سەرۆك وەزیران بۆ رەوتی سەدرو سەرۆك كۆمار بۆ پارتی
2021-04-02 13:13:58
درەو:
لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ رەوتی سەدرو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئێستادا هەوڵی لێكنزیك بوونەوەو هاوپەیمانێتی لە نێوان موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانیدا هەیە.
سایتی ئەلجەزیرە لە راپۆرتێكدا باس لە نزیكبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوستی سەدرو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بە مەبەستی بەدیهێنانی دەستكەوتی سیاسی بۆ هەردوولایان.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەم نزیكبونەوەیە لە كاتێكدایە, سەدر چەند جارێكە هەوڵی رەوتەكەی بۆبەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران دوپاتدەكاتەوە، بارزانیش پەرۆشی حیزبەكەی بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆك كۆمار ناشارێتەوە.
سەدر وبارزانی لە دیدارێكی پێشتردا لە نەجەف
بەم دواییانە نزیكبونەوەیەكی سیاسی سەرنجڕاكێش دەبینرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقی لە نێوان (موقتەدا سەدر)ی ڕێبەری ڕەوتی سەدرو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامانجی بەدیهێنانی دەستكەوتی سیاسی لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی كە وا بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
ڕێكەوتنێكە بەجۆرێكە كە بارزانی مەرجەعیەتی سیاسی بەتەنها لە سەدردا كۆبكاتەوە بەبێ هێزە سیاسییە شیعەكانی دیكە، ئەمەش بەرانبەر بە پشتیوانیكردنی سەدر لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.
ئەم نزیكبونەوەیە هاوكاتە لەگەڵ دوپاتكردنەوەی سەدر بۆ هەوڵی رەوتەكەی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵانی پێشوودا هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری داوە بەڵام شكستی هێناوە ولە سەرجەم خولەكانی پێشوودا لە ماوەی (١٦) ساڵی رابردوودا ئەم پۆستە بووە بەپشكی ركابەرە سیاسییەكەی ئەو پارتە كە ئەویش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، دوایین جاریشیان لە ساڵی ٢٠١٨ دا بوو كە حیزبە شیعەكان هاوكێشەكەیان لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی یەكێتیی نیشتمانیی یەكلاكردەوە كە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق بوو لەسەر شكستی كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی لەو كاتەدا كە فوئاد حسێن بوو، كە دواتر پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراقی وەرگرت وتا ئێستاش لەو پۆستەدا لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بەردەوامە.
كورد لە پاش ساڵی (٢٠٠٣)ەوە ولە سەرەتای پێكهێنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەسەر دەستی (پۆڵ بریمەر)ی حاكمی مەدەنی ئەمریكی، بەوە ناسراون كە ئەوان رێكخراوترین وداناترینن لەناو هاوبەشەكان(شەریكەكان)ی دیكەیاندا لە حوكمی عێراقدا، بەوەی كە ئەمان(كوردەكان) دەزانن كە چییان دەوێت، وئەزمونی حوكمداری پێشتریان هەیە ئەگەر چی دیاریكراویش بێت، بەپێچەوانەی هاوشانە سوننە و شیعەكانیان لە دوای گۆڕانكارییەكانی عێراق، چونكە ئەمان(كوردەكان) یا دەترسن لە تۆڵەلێكردنەوە وەك چۆن بەسەر سوننەكاندا هات، یان خۆشحاڵن وبڕوا بەوە ناكەن كە ڕویداوە وەك شیعەكان.
راپۆرتەكە ڕای هەندێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی وەرگرتووە لەم بارەیەوە كە هەندێكیان وا دەبینن كە بارزانی دەیەوێت سوود لە پەرش وبڵاوی ماڵی شیعە وەربگرێت لە نێوەندی سیاسی عێراقیدا، ودەشزانێت كە رەوتی سەدر یەكێكە لە گرنگترین پێكهاتەكانی ئەم ماڵە(ماڵی شیعە)، ودەشزانێت كە سەدرییەكان پۆستی سەرۆك وەزیرانیان بە ئامانج گرتووە لە هەڵبژادنی پێشوەختەی ئەمساڵی عێراق.
تا ئێستا لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە عێراقی فیدراڵیدا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردەو پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ سوننەیە. شارەزایەك لای وایە كە تەوافوق بنەمای دابەشكردنی حوكم و دەستكەوتەكانە لە عێراقدا، ئەمەش كارتێكی گرنگە بەدەست كوردەوە، وهەر بەم پێیەش مەرجی سەرەكیو یەكەمی كورد بەرژەوەندی و پشكی هەرێمی كوردستانە لە نەوت، جا حوكمی عێراق لەلای هەر لایەنێك بێت ئەم مەرجەی كورد نەگۆڕە. شیعەكانیش بۆ دەستخستنی زۆرینەیی ڕەها وا پێویست دەكات ڕەچاوی مەرجەكانی كورد بكەن.
پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ كورسی پێكدێت ودابەش بووە بەسەر فراكسیۆنە جیاوازەكاندا كە ركابەری یەكتر دەكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەم كورسییانە.
هەندێك لە شارەزایان دەڵێن ئەم نزیكبونەوەیە ئاسانكاری دەبێت بۆ گەیشتنی دەستی رەوتی سەدر بە كورسی سەرۆك وەزیران ودەستی بارزانیش بە كورسی سەرۆك كۆمار، وبە رای ئەم شارەزایانە خاڵی هاوبەش زۆرن لە نێوان سەدرییەكانو پارتی دیموكراتدا كە دیارترینیان ئەوەیە كە هەردوولایان گەورەترینن و بەهێزترینن, سەدرییەكان لەناو ماڵی شیعەدا و پارتیش لەناو ماڵی كورددا، هەروەها هەردوولایان خەباتیان دژی رژێمی سەدام حسێن كردووە پێكەوە لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا، هەردوولاش پابەندن بە مەرجەعیەتی خۆیان، سەدرییەكان بەسەدرەوەو پارتییەكانیش بە بارزانییەوە. هەروەها ئەم نزیكبوونەوەیەش هۆكارێك دەبێت بۆ ئارامیی لە عێراقدا.
بەڵام هەندێك لە ئاگایانی سیاسی عێراقی پێیان وایە هەر لایەنێكی كوردی لە دەرەوەی ریزی كوردی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا بكات ئەنجامەكەی شكست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بۆ هاندانی لایەنێكی كوردی بێت دژ بە لایەنێكی كوردی دیكە، ئەمەش بەڕوونی دەردەكەوێت بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نزیكی ساڵانی دوای ٢٠٠٣.
بە ڕای بەشێكی دیكە لە شارەزایان ئەم هەوڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ نزیكبونەوە لە سەدرییەكان تەنها بۆ دەستكەوتی حیزبییەو بۆ پاراستنی پێگەی بنەماڵەیە لەناو حیزبدا.