکی ڕاپەڕین ڕۆیشتووە . وێنەی (20) شیوی یەکەم لە چەند شوێنێک بەهۆی ڕێگا گرتنەوە ئاوەکەی ڕوەو گەڕەکی مۆفەریەکان ڕۆیشتووە و بەردەوام بووە تا گەڕەکی پیریادیەکان . وێنەی (21) بەنداوی مەقان و شیوی سەرەکی مۆفەر توشی کارەساتی گەورە بوون و دەریاچەی بەنداوەکە ئەوەندە بەرتەسک بوەتەوە بەشی ئەوەندە ئاو ناگرێت هەموی بەردەیتەوە بگاتە ناو چەمچەماڵ و لە پشتی بەنداو بەدوری ۷۰ مەتر خانو هەیە . وێنەی (22)و(23) ئەگەر بەپەلە ڕێڕەوی ئاوەکان چاک نەکرێنەوە هەمان کارەسات لە زستان و بەهار ڕوودەداتەوە و پێویستە بەزوویی لێپرسینەوە بکرێت و ڕێڕەوی ئاوەکان چاک بکرێنەوەو ئاو بەسروشتی خۆی بڕوات . تێبینی: ئەم نوسینە لەسەر بنەمای ئەندازیاری و زانستی نوسراوە و هەرکەس و لایەنێک ویستی دەتوانرێت مەیدانی ڕاستیەکانی پیشان بدەین. بەهیوام ڕاستیەکان نەشێوێنرێن و لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەن بکرێت و بەپەلە چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت و سزای ئەوانە بدرێت کە هۆکارن و مانەوەی دۆخی ئێستا مەترسیەکی گەورەیە لە زستان و بەهاری ئەمساڵ
درەو: كاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ ناتوانن لەو 125 ملیۆن دۆلارەی کە بە ناوی چەمچەماڵ و ئەنفال کراوان کە وەرگیراوە ، بڕێکیان بۆ خەرج بکەن..!! کۆمپانیا نەوتیەکان پێشەکی پارەیان ڕادەستکردووە بۆ بوژاندنەوەی ناوچەکان ! حکوومەت 125 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی ئەنفال کراوان ، لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز وەرگرتووە ، بەڵام لەبری پڕۆژەکان دراوە بە حیزبەکان!!! لەگەڵ 1.075 یەک ملیار و حەفتا و پێنج ملیۆن دۆلاری تریش !، ئەو 1,2 (ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلارە) جگە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، تەنانەت وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانیش نازانێت چی بەسەر هاتووە.... چەمچەماڵ پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە دەرەجەی یەکەم ، وە ئەگەر دەرکەوت و سەلمێنرا کە کەمتەرخەمی لە لایەن کۆمپانیاکان هەبووە بۆ گرتن یان گۆڕینی ڕێڕەوە ئاویەکان ، ئەوا کۆمپانیاکان دەبێت قەرەبووی تەواوی زەرەر و زیانەکان هەمووی بە زەرەر و زیانی هاوڵاتیان و حکومەتیش بکاتەوە.... بەڵام ئایا کۆمپانیا نەوتیەکان ئەوانەی کار دەکەن ئەرکیان چی دەبێت و چی لە ئەستۆیان دەبێت ؟ لەبەرئەوەی گرێبەستەکانیان شاراوەیە و بەردەست نییە ، ناتوانین سەبارەت بە پابەندیەکانیان هیچ بڵێین بە ووردی! بەڵام ئەوەی داننپێدانراوە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێم کە بۆ( شیرینی نەوت)( بونیادنانی تواناکان)تەنها پێش ساڵی ٢٠١٢ ، لە کۆمپانیاکان لە کاتی گربەست و بە پێشەکی 3,2 ملیار دۆلار وەرگیراوە ....بەڵگەکان لە سایتی سامانە سرووشتیەکان وەرگیراوە لە خوارەوەیە....لەوشیرینی نەوتە 125 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەی ئەنفال کراوان بووە، ... هەروەها بە ووتەی چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومی باڵای پێشوو: ( شیرینی نەوت بۆ ناوچەکان بەبڕی ٣ ملیار دۆلار دراوە بە حزب لەبری حکومەت ....)! بە پێی خشتەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بۆ ناوچەی ئەنفالەکان 287 ملیۆن دۆلار بووە ، بە پێی خشتەکە 165 ملیۆن دۆلاری خەرج کراوە ، کە ئەویش جێگای گومانە !!! بەڵام لەو بڕە 125 ملیۆن دۆلار بەڵێندراوە کە چەمچەماڵی تێدایە ، بەڵام خەرج نەکراوە و وەریش گیراوە لە کۆمپانیاکان! 125 ملیۆن دۆلارەکە و 200 ملیۆن دۆلاری هەڵەبجە و 875 ملیۆن دۆلاری شوێنەکانی تریش تەنانەت وەزارەتیش نازانێت چی لێ کراوە...!!! بەڵام خۆیان دەڵێن وەرگیراوە پێشەکی!! حکومەت بیەوێت ئەتوانێت لەو 125 ملیۆن دۆلارە ئێستا چەمچەماڵ گەشە پێ بدات کە وەرگیراوە بە ناویانەوە...!! هیچ وەزیرێک ئەوێڕێت باسی بکات لە ئەنجومەنی وەزیران!!! کەواتە بۆ بەدەمەوە چوونی چەمچەماڵ و شوێنە کارەساتبارەکان، پێویستە شانبەشانی ڕێکخراوەکان و خێرخوازان و هاوڵاتیان...... ، حکومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە ئەگەر کەمتەرخەم بوون، لەگەڵ بڕێکی ئەم 125 ملیۆن دۆلارە لە حیزب یان وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان یان کۆمپانیا نەوتیەکان ئەگەر حکومەت بڵێت وەرمنەگرتووە، لە ئێستادا بۆ چەمچەماڵ دابین بکرێت .....👇
